بەکر ئەحمەدکولتوورنووسەرانوتار

پاسەکەی شیرکۆ بێکەس و دۆناڵد ترەمپ

Bakerبەکر ئەحمەد:

ڕووداوەکانی چەندین هەفتەی ڕابووردوی ئەڵمانیا و فەرەنسا، ئینسان لە ناو بازنەکانی ترسدا دیلدەکات. کەسێک لە ماکدۆنالدا گەنجان دەداتە بەر دەستڕیژی گووللە، یەکێکی دی لە شەمەندەفەردا بە قەمە بەردەبێتە گیانی سەرنشینان، یەکێکی دی لە نزیکی ئاهەنگگێرانی گەنجاندا  بە کردەوەیەکی خۆکوژییانە بە ڕووتی بەڕێوەیە بۆ بەهەشت، کەسێکی دی لە ماڵی خوادا قەشە سەردەبڕێ. شووناسی هەر هەموو ئەو کەسانەی ئەم کردەوانەیان دژی هاوڵاتییانی هەردوو وڵات ئەنجامداوە ئەوەیە کە هەموو موسوڵمانن و هەندێکیشییان لەو کەسە بێ ئیقامانەن کە مەککە دەرگاکانی لەسەر داخستن و بەرلین بۆی خستنە سەرپشت.
ئەگەر جاران ڕاسیزمی کۆمەلگاکانی ئەوروپی لە کەناری کۆمەلگاوە دەنگی هەڵدەبڕی، ئەوا ئەمڕۆ ئەم کردەوە تێرۆریستیانە دەرفەتێکی کراوەتر دەداتە دەستییان و لە ئاستێکی بەرینی کۆمەلایەتی تردا گوێبیستییان بۆ پەیدا دەبێت.
دەربڕینی لە چەشنی: چیمان وت، دەکرێ پەیامی بزووتنەوە راستەکانی کۆمەلگا بێت ڕوو بەو کەسانەی کە بە شوێن وەلامی سادەوەن بۆ پرسیارە ئاڵۆزەکان.
فراوانبوونەوەی ئەم شەپۆلە ئینسانکوژییەی تێرۆریزمی ئیسلامی و بەکارهێنانی ئارامترین جومگەکانی کۆمەلگا وەک قوتانخانە و کلێسا و ڕیستۆران و بازاڕی سەنتەری شارەکان، دووبارەبوونەوەی هەمان دەمووچاوەکانی ئینسانی خۆرهەلات و ئەفریقا کە اللە و اکبر زمانی هاوبەشییانە و قژڕەشبوونییان رەنگی هاوبەش، هاولاتی سادەی ئەوروپا دەکاتە کائینێکی تۆقیو لە کەسانی کۆچبەر و بە چاوێکی تاوانبارانەوە لێیاندەڕوانرێت.
کاتێک ترسیش حاکم بێت، کاردانەوەکان عەفەوین و هەست و نەستی ئینساکان دەکەوێتە قسە و هیچ لۆجیک و لێکدانەوەیەکی عەقلانیانە کار ناکات. کاتێک جەنگی تێرۆریش بەرەکانی جەنگ جێدەهێڵێت و ماڵ و قوتابخانە و ناو پاس دەبێتە شوێنی شەری ئەو، ئینسان لە هیچ شوێنێکدا هەست بە ئارامی ناکات و هەموو چرکەساتێک دەکرێ موسافیرەکەی بەرانبەرت بە هاواری: اللە و اکبرەوە پەلامارت بدات.
لەم جەنگەی تێرۆریزمی ئیسلامیدا، بە تەنها کافران نین کە دەبێ بکوژرێن بەلکو ئەم پەلامارە دەکرێ هەموو ئەو کەسانەش بکاتە ئامانج کە شوناسی ئاینی کەسی جیهادیستییان هەیە. بە تایبەت لەمڕۆکەی ئەوروپادا.
بە بڕوای من کوشتنی کافران و غەیری موسوڵمانان وەک ئەو پەیامەی کە جیهادیستەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی بانگەشەی بۆ دەکەن، بە جۆرێک پەیوەستدەبێتەوە بەو گوتارە راسیستییەوەی کە لەسەر قبوڵنەکردن و سڕێنەوەی فیزیکی ئەوی دی جیاواز کاردەکات. شکڵێک لە راسیزم کە هەمیشە لە ئایندا ئامادەیی هەبووە. بۆ زانیاری زیاتر، خوێنەر دەکرێ بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە گرنگەکەی جۆرج . م فرێدریکسۆن بە ناونیشانی ڕاسیزم کە بەشێکی گرنگی لەسەر ئایین و راسیزمە.
سەیر ئەوەیە  ئیتر موسوڵمانبوونیش ناکرێ هاولاتییەکی موسوڵمان بپارێزێت کە بەرێکەوت لە شەقامەکانی بەرلین و پاریس و نیۆیۆرکدا لە کاتێکی هەلەدا لەوێیە و دەکرێ ببیتە قوربانی کردەوەیەکی خۆکوژی. ئەمە نەک بە مانای ئەوەی کوشتنی کەسانی غەیرە موسولمان کارێکی پەسەندکراو بێت، بەلکو بە وردبوونەوە لە بانگەوازی کوشتنی کافران لە ناو ماڵی خۆیاندا کە بزووتنەوە جیهادییەکان بەرزیدەکەنەوە، ئەم بانگەوازە ناگونجێت لەگەڵ کوشتنی برای موسولمانی خۆتدا لە ژێر هەمان پەرچەمەکانی جیهاددا. ئاخر لەمڕۆدا ئیسلام و ئەوروپا لەیەک جیاناکرێنەوە و لە هەر کردەوەیەکی خۆکوژیدا دەکرێ چەندەها کەسی موسولمان پێوە بن. بۆیەش لەم کردەوە تێرۆریستیانەدا داعش سنوورەکانی موسولمانبوون دەسڕێتەوە و تەنها سەری کەسێک پارێزراوە کە داعشە.
لەم ئاڵوگۆڕەدا کە شوناسی موسولمانبوون و کافربوونی قوربانی وندەبن,  کافر و غەیری کافر لە بەرانبەر فیشەکی جیهادیستەکان جیاوازییەکییان نییە، ئاڵوگۆڕێکی سەیریش لە دید و تێروانینی راسیستانە دێتە ئاراوە کە جێگای تێرامانە.
شێرکۆ بێکەس لە شیعری لە پاسێکدا کە لە ساڵی ١٩٨٨دا نووسیویەتی لە گەشتێکیدا بۆ ئەڵمانیا، دەکرێ کۆمەککەرێکی باش بێت بۆ سەرنجدان لەو ئاڵوگۆڕەی کە بەسەر گوتاری راسیزمدا دێت لە سالی ١٩٨٨وە بۆ ئەمڕۆ، بێگوومان لە پاش ئەوەی کە داعش دێتە سەر شانۆی رووداوەکانی سیاسەت لە جیهاندا.
با سەرنجێک لە شیعری “لە پاسێکدا”ی  شیرکۆ بێکەس بدەین!

هێشتا پاسە قژزەردەکە هەر وەستاوە
یەکە یەکە سەرئەکەون
هەر کورسییەکەی تەنیشتی من
تاقە کورسیە قژڕەشەکەی تەنیشتی من
هەتا ئێستە
هەر ئەو چۆڵە .
هێشتا پاسە قژزەردەکە هەر وەستاوە
سەر ئەکەون و ڕووناکەنە
تاقە کورسیە قژڕەشەکەی تەنیشتی من
وەستاون و نایانەوێ بچنە لای ئەو
بۆنێکم کرد
بۆنی ناخۆشی لێ نایەت
سەرخۆش نییە و
بەردەوامیش بزەیەکی لەسەر لێوە
هێشتا پاسە قژزەردەکە هەر وەستاوە.
تاک و تەرا سەرئەکەون
ئەوا ئێستا تاقە کورسیە
قژڕەشەکەی تەنیشتی من
هەر وەکو خۆم
قژڕەشێکی لەسەر دانیشت.
پاسەکەیش رۆیشت. (١)
ئەگەر زەمەنی شێرکۆ، ڕاسیزم لە دۆخیکی وەک وەسفکردنەکەی شێرکۆدایە و کورسییەکەی تەنیشتی ئەو  خۆازیاری ئەوەیە کەس بەلایدا تێنەپەرێ هەر لەبەرئەوەی قژڕەشێکی وەک ئەوی لەسەر دانیشتووە،  ئەگەر چی شیرکۆ هەموو فیڵ و تەلەکەکانی میهرەبان بوون و بۆنخۆشبوون و زەردەخەنەلەسەرلێوبوون بەکاردەهێنێ بۆ ئەوەی ئارامییەک ببەخشێتە موسافیری سەرزەردی تازەسەرکەوتووی ناو پاس تا لایەوە دابنیشیت، بەڵام هیچییان بەدەردی ناخۆن و لە کۆتایدا کەسێكی سەرڕەشی وەک خۆی  لایەوە دادەنیشێت و سەفەرەکە بە ئەنجامدەگات. بێگوومان سەرڕەشبوون خودبەخود ڤاکسینی راسیستبوون ناداتە هاولاتییەک کە رەنگی قژی ڕەشە و ئەم مۆدێلی سەرزەردبوون و قژڕەشبوونە یەکێك لە بڕگە گرنگەکانی راسیزمی ئەوروپییە بۆ خۆجیاکردنەوە لەوی دی لەخۆنەچوو.
بەڵام ئەم شیعرە لەمڕۆدا، لە پاش ٢٥ ساڵ لە نووسینیەوە،   ناکرێ بە هەمان زمان و ئاماژە و دەربڕین و وێنە شیعرییەکانی خۆیەوە، حەکایەتی ڕاسیزممان بۆ بگیڕیتەوە.  ئاخر هیچ کام لە ستراتیژەکانی شێرکۆ بۆ نیشاندانی ئەوەی کە موسافیری دانیشتووی ناو پاسەکە هاوڵاتییەکی ئاشتیخوازە و ناکرێ سەرچاوەی هەرەشەیەک بێت، تەنانەت بۆ هاوڵاتییەکی قژڕەشیش کە بە نیازە لە تەنیشتییەوە دابنیشێت، ناتوانێت دڵنیاییەک دروست بکات.
لەم دۆخە تازەیەدا، نە شێرکۆ دڵنیایە لەو موسافیرەی کە بڕیار بوو لە پاسی یەکەمدا بێ هیچ دوودڵییەک لایەوە دابنیشێ، نە موسافیری بە پێوە وەستاو لە شیرکۆ دڵنیایە کە بتوانێت بە زەردەخەنە و بۆنخشوونی ئەو قەناعەت بکات و ببێتە هاوەڵی سەفەرەکەی ئەو. ئەگەرچی هەردوولاشیان موسوڵمانن و ڕەنگی قژیشیان ڕەش دەنوێنێ.
لەم دۆخە تازەیەدا کە راسیستێکی ئەوروپی چارەی سەرڕەشێکی وڵاتەکەی خۆی ناوێت و تا ئاستی دانەنیشتن لایەوە و بگرە زیاتریش ئامادەی کاردانەوەنواندنە.
هەر ئاواش سەرڕەشێک متمانە بە سەڕەشێکی وەک خۆی قوربانی دەستی ڕاسیزم ناکات و هەموویان یەکتری بە سەرچاوەی نائارامی و هەڕەشە بۆسەریەکتر تەماشادەکەن، بۆیەش  کەس ناتوانێ لای ئەوی ترەوە دابنیشێت و ئەم پاسە ناکەوێتە ڕێ و ئەم ژیانەی ناو کۆمەلگا وەک پاسێکی وەستاو، دەوەستێ. کێ دەڵێ موسافیری بە پێوەوەستاوی کۆڵلەپشت خۆی ناتەقێنیتەوە. کێ دەڵێ موسافیری دانیشتووی ناو پاس بۆمبێکی خودکوژی نییە و  پاسەکە نابات بە ئاسمانا. رێک لە دۆخێکی ئاواهیدا کە هیچ کەسێک متمانە بەوی دی ناکات و هەر یەکە و ئەوی دی بە دوژمن دەبینێت، سەرزەرد لای سەر ڕەشەوە دانانیشێت و سەرڕەشیش متمانە بە هاولاتی سەرڕەشی وەک خۆیشی ناکات و کەسیشییان متمانە بە راسیستێکی ئەوروپی ناکەن. ڕێک لە دۆخێکی ئاواهیدا،  داعش لە فەرزکردنی راسیزمی ئاینیی  خۆیدا سەردەکەوێت و چەند هەنگاوێک لە پێش ڕاسیزمی ئەوروپییەوە ڕێدەبڕێت. لێرەدا داعش رەنگ لە راسیزمی تەقلیدی دەسەنێتەوە و بێ ئەوەی ئاماژەیەک بە ڕەنگێک بدات، هەموو رەنگەکان لە بەرانبەر یەکدا و لە  دژی یەکتریدا دادەنێت. تەنانەت ئەو رەنگانەیشی لە یەکدی دەچن و تا دوێنێ وەک شووناسی سەربەهەمانگروپبوون بەکاردەهات.
بەلام بەوەی ئەم بەرابەرکێ راسیستییە لە سەرزەمینی راسیزمی ئەوروپیدا دەگوزەرێ، دەکرێ کاردانەوەی بزووتنەوە راسترەوەکانی کۆمەلگا بەهێزتر بێت و شانسی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانیان پێببەخشرێت و زۆر دووریش نییە کەسێکی وەک دۆناڵد ترەمپ بێتە پرێزیدێنتی ئەمریکا. یان لێ پێن ژمارەی دەنگەکانی چەند بەرانبەر بکات.  یان لە دۆخی سویددا سۆشیالدیموکرات پلاتفۆرمی راسیستەکان قبوڵدەکات و لە بەرگێکی دیکەدا پیشکەشی دەکاتەوە. لە کاتێکدا راستی کۆنسەرڤاتیڤ و راسیزمی ئەوروپی کە وەک پۆپۆلیزمێکی بێ پەردە لەبەرامبەر کۆچبەران و هاولاتیانی سەرڕەشی وڵاتە ئەوروپییەکاندا کاردەکەن، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ رووبەرە جیاوازەکانی کۆمەلگا بە گوتاری خۆیان بارگاویدەکەن و شوێنپێی خۆیان قایمتردەکەن.
ئەگەر لەمڕۆدا بازاڕگەرمییەک لە سیاسەتدا هەبێت، بازاڕی سیاسەتی راسیستییە کە سەرتاپای کۆمەلگای بارگاویکردووە. بە جیا لە میژووی راسیزم لە ئەوروپادا، شەڕی تێرۆریزمی ئیسلامی لە سەر شەقام و ناوکلێسا و بازارەکانی ئەوروپادا لە بەرانبەر هاوڵاتییەکدا  کە دەکرێ دژی سیاسەتی ولاتەکەی خۆیشی بێت و دەشکرێ بەیانی لە شەقامدا سەرببڕدرێت، هۆکاری گەورەبوونی دەنگی ئەم بزووتنەوە ڕەشانەن کە برای بەرحەقی داعشن لە تێروانین و پراکتیکدا.
بریا شێرکۆ ئەمڕۆ لە نێوماندا بوایە و لە پاسێکدای بۆ جارێکی دی بنووسیایەتەوە.
ئەو کات  شیرکۆ، چ وێنەیەکی شیعری پیشکەش دەکردین ؟
شیعرێکی ئەنتی راسیزم لە زەمەنی راسیزمی داعشدا، چ ڕەنگێکی دەپۆشی و بە چ زمانێک دەهاتە گۆ؟

١. شێرکۆ بێکەس، دیوانی شێرکۆ بێکەس بەرگی دووەم لا ٦٩٥

20160728

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button