تازەترین بابەتدەنگ و ڕەنگسلیمان قاسمیانیشیعرهاوپۆلنه‌كراو

درۆ

Diro

شیعری سلیمان قاسمیانی بە دەنگی خۆی

ئامادە کردنی کلیپی دەنگ: ئەسەد مەریوانی

 

بۆ بیستنی شیعرەکە، کلیکی سەردێڕەکە بکە لە خوارەوە:

درۆ

 

ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە
ئەی بۆ ئێوە بەشتان هەر قەسر و  تالارە
کەچی هی ئێمە  کەلاوە
ئێوە  ماڵتان  هەموو ساتێک سەما دەکا لە نێو نووردا
ئێمەش ماڵمان تاریک و سڕ
کارەبا لووتی وا بەرزە
ساڵ بە ساڵیش سەری نادا.

بەڵێ باشە ئێمە یەکین
ئەی بۆ مناڵەکانی من
کز و لاواز وەک خۆم بە دوای پاروە نانێک
ڕادەکەن بە شوێن کار و ژەم
تۆش پاڵی ڵێ دەدەیەوە
دەستێک بە گەدەت دادێنی  و
بزەیەک بۆ باڵای شەکاوەی سەرمایەت!

ئێمە زگمان دەکەوێتە گەڕ و شایی
هەر بە بینینی سێبەری پەلەوەرێکی بێچارەش
یاخۆ بە ڕەسمی سەر سفرەی ژەمێکی گەلێک ئاسایی ئێوەی بەڕێز!

ئێوە زبڵدانەکانتان دەڕشێنەوە لە قورسایی بەرماوتاندا
ئێمەش زگمان برسیەتی دێت و دەیگوشێ

وەکوو جلکی تازەشۆراو!

ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە!
بەڵام بۆچی ئێمە ئارەقی ماسولکە،

دەمار و پێستی ژانگرتووی نەفەس لێبڕاو هەڵدەڕێژین!
ئێوەش لە ژێر قورسایی سێبەری پارە و سەرمایەی هار، بزۆزتان دا
هەناسەسوار، بە لێزمە ئاڕەق دەڕێژن.

ئێمە لە ژان و ئازاری کاری نامرۆڤانەدا
خەو نازێتە نێو چاوانمان
بەڵام ئێوە

خەمی کزیی پارە و بازار خەوتان دەبڕێ!
بە بارتەقای زێدەباییش
دەڕین بە سەر باڵای مرۆڤایەتیدا و

بە سەر جەستەی ئێمەی نەدار!

ئێوە دەڵێن ئێمە یەکین
بەڵێ باشە
ئەی ئەو دەریای دزراوی دۆڵاری کوردی
کە مۆنج دەخوا لە بانکەکان

لە ناەوە و لە هەندەران
هی ئێوەیە یان هی ئێمە؟
ئەی لە ناو گیرفانەکانی چۆڵی کێ دا
بایەقووش دایم میوانە و

تێهەڵدەکا لە حەیرانی هەژاری و مووچەی نادیار؟!

ئیمە دەڵێین ئێوە یەکن

بۆ بە تالان بردنی سامانی گشتی

بۆ ڕفاندنی بەرهەمی ڕەنج و کاری

ئێمەی زۆرینەی کرێکار

بۆ چەوساندنەوەی بێ پایان

بۆ نایەکسانی کۆمەڵ و لە بۆ پاشایەتی پارە

بۆ دەسەڵاتی سەروەت و چەک و سەرکوت!

بەڵێ بەڵێ ئێوە یەکن

بۆ هەژاری و بۆ دزینی ڕەنجی ئێمە

ئێوە یەکن بۆ ئەوەی ئیمە یەک نەبین

بۆ ئەوەی ئیمە یەکگرتوو

بەزم و بەساتی نایەکسان و دڵرەقتان

لە گۆڕ نەخەین!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button