ناڕەزایی سەبارەت بە هێرش کردنە سەر ئەدەب و هونەری شۆڕشگێڕانە
وەک هەمووان دەزانن ماوەیەکە حکومەتی فاشیستی ئاکپارتی لە تورکیا، دەستی داوەتە هێرشێکی هەمەلایەنە لە دژی بەرهەڵستاکارانی سیاسیی خۆی و هەرچی لە دەستی هاتبێ لە پێناو سەرکوتی سیاسیی و بەرتەنگکردنەوەی مەیدانی ئازادی هەڵسووران، کردوویەتی. ئاکپارتی سیناریۆی کودەتای سەربازی کردە بیانوویەک تا ئەم کارە قێزەوەنانەی خۆی ئەنجام بدات. لەم نێوەشدا مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان و چەپەکان گورزێکی تووندیان بەرکەوت. تایبەتتر لەمەش هێرشی کۆنەپەرستانەی ئاکپارتییە بۆ سەر نووسەران و هونەرمەندانی ناڕازی و ڕادیکاڵ و مارکسیست. لەم نێوەشدا تیپی هونەریی گروپی یۆروم وەک تیپێکی هونەریی شۆڕشگێڕ و مارکسیست سەرباری هێرش بۆ سەر بنکەکەیان، یانزە هونەرمەندیشیان زیندانی کراون.
ئێمە بە تووندی ئەم هێرشە بەربەرییەی حکومەتی کۆنەپەرستی ئاکپارتی سەرکۆنە دەکەین و سەرباری قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویان، داوای دەست بە جێی ئازادکردنی تەواوی زیندانیانی سیاسیی و بە تایبەتیش داوای ئازادکردنی نووسەران و هونەرمەندانی شۆڕشگێڕ و مارکسیستی گروپی یۆروم دەکەین.
ڕیسوا بێت حکومەتی فاشیستی ئاکپارتی.
بژی هونەر و ئەدەبی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕ.
دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هانا
کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٦