کاروان و کۆتهرە
نووسینی: شاهۆ پیرخضرانیان
جەلال مەلەکشا شاعیری کورد، رۆژی ١٠ی خەزەلوەر (ئابان) لە تەمەنی ٦٩ سالیدا لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد. مەلەکشا لە دوو دەورە لە ژیانیدا بە رووکردی سیاسی دەرکەوت و شیعری وت. لە کاتی بە خاکسپاردنیدا خەلکی سنە بەشداریان کرد. رابەرانی حیزبە ناسیونالیستەکان لە مەسعوود بارزانییەوە تا ئەوانی تر، کۆچی ئەم شاعیرەیان بە خەسار ناوبرد و سەرەخۆشیان کرد. مەلەکشا لە دەورەیەکدا شاعیرێکی شۆڕشگێرو جەماوەریی بوو و لە دەورەیەکیشدا شاعیرێکی ناسیۆنالیست. من لەم نووسینەدا چاوپێداخشانێکی کورتم دەبێ بە سەر ئەم دوو دەورەدا.
جەلال مەلەکشا بەر لە زیندانی کرانی لە سەرەتای١٣٦٠دا زیاتر بە دوو شیعر بە زمانی فارسی ناوی دەرکرد :”بە برینی قورگەوە خۆشەویستیمان لە ژێر خەنجەرەوە بانگ هێشت” و”من پێشمەرگەی کوردم”. بەڵام لە زینداندا جەلال چەمایەوە و تۆبەی پێکرا. دوای زیندانیش هەر بەردەوام بوو لە سەرپاشگەزبوونەوە و پەشیمانی لە رابردووی سیاسی شۆڕشگێرانەی . ئەم پەشیمانییە بۆ وێنە لە شیعری “کاروان”دا کە خۆیشی دەیخوێنێتەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێ:
کاروان
جەلال مەلەکشا
کاروان… کاروان
کێ نووستوه، کێ بێداره
ئهم ڕێگایە پێیدا دهچن، ههر ڕێگا کۆنهکهی پاره
دەوروبهرتان گورگه لووره
چهقهڵ کاسەسهرو گوشتی دڵتان ئهخوا
ئهوهنده تاریکی چڕه
جندۆکه کۆرپهتان دهدزێ پێی نازانن
چاوتان له ناو تاریکیدا، تا ئهم خواره ههتهر ناکا
بیرتان ئاسمانێکی تهسکه
هێنده بهرچاوتان تاریکه
نازانن ڕۆژ له ئاسۆی کام پێدهشتهوهسهرههڵدێنێ
بیرتان ئاسمانێکی تهسکه
ههر بهتهشییه کۆنهکهتان دهیڕێسن و
له بیری نوێ سڵ و سرکن
ههر ئهڕۆن و
ههر به ناخی قووڵی زوڵمهتا ڕۆدهچن
چراکانیش کز ئهسووتێن
هێندێ چراش چاوی گورگن.
کاروان… کاروان
هۆ کاروانی سهر لێشێواو
له شهوگاری ئهنگوستەچاو
گۆچانی شک دەلاقهیەک ناکاتهوه
مهشخهڵ… مهشخهڵ، مهشخهڵی بیر
چرای ئهندیشهتان ههڵکهن
ڕێگا و ڕهوتی ههنگاوهکانتان بگۆڕن
ئهم ڕێگایه پێیدا دهڕۆن
زۆر کاروانی پێدا رۆیی و نەهاتهوه.
کاروان… کاروان بۆ کوێ دهڕۆن
ئەم هەورازەی وەک مێروولە
پێیدا رێچکەتان بەستووە
دەتانباتە هەڵدێرەکەی ساڵی پێشوو
ئهو بنارەش وا به ئێسک و کاسهی سهرتان داپۆشراوە،
دەگاتهوە بهفرەچاڵی کلیلهی ڕندوو
کاروان… کاروان!
ڕێگای تازە بدۆزنهوە.
سەرەتای ئەم شێعرە بە ڕواڵەت، کارتێکردنی شیعری “هۆ هاوسەفەر، دەنگ هەڵبرە لە تەکما” – لە شیعرەکانی “نیما یوشیج” – دەست پێدەکات. بەڵام دەستبەجێ رەوتێکی تر دەگرێتە بەر، رەوتی ترس و سام لە چەرمەسەرییەکانی رێگا، رەوتی داماوێک، بەزیوێک کە هیوابڕاوانە لە دەهۆڵی شکست دەدا و ریبوارانی رێگا دژوارەکە هان دەدا کە خۆ لە دژواری درێژەدان بە رێگاکە بپارێزن. ئامۆژگارییە “بیرمەندانەکانی” کۆتایی شیعرەکە، کە بە بڕوای من هیچ بایەخێکی هونەریی تێدا نییە، هیچ یارمەتییەکی شاعیرناکا، چونکه ئەو ئیتر خۆی لە گەل کاروان نەماوە و هیچ کەس، ئامۆژگارییەکان و هۆشدارییەکانی نانرخێنی. ئەم شیعرە، ناڵەی شکست و پەککەوتوویی داماوێکە کە لە پاڵ ئاگری دامرکاوی کاروانێک کە لەو تێپەڕیوە، چۆکی داداوه.
من بە تەما نیم بچمە ناو رەخنەی بەش بە بەشی شیعرەکە. خوێنەری شیعرەکە خۆی دەسبەجێ هەموو خوازە و متافۆرەکانی شیعرەکە دەدۆزێتەوە و دەیانناسێتەوە. بەڵام ئەم “کاروانە” چییە و شاعیر چ پەیوەندییەکی پێوە هەیە؟
“کاروان” ناوی خوازراوە بۆ جوولانەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستانی ئیران، جووڵانەوەیەک کە بە هۆی بەشداری چڕ و پڕی کۆمونیستەکان و بە تایبەت کۆمەلە، لە سەردەمی هەڵخران و ئاکامی شۆڕشی ١٣٥٧ ی ئیران، کە لە کوردستاندا پەرەی سەند و دەستی باڵای پهیدا کرد. جوولانەوەیەک کە بە هۆی بەشداری ژنان، پلەی ژنی لە کۆمەڵگادا بەرز راگرت، ئازادیخوازی و دادپەروەریی خوازی کرد بە گوتاری کۆمەڵگا و بیری ناسیونالیستی خسته لاوه.
جەلال مەلەکشا وەکوو زۆرێک لە گەنجانی کوردستان لە گەل ئەم کاروانە، رێگای پڕ مەترسی بەڵام پیرۆزی درێژەپێدان و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی گرتە پێش. ئەو بە هۆی لێهاتوویی لە شیعردا، وەکوو شاعیر هاتە ناو شۆرشەوە و ناسرا. شیعرەکانی ئەو سەردەمەی ئەو، بە تایبەت ئەو دوو شیعرەی کە لە سەرەتای ئەم نووسینەدا باسیان کرا، حاڵ و هەوای ئەو سەردەمەی کوردستان و تامەزرۆیی شۆڕشگێرانەی ئەو کاتە لە ژیانی شاعیری پێوە دیارە. ئەو لە یەکێک لە شیعرەکانیدا بە جوانی دەڵێ: “دڵم بۆ تۆ لێدەدا، ئەی دوورترین مرۆڤی مەینەتکێشاوی سەر زەوی”.
بەڵام بەداخەوە مەلەکشا لە زیندان دا رووخا و تۆبەی کرد. تا کوێ و چەند هاوکاری کاربەدەستانی زیندانی کرد، لە حەوسەلەی ئەم نووسینەدا نییە، له سهلاحیهتی منیشدا نییه، چونکه من له جەریانی ئهو مەسەلە دا نەبووم. لێرەدا ئەوەی کە گرینگە ئەو رووحی پەشیمانی و پاشگەزبوونەوەیە کە لە ئەو شاعیرێکی تر، بە راوێژ و بە ئاسۆیەکی ترەوە دەخوڵقێنێ. ئەو ئیتر دلی بۆ دوورترین مرۆڤی مەینەتکێشاوی سەر زەوی لێنادا، دڵی بۆ منداله نایلۆنفرۆشەکان و واکسییهکانی سنهیش لێنادا، بەڵکوو بۆ کوردستانەکەی، ئهویش نە کوردستانە شۆڕشگێڕەکەی ژێردەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان، نە کوردستانەکەی فواد مستەفا سوڵتانی، ئەیوب نەبەوەی و سەدیق کەمانگەر بەڵکوو بۆ کوردستانی قاسملوو و بارزانی و مفتی زادە دڵی لیدەدا و شیعر دەهۆنێتەوە. هەر ئەم شاعیرەی کە بە شێوەیەکی کلۆڵ و هیوابڕاوانە بەشداربووانی کاروانی جووڵانەوەی شۆڕشگیرانەی کوردستان لە درێژەپێدان بە ڕیگاکەیان دڵسارد دەکاتەوە، لە شیعرێکی تردا بە تامەزرۆیی و دەنگی بەرزەوە ستایشی قاسملوو دەکا.
من لە ساڵی ٢٠١٣ بە شیعری “کۆتەرە”وەڵامێکم دایەوە بە بانگەوازی شیعری “کاروان”ی جەلال مەلەکشا. ئیستاش ئەگەر ئەم کاروانی ئایینی تاک پەرستییە و ئۆرکێستری ناشیاوی ستایش “لە شاعیری گەورەی گەلی کورد” لە لایەن هەندێ لە هەڤالانی کۆمۆنیست نەکەوتبایە ڕێ، نە وشەیەکم سەبارەت بە مەلەکشا دەنووسی و نە شیعرەکەی خۆمم دووبارە بڵاو دەکردەوە و دەمهێشت ناسیۆنالیستەکان بە دووکەڵی کۆتەرەدارەکەی خۆیان سەرخۆش بن.
فەرموون ئەوەش وەلامەکەی من بۆ بانگەوازەکەی مەلەکشا.
کۆتەرە
“لەم وێرانەیەدا منی ماندووت بە دڵ نەبێ”
نیما یوشیج
“ئاساییه ئاشه باییەکان بپرتووکێن”
(فروغ فرخزاد)
کۆتەرێکی دوکەڵاوی، نیوە سووتاو
لە گوێی کوانووی دامرکاوی کاروان جێماو
سارد و بێ تین
چاوی گەشی سکڵەکانی سوێی نەماوه
هەر دووکەڵی خۆی ئەبینێ
ئەویش ڕەشە و ڕێچکەی چاوه
یادی جاران که دارێک بوو
له بناری کێوی ژینا ئەوینداری ڕووبارێک بوو
یادی جاران که سەوز و گەش
هەسارەی ئەگرتە باوەش
که مەلیچک
له مابەینی پەنجەکانیا لانەی ئەکرد
وه شنەی با
بسکی سەوزی گەڵاکانی شانه ئەکرد
بوو به وەهم و بوو به دووکەڵ
وه دووکەڵێش
لێی بوو به جنۆکە و چەقەڵ
ئێسته هاوڕاز و هاودەمی
سێ بەردی لاڕەشی کوانوون
ئەیاندوێنێ و چەقەدووکەڵیان بۆ ئەکا
باسی هەڵه و سەخڵەتی ڕێ و
جن و چەقەڵیان بۆ ئەکا
کوچک ئاگریش هەر وەکوو ئەو
له کار و کاروان جێ ماون
هەر وەکوو ئەو
بێبەری له سۆمای چاون
دەوریان داوە له سێ لاوه.
ئەڵێ دۆستان، ئەی هاوجێیان
ڕێگە هەمان ڕێگەی پارە
کاروان بەرەو هەڵدێر ئەچێ
ئاسۆ گومه، تەمه، تاره
بەردی سەر ڕێ سوار ئەگلێنێ
جنۆکه ساوا ئەڕفێنێ
هەر ئەڵێت و توورەکەی ترس ئەکاتەوە
کێ بیستوویە بەردی کوانوو دەنگ باتەوه.
**
گۆچان سوواو، پێڵاودڕاو
تۆقلەی ژێر پێ و دەس بێ ئەژمار
دڵ بێقەرار
هەنگاو ئەنێم
من رێبوارێ لەو کاروانەم
هەر ئەڕۆم و ئەم ڕێگایه
هەزاران ساڵە ڕێگایه
ئەم کاروانەش
هیوای ئاسۆیەکی روونی پڕ لە عەشق و خۆشەویستی
پر له ژیان و سەربەستی له سەردایه
له زەردوومای تاریخەوە
لەو کاتەوە که سپارتاکوس
ڕمی گرتە سینگی ستەم
رێم گرتووە و رێ بەرنادەم
چی ئەمترسێنی کۆتەرە،
لە خۆفی رێگە و جنۆکه ؟!
کام ڕیبواری ڕێگەی مێژوو
له ترسی دێو و درنجا
چۆکی کەوتۆتە لەرزۆکه
ماسییه ڕەشە بچکۆلەکەی ئەو ڕووباره پڕخەتەرە
ملی ناوه بەرەو دەریا
له چی ئەترسی کۆتەرە!
له چی ئەترسێ
کۆتەرە!