شیعرنووسەران

بیابانی سەوزایی

بیابانى سەوزایىborhan-ahmad

شیعری: بورهان ئەحمەد

 

بەبێ تۆ،

ئاسمان دەکوژێتەوە،

گەردوون،

بۆشاییەکى مەزنى تێدەکەوێ

تووخمێکى بنەڕەتى میهرەبانى بزر دەکات

سروشت ، یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانى

ئارامى و ناسکى لەناو دەچێت

درزێکەو شتێکە ناتەواو

قلیشێکەو ڕەنگێکە نادیار                                ،

هەواڵێکەو دەنگێکە پەنهان.

بەبێ تۆ،

هەور سوارى گالێسکەى وشکایى بووە

تەڕایى پرووشەى ماچى

ناگاتە سەر ڕوومەتى زەوى

بەبێ تۆ،

پڕ دەبم لە هەنگوینى کەمووکووڕى

گومان لە شرینى هۆشمەندیم دەکرێ

عاقڵیم دەکەوێتە ژێرتاڵى کووژاڵکى پرسیارەوە

داناییم دەگۆڕێتە بیبەرى تفتى گەمژەیى

ژیریم  کیمیاى گێلێتى دەلاوێنێتەوە

سوارچاکى  دەشتایى ئاگایم

دەبێتە پیادەى سەحراى دەبەنگى

بەبێ تۆ،

تاکە پەتیارەى سەر ئەم ئەستێرەیە

هەر منم

هاوڕێى تاقانەى هەردەو کێو

ئاژەڵ وگیانداران هەر خۆمم

ئیتر زەوى گۆڕستانێکى گەورەیە

عەشق لە هەموو یاسایەک نادادپەروەرى ترە

مردن لە هەموو حەقیقەتێک حەقیقەت ترە

گۆڕستان لە هەموو ئەو جێگایانە جوانترە

کە خوولیام بوو گەشتیان بۆ بکەم

کە مەراقم  بوو بیانبینم

کەوابوو ژیانى منیش گۆڕێکى  قووڵە

کەواتە گۆڕیش لە کوونجى ماڵ ئارامترە

بەبێ تۆ،

ساکارى بیردۆزەیەکى قورسە

سادەیى پرسیارێکى ئاڵۆزە

ئاسانى وەڵامێکى زەحمەتە

سانایى جوگرافیاى  گرێ کوێرەیە

سەنگینیم پووش و پەڵاسە

بژوێنیم تەختایى چڵ و چێوە.

بەبێ تۆ،

هەموو پڕییەک خاڵییە

هەموو دارماڵێک نوقسانە

گشت نوێژوو نزایەک

هەموو پاڕانەوە و دوعایەک بەتاڵە

پێکەنین کابینەى گریانە

دەرفەت بۆهیچ  بۆنەیەک

بۆ هیچ پیاسەیەک نامێنێتەوە

بۆ هیچ زەردەخەنەیەک ناڕەخسێ.

بەبێ تۆ،

خەزانى سەرماوسۆڵەى ناتەواویم

سەرچۆپى کێشى زەماوەندى مردن و خوێنم

لەهاوینى شوێن پێمەوە

هەر وەکو پایز

گەڵاى کەمووکووڕیم لێدەرژێ

بینایم گەڵا ڕێزانى ڕامانێتى

گلێنەم گوڵە شەوبۆیەکى شەمزیوە

تاسەى تام و تەماشام هەڵدەوەرێ.

بە بێ تۆ،

باروودۆخى باخچە ئاڵۆزتر دەبێت

بشێوى دەکەوێتە نێو باڵدارانەوە

لە هێلانەى پەڕەسێلکەدا

هێلکەى ئاژاوە دەتروکێ

فیتنەیى باڵەفڕێیەتى

بەسەر لق و پۆپەى دڵەوە

مەلى دڵتەنگى دەنیشێتەوە

ئاشوبى دەگاتە بەردەم ماڵى کوکوختى

ئەنجومەنى باڵندەکان،

کە کۆتر سەرۆکایەتى دەکات

دەکەوێتە گرفت و کێشەوە

لە کوردستاندا

شەمەندەفەرى دڵتەنگى

خێراتر دەئاوژێ

بارۆمەتى مەترسى

جیوەى خەمگینى

پەنجا پلەى تر هەڵدەکشێ.

بەبێ تۆ،

لە سایە و سێبەرى هەتاودا

گوڵەبەرۆژەى تاریکى شین دەبێ

مانگ بولبولێکى کوژراوە.

ئێستاکە زانیم

بەبێ تۆ

خۆر ڕێبوارێکى ماندووى نووستووە

ڕۆشنایى گڵۆپێکى خێلە

ئاوەدانى ئەندازیارى چۆڵەوانییە

یادوەرى سەوزایى لە بیاباندا جێماوە

سپێتى دەسنووسێکى  ڕەشە

هێمنى رۆمانى تووڕەیى و هەڵچوونە

خامۆشى زایەڵەى قریشکەیە

کانى زوڵاڵى دەریاچەى ڵێڵیە

بێدەنگیش ئاماژەى قیژەیە

ئەم شتانە هەموویان

بەبێ تۆ پێچەوانە دەبنەوە

هاوکێشەکانیان لارەسەنگن

لە نائامادەگى هەنگ و تۆدا

تەواو تێدەگەم

لەوە دڵنیا دەبم

گەردوون، زەوى، سروشت، ژیان

مەترسى لەناوچوونیان هەیە

بەبێ تۆ

کوژراوێکى بێ دۆسییەو فایلم

هیچ دادگایەک دوواى خوێنى

هەدەر بووم ناکەوێ

هیچ شەریعەتێک، هیچ کتێبێکى ئاسمانى

لەرووداوى کەوتنى دڵم ناکۆڵێتەوە

دادپەروەرەکانى دونیا کەڕن

پارێزەرەکان ڵاڵن

شایەتەکان نابینان

بەبێ تۆ

ئەم هەموو قۆپچەى برینانەى

بەکراسەکەى رۆژهەڵاتەوەیە

ئەم هەموو مەدالیاى نائومێدییانەى

بەبەرۆکمەوەیە ناکەون.

 

مانگى ٤ ى ٢٠١٦

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button