تازەترین بابەتچاوپێکەوتنهاوپۆلنه‌كراو

دیمانەیەکی کورت لە گەڵ گۆران عەبدوڵڵا هەڵسووڕاوی شورا کریکارییەکانی کوردستان ١٩٩١

                  دیمانەیەکی کورت لەگەڵ چالاکوانی سۆشیالیستیی گۆران عەبدوڵڵا

                     هەڵسوڕاوی مەڵبەندی شورا کرێکارییەکانی کوردستان ١٩٩١

 

 

سازدانی عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ)

 

(ئەم دیمانەیە قەرار بوو لە ژمارەی تایبەتی هانا بۆ یادی ١٥٠ سالەی کۆمۆنەی پاریس دا بلاو بکرێتەوە بەلام بە هۆی هەڵەی تکنیکی لە گۆڤارەکەدا بلاونەبۆوە. وەکوو سەرنووسەری هانا لە قوولایی دلەوە لە هاورێی بەرێز گۆڕان عەبدوڵا داوای لیبوردون دەکەم بۆ ئەم هەڵەیە!  لە گەڵ ڕێز و سوپاسم!  سلیمان قاسمیانی )

 

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): بەبڕوای بەڕێزتان جەوهەری دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە لە چیدا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە؟

 

گۆران عەبدوڵا: پێم وایە دەربڕینی (جەوهەری دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانە) خۆی لە خۆیدا دەربڕینێکی ورد نییە یان بە مانایەکی تر زۆرتر لە وشەیەکی فەنتازییانە دەچێت تا ئەو شوێنەی دەربڕینێکی کۆنکریتی دیاریکراوبێت، چوونکە مانا و پێناسەکەی لە دیدگای چینێکەوە بۆ چینێکی تر، لە ئایدیۆلۆجییەتێکەوە بۆ ئایدیۆلۆجییەکی تر دەگۆڕێت. ئەگەر ئەو سێ وشەیە لێک دابڕین و بە جیا هەڵوێستەیەکی کورتیان لەسەر بکەین پێم وایە وەڵامەکەم ڕۆشنتر دەبێتەوە.

وشەی جەوهەر لەم شوێنەدا و لە پەیوەند بەدەسەڵات و شۆڕشەوە واتە ئەو خەون و خواستانەی بزووتنەوەیەکە کە لەکاری کورت مەودا و درێژ مەودای خۆیدا دەیخاتە ئەجیندای خۆیەوە و لەڕەوتی چوونە پێشەوەی خۆیدا پڕوپاگەندەیان بۆ دەکات و وەک خواستێک کە قابیلی جێبەجێبوونە باسیان لێوەدەکات، بەڵام مێژوو ئەوەی پێنیشان داوین کە زۆربەی جار زۆرینەی خواستەکان پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات فەرامۆش کراون یان تەسلیمی قەدەرێکی نادیار کراون.

دەسەڵات: واتە سەپاندنی هەژموون، کۆبونەوەی هێز لەدەستی کەسێک، گروپێک، حزبێک یان واوەتر ئایدیۆلۆجیایەکی دیاریکراو. وە زۆربەی جار لای هێزی ئۆپزسیۆن دەسەڵات بۆتە ئامانج نەوەکوو وەسیلە. هەر کاتێک دەسەڵات بوو بە ئامانج لەو کاتەدا خواست و شێوەی ڕێکخستنی خەڵک بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێتە خزمەتی گەشتن بە دەسەڵات و ئازادیش لە مانا ڕەهاکەیدا دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

شۆڕشگێڕ: پێم وایە شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی بونەتە شێواوترین وشەی دونیای ئێمە، وە زۆرترین جار بەرژەوەند خوازەکان و چەقۆکێش و مافیاکان زیرەکانە توانیویانە شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بقۆزنەوە بۆ گەشتن بە ئامانجەکانی خۆیان. توانیویانە لە نێوجومگەکانی دەسەڵاتدا جێگای خۆیان بکەنەوە و ڕەوتی شۆڕش و خواستەکانی بە ئاقارێکدا بەرن کە خۆیان ویستیان لەسەرە. وشەی شۆڕشگێر زۆرتر وەکو تاک دەردەکەوێت نەوەکوو کۆمەڵ. بزووتنەوەی سۆشیالیستی نوێ سەرباری بیرکردنەوەو دۆزینەوەی ئامرازەکانی خەبات، گرنگە گۆڕانکاری لە زۆر دەستەواژەوە وشەشدا بکات.

من بە باشی دەزانم لە جیاتی (دەسەڵاتی شۆڕشگێرانە) بڵێین ناوەندی نوێنەرایەتی شوراکان، یان هەر ناوێکی شیاوی تر کە ئەو پێگەیەی دەسەڵات خوازییە فەردییە خاڵی کاتەوە. ناوێک دەربڕی هەژموونی خوارەوەبێت واتە پێگەی هێز لە خوارەوە بۆ سەرەوە نەوەک بە پێچەوانەوە.

ئێستا دەتوانم بێمە سەر پرسیارەکەتان و بڵێم جەوهەری خۆبەڕێوەبردن،بەرجەستە دەبێتەوە لە پیادەکردن و جێبەجێکردنی هەموو ئەو بڕیار و داخوازیانەی کۆبوونەوە گشتێکانی ناوەندەکانی کار و ژیانی خەڵکە کە لە ڕێی نوێنەرەکانیانەوەو لە ئاستێکی فراوانتردا قسەو باسیان لەسەر دەکرێت و دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە لە چوار چێوەی داخوازێکەدا، بە ئاقاری یەکسانی ژیانی مرۆڤەکان.

 

 

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): ئایا ئەم ئەلتەرناتیڤە دەتوانێت لەئەمڕۆی جیهانی لیبرالیزمدا بێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ ئاستەنگەکان چین؟

 

گۆران عەبدوڵا: لیبراڵیزم ئەجیندایەک بۆ دەوڵەمەندکردنی دەوڵەمەندەکان و هەژارترکردنی هەژاران و برەودان بە پۆپۆلیزم، لەمڕۆدا نوێنەرایەتی سیاسەتی ئابوری جیهانی ناکات یان زۆر لاواز بووە.

ئەو ڕۆژگارە بەسەر چوو کە وەک کریس هیدجس لە کتێبی مەرگیچینی لیبراڵدا باسیان دەکات “لیبراڵەکان لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی ئاساییدا زمانەی ئەمانن بۆ سەرمایەدارەکان، ریفۆرمی پچڕ پچڕ وە قابیلی جێبەجێکردن پێشنیار دەکەن وەک هیوایەک بەرەو یەکسانی دەیانخەنە ڕوو. ئەمانە وەکوو دیارییەک دەبەخشنە دەوڵەت و میکانیزمی هێزەکەی، وەکوو سەگی هاریش هێرش دەکانە سەر هێزە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان و ناشرینیان دەکەن و چینی لیبراڵ و ئڵیتی دەسەڵاتدار وەک پێکهاتەیەکی بەسوود بە کۆمەڵگە دەناسێنن.” ڕێگاخۆشکردن و لابردنی گرفتی سنوورەکان بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکان بو بەهۆکاری کەڵەکەی سەرمایەی خەیاڵی لە دەستی ژمارەیەکی یەکجار کەمی سەرمایەداردا. ئەوەی لیبراڵیزم لە سەرەتاکانی خۆیدا بانگەشتەی بۆدەکرد، لە دەیەی ئەم دووایانەدا لەبەرانبەر بازاری ئازادا عەولەمەدا بوون بە تۆز و چوون بە ئاسماندا. هەر بۆیە جەنەفەر وۆڵش لە سیمنارێکیدا لە هۆڵی بیبی سی لە شاری تۆرنتۆ وتی: لیبراڵیزم بەرەو بەربەرییەت دەڕوات.

پاش قەیرانی ٢٠٠٨ لە بەریتانیا کۆمەڵێک لە بیرمەند و سیاسەتمەدار تۆڕێکیان پێکهێنا بۆ بنیاتنانی ئابوری لەسەر بنەمای بیری چەپ. کەسێک لەم تۆڕە بە ناوی کرستین بێری کە کەسایەتییەکی سەرەکییە لەم تۆڕە بۆ ڕۆژنامەی گاردیان دەڵێ: “دەمانەوێت ئابوری بگەڕێنینەوە بۆ سەر بنەماکانی خۆی. خوازیارین لە ئابوری بپرسین، کێیە ئەم سەروەتەی هەیە؟ کێیە دەسەڵاتدارێتی هەیە لەم کۆمپانیایە؟ وتاری ئابوری ئاسایی ئەم پرسیارانە دەشارێتەوە کەوا بۆ بەرژەوەندی کێ دەسەڵاتیان هەیە.”

بازاڕی ئابوری جیهانی بەتەنها لەدەستی نیوولیبراڵەکاندا نەماوە. ئەمرۆ چین و ڕوسیا وەک دوو هێزی گەورەی ئابوری لەمەیدانن بەتایبەت چین، وەهەردوو ئەم دوو وڵاتە لەدەرەوەی کتلەکانی نیوولیبراڵیزمن، تەنانەت پوتین لە لوتکەی ٢٠ لە یابان لە قسەیەکیدا وتی: “لیبراڵییەکەتان شوێن بزر دەبێت.”

ئاماژەکان ئەوەمان پێپیشان دەدەن کە کێشەی سۆشیالیزم بەتەنها لەگەڵ لیبراڵیزم نییە، ئەوەی دەبینرێت پۆلیزمی سیاسییە لە برەودایە. ڕاست تەنها ئەم چەکەی پێماوە شەڕی پێبکات، ڕۆشنیش لایەکەی تر دەبینێت کە سۆشیالیزمە. بۆیە بینیمان چۆن لە ئەمریکا دژایەتی بێرنی ساندەرزیان دەکرد و چەندین سایتیان بۆ دژایەتی سۆشیالیزم دروست کردبوو.

سۆشیالیزم بە ترو تفاقە کۆنەکەیەوە بەردی بۆ ناخرێتە سەر بەرد و لەمڕۆدا شل و شێواو پەرتەوازەترین هێزی سیاسییە، بەڵام بیری سۆشیالیزم لە ڕیزەکانی نەوەی نوێدا بە ڕۆشنی دەردەکەوێت. نەوەیەک توانیویەتی خۆی لە ژێر هەژموونی نەوەی سی و چلەکان دەربهێنێت کە گۆشکرابوون بەدژایەتی کردنی سۆشیالیزم. بەشە هۆشیارەکەی نەوەی ئەمرۆ لە سای تەکنۆلۆجیا و کاڵبوونەوەی سنوورەکان و تێکەڵاوبوونە کۆمەڵایەتییەکان و بینینی دونیا وەک یەک کتلە وە تێگەشتن لەوەی چارەنووسی بەشەرەکان پەیوەندییەکی پتەویان پێکەوە هەیە، ئەوانە بوونەتە فاکتەرێکی بنەمای فکری ئەو، لێرەوە چیرۆکەکانی ڕەنگ و سنوور و نەتەوەو نیشتمان لە بەرانبەر شوناسی مرۆڤ و سروشتدا کاڵ دەبنەوە.

 

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): ئایا خەڵکی کوردستان لەکوێی داخوازی شووراکان بوونە و دان، چ لە سەرەتای نەوەدەکان و چ لەئێستادا؟

 

گۆران عەبدوڵا: بزووتنەوەی شوراکان لە کوردستان بەشێک نەبوون لە زهنییەت و ئەزمونی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان، بەڵکوو بەدیلێکی شیاوی ڕێکخستن بوو لەلایەن بزووتنەوەی سۆشیالیستییەوە یان بە دیاریکراوی بڵێین کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە. لەو ماوە کورتەی تەمەنی شوراکاندا، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی شورایی ویستیان لە ڕێیی بەرزکردنەوەی کۆمەڵێک شیعارەوە کە بەشێکی دانەبڕاوبوون لە خواستی خەڵک، ویستمان خەڵک ئاشنا بکەین بەم شێوەیە لە ڕێکخستن.

خەڵک لەو ماوە کورتەی ڕاپەڕیندا لە فەزایەکی سیاسی، ئیداری، ئیقتیسادی و ئەمنیدا ژیانی دەکرد. ئەو بارودۆخە فرسەتی بیرکردنەوەی بە خەڵک نەدەدا بۆ بیرکردنەوە لەو داخوازیانەو هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانیان، ئەمە سەرباری ئەوەی ڕادەی ڕێکخستن و ئەزمونی ڕێکخستنی جەماوەری لەوپەڕی لاوازی خۆیدا بوو. لە مێژووی سیاسی کوردستان دەکرێت بڵێین بوون یان دەستبردنی خەڵک بۆ ڕێکخستنی خۆیان لەدەرەوەی ئەحزابی سیاسی بۆ بەرگریکردن لە خۆیان وجودی نەبووە. ئەحزابی کوردی تەنها شاخ و چەکی ئاشنا دەکرد بە خەڵک وە هەموو ئەو هەوڵانەی شوعێکانیشی لەبار دەبرد کە لەناو جوتیاران یان کرێکاراندا دەیاندا.

بارودۆخی ڕێکخستنی جەماوەری سەربەخۆ لە ئێستادا خراپتر بووە نەک باشتر. لەم ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتی کوردیدا سەرباری دابەشکردنی خەڵک بەسەر ئەحزابی سیاسیدا، توانیویانە لە ڕێی بەناو ئۆپزسیۆنەوە ڕوحیەتی ناڕێکخراوبوون و بێ باوەر بوون بە ڕێکخستن پەرەپێبدەن. خەڵک ناڕازییە، خەڵک خەونی ژیانێکی باشتری هەیە، بەڵام نابێت بە قاڵبێکی ئامادەکراوەوە داوای ڕێکخستن و جووڵە لە خەڵک بکرێت.

کۆمۆنەی پاریس، شوراکان لە سۆڤییەت و خۆبەڕێوەبردنەکەی ڕۆژاڤا هەڵقوڵاوی واقعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بۆیە بەئاسانی جێکەوتە دەبێت.

 

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): تۆ دەڵێیت کۆمۆنەی پاریس و شوراکان لە سۆڤییەت و خۆبەڕێوەبردنەکەی ڕۆژئاڤا جێکەوتە دەبن، ئایا خۆبەڕێوەبردنەکەی ڕۆژئاڤا تا چەند لە شوراوە نزیکە و هەروەها تا چ ئەندازەیەک سووننەتی شوورایی تیا جێگیر کراوە؟

 

گۆران عەبدوڵا : بنەمای ئیداری خۆبەڕێوەبردنی ڕۆژاڤا کۆمونەکانە، بەهەمان شێوەی شورایی لە شوێنی کار و ژیان پێک دێت وە پەیڕەو لە دیموکراتییەتی ڕاستەوخۆو لە خوارەوە بۆسەرەوە دەکات. ئەوەی لە سیستمی شورایی جیای دەکاتەوە ئەم کۆمونانە لەسەر بنەمای چینایەتی نییە، واتە دەکرێت خاوەن کار و کرێکار هەردووکیان لەیەک کۆموونەدابن. شوراکان بەشێوەیەکی گشتی لەژێر کاریگەری فکری سۆشیالزمدان و بەشوێن سەپاندنی دەسەڵاتی کرێکارییەوەن، بەڵام ئەمە لە کۆموونەکان وا نییە وە دەکرێت لەزۆر بواری فکریی و سیاسیدا جیاوازبن چ لە ناو یەک کۆمونە یان لەگەڵ کۆمونەکانی تر. پێکهاتە ڕێکخراوێکەی زیاتر نزیکایەتی بە کۆمۆنەکانی پاریس هەیە تا بە شورا.

لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم هەموو ئەم ئەزمونانە هەڵگری خاڵی لاوازو بەهێزن، ناکرێت هیچکامێکیان وەک قاڵبێکی هاوردەو ئامادەکراو بۆ ڕێکخستن بخرێتە پێشی کۆمەڵگە. پاریسێکان کۆمۆنەکانیان درووستکرد، ڕوسێکانیش سۆڤیەتەکان و ڕۆژئاڤاش بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنەکانی کرێکاران و جوتیاران لەزۆر شوێنی جیهاندا لەوانە ئیسپانیا، یۆگسلاڤیا و بەشێوەیەکی گشتی ئەمریکای لاتین.

 

 

گۆران عەبدوڵڵا

تۆرنتۆ

١٥-٢-٢٠٢١

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button