تازەترین بابەتچاوپێکەوتنکۆمەڵایەتی

وتووێژ لە گەڵ فاتح شێخ سەبارەت بە یادی ١٥٠ ساڵەی کۆمۆنی پاریس

وتووێژ سەبارەت بە یادی ١٥٠ سالەی کۆمۆنی پاریس

 

گۆڤاری هانا: هەژدەی مانگی مارسی ئەمساڵ، سەدوپەنجا (١٥٠) ساڵ بە سەر راپەرینی کۆمۆنی پاریس دا تێپەردەبێ. هەموو بزوتنەوەیەک چ راست و چ چەپ روژی گرینگ و میژوویی خۆی هەیە، جەژن و پرسەی خۆی هەیە، کەسایەتی خۆی هەیە کە رێزیان لێدەگرێ و سوننەت و رێ و رەسمی تایبەتی خۆی هەیە کە دەیکاتە عادەت و دووپاتی دەکاتەوە تا خەلکانێکی زۆرتر بکاتە هاودەنگی خۆی. چ شتێکی تایبەت لە ڕاپەرینی کۆمۆنی پاریسی ١٥٠ سال لەوە پێشدا هەیە کە دەیکاتە رۆژێک ئێمە ئەورۆ یادی بکەین؟

فاتح شێخ: من دەڵێم کاریگەرترین ڕاپەڕینی کارگەری له مێژووی هاوچەرخدا، ڕاپەڕینی کۆمۆنی پاریسه له ١٨ی مارسی ١٨٧١ دا. گرنگی ڕاپەڕینی کۆمۆن بۆ پڕۆلێتاریای جیهان، شایستەیه تەنیا لەگەل ڕاپەڕینەکانی فێبرواری و ئۆکتۆبری ١٩١٧ی کارگەرانی ڕووسیە، بەراورد کرێ.

تایبەتمەندییەکانی، دەرسەکانی، ئەزموونه تەمەنکورتەکەی، سەرکەوتنه بەرچاوەکانی، یادگاره هونەرییه جوانەکانی، شکستی قارەمانانه و قوربانیای گرانی لەسەر گیانی شیرین و نەسرەوتەی کارگەرانی شۆڕشگێڕی پاریس و شارەکانی تری فەرانسه، گشتەکەی جێگای وردبوونەوه و سەرنجدانی وشیاریدەرانه و لێکۆڵینەوه به مێتۆدی مارکسیانەن.

دەستتان خۆش بێ ئێوە بەرهەمهێنەران و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری هێژای خۆشتام و بۆنی “هانا”، که له گەڕی ١٥٠ ساڵەی ڕاپەڕینی ١٨٧١ی کۆمۆنی پاریسدا ئەرکی ئەم پڕۆژەی پێویست و بەجێیەی ڕێزگرتنەتان گرتوەتە سەرشان و دەرسەکانی لەگەل خوێنەرانتان دەخەنه بەر باس. جوانتریش ئەوەیه دەرکتان به ڕێکەوتێکی سەرنجڕاکێش کردوە: ڕێکەوتی بەهەڵکەوتی ساڵگەڕی ڕاپەڕینی کۆمۆن لەگەل ساڵه تاڵەکەی ٢٠٢١ که (له درێژەی ساڵه تاڵ و درێژەکەی ٢٠٢٠دا) جەنگەی شەڕێکی قورسی ڕۆژاوڕۆژ و سەراسەرییە وا ئێخەی سەربەسەری بەشەرییەتی گرتوه. ساڵه تاڵەکانی بیست- بیستویەک، مۆری ڕۆژگارێکی دژوار و کوشەندەی به ناوچاوانی مێژووی سەدەی بیستویەکەوه ناوه که هەرگیز ناشۆردرێتەوه، له بیر بەشەرییەت ناچێتەوه. گشت دانیشتوانی گۆی زەوی، به تاک و به کۆ، دەستەویەخەی قەیرانێکی لفەدوانەی کۆرۆنایی- ئابووری بوون که نه پێشتر بینراوه، نه چۆنیەتی دواڕۆژی له ئاسۆدا دەبینرێ.

جووت قەیرانی بیست- بیستویەک هاوکات پاشاگەردانیەکی جیهانی خولقاندوه که جارێ هەر ڕۆژەڕۆژه دەچێته پێش. هێشتاش ئەوپەڕ نادیاره. بەشەریش بەناچار هەر ڕۆژەڕۆژه دەیباته سەر. لێکچوونی دۆخی قەیراناوی ئەمڕۆی جیهان لە گەل هی پاریسی ئەوسا (١٨٧١-١٨٧٠) له جەنگەی شەڕی دوو لەشکری ئەڵمان و فەرانسه له پشت دیوارەکانی پاریسدا، وای کردووه دەبێ ئەمڕۆ ئەزموونی ڕاپەڕینی کۆمۆن و دەرسه سەرەکییەکانی له ڕوانگەیەکی دیاریکراوی ئابووری- سیاسیەوه بەرچاو بگرین و بەکاری بێنین. ئەو قەیران و پاشاگەردانییە بەسەر پاریسی ئابڵۆقەدراوی ئەودەمدا سەپێندرا، بەربینی کارگەرانی له پایتەخت و چەن شاری تری فەرانسه، کوتووپر و گورچکبڕ دەگووشی و داوای لێ دەکردن ئیرادەی بەکۆمەڵیان بۆ چارەسەر کردنی ئەو مەینەتبارییه بێننه مەیدان. لەو دۆخه نالەبارەدا مەحاڵ بوو کارگەران و شۆڕشگێڕان دەستەوەستان دانیشن.

ئەمڕۆش دۆخی کارگەران و کۆمەڵانی بەشمەینەت هەروایه. سەرتاخواری کۆمەڵگای جیهانی، که بەسەر نزیک دووسەد “دەوڵەت”دا دابەش کراوه، تووشی قەیرانێکی ئابووری بێوێنه بووه که ساڵی پێش کۆرۆنا ڕوودانی پێشبینی کرابوو، دواتریش پێبەپێی کۆرۆنا، بێکاری سەدان ملیۆنی و هەژاری بێوێنەی بەسەریاندا، بەتایبەت بەسەر نەسڵی نوێدا، سەپاندوە، دواڕۆژی لێ تاریک کردوون. بیرمەندانی بورژوازی سەڵایان بەرز بوەتەوه، پەیتاپەیتا باس له پێویستی “ڕێکخستنەوەی گەوره”-  THE GREAT RESET (١) – له نیزامی کاپیتالیستیدا دەکەن و دەڵێن زەبرێکی وەها قورسی لێکەوتوه که مادام بەمجۆرەی ئێستا بمێنێ، دەرکەوتوە وەڵامی گیروگرفته ئاڵۆزاوەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای پێ نادرێتەوه! لەم بارودۆخه ناوازه و نالەبارەدا، چ ئەرکێک لەسەر شانی پێشڕەوانی کارگەری جیهانه، گەر نەیانەوێ بۆ پڕۆژەی بیرمەندانی بورژوازی سەر دانەوێنن؟ گەر نەیانەوێ تەسلیمی “ڕێکخستنەوەی کاپیتالیستی” ئەم دەورودووکانەی ئێستا بن، بۆ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگای قەیرانلێداوی ئێستا چ ئاڵترناتیڤێک به دەستەوه بگرن؟ کام “چ کەردەن” به پێویست دەزانن؟ پرسیاری پێویست بۆ کارگەرانێک که خۆیان به درێژەدەری ڕێگای کۆمۆناردەکانی پاریس دەزانن ئەوەیه: بۆ “ڕێکخستنەوەی سۆسیالیستی کۆمەڵگا” کام بەشی ئەزموونەکانی کۆمۆن دەگرنه بەرچاو و بەکاری دێنن؟

گۆڤاری هانا:  سەرەکی ترین پەیامی کۆمۆنی پاریس بۆ ئیمە چییە؟

فاتح شێخ: به ڕای من سەرەکی ترین پەیامی کۆمۆنی پاریس ئەوەیه جیا لەوەی هەمیشه هەوڵ و ئامادەسازی بۆ ڕاپەڕینی سۆسیالیستی پێویسته بەردەوام بێ، هەرکات به هەر هۆیەک، کۆمەڵگا کەوته تەنگانه و قەیران و تووشی بنبەست و بارودۆخێک هات که هەڕەشەی جیددی له هەبوون و مەدەنییاتی کۆمەڵگا بکات، بەشی پێشڕەو و ڕادیکاڵی کارگەران لەسەریه دەس بداته ڕاپەڕین، کۆمەڵگا بگرێته کۆنترۆڵی خۆی و به ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری فەوری و شۆڕشگێڕانه هەوڵ بدا له قەیران و بنبەست تێپەڕی کات. ناوی ئەم کۆمەڵه پراتیکه شۆڕشگێڕانەیه سەرجەم دەکرێ: “ڕێکخستنەوەی سۆسیالیستی کۆمەڵگا” بێ. جیا لەوەی ڕێبەرانی ڕاپەڕینەکەی ١٨ی مارسی ١٨٧١ی کۆمۆنی پاریس، خۆیان تەواو یا ناتەواو لەسەر ئەم فۆرمووله ساغ و وشیار بووبن، پراتیکی کارگەری و شۆڕشگێڕانەیان ئەم پەیامە سەرەکییە مێژووییەی بۆ ئێمه بەجێ هێشتوە. چونکه له ڕاستیدا ڕاپەڕینی کۆمۆن مەبنایەکی مێژوویی – کۆمەڵایەتی نوێی بۆ کۆمەڵگای فەرانسه خۆلقاند، موژدەدەری پەیامێکی مێژوویی بوو: پەیامی پێداگرتن لەسەر پێویستی “ڕێکخستنەوەی سۆسیالیستی کۆمەڵگا” له بارودۆخێکدا که مەوجوودییەتی کۆمەڵگا بە هەر هۆیەک دەکەوێته بەر هەڕەشەی بەرەو هەڵدێر چوون.

گۆڤاری هانا: کرێکار نەتەوەپەرست نییە، بەڵام شەڕی کۆموناردەکانی پاریس وەکوو شەڕێکی نیشتمانیش لە لایەن خۆیانەوە ناو دەبرا. لە کاتێکدا کە دەسەلاتی بورژوازی فەرانسە لە پاریس ڕایکردبوو بۆ شاری ورسای و راستەخۆ تەسلیمی ئیمپراتۆری پرۆس ببوو و غەیری سازان و خۆ بەدەستەوە دان بەرنامەیەکی تری نەبوو، کرێکارانی پاریس دژ بەو سازان و خۆبەدەستەوەدانە هەڵوەستان و ئامادە نەبوون پاریس بدەنە دەست پرۆسییەکان. ئەم دژایەتی بەینی نەتەوە و کریکار، نێشتمان و بێبەشی کریکاران چۆن لە گەڵ یەک دەگۆنجێ؟

فاتح شێخ: شەڕی کۆموناردەکانی پاریس “نیشتمانی” نەبوو، هەر بۆیەش بەشی پێشڕەویان ناوی “شەڕی ناوخۆیی”یان لێنابوو. لێکدانەوەی کۆتایی مارکس لەسەر کۆمۆنیش هەر بەو ناوە بوو: “شەڕی ناوخۆیی فەرانسه”. بەڵام له کۆمۆنی پاریس و تەنانەت له ڕاپەڕینەکەی ١٨ی مارسدا تەنیا کارگەران بەشدار نەبوون بەڵکوو ورتکه بۆرژواکانیش بەشدار بوون، چونکه ئەوانیش به هۆی شەڕی داگیرکەرانەی بیسمارک و دەستێکەڵی حکوومەتی “تیێر” (حکوومەتی ڤێرسای) لەگەل لەشکری ئەڵمان، ماڵوێران ببوون. “شەڕی نیشتمانی” بۆچوونی ورتکەبۆرژوای بوو که بەشداری کۆمۆن بوو، بۆچوونی کارگەران وا نەبوو، بۆیەش کۆڵەکەی “ڤاندۆم”یان ڕووخاند که سیمبۆلی “نیشتمانی” و پەیکەری نەتەوەپەرستی ئیمپراتۆری بۆناپارتی بوو. دیاره هەمیشه ئیمکانی ئەوە هەیه که بۆچوونی بۆرژوایی و ورتکەبۆرژوایی له ناو ڕیزی کارگەراندا هەبێ، بەڵام بۆچوونی دژ به نەتەوەپەرستی له کۆمۆنی پاریسدا ئەوەنده بەهێز بووه که له مێژووی هاوچەرخدا نازناوی “ئەنترناسیۆناڵ”ی بۆ سرووده بەناوبانگ و پڕماناکەی خۆی تۆمار کردوه.

گۆڤاری هانا: لە گەڵ سەرکەوتنی راپەرێن، بریاری دەسەلاتی شورایی راگەیەندرا. کەم نین ئەوانەی کە تەعبیریان لە حکومەتی شورایی تەنیا دەسەڵات و مافی کرێکاران لە کۆمەڵگادایە. ئەوانەی کە کریکار نین جێگایان لە دەسەلاتی شۆرایی کریکاران دا چۆنە؟ شۆراکانی کۆمۆنی پاریس ئایا ئەندامەکان و دەنگەدەرەکانی تەنیا کرێکار بوون؟

فاتح شێخ: نیزامی شۆرا له کۆمۆنی پاریسدا هەر تەنیا بۆ کرێکار نەبوو، مافی دەنگدان بۆ هەموان بوو. هەر بۆیەشه که هەموو بەشدارانی کۆمۆن به “کۆمۆناردەکان” ناویان له مێژوودا دەرچووه. لە دەسەلاتی شۆرایی کۆمۆندا کۆمۆناردەکان وەک یەک بەشدار بوون.

گۆڤاری هانا: هەڵسووراوانی راپەرین و شۆراکان لە کۆمۆنی پاریس دا تیکەڵاوێک بوون لە چەن بزوتنەی جیاوازی کرێکاری و رادیکال، هەم ئانارشیستی تیابوو و هەم سۆسیالیست و کۆمۆنیست. چۆن دەڕوانییە پەیوەندی حزبە سیاسییەکان و حزبە کرێکارییەکان و دەسەلاتی شۆرایی؟

فاتح شێخ:  له هەر ڕاپەرینێکی جەماوەری ناو کۆمەڵگادا بوونی بزووتنەوەی جیاواز و حیزبی سیاسی جیاواز ئاساییه. غەیری ئەوه ئەگەر هەشبێ غەریبه! له حاڵەتی وادا گرفت و نوقسانێک دەبێ له ئارادا بووبێ، که ئەگەر به پێوەری ئازادی سیاسی بێسنوور چارەسەر نەکرێ بێگومان کاتاسترۆفی لێ دەکەوێتەوه. تەنانەت له ناو هەر یەک له بزووتنەوه کۆمەڵایەتیەکانیشدا، بۆ وێنه له بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کارگەریدا، بوونی حیزبی جۆراوجۆر ڕێی تێدەچێ، تابلۆی سیستێمی سیاسی تاک-حیزبی، بێگومان پێشێل کرانی ئازادییه سیاسییەکانی له پشته. له کۆمۆنی پاریس ئەوه ئاشکرایه که سێ ڕەوتی حیزبی- سیاسی خاوەن پێگه و جێگه هەڵدەسووران: ڕەوتی سەر به ئانارشیزم به ڕابەرایەتی بلانکی، ڕەوتی پرۆدۆنیستی که ڕێفۆرمخواز بوون و شوێنکەوتووی دیدگای ورتکەبۆرژوایی پرۆدۆن بوون، ڕەوتی سەر به ئەنترناسیۆناڵ که ڕەوتێکی کارگەری ڕادیکاڵ بوون و به پێی ڕێنوێنییەکانی مارکس هەڵسوکەوتیان دەکرد، مارکس ئەو سەردەمه ڕابەری ناسراوی ئەنترناسیۆناڵ بوو، له ماوەی حەوت ساڵ تێکۆشانی ئەو مەرجیعه جیهانییەی کارگەراندا مارکس بێوچان پرەنسیپەکانی پراتیک و تێئۆری کۆمۆنیزمی پەرە پێ دەدا. یەکێک له ئەنجامەکانی ئەو هەوڵەی مارکس ئەوە بوو که لایەنگرانی شیوەکار و پراتیک و دیدگای ئەو له ناو هەڵسووراوانی کۆمۆنی پاریسدا زۆر به ئۆتۆریته بوون و لەو دوو ڕەوتەکەی تر ڕۆڵیان کاراتر بوو.

گۆڤاری هانا: ریژەی کریکاران لە پاریس بە پێی ئامارەکانی ئەوسەردەمە، زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەسە کە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەسی کریکاری ژنن. کۆمۆنی پاریس چۆن ئەیروانییە ژنان و مافەکانی ژنان؟

فاتح شێخ: کریکاری ژن بڕبڕەی پشتی کۆمۆن بوون. له شانۆنامەکەی بێرتۆڵد برێشت به ناوی “ڕۆژانی کۆمۆن”دا، ڕۆڵی له هەموو شوێن دیاری ژنانی کۆمۆنارد زۆر به گەشی تەسویر کراوه. ژنه کۆمۆناردی ناسراو لوئیز میشێل یەكێک له ڕابەرانی کۆمۆن بوو. ئایکۆنێکی جێبڕوا و خۆشەویستی جەماوەری کۆمۆنارده ڕادیکاڵەکان بوو له ژن و له پیاو. ئەو ژنێکی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست بوو که دوای شکستی کۆمۆن له دادگای بکوژانی کۆمۆناردەکانا بوێرانه و لێبڕاوانه پێی لەسەر ئامانجه ئینسانی و هاوتاییخوازانەی کۆمۆن داگرت.

ئەڵبەت ڕۆڵی ژن له مێژووی بەر و دوای ڕاپەڕینی کۆمۆندا هێشتا تا ئەمڕۆش مافی خۆی پێ نەدراوه و به باشی نەنووسراوەتەوه. خۆ بەداخەوه ئێستەش هەر وایه نەخواز له کۆمەڵگای ١٥٠ ساڵ لەمەوبەردا. لەبیر نەچێ که ڕێوڕەسمی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژن، بۆ وەبیرهێنانەوەی ڕۆڵی ژن له کۆمەڵگای بەشەردا له سەردەمی کۆمۆندا هێشتا دانەمەزرابوو، له ئەنترناسیۆناڵی ٢ بنیاد نرا. ئێستاش که ئێمه له سەروبەندی ٨ی مارسی ٢٠٢١ دا،  خەریکی ئەم وتووێژەین، وەزعەکه دەرهەق به جێوڕێ و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ژن بە ڕادەیەکی سەرسووڕهێنەر ناتەواوه، له ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت له وڵاتانی ئێران و عێراق، ئەو کەمایەسییه له چاو باقی جیهان زۆر بەرچاوتر و دڵتەزێنتره. پێویست به جەختی قورسە که له کوردستانی عێراق گەرچی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری بەعس له سەر ئەو هەرێمه لا چووە بەڵام ژنان لەو کۆمەڵگایه بەقسه پێیان دەگوترێ “نیوەی کۆمەڵ”! بەڵام سی ساڵه به هەزارانیان بوونەته قوربانی تێرۆر و تۆقاندن و تەنانەت گۆڕی ژنانی تێرۆر کراو بی ناوونیشانه لەو وڵاته. مەبەستم ئەوەیه تەنانەت له چاو هەندێ شوێنی دنیا ئەمڕۆ ڕۆڵی ژن له کۆمۆنی پاریس جێی سەربەرزییە بۆ بەشەرییەت.

گۆڤاری هانا: یەکێ لە بریارە گرینگەکانی کۆمۆن جیایی دین لە دەولەتە. ١٥٠ سال لەوە پێش کۆمۆنی پاریس هەموو داراییەکانی کلیسای زەوت کرد و دەستی ئایینی بە تەواوی لە دەسەلات بڕی. بەداخەوە کەم نین ئەو هێزە سیاسییە کوردییانەی کە خۆیان بەرادیکال یان چەپ ناودەبەن بەلام لە گەڵ مزگەوت و کلیسا مەعامەلە دەکەن و بە نێوی ریزگرتن لە خەلک سەر بۆ بیروباوەری ئایینی خەڵک و عادات و سوننەتە دینییەکان دادەنوێنن و لەلایەن رێکخراوی  حزبی و سیاسییانەوە  ئاگاداری پیرۆززبایی لە مەراسەم و بۆنە ئایینەکان وەکوو رەمەزان و قوربان و میعراجی موحەممەد و لە خاچدانی عیسا و چوون و هانتەوە خواری لە زەوی و ئاسمان، بڵاو دەکەنەوە. ئەمە لە گەڵ بیری کرێکاری و رادیکال و پیشرەو چەندە یەک دەگریتەوە؟

فاتح شێخ: بڕیارەکانی کۆمۆن له سەر جیا کردنەوەی دین له دەوڵەت لەوه واوەتر ڕادیکاڵ و مێژوویی بوون که لەگەل ئەو هێزانەی لەم پرسیارەدا ناو براون بەراورد بکرێن. جیا له ڕادەی ڕادیکاڵ بوون، بە ڕای من سەردەمی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆن لەگەل بارودۆخی کۆنەپارێزانەی سی ساڵی ڕابردوو که ئەو هێزانه تێێدا بە دەسەڵات گەیشتوون و له سێبەری دەسەڵاتی لفەدوانەی دێوەزمەی سەرمایە و پاشماوەی نەریت و ئایینی سەردەمی دەرەبەگایەتیدا وەک دۆڵپا لەسەر ملی کۆمەڵگا سوار بوون، لەگەل هەڵسەنگاندنێکی مێژوویی جیاوازی زۆره.

گۆڤاری هانا: تەجرەبەی مێژویی کۆمۆنی پاریس، لە کوردستاندا چ ئاسەوارێکی لە خۆی بەجێ هێشتەوە؟

فاتح شێخ: لە کوردستاندا به دوو هۆ ئاسەواری ئەزموونی کۆمۆن له هەیئەتی شێوەی شوورایی ژیان و یەکگرتوویی جەماوەریدا شوێنی دیاره: له قۆناغی ئاڵوگۆڕی گشتگری سیاسی بەتایبەت ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەدا تێکۆشەرانی ڕادیکاڵ ئەزموونی کۆمۆنیان بەدەستەوە گرتوە و پەرەیان پێداوه، چونکه کۆمۆن ئەزموونێکی مێژوویی- جیهانییه و له هەموو شوێنێک ناسراوه. بۆ وێنه له ساڵانی شۆڕشی ١٩٧٩ له کوردستانی ئێران و لە ئاڵوگۆڕەکانی ١٩٩١ بەدواوەی کوردستانی عێراق. دووهەم له هەر کوێ کۆمۆنیستەکان له جێوڕێی ڕابەری و دەسبەکاری سیاسی بوون جێ پەنجەیان له پەرەپێدانی تەجرەبەی شوورایی کۆمۆنی پاریسدا دیار بووه. له دواڕۆژی ئاڵوگۆڕەکانی هەر دوو کۆمەڵگای ئێران و عیراقدا پەرەسەندنەوەی زیاتری تەجرەبه شۆڕشگێرانەکانی کۆمۆن چاوەڕوان دەکرێ.

گۆڤاری هانا: تەجرەبەی بنکەکانی مەحەلات لە سنە، بە دوای راپەڕینی ٢٢ی بەهەمەنی سالێ ١٣٥٧ نموونەیەکە لە راپەرینی جەماوەری و بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات کە بۆنی کۆمونی پاریسی لێوە دێ. بۆچوونی تۆ چۆنە لەوبارەوە؟

فاتح شێخ: بێگومان ڕێکخستنی بنکەکان له گەڕەکی شارەکانی کوردستان، بەتایبەت له شاری سنه، سەرخستنیان تا ئاستی هاوئاهەنگی نێوانیان، هەوڵدانێکی گرنگ و کاریگەر بوو له ژیان و تێکۆشانی جەماوەری تینووی ئازادیدا. دڵنیام ناتەواو مانەوەی ئەو هەوڵ و تێکۆشانانه نەبوەته هۆی کاڵ بوونەوەی گرنگی و جێگاوڕێگایان له ڕەوتی بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا، هەروەک شکستی کۆمۆن نەبوەته هۆی بزرکانی ڕەنگی ئەو سەرکەوتنه جیهانیەی چینەکەمان.

گۆڤاری هانا: کۆمۆنی پاریس تێکشکا، شۆڕشی کرێکاری ئالمان بەرلەوەی دەست پێبکا، خنکێنرا، شۆڕشی ئۆکتۆبەر وردە وردە دوای مەرگی لێنین خاپوورکرا… ئەوانە تەجرەبەی کۆنی میژووی کریکارین، لە مێژووی نزیکتردا، بنکەکانی مەحەلات بێ سەروشوێن کران، راپەرینی شۆرایی لە کوردستانی عیراق  بە زۆری چەکی یەکیەتی نیشتمانی لە بەین برا… دەڵێی شکست لە چارەی چینی کرێکار نووسراوە. چۆنە کە چینی کرێکار نەیتوانیوە دوای ١٥٠ سال خەبات و سەدان تەجرەبەی راپەرین و بەرەنگاربوونەوەی چینی دەسەلاتدار لە دونیادا، بە کۆشکی ئامانجی بگات؟

فاتح شێخ: شکست لە چارەی هیچ تەکان و هەڵمەتێکی چینی کرێکار نەنووسراوە، له ئەنجامی هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دا سەرکەوتنیش دەگونجێ و شکستیش دەگونجێ، چونکه کێشمەکێشی چینەکان بەردەوام له ئارادایە. ڕادەی توانا و ئامادەیی پراتیکی و وشیاری له ڕیزەکانی بەرەی کارگەری بەتایبەت له ئاستی ڕابەری و له ڕیزەکانی پێشڕەواندا زامنی گۆڕینی باڵانسی هێزی مەیدانییە و دەیبڕێتەوە که سەرەنجامی ڕاپەڕین و تەکانی کۆمەڵانی چەوساوه و ستەملێکراو به لووتکەی سەرکەوتن دەگا یان ناگا و بەرەو شکست دەڕوا. له حاڵەتی شکست هێنانی ڕاپەڕینەکانیشدا وەک ئەوانەی له پرسیارەکاندا ناو براون، لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی سۆسیالیستی به شێوەی مارکسیانه زامنی دەرس وەرگرتنی پێشڕەوانەیه له ئەزموونی شکست بۆ قۆناغێک که دادێ. خۆ بەدەستەوەدانی ناهۆمێدانە بەرانبەر بە شکست، خۆ تاوانبار کردن وەک ئەوەیه دەرگای قەڵا ئاواڵه بکرێ بۆ هاتنە ژوورەوەی دوژمن. رۆشنه کاتێک دوژمن بتوانێ بێته ناو قەڵای تێکۆشانتەوە، دەشتوانێ زەفەر به ورە و هێز و توانات ببات. بۆ لێکدانەوەی ئەزموونی تەمەنکورتی و شکست پێدراوی کۆمۆنی پاریس، نووسراوه ناسراوەکەی مارکس: “شەڕی ناوخۆیی له فەرانسه” گەنجینەیەکه دەتوانین له دێڕبەدێڕی فێر بین و کەڵک وەرگرین.

گۆڤاری هانا: کۆمۆن و هونەر و ئەدەبی پێشرەو و کرێکاری؟

فاتح شێخ: پرسیارێکی شیرینه. پێویسته یەکەم جار لەسەر ئەوه جەخت کەم که له جیهانی مۆدێڕن (مەبەستم له شۆڕشی ١٧٨٩ی فەرانسه بەملاوەیه) هەر ڕاپەڕینێک له هەر کۆمەڵگایەک ڕووی داوه، دەسبەجێ بارودۆخی بۆ گەشەی هونەر و ئەدەب و شێعری پێشڕەو و کرێکاری ئاواڵەتر و لەبارتر کردوە، چونکه هەر لەو سەردەمەوه “کارگەر” وەک چینێکی کۆمەڵایەتی و ئاکتەرێکی سیاسی و کولتووری قەوارەی گرتوه، وەک چۆن مەیدانداری ژیان و بەرهەمهێنانی ماددی کۆمەڵگا بووه، هەرواش حازری مەیدانی ژیان و بەرهەمهێنانی مەعنەوی بووه.

دیاره چینی خاوەن دەسەڵات، ڕێی پێ نەداوە داهێنەرییەکانی له مەجالی هونەر و ئەدەب و شێعردا گەشه و شنەی خۆی هەبێ و ئازادانه بڵاو بێتەوە. جا چینی خاوەن دەسەڵات، بۆرژوا بێ یا خراپتر لەوە تێکەڵێک له بۆرژوا و دەرەبەگ که وەک دوو دێوەزمه و دوو دۆڵپا سواری ملی کۆمەڵگای مۆدێڕن بووبن. که ڕاپەڕینێک ڕووی داوه یا ڕوو دەدا، دەرخۆنەی سەرکوت فڕێ دەدرێ، ڕێگرییەکانی چینی خاوەن دەسەڵات دەچنه لاوە، مەجال بۆ شنەی هونەر و ئەدەب و شێعری کارگەران و ژنان و کۆمەڵانی داهێنەری قووڵایی کۆمەڵگا به ڕوویاندا دەکرێتەوە.

جەختی دووهەمم له وەڵامی ئەم پرسیاره شیرینەدا ئەوەیه که ڕاپەڕینی کۆمۆنی پاریس لەم مەجالەدا هەر زۆر زۆر پڕدەسکەوت و بەرهەم بووه. سروودی ئەنترناسیۆناڵ که ئۆژێن پواتیە، شاعێری کۆمۆنارد یا کۆمۆناردی شاعێر بەرهەمی هێناوه هەتا ئەمڕۆ سروودی جێکەوتووی “ڕزگار دەبێ ئینسان” ماوەتەوه، هەتا “نازانم کەی”ش له دواڕۆژی بەشەرییەتدا دەمێنێتەوه. دڵنیام ئێوە وەرگێردراوه کوردییەکەی ئەنترناسیۆناڵ که به هەوڵی هێژای شاعێری کۆمۆنیست یا کۆمۆنیستی شاعێر: ڕێبوار- موسلێح بەرهەم هاتووە، لەم ژمارەیەی “هانا”دا بڵاو دەکەنەوه.

زیاد له بەرهەمه هونەرییەکانی سەردەمی تەمەنە کورتەکەی کۆمۆن، دوابەدوای شکستی قارەمانانەی کۆمۆن و به بۆنەی قارەمانەتی کۆمۆناردەکانەوه کۆمەڵێکی زۆر، دەکرێ بڵێین دەریایەک، له هونەر و ئەدەب و شێعری کارگەری به دەست و دەمی عاشقانی کۆمۆن و تینوانی “ڕزگاری ئینسان”، بەرهەم هاتووە که هەر تەنیا هەژمار کردنیان فەسڵێکی گەش و گەوره له کتێبێکی گوڵزارئاسا پڕ دەکاتەوە. لێره مەجالی ئەوەمان نیه. بۆ وێنه هەروەک تاکه نموونه با چاوێک له شانۆنامەکەی بێرتۆڵد برێشت کەین به ناوی: “ڕۆژەکانی کۆمۆن” (The Days of the Commune). شێعره بەناوبانگەکەی برێشت، “بڕیارنامه” بەشێکه لەو شانۆنامەیە که برێشت له زمان کۆمۆناردەکانەوه هێناویه و هۆنیویەتەوه.

خۆزگه ئێوه، بەرهەمهێنەرانی ئازیزی “هانا” بۆتان بگونجێ وەرگێڕدراوی کوردی “بڕیارنامه” هەر لەم ژمارەیەدا بڵاو کەنەوه، تەنانەت بۆ نا؟ خۆزگه بگونجێ سەرجەمی شانۆنامەکەی “ڕۆژانی کۆمۆن”ی برێشت به کوردی بڵاو کەنەوه.

فاتح شێخ: کۆتایی کەلام: دەستتان خۆش بێ، هەزاران سپاس بۆ ئێوه بەڕێوەبەرانی گۆڤاری هێژای هانا.

سەرکەوتوو بن!

***

  • COVID-19 THE GREAT RESET KLAUS SCHWAB & THERRY MALLERET- JUNE 2020 World Economic Forum –

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button