وشه و خواکانی
وتووێژی گۆڤاری سێکۆلار لە گەل سلیمان قاسمیانی – ژماره‌ی ٤ ، ساڵی ٢٠٠٤
سكۆلار: هه‌ندێك چه‌مكی ئه‌ده‌بی یان زیاتر سیاسی وفه‌رهه‌نگی كه به كارده‌هێنرێ وه‌ك ئه‌ده‌بی مۆدێرن، به‌ڵام ئێمه هێشتا چه‌مكی شاری و شارستانییەت بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ده‌بی كوردی به‌دروستتر ده‌زانین هه‌ر وه‌ك له هه‌ندێك له ژماره سه‌ره‌تاییه‌كانی هاناش ئه‌و مه‌فهوومه به‌كار هات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌ودای ئه‌و چه‌مكه له دونیابینی و ئاسۆكاندا لێكبده‌ینه‌وه، ئایا ناتوانین بڵێین ئه‌ده‌بی كوردی هێشتا به راده‌یه‌كی به‌رچاو له دونیابینی و له روئیایی لادێ نشینیدا قه‌تیسه. نووسینی كوردی به‌تایبه‌ت كه گه‌شه‌یه‌كی له بواری ڕۆمانیشدا به‌خۆیه‌وه دیوه به‌ڵام له جه‌رگه‌ی كێشمه‌كێشی شاردا ناژیت وئینسانی شاری وئه‌و كێشانه‌ی ئینسان له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا به‌ره‌وڕووی ده‌بێته‌وه، زیاتر ئه‌ده‌بی ئینشاییه و بریتی نین له ئه‌ده‌بی روئیا وئاسۆكان. ئێوه له‌و باره‌وه لێكدانه‌وه‌یه‌كی ترتان هه‌یه.
سلیمان قاسمیانی: مۆدێرن وشه‌یه‌كه كه ده‌توانرێ چه‌ن مانای جۆراوجۆر به خۆیه‌وه بگرێ. ده‌توانێ به مانای ئه‌مرۆیی بێت یان شتی نوێ. به‌ڵام دیاره هیچ شتێك ته‌نیا به هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌مرۆییه نابێته شتێكی نوێ. زۆر شتیش هه‌یه كه نوێیه به‌ڵام بۆ زوربه‌ی خه‌ڵك نییە. به بڕوای من ناكرێ له مۆدێرن یان نوێخوازی بدوێین و لایه‌نی چینایه‌تی مه‌سه‌له‌كه له به‌رچاونه‌گرین. ئه‌وه‌ی كه ئه‌مرۆ به نێوی مۆدێرنیزم له مه‌یدانی زانسته کۆمه‌ڵآتییه‌كان و هونه‌ردا پیشكه‌شمان ده‌كرێ نه شتێكی نوێ، نه نوێخوازی به‌ڵكوو كۆنخوازیی بورژواییه له قالبێكی “نوێ”دا. بێجگه له‌م لایه‌نه ده‌كرێ له روانگه‌یه‌كی تریشه‌وه سه‌یری مۆدێرن یان “ئه‌مرۆیی” بكه‌ین و ئه‌ویش روانگه‌ی میژوویی و به‌ره‌وپێشچوونی ژیان به گشتییه. ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌وه سه‌یری دنیا و كۆمه‌لگا بكه‌ین ده‌بینین كه ژیان به گشتی به‌ره‌وپیش ده‌ڕوا و مرۆڤایه‌تی به گشتی له زۆر مه‌یداندا هه‌نگاوی به‌رزی هه‌ڵێناوه‌ته‌وه. ژیانی ئه‌مرۆی ئینسان نه ته‌نیا له گه‌ڵ چاخه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی پێشوو به‌لكوو ته‌نانه‌ت له گه‌ل ژیانی ئینسانی سه‌ده‌یه‌ك له‌وه‌پیش فه‌رقی زۆری كردووه. دیاره كه ئه‌وه به مانای له‌به‌ین چوونی زولم و زۆر و هه‌ژاری نییە چونكه له نیزامی كاپیتالیستیشدا بناغه‌ی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ر له سه‌ر نایه‌كسانی و نابه‌رابه‌ری مرۆڤه‌كان دانراوه و ئینسان ده‌چه‌وسێته‌وه.
كاتیك كه ژیانی ماددی ئینسان ئاڵوگۆری به سه‌ر دادێت، ژیانی كولتوری و سیاسی و مه‌عنه‌ویشی گۆڕانی به سه‌ردادێت. چه‌ند و چۆنی و ته‌سك یان قووڵبوونی ئه‌م ئاڵوگۆڕه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌یه به ته‌رازووی هێزی جووڵانه‌وه كومه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناو كۆمه‌لگادا. كۆمه‌لگا مێرگی سولح و سه‌فا و برایه‌تی و یه‌كسانی نییە به‌لكوو مه‌یدانی كێشه‌ی له‌پساننه‌هاتووی چین و توێژه‌كانی جۆراوجۆره كه هه‌ر كام بۆ داسه‌پاندن و سه‌قامگیركردنی قازانج و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی تیده‌كۆشێ. ئه‌و چینه‌ی كه ده‌ست به سه‌ر داهات و داراییه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ده‌گرێ و خۆی پێ ده‌حاوێنێته‌وه، مه‌جبووره بۆ به‌رده‌واممانه‌وه‌ی ئه‌م ژیانه نایه‌كسان و نامرۆڤانه‌یه له لایه‌كه‌وه ده‌سته‌وه‌دامێنی زۆری چه‌كداری بێت و له لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌و شێوه ژیان و ئه‌و په‌یوه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییانه، ره‌وا و به‌رحه‌ق بنوێنێ. به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م دوو ئه‌ركه له ئه‌ركه‌كه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی حاكمه له کۆمه‌ڵگادا. ئه‌و جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه هێزی به سه‌ر جووڵانه‌وه‌كانیتری ناو كۆمه‌ڵگادا بشكێ، مۆری خۆی له ژیان، دنیابینی، ئاره‌زۆ و خه‌ونه‌كانی خه‌ڵک ده‌دا. هونه‌ر و ئه‌ده‌بیات ته‌بیعییه كه ناتوانن خۆیان له‌م كاردانه‌وه دوور بگرن. ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر پێشكه‌شی خه‌ڵکی ده‌كه‌ن نه خه‌ون و ئاره‌زۆی بێ لایه‌نه و نه تام و چێژ و جوانی و نرخی هه‌مه‌گیر! ئه‌ده‌بیات و هونه‌ری بێ لایه‌ن یان ئه‌ده‌بیاتێك كه بۆ خه‌ڵک به عام بێت، هه‌رگیز بوونی نه‌بووه و ئه‌وانه‌ی ئیددیعایه‌كی له‌م جۆره ده‌كه‌ن له باشترین حاڵه‌تدا کڵاوی بورژوازی ده‌كه‌نه سه‌ر خه‌ڵک به گشتی و چینی كریكار و به‌شمه‌ینه‌تانی كۆمه‌ڵگا به تایبه‌تی.
وتم كه ئاڵوگۆڕی له ژیانی ماددی كۆمه‌لگادا گۆڕانکاری به سه‌ر ژیانی مه‌عنه‌وی و نه‌فسانیشدا دێنێت. له كۆمه‌ڵگای كاپیتالیستیدا شار ناوه‌نده و شارستانییەت نۆرم. ئه‌مه له سه‌تحێكی عامدا دروسته به‌ڵام نابێ له بیرمان بچێته‌وه كه ئالوگۆری له ژیانی ماددی ده‌سبه‌جێ و به شێوه‌یه‌كی میكانیكی ئالوگۆری له ژیانی مه‌عنه‌وی و له لایه‌نه جۆرواجۆره‌كانی كو‌لتوردا له گه‌ل خۆی ناهێنێ. چۆنیه‌تی و چه‌ندایه‌تی ئاڵوگۆری له سه‌رخانی کۆمه‌ڵ، له فه‌رهه‌نگدا، په‌یوه‌ندی زۆری هه‌یه به سه‌نگی جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناو گۆره‌پانی كۆمه‌لدا. ته‌بیعیه كه زۆر شتی‌تر ده‌توانن كاربكه‌نه سه‌ر چۆنیه‌تی ئه‌م ره‌وته به‌ڵام نه‌قشی به‌ئاگای ئینسان و ئه‌وه‌ی كه سه‌نگی جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به باری كام یه‌ك له‌م جووڵانه‌وانه‌دا بشكێ، به بڕوای من ده‌وری سه‌ره‌كی ده‌بینێ. ته‌بیعه‌ته‌ن ئێمه له ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا جێ پێی كریكار و “ژیانی شار” ده‌بینین. به بۆچوونی من باس له سه‌ر نه‌بوونی ئه‌م دیارده‌یه له ئه‌ده‌بی كوردیدا نییە به‌لكوو قسه له سه‌ر لاواز بوونیه‌تی، له سه‌ر هاوقه‌واره نه‌بوونی ئه‌م ئه‌ده‌به‌یه له گه‌ل چه‌ندایه‌تی و له گه‌ل قورسایی واقیعی ئه‌و چینه و ئه‌و ژیانه‌ی كه له گه‌ڕ دایه.
بۆ وه‌لامی ئه‌م پرسیاره من زه‌ینی خوێنه‌ران راده‌كێشم بۆ سه‌ر مه‌یدانی سیاسی له ئاستی كوردستان له سه‌ده‌ی رابردوودا. ئه‌وه‌ی ئیمه له‌و سه‌ده‌یه‌دا ده‌یبینین ته‌نیا سه‌قامگیربوونی په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی سه‌رمایه‌داری نییه به‌لكوو له هه‌مان كاتدا زۆر و سه‌ركوتی میللی و هاتنه مه‌یدانی ناسیونالیزمی كوردیش بۆ گۆره‌پانی سیاسه‌ته. جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی ته‌نیا جووڵانه‌وه‌ی سه‌ر ساحه‌كه نه‌بوو به‌لكوو زۆر جووڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی تریش له مه‌یدان دابوون. به‌ڵام جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی خۆی به سه‌ر باقی جووڵانه‌وه‌كاندا سه‌پاند و بوو به مه‌یدانداری “خه‌بات بو سڕینه‌وه‌ی زولم و زۆر” كه ته‌بیعه‌ته‌ن له باشترین حاڵه‌تدا له سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی واتر نه‌ده‌چوو. خه‌باتی چه‌كداری بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌م جووڵانه‌وه بوو كه ئه‌ویش مه‌یدانه‌كه‌ی نه‌ك له شار به‌لكوو له لادێ بوو. له‌م خه‌باته‌دا لادێ سه‌رچاوه‌ی ژیانه چون چه‌كداره‌كان ته‌نیا له شاخ، ده‌توانن بحاوێنه‌وه. شار ده‌بێته ناوه‌ندی سته‌م چون جه‌رگی هێزی سته‌مكار له شاره و به شاره‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. شار ده‌بێته ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه هێزی “ئازادی”، واته هێزی ناسیونالیزمی بنده‌ست، له گه‌لی ده‌سته‌ویه‌خه بووه. شار بۆ حاوانه‌وه نابێ و ده‌بێ لێی ده‌رباز بی. شار ده‌بێته سیمبۆلی دوو روویی و بێوه‌فایی. ئه‌وه‌ی كه بیهه‌وێ وه‌فا و ئه‌مه‌گ پیشان بدات ده‌بێ شار وێڵ بكات و خۆ بخاته ئامێزی پاكی سروشته‌وه، ده‌نگی زولآلی شاخه‌وه و وه‌فا و میهره‌بانی بێدریغی لادێ كه پیشمه‌رگه له خۆیه‌وه ده‌گرێ و ژیانی پێده‌به‌خشێ. لێره‌دا ته‌بیعه‌ته‌ن بێجگه له مه‌سله‌حه‌تی ئاشكرای جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی له لاواندنه‌وه و به‌پیرۆزكردنی لادێ، رۆمانتیزمێكی فیودالیستی و وردكه بورژواییش له‌مه‌ر دێهاته‌وه ده‌وری هه‌یه. به‌ڵام به بڕوای من ئه‌وه‌ی بووه‌ته هۆی لاوازبوونی لایه‌نی “شارستانی” له ئه‌ده‌بیات له كوردستاندا له پله‌ی یه‌كه‌مدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جووڵاوه‌نه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ناسیونالیستی و كاركردنی دنیابینی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه له سه‌ر هونه‌ر و ئه‌ده‌ب له كوردستاندا. ئه‌وه قورسایی روانگه‌یی ناسیونالیستییه كه وا ده‌كا نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی كورد نه‌توانێ كێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه ببینێ و له ده‌ربیجه‌ی ته‌نگی كێشه و گیروگرفتی نه‌ته‌وه‌یی ڕا سه‌یری دنیا و کۆمه‌ڵگای كوردیش بكات. ئه‌و كات ته‌بیعییه كه شار و دانیشتوانی شار، تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی كه بتوانن بكه‌ونه قالبی بزوتنه‌وه و خواست و ئاره‌زۆ و ئاسۆكانی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌بنه ئامرازی كار و به‌رهه‌می نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندیك كه خۆی له قوﻠﻠه‌ی ئه‌و جووڵانه‌وه ناسیونالیستییه ڕا ده‌ڕوانێته دنیا.
ئه‌م ئه‌ده‌به ناتوانێ “ئه‌ده‌بی شار” به گشتی و ئه‌ده‌بی كرێكاری كورد به تایبه‌ت، بێت. ئاخر كریكار له هێزی كاری به‌ولاوه هیچیتری نییە كه خۆی و مناڵه‌كانی پێ بژیێنێ. كرێكار و زه‌حمه‌تكیشان و هێزی كارفرۆشانیتری شار، نانی سبه‌ینێیان له گره‌وه‌ی كاری ئه‌مرۆیان دایه. نه پاره‌ی وه‌لاوه‌نراویان هه‌یه له بانكه‌كاندا و نه موڵك و ماڵی به‌میراتماویان هه‌یه كه مناله‌كانیانی پێ بژیێنن ئه‌گه‌ر بۆ شه‌ڕی درێژخایه‌نی كوردایه‌تی شار به جێ بهێڵن و روو بكه‌نه شاخ. ساحه‌بماڵ هه‌رچه‌نده‌ش “كورد و كوردپه‌وه‌ر” بێت له كریێ ماله‌كه‌ی به خاتری وه‌شاخكه‌وتنی كرێكاره‌كه خۆش نابێت و به شه‌ق، ماڵ به خێزان و مندالی كرێكاری وه‌شاخكه‌وتوو چووڵ ده‌كات. هه‌ر بۆیه‌ش ده‌بینین كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی جووڵانه‌وه‌ی كوردایه‌تی به‌شی هه‌ره زۆری له منالآنی ورده‌بورژواكان و له‌و مرۆڤانه پێك دێت كه به چوونیان بۆ شاخ، نان له ده‌می كه‌س نا‌بڕدرێ و خیزان و مناڵی به‌جێماو له شار، یان ئه‌وه‌نده داراییان هه‌یه كه جێگه‌ی به‌تاڵی نانهێنه‌ری ماڵ هه‌ست پێنه‌كرێ یان نانهێنه‌ر پشتی به دارایی خزم و كه‌س و كار بستووه. بۆ ئه‌و ئینسانانه چوونه ریزی پیشمه‌رگایه‌تی قسه له سه‌ر مان و نه‌مان نییه چون دارایی ماددی پشتی هه‌ڵوێسته‌كه‌یان ده‌گرێ و هه‌ر كاتیش ئیتر نه‌یانكێشا یا بڕیان نه‌كرد، ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی پێشوویان! هه‌ر وه‌ك وتم بۆ كریكاران و زوربه‌ی دانیشتوانی شار ئه‌م كاره هه‌رگیز له كردن نایه. كرێنشین ماڵه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌دات، كرێكار و كارمه‌ند ئیشه‌كه‌ی له ده‌ست ده‌دات و زوربه‌شیان ناتوانن پشت ببه‌ستن به دارایی دایك وباوكێك كه له ئارادانییە. ئه‌ده‌بیاتێك كه ناسیونالیزم بڕبڕه‌ی پشتی بێت و تا مۆخی ئێسقانی داگرتبێت دیاره كه ناتوانێ و نایه‌ت له ده‌رد و مه‌رگی “له شار ماوه‌كان” قسه بكات و ئاوێنه‌ی ژیانیان بێت یان ئاسۆی به‌رزتریان پێشكه‌ش بكات!
سكۆلار: په‌یوه‌ندی زمان به نووسینه‌وه؟ په‌یوه‌ندی زمان به‌ناسیۆنالیزمه‌وه؟ په‌یوه‌ندی زمان به سیسته‌می چینایه‌تییه‌وه؟ په‌یوه‌ندی زمان به‌دروستكردنی روئیا‌و به‌دامه‌زراندنی میكرۆسكۆبی ته‌حلیله‌وه ؟په‌یوه‌ندی زمان به‌ته‌قالیدی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه؟ ئێمه ئه‌م پرسیاره‌مان به‌دوو هۆكار له‌به‌ڕێزت ده‌كه‌ین، یه‌ك: ئه‌وه كه وتارێكی زیندوت له سه‌ر زمان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی زیندووی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو كه ئه‌و زمانه‌ی له‌چه‌ند ڕووه‌وه توێكاری كردبوو بۆ ئه‌وه‌ی زمانێكی شایسته‌ی فه‌رهه‌نگی ئینسانی بێت ده‌خوازێت چ ئاڵوگۆڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌سه‌ر دا بێت له‌باری خۆیه‌وه، له‌نێو خۆیه‌وه، له‌خۆیدا. دوو: ئه‌وه كه ئه‌مڕۆ ده‌سته‌یه‌ك له‌نووسه‌رانی كوردی هه‌ن، زمان ده‌كه‌نه پێناسه‌ی نه‌ته‌وه یان هه‌ر خودی نه‌ته‌وه، وه له‌وێوه زمانی كوردی ده‌كه‌نه شتێكی پیرۆز‌و به‌های ده‌خه‌نه سه‌ر خودی ئینسانه‌كانی كه به‌و زمانه ده‌ئاخفن، یان نووسه‌رانێك هه‌ن كه بڕوایان وایه ئه‌گه‌ر زمانی نووسینی زاڵ په‌یڕه‌و نه‌كه‌ی ئیدی فورسه‌تێك بۆ لێكدانه‌وه‌ی ماناكان نامێنێت. به‌ڕێزتان كه ده‌سته‌ڵاتی قه‌ڵه‌متان به‌سه‌ر سێ زمانی كوردی، فارسی، سویدی دا ده‌شكێت ئێوه بۆچوونتان چۆنه؟ تۆ بۆ خۆت چ ئه‌زموونیكی خۆت هه‌یه بۆ نووسین له‌و باره‌وه؟
سلیمان قاسمیانی: زمان ئامرازی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به یه‌كه‌وه‌یه، وه‌سیله‌یه‌كه بو ئه‌وه‌ی من و تۆ له یه‌ك حاڵی ببین و هه‌ستمان، تێگه‌یشتنمان له یه‌ك، سه‌باره‌ت به یه‌ك، سه‌باره‌ت به دنیا و گه‌ردوون به گشتی به یه‌كتر رابگه‌یێنین، ته‌جروبه‌كانمان له ژیان و ده‌سكه‌وته‌كان و زانستی تا به ئه‌مرۆمان به نه‌وه‌كانی داهاتوو بسپێرێن. به‌ڵام زمان ئامرازێكی پاسیو و منفعل نییە به‌لكوو خۆیشی له‌و پرۆسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی كه تێیدا خوڵقاوه و تێیدا هه‌ڵده‌سووڕێ، ده‌ور ده‌بینێ. زمان ده‌توانێ سیمبۆله كۆنه‌كان، رێ وره‌سم و داب ونه‌ریته كۆنه‌كان بپارێزێ و ببێته له‌مپه‌رێك به‌رامبه‌ر به نرخ و دابی نوێ و شایانی ژیانی ئه‌مرۆی ئینسان.
زمان به بێ ئینسان و جیا له ئینسان شتێكی بێ مانایه و مه‌گه‌ر له “كتێبی پیرۆز”دا جێگه‌ی هه‌بێ. زمان ه‌ی ئینسانه و له گه‌ڵ ئینسان داره داره‌ی كردووه و هه‌ستاوه‌ته سه‌ر پێ. زمان وه‌كوو ئینسان خۆی مۆری مێژوو و گۆڕانكارییه‌كانی میژوویی كه به سه‌ر ئینسان و كۆمه‌لگای ئینسانی‌دا هاتووه به نێوچاوانییه‌وه. به‌و مانایه زمانی ئینسانی ئه‌مرۆ ناتوانێ هه‌ر زمانه‌كه‌ی دوێنێ بێت. زمان له هه‌ر سه‌رده‌مێكدا وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك ره‌نگی ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه و نرخه ئینسانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌مان پیشان ده‌ده‌ات. له زمانی سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا وشه‌ی “كه‌متوان” واته كه‌سیك كه به هۆی نه‌بوونی ئه‌ندامێك یان موشكیله‌ی فیزیكی پێویستی به جۆرێك له یارمه‌تی بێت، بوونی نییە به‌ڵام تا بمانه‌وێ وشه‌ی وه‌كوو شه‌ل، گێڕ، نوقوستان، ئیفلیج، كه‌ڕ، كوێر، حۆل، گێل… بۆ ئه‌و ئینسانانه هه‌یه. ئه‌و وشانه نوقوستانییەكه ده‌كه‌ن به ناو و سیمبۆل بۆ ئینسانه‌كه و به‌و ناوانه ده‌یناسێننه‌وه. نوقسانه‌كه ده‌خرێته ئه‌ستۆی مرۆڤه‌كه و باره‌كه به ملی خۆی داده‌رێته‌وه.
مرۆڤی ئه‌مرۆ ده‌ڵێ چێ؟ ئایا ئێمه‌ش قه‌راره وه‌كوو “باوك و باپیرانمان” بدوێین و ئاخافتنمان هه‌ر له‌و هه‌وایه دابێ؟ ئایا ئینسانی ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به یه‌كسانی ژن و پیاو بێت، ره‌سته‌كه‌ی سه‌ره‌وه به بێ ره‌خنه دووپات ده‌كاته‌وه یان له جیاتان له‌وانه‌یه بڵێ “دایك و باوكانمان” یان “پێشینیانمان” یان هه‌ر وشه‌یه‌كی تر كه پیاوسالارانه نه‌بێت.
لایه‌نێكی تری ئه‌م باسه چینایه‌تی بوونی زمانه. ئه‌م ئیددیعایه نابێ پێویستی به لێدوانێكی ئه‌وتۆ هه‌بێت. ژیانی ماددی ئینسان سنووره‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی زمان دیاری ده‌كه‌ن. زمانی كریكار وه‌كوو چینێك، ره‌نگی ژیانی واقیعی خۆی پێوه‌یه. شێوه‌ی ژیان، ئیمكانه‌كانی ژیان و گوزه‌ران، تاڵی و خۆشییه‌كانی ئه‌و ژیانه و كه‌مایه‌سیه‌كانی ژیان مه‌یدانی هه‌ڵسووڕانی زمان ده‌نه‌خشێنێ. نرخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئایدیۆلۆژیای هه‌ر چینێك خۆی له زمان و له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه كردنی له گه‌ڵ زمانیشدا ده‌بینێته‌وه.
چینی ده‌سه‌ڵاتدار زمانی خۆی هه‌یه و نرخه‌كانی خۆی. ده‌سه‌ڵات هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی كه زمان و دنیابینی خۆی بكا به زمان و روانگه و ئاسۆی گشت كۆمه‌ڵگا. سیسته‌می خوێندن و بارهێنان له کۆمه‌ڵگا له هه‌ر چاخێك دا، یه‌كێك له كارگه‌كانی شێلانی هه‌ویری زه‌ینی گه‌وره و بچووكی كۆمه‌ڵ بووه له راستای ئاسۆ و ئاره‌زۆكانی چینی ده‌سه‌ڵاتداردا. حوكمی چینایه‌تی بوونی زمان له خۆیدا به مانای چاك یان خراپ بوونی زمانی چینێك به گشتی نییه. چینه داراكانی كۆمه‌ڵ به هۆی پله و شوێنگه‌یان له كۆمه‌ڵدا، به هۆی توانایی ماددی ژیانیان، به هۆی ئه‌و ئیمكان و فرسه‌ته‌ی بۆیان ره‌خساوه، مه‌یدانێكی زۆر فراوانتریان ده‌درێتێ بۆ په‌ره‌پێدان و قووڵتر كردنه‌وه‌ی زمان به گشتی. خوێنده‌واری له سه‌ره‌تادا ته‌نیا به‌شی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای داراكان و چینی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوو. ئه‌و چینه‌ی كه به هۆی شه‌رایه‌تی ژیانییه‌وه حه‌ساوه‌یه و ئیمكانی بینین و له‌زه‌تبردنی له دنیا هه‌یه زمانێكی‌تر په‌یدا ده‌كات، ده‌ست به‌سه‌ر زانست‌دا ده‌گرێ، خۆی لێ به‌هره‌مه‌ند ده‌كا، گه‌شه به ژیانی ده‌دا و زمانه‌كه‌شی شان به شانی ئه‌مانه‌وه گه‌شه پێده‌دا. زمانی مجرد، زمانی قووڵبین، زمانی ناسك هیچكامیان له كوێره‌وه‌ری و هه‌ژاری و ماندوویی تا مه‌رگدا ناخوڵقێن. چینه چه‌وسێنراوه‌كان و بنده‌سته‌كانی کۆمه‌ڵ ئه‌و مافه بنه‌ڕه‌تییه‌یان لێ زه‌وتكراوه. ئه‌وه چینی چه‌وسینه‌ر و دارای كۆمه‌ڵن كه نه ته‌نیا له نیعمه‌ته ماددییه‌كان سوود ده‌به‌ن به‌ڵكوو له نیعمه‌ته ره‌وانییه‌كانیش تێر و ته‌سه‌ل ده‌بن.
وتمان كه زمانیش ره‌نگی چینه‌كانی کۆمه‌ڵی پێوه‌یه. نابێ له بیرمان بچێ كه مه‌سه‌له‌ی زمانیش وه‌كوو هه‌موو مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌و به‌ربه‌ره‌كانییه به‌رده‌وامه‌ی كه له نێوان چینی ده‌سه‌ڵاتدار و چینی بنده‌ست له ئارادایه. سه‌نگی ته‌رازووی هێز به لای هه‌ركام له جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بكه‌وێت، هێزی ناوبراو پێشره‌وی ده‌كات یان پاشه‌كشه‌ی پێده‌كرێت. ئه‌م مه‌سه‌له زۆر به ئاشكرا له مه‌یدانی ده‌سكه‌وته سیاسی و رامیارییه‌كاندا به‌دی ده‌كرێت. ده‌بینین كه چون به هۆی سه‌نگی ته‌رازووی هێزه‌كان ده‌سه‌ڵاتداران مه‌جبوور ده‌بن مل بنێن بۆ ئه‌م و ئه‌و داوایه، یان به پێچه‌وانه كاتێك كه ده‌سه‌ڵاتداران له هه‌لومه‌رجی تایبه‌تدا ده‌سكه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پێشێل ده‌كه‌ن و پاشه‌كشه‌یه‌كی دووباره به سه‌ر چینی چه‌وساوه‌دا ده‌سه‌پێنن.
ئه‌م مه‌سه‌له هه‌ر به‌م شێوه‌یه له مه‌یدانی زمانیشدا خۆی پیشان ده‌دا. به ئینسانی بوونی هه‌رچی زیاتری زمان له كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری ئه‌مرۆدا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و ململانه به‌رده‌وامه‌ی جووڵانه‌وه‌ی كریكاری و سوسیالیستی له‌گه‌ڵ كاپیتالیزم به درێژایی سه‌ده‌و نیوێك له ئاستی جیهانیدا بوویه‌تی. ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتدا حورمه‌تی ئینسان به گشتی له‌سه‌رتره تا له وڵاتانی تر، نه به هۆی مه‌رحه‌مه‌تی سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌ڵكوو به هۆی سه‌نگی جووڵانه‌وه‌ی كریكاری و سوسیالیستی له‌م وڵاتانه دایه.
به هه‌رحاڵ، به لای منه‌وه زمان وه‌سیله‌یه‌كه بۆ ئاخافتن و به‌رده‌وام له ئاڵوگۆڕ و گه‌شه كردندایه. زمانێك كه به‌رگی ته‌نگی سنووری نه‌ته‌وایه‌تی به سه‌رخۆی دا بكا، به‌ر له هه‌موو كه‌سێك خۆی و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌خنكێنێ. زمان خۆی له خۆیدا ئه‌گه‌ر سنوورێكی هه‌بێ جوگرافییه و به‌س. باقی سنووره‌كان ده‌سكردن و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان به زمانه‌وه نییە! ئه‌گه‌ر سیاسه‌تێكی تایبه‌تی سه‌باره‌ت به زمان و وشه‌ی ئاخافتن له گۆڕدا نه‌بێ، زمانه‌كان بێ هێچ موشكلیه‌یه‌ك یه‌كتر پاراو ده‌كه‌ن، له یه‌كتر وه‌رده‌گرن، ده‌بن به میوانی یه‌ك و ریگا بۆ یه‌كتر خۆش دكه‌ن. ئه‌گه‌ر زمان ته‌نیا ئامرازی په‌یوه‌ندی گرتنی مرۆڤ به یه‌كه‌وه بێ نه‌ك له یه‌ك داپچڕاندنی مرۆڤه‌كان له یه‌ك، ئه‌وسا زمان خۆی رێگه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و به سه‌ر سنووره ده‌سكرده نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا باڵ ده‌كێشێ و پێویستییه‌ك به هه‌بوونی ئاكادیمیایه‌كی زمان نابینێ بۆ دۆزینه‌وه یان داهێنانی وشه‌ی نوێ. زمان خۆی ئه‌و وشانه ده‌بینێته‌وه!
به‌ڵام ناسیونالیزم له زمان ئیستیفاده‌یه‌كی دیكه ده‌كا. زمان له روانگه‌ی ناسیونالیزمی ئه‌م سه‌ده‌یه‌دا ئامرازی ئاخافتن نییە، وه‌سیله‌یه‌ك نییە بۆ له‌یه‌ك حاڵی بوونی تاقمێك له چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا به‌ڵكوو سیمبۆلێكه بۆ راگه‌یاندنی جیاوازی، بۆ هه‌ڵاواردنی “خۆیی” له “بێگانه”. ناسیونالیزم وه‌كوو جووڵانه‌وه‌ی بورژوایی بۆ خوڵقاندنی نه‌ته‌وه له جه‌رگه‌ی سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا، به‌م چاوه‌وه نه‌یده‌ڕوانییه زمان. زمان له ئه‌سڵدا بۆ بۆرژوازی ئه‌و كاته پیرۆزیه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌كی بۆرژوازی فه‌رانسی له سه‌رده‌می شۆرشی بۆرژواییدا نه‌ك زمانی فه‌رانسی و پاراستنی ئه‌و زمانه له به‌رامبه‌ر زمانه‌كانی تردا، به‌ڵكوو سه‌قامگیركردنی ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كسانی سیاسی و رامیاری و قانوونی به سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گه جۆراوجۆره‌كان له ئیمپراتۆری فه‌رانسه‌دا بوو. گرینگی زمان بۆ بۆرژوازی ئه‌و كات له‌وه‌دا بوو كه به ده‌سه‌ڵاتی ده‌ربه‌گایه‌تی و به‌م پێیه جیاوازی زاراوه‌كان كه خۆی له خۆیدا رێگر بوو له سه‌ر رێگه‌ی حه‌ره‌كه‌ی ئازاد و بێ گیروگرفتی سه‌رمایه‌دا، كۆتایی بێنێت. دوژمنی سه‌ره‌كی بورژوازی فه‌رانسی و ئیتالی له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ك “نه‌ته‌وه”ی تر به‌ڵكوو سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی له چوارچێوه‌ی سنووری وڵات له‌و سه‌رده‌مه‌دا بوو. له سه‌رده‌می شورشی بورژوایی فه‌ره‌نسیدا، به ئاشكرا باس له چه‌ن زمانی جیاواز له ناو سنووره‌كانی فه‌رانسه‌دا ده‌كرێ و مه‌رجی فه‌ره‌نسی بوون نه‌ك زمانی فه‌رانسی به‌ڵكوو “هاووڵاتی بوون” داده‌نرێت!
ناسیونالیزم له سه‌ده‌ی بیسته‌م به دواوه ئیتر دوژمنی سه‌ره‌كییه‌كه‌ی نه‌ك سیسته‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و كۆنه‌په‌رستی سه‌رده‌م، به‌ڵكوو “نه‌ته‌وه”یه‌كی تره و هه‌ر به‌م هۆیه‌شەوە له گه‌ڵ كۆنه‌په‌رستترین هێزه‌كانی سه‌رده‌م چ له چوارچێوه‌ی سنووره‌كانی وڵاتی خۆی و چ له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ده‌ست تێكه‌ڵ ده‌كات، پشتیان پێده‌به‌ستێ و یارمه‌تیان ده‌دات. ئه‌م ناسیونالیزمه، زمانیش ده‌كاته كۆیله‌ی خۆی و به نێوی زمانی ره‌سه‌ن و زمانی په‌تی دیواره‌كانی نێوان کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی زیاتر و زیاتر هه‌ڵده‌كێشێ. زمانی “ره‌سه‌ن” به قه‌رای “ره‌گه‌زی ره‌سه‌ن” فاشیستی و دژی ئینسانییه و ده‌بێ له‌قاو بدرێ.
سكۆلار: تایبه‌ت به شیعر و شاعیران، تۆ ئه‌م دووانه لێكهه‌ڵه‌ده‌وه‌شێنی، په‌یوه‌ندییان پێكڕا چۆنه؟ ئایا پێت وایه شیعر كۆرپه و مناڵی شاعیره؟ ئه‌گه‌ر پێشت وایه ئایا هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی زاڵمانه‌ی باوك به‌سه‌ر كۆرپه‌كانیدا پێت وایه شاعیران ده‌توانن جێبه‌جێی بكه‌ن و ئایا ئه‌و گۆڕانه‌ی دونیای نوێ له‌په‌یوه‌ند به نه‌وه‌و باوكه‌كانه‌وه پێویست نییە بچێته نێو ئه‌م گرێیه‌وه؟ ڕوویه‌كی تری مه‌سه‌له‌كه، یان دیوێكی تری لێكدانه‌وه‌كان ، ئایا ڕۆڵی شیعر له به‌خشینی پیرۆزی به شاعیران چیه؟ بۆ نموونه له حه‌زره‌ت و باوكی شیعر و شاعیری گه‌وره‌و مه‌زن…ئایا له پشت ئه‌م پیاهه‌ڵدانانه دا شعورێكی گشتی هه‌یه یان به‌رجه‌سته‌بوونێكی ئایدۆلۆژیگه‌ری تایبه‌ت هه‌یه؟
سلیمان قاسمیانی: “له سه‌ره‌تادا ته‌نیا خوا هه‌بوو و وشه له لای”! ئه‌مه یه‌كه‌م دێڕی ئینجیل، كتێبی پیرۆزی عیساییه‌كانه. موشكیله‌كه ئه‌وه‌یه که خوا كه نه‌بوو هیچ، ته‌نانه‌ت وشه‌ش له سه‌ره‌تادا نه‌بوو! له پێشه‌وه گه‌ردوون بوو، دوایی دنیا هاته ئاراوه، ئه‌وسا ژیان له سه‌ر كووره‌ی زه‌وه‌ی هاته چرۆكردن و ته‌قریبه‌ن له دوای هه‌مووی ئه‌وانه ئینسان هاته مه‌یدانی كایه‌ی ژیانه‌وه! ئه‌ویش تازه له سه‌ره‌تادا نه وشه بوو و نه زمان! كه‌ڕ نه‌بوو به‌ڵام زمان له ئه‌ندامه هه‌ره به‌نرخه‌كانیشی نه‌بوو! ئه‌وه‌ی كه ئینسانی كرده ئینسان نه وشه بوو و نه زمان، به‌ڵكوو ده‌سته‌كانی بوو و “كار”. زمان و وشه زۆر دواتر، كاتێك كه ده‌سكه‌وته‌كانی كار و هێزی په‌نجه‌كانی ئینسان مێشكی شڵه‌قاند و خستییه تێفكرین و تێڕامان، ورده ورده به خوار و خێچی كه‌وته گه‌ڕان! واته “كار” به‌رهه‌می ئینسانه و خوڵقێنه‌ری ئینسانه وه‌كوو ئینسان. واته كار خوڵقێنه‌ری وشه و زمانیشه.
به گشتی له نێو شاعیران‌دا كه‌م نین ئه‌وانه‌ی كه شیعر ئه‌وه‌نده به‌رز ده‌كه‌نه‌وه تا ده‌گاته ئاستی پیرۆزبوون، هه‌ر وه‌كوو چۆن قورئان پیرۆزه بۆ موسولمانێك، یان ته‌ورات بۆ مووساییه‌ك و ئینجیل بۆ عیساییه‌ك! به لای منه‌وه شێعری پیرۆز هه‌بوونی نییە، له دایك نه‌بووه و هیوادارم هه‌رگیزاوهه‌رگیزیش له دایك نه‌بێ! ئه‌وانه‌ی شیعر به لایانه‌وه “دوایین كه‌لام” و “وشه‌ی ئاخره” خه‌ریكی كڕینی قه‌باڵه بۆ ماڵی كاولی خۆیانن! شیعر ناتوانێ وشه‌ی ئاخر بێت چون کۆمه‌ڵگای ئینسانی، یه‌كسان نییە و شاعیر نه “حۆرییه” و نه “په‌ری” تا له سه‌رووی هه‌موو جیاوازییه چینایه‌تییه‌كاندا بژی، باڵ بگرێ و بانگه‌وازی هاوبه‌شی و برایه‌تی بدا. ئه‌گه‌ر بێت و شاعیرێكی ئاوه‌ها په‌یدابێت دڵنیا بن یان مه‌لایه یان سه‌ری لێشێواوه!
به پیرۆزكردنی شیعر و شاعیر به بڕوای من ریشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئایین و ده‌سه‌ڵات. هه‌روه‌ك چۆن ئینجیل ده‌ڵێ “له سه‌ره‌تادا ته‌نیا خوا هه‌بوو و وشەش له لای ” به لای شاعیرانی چینی باڵاده‌ستیشه‌وه “وشه” به‌ر له ئینسانه، له سه‌ره‌وه‌ی ئینسانه هه‌روه‌كوو خوا و ئایین. خوێنده‌واری له سه‌ره‌تادا ته‌نیا بۆ پیاوانی ئایین بوو كه به‌شێك له ده‌سه‌ڵات بوون و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ئاسمانی و خودایی بوو. دیاره ئه‌وه‌ی كه ئیشه‌كه‌ی “كه‌لامی پیرۆز” بێت خۆیشی ده‌كه‌وێته به‌ر سێبه‌ری ئه‌م پیرۆزییه. تا به‌ر له هاتنه كایه‌ی سه‌رمایه‌داری له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خوێنده‌واری موڵكی ده‌ربه‌ستی مه‌لاكان بوو. له كوردستانیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه بوو. ته‌واوی شاعیرانی كلاسیكی كورد یان مه‌لان یان شێخ و خه‌لیفەن، كه‌سانێك كه به هۆی مه‌وقعییه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیانه‌وه رێزی تایبه‌تیان بۆ داده‌نرێ. وه‌ك ده‌بینین زۆرێك له شاعیرانی ئه‌مرۆش ده‌كه‌ونه هه‌مان هه‌وا و وه‌كوو چینێكی تایبه‌تی سه‌یری خۆیان ده‌كه‌ن. لێره‌دا نابێ له بیرمان بچێ كه ناسیونالیزمیش له به‌پیرۆزكردنی ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه كه له چوارچێوه‌ی ئاسۆكه‌ی دا ده‌گونجێن ده‌ستی هه‌یه.
وه‌ك چۆن ئینسان مێژووی هه‌یه، شیعر و شاعیره‌كانیشی ناتوانن به ده‌ر له‌و مێژووه بن. ئیددیعای شیعری ره‌سه‌ن كه گوایه سنووری مێژوو ده‌شكێنێ، هه‌ر وه‌كوو دیعایه ده‌مێنێته‌وه. هه‌ندێك كه‌س وه‌كوو به‌ڵگه شیعره‌كانی “هۆمێر”ی یۆنانی یان “حافز” و “مه‌وله‌وی”مان ده‌خه‌نه‌وه بیر. ئه‌وه‌ی كه شیعره‌كانی ئه‌م شاعیرانه به لای خوێنه‌ری سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌میشه‌وه شیرن ده‌نوێنێ نه‌ك “ره‌سه‌ن” بوونی شیعري، به‌ڵكوو لێدوان له ئازادی، خوشه‌ویستی، رێز و حورمه‌تی ئینسان و به‌ره‌نگارییه له گه‌ڵ زوڵم و زۆر به گشتی. ئه‌و شیعره‌ی كه له‌م مه‌یدانه‌دا بدوێ و هه‌ڵوێست بگرێ دژی سه‌ركوتی ئینسان، حه‌تتا ئه‌گه‌ر دوو هه‌زار سال له‌وه پێشیش وترابێت، هه‌ستی ئینسانی ئه‌مرۆ به‌ره‌و خۆی راده‌كێشێت چونكه ئینسانێك كه له خۆی بێگانه نه‌كرابێت هه‌ست به هاوبه‌شی ده‌كات له گه‌ڵ خه‌باتی ئینسان بۆ ئازادی و دژی سته‌م له هه‌ر كوێی دنیا بووبێت و هه‌ر كاتێك كه بووبێت. به‌ڵام ئه‌وه به مانای ئه‌وه نییە كه هه‌رچی ئه‌و شاعیرانه نووسیویانه گوایه دڵگیر و جێگه‌ی په‌سندی ئینسانی ئه‌مرۆ بێ. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه شیعری شاعیرانی كلاسیكی كۆن (جا چ چه‌ن هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێش بن یان سه‌د سال) گشتی بن، ئیمكانی په‌سندبوونیان له لای نه‌وه‌ی ئه‌مرۆ زیاتره. به‌ڵام هه‌رچی كۆنكرێت تر و نزیكتر له مه‌وزووع و ناوه‌رۆكی شیعره‌كان بكۆڵینه‌وه زیاتر هه‌ست به دووری ده‌كه‌ین له گه‌ڵ بیروبۆچوونی ئه‌و شیعرانه و له ئاكامدا ئیتر ئه‌و تام و چێژه‌یان بۆ ئێمه‌ی ئینسانی ئه‌مرۆ نامێنێت. له‌وه‌دا نه شاعیرانی كلاسیكی چه‌ن سه‌ده و چه‌ن هه‌زار ساڵ له‌وه پێش هه‌ڵه‌یان كردووه و نه ئێمه‌ی مرۆڤی ئه‌مرۆ كاتێك كه شیعره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه له گه‌ڵ نرخه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌مرۆ نایه‌نه‌وه! حافز و مه‌وله‌وی، دوو شاعیری زۆر به ناوبانگ و گه‌وره‌ی كلاسیكن، دوو شاعیر كه ئه‌مرۆش دوای چه‌ن سه‌د ساڵ به‌شێك له شیعره‌كانیان جێگه‌ی په‌سندی مرۆڤی ئه‌مرۆش هه‌ن. به‌ڵام حه‌تتا حافز و مه‌وله‌ویش به واتایه‌ك سنوورپه‌ڕێن نین! باس و دوانی حافز و مه‌وله‌وی بۆ وێنه له خۆشه‌ویستی، باسێكی رۆمانتیكي و سوننه‌تییه! خۆشه‌ویستی نییە به‌ڵكوو خۆئازاردانه و ئه‌مرۆ عاشقێكی له‌م چه‌شنه ده‌ستبه‌جێ به دوكتوری نه‌فسانی ده‌ناسێنن. “له‌یلی و مه‌جنوون” ئیتر سیمبۆله‌كانی خۆشه‌ویستی ئه‌مرۆ نین! ئه‌گه‌ر له خوشه‌ویستی و سیمبۆله‌كانی خۆشه‌ویستی له نێو شیعری شاعیرانی كلاسیك‌دا بكۆڵینه‌وه، ئیتر ئه‌و شیعرانه نه تامێك ده‌ده‌ن به ئینسانی ئه‌مرۆ و نه چێژێكیان بۆ ئه‌مرۆ ده‌مێنێ!
شاعیری بێ لایه‌ن تا ئیستا له دایك نه‌بووه! مه‌به‌ستم بێ لایه‌ن بوونی سیاسی یان سه‌ر به حزبێكی سیاسی بوون نییە. كه‌م نین شاعیر و نووسه‌ری وا كه سه‌ر به هیچ حزبێكی سیاسی نه‌بن و له‌وانه‌یه هێرشیش بكه‌نه سه‌ر هه‌موو حزبه‌كان. حزبی بوون یان حزبی نه‌بوون ناتوانێ حاشا له‌م راستییه بكات كه مرۆڤه‌كان له کۆمه‌ڵگا دا په‌یوه‌ستن به یه‌كێك له چینه‌كانی ناو كۆمه‌ڵ و بیر و بۆچوون و دنیابینییان له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێك له‌و چینانه یه‌ك ده‌گرێته‌وه. گه‌لێك له شاعیران هاوار ده‌كه‌ن كه سیاسی نین به‌ڵام كاتێك كه له شیعره‌كانیان ورد ده‌بییه‌وه ده‌بینی كه په‌یامێكی تایبه‌تییان هه‌یه. ئه‌و په‌یامه مومكینه راسته‌خۆ نه‌كرێ به حزبێكی سیاسییه‌وه گرێ بدرێ به‌ڵام ناكرێ شاعیر و نووسه‌ر قسه‌یه‌ك بكا و په‌یامێك بدا كه ته‌نیا تایبه‌ت بێت به ئه‌و و له گه‌ڵ ئاسۆی هیچ جووڵانه‌وه‌یه‌كی کۆمه‌ڵایه‌تی ناو كۆمه‌لگادا نه‌خوێنێته‌وه! ئه‌م ئیددیعایه له مێژوودا ته‌نیا به “پێغه‌مبه‌رانه‌وه” ده‌ناسرێته‌وه! موشكیله‌كه له‌وه‌دایه كه ئیتر ده‌وری پێغه‌مبه‌ران به سه‌رچووه!
بێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ت سه‌باره‌ت به شیعر و شاعیر. شیعر به واتایه‌ك له شاعیره‌كه‌ی جیا ناكرێته‌وه. شیعر هه‌رگیز ناتوانێ له‌و سنوورانه‌ی كه شاعیر و خوڵقێنه‌ره‌كه‌ی هه‌یه‌تی، واوه‌تر بڕوات. ئه‌وه شاعیره كه باڵی شیعره‌كه‌ی هه‌ڵده‌به‌ستێ. به‌ڵام شیعر كه وترا و چووه سه‌ر كاغه‌ز، ئیتر ته‌نیا موڵكی شاعیر نییە و هه‌ر خوێنه‌رێك به پێی ئه‌وه‌ی كه سنووره‌كانی شیعره‌كه چه‌نده فراوان و ئاواڵه بن، ده‌توانێ مانای خۆی بدا به شیعره‌كه و وێنه‌ی تایبه‌تی خۆی له شیعره‌كه‌دا ببینێ.
له كۆتایی باسه‌كه‌دا ده‌مه‌وێ كه‌مێك زیاتر له سه‌ر شیعر و زمان و سیمبۆله‌كانی شیعریدا بدوێم. له‌وه پێشتر وتم كه شیعر ناتوانێ خۆی دوور بگرێ له جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. زمان و سیمبۆله‌كانی شیعریش گیرۆده‌ی ئه‌م راستییه‌ن! یه‌كێك له‌م راستییانه ده‌وری زۆر گرینگی زمان و سیمبۆلی ئایینی له شیعر و ئه‌ده‌بی كوردی دایه. تا ئه‌و جێگایه‌ی كه باس له سه‌ر شاعیره كلاسیكه‌كانی كوردی بێت، ئه‌م رواڵه‌ته شتێكی سه‌یر نییە. دیاره كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا خوێنده‌واره‌كانی كورد بریتی بوون له مه‌لا و فه‌قێ و شێخ و مناڵانی ده‌ره‌به‌گه‌كان. ته‌بیعییه كه زمانی ئه‌و شاعیرانه و سیمبۆله‌كانیان زمان و سیمبۆلی ئایینی بن! ئه‌وه‌ی كه مه‌لایه‌ك، هه‌م مه‌لا بێت و هه‌م دژی بۆچوونی ئایینی بێت شتێكی زۆر ئاسایی نییە! شیعری شاعیرانی كلاسیك پڕه له سیمبۆلی كۆن و كۆنه‌په‌رستانه كه نرخه‌كانیان ته‌واو ئایینی و ده‌ره‌به‌گانه‌ن.
ئه‌م سیمبۆلانه له شیعری زۆرێك له شاعیرانی ئه‌مرۆشدا درێژه به ژیان ده‌ده‌ن. شیعر و شاعیری ئه‌مرۆیی، شیعری ئازادیخواز و ئینسانی، ناتوانێ به هیچ جۆر پاكانه بكا بۆ ئاسه‌واری ئایینی و جێ پێی كولتووری فیودالی به سیمایه‌وه. خوا سیمبۆلی ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قه و شاعیری نوێخواز ناتوانێ خوا بكاته سیمبۆلی “گه‌وره‌یی” یان هه‌ر شتێكی پۆزه‌تیڤی تر و نوێخواز بمێنێته‌وه. كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و سیمبۆلانه ده‌بێته هۆی ژیان پێبه‌خشینی به‌رده‌وام به ئایین و ئه‌وه‌ی كه شاعیر له‌وانه‌یه له راستیدا مه‌به‌ستی نه‌بێ. “مینبه‌ر”، “میحراب”، “نوێژ”، “سوجده”، “به‌خاچ كێشران”، “عیسا”، “رۆژی عه‌شر”…. له شیعری زۆر شاعیری غه‌یره ئایینی‌دا ده‌بینین. له لای شاعیری ئایینی، زمان و سیمبۆل و باوه‌ر یه‌كده‌گرن. به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه كاتێك شاعیر ئاڵایه‌ك هه‌ڵده‌كا كه دژی خۆی هه‌ڵده‌ستێته‌وه. ته‌بیعه‌ته‌ن مه‌به‌ستی من ئه‌و شاعیرانه‌ن كه به ئاشكرا هه‌ڵوێستیان هه‌یه به‌رامبه‌ر به ئایین و كولتوور و نرخه كۆنه‌په‌رستانه و دواكه‌وتووه‌كان، كه‌چی سیمای شیعره‌كانیان به‌م شێوه‌یه ده‌ڕووشێنن! شاعیری ئه‌مرۆ ده‌بێ به زمانی ئینسانی ئه‌مرۆ بدوێ. هه‌ستی ئینسانی ئه‌مرۆ وشه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌وێ، وێنه‌ی تر و سیمبۆلی تری ده‌وێ، چونكه هه‌م شعور و هه‌م جوانیناسیی و هه‌م هه‌ستی ئینسانی ئه‌مرۆ جیاوازه له ئینسانی سه‌ده‌كانی پێش.