شیعر و سیمبۆلەکانی ئایینی و باو
شیعر و سیمبۆلەکانی ئایینی و باو
نووسینی:سلیمان قاسمیانی
هه‌رچه‌نده گوناهی ده‌مه‌که‌ت باره له سه‌ر لێو
حه‌ددی چییه “نالی” که بڵێ ماچه که‌فاره‌ت
(دیوانی نالی، ل ۱٣)
بێ سوننه‌تی ته‌قبیلی ده‌مت عاطله رۆژم
بێ حضره‌تی محرابی برۆت باطله نوێژم
(دیوانی نالی، ل ٢۷)
ده‌ری تۆ که‌عبه بوو “حاجی” ته‌وافی کرد و نه‌یزانی
چ قه‌وما که‌عبه که‌ج بوو، مه‌سجیدی ئه‌قصایه رووخاوه!
(دیوانی حاجی قادری کۆیی، ل ۱٣۵)
غه‌م مه‌خۆ قوربان، له بۆ قوربانی عیدی وه‌صلی تۆ
مودده‌تێکه به‌و ئومێده “حاجی” خۆی دابه‌ستووه
(دیوانی حاجی قادری کۆیی، ڵ ۱٣٢)
له چاوانم نه‌ما بۆ گریه، نۆبه‌ی سوجده به‌ر ده‌ریه
سیاسالم نه‌باره، نوێژی ئیستیقصا نه‌که‌م چبکه‌م
(دیوانی مه‌حوی، ل ٢٣۱)
به ده‌ستی خونچه، ده‌مێ ده‌ستی دا که به‌یعه‌ت بۆم
چ ئاره‌زۆمه له عیسا ده‌م، له مووسا ده‌ست
(دیوانی مه‌حوی، ل ۷۱)
نالی بۆ مه‌یلی ماچێک له لێوی یار، ده‌م تاوانبار ده‌کا که بارێک گوناهی خستووه‌ته سه‌ر لێو، تا بۆ پاکبوونه‌وه‌ی گوناهه‌کان ماچ به که‌فاره‌ت دابنێ. گوناهی ده‌م و لێو، که‌فاره‌تی گوناه به ماچ و دامرکاندنی ئاگری گه‌یشتن به یار. لێچواندنێکی سه‌رکه‌وتووانه له چوارچێوه‌ی ئاییندا. هه‌رچه‌ند که به قه‌ولی مه‌حوی “قضییه‌م مانع الجمعه” چۆنکه دین و ماچ و مووچ له گه‌ڵ یه‌ک کۆناکرێنه‌وه.
حاجی قادر هه‌روه‌کوو سوننه‌تی ئه‌ڤینداران له سه‌دان ساڵدا بووه، ئاماده‌یه گیانی بخاته سه‌ر رێگای یار. ئه‌و ته‌نانه‌ت له کۆڕی عاشقان واوه‌تر ده‌ڕوا و هه‌ر له سه‌رتاوه به قه‌سدی خۆ به قوربانکردنی یار، خۆی دابه‌ستووه تا یار له رۆژی قوربانی گرتنه‌که‌یدا، قوربانییه‌کی به پێزی ده‌ست بکه‌وێ. خۆشه‌ویستی حاجی ئه‌ونده به هێزه که ده‌رگای یاری لێ ده‌بێته که‌عبه و ته‌وافی ده‌کا. لێچواندنێکی کفراوی.
مه‌حوی هه‌رچی فرمێسکی هه‌یه ده‌یڕێژێ بۆ یار، که ده‌بێنێ چاره‌ی ده‌رد نه‌کراوه ئه‌مجار له به‌ر ده‌رگای یار ده‌که‌وێته سوجده بردن. چ که‌ردن کاتێک به‌خت ره‌شه و ئاو وه‌ک له چاو، له ئاسمانیش بڕاوه، بێجگه له‌وه‌ی نوێژ بکه‌ی بۆ باران، بۆ لوتفی یار.
له‌و شیعرانه دا هه‌ر سێ شاعیر به شێوه‌یه‌کی زۆر وه‌ستایانه و لێهاتووانه عه‌شق و سۆز و ده‌ردی ده‌روونیان بۆ خۆشه‌ویست به ئاوێنه‌ی ئایین و له چوارچێوه‌ی ئاییندا، ده‌رده‌بڕن. دیاره که شاعیر به لێچواندنی ده‌ستی یار به ده‌ستی مووسا و ده‌می یار به ده‌می عیسا ده‌چێته ئه‌وبه‌ری سنووری ئایین. ئایا ئه‌وه سنوورپه‌ڕێنییه؟ به بڕوای من نا. شاعیر له‌و شیعره‌دا نه ده‌ستی ده‌ریا له‌تکه‌ر و کێوسووتێنه‌ری مووسا ده‌باته ژێر پرسیار و نه هه‌ناسه‌ی ژیانبه‌خشی عیسا، نه نوێژ کردن به که‌م داده‌نێ و نه سوجده بردن بۆ خوا ده‌زڕێنێ. به باشترین خوێندنه‌وه‌ش شاعیر هیچ کام له‌و دیارده ئایینی و دینییانه ناشه‌مزێنێ به‌ڵکوو، مه‌عبوودێکی دیکه ده‌خوڵقێنێ. خوا هه‌ر خوا ده‌مێنێته‌وه و نوێژ کردن و قوربانیدان دیسانه‌وه‌ش هه‌ر لازمن، ته‌نیا جیاوازی ئه‌وه‌یه که عیسا و مووسا ئه‌وڕۆ دووباره له دایک بوونه‌وه و خه‌ریکن به موعجیزه‌کانیان دڵی شاعیر ده‌به‌ن و سه‌ری لێده‌شێوێنن.
ئه‌وه‌ی که له شیعره‌کانی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م سێ شاعیره‌دا ده‌یبینین، زمانی شیعری سه‌رده‌می ئه‌و شاعیرانه‌یه و به پێوانه‌ی ئه‌و زمانه، شیعری جوان و سه‌رکه‌توون. مۆری ئایین زۆر به ڕوونی به ته‌وێڵی ئه‌و شیعرانه‌وه دیاره. نرخ و ئه‌رزشی ئایینی و دینی که نرخی باڵاده‌ست له کۆمه‌ڵگای ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بوون، سێبه‌ری کێشاوه به سه‌ر شیعره‌کاندا. ئه‌و سیمبۆلانه‌ی که شیعره‌کانی پێ ده‌رازێته‌وه، سیمبۆلی ئایینین.
مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگتر که ده‌بێ ئیشاره‌ی پێ‌بکرێ ژینگه‌ی شاعیره‌کانه. له سه‌رده‌می فیودالی و تا به‌ر له به گشتی بوونی خوێنده‌واری له کوردستان، خوێندنه‌وه و نووسینه‌وه کاری پارێزه‌رانی ئایین و له پله‌ی یه‌که‌مدا مه‌لاکان بوو. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاعیرانی کورد تا به‌ر له سه‌ده‌ی بیست، یا مه‌لان یا به‌گزاده. ته‌بیعییه که زمانی شیعری له ژێنگه‌یه‌کی ئایینی‌دا، ئایینی بێ. ئه‌وه‌ی که سیمبۆله‌کانی ئایینی سه‌رتاپای شیعره‌کانی مه‌حوی داده‌گرێ نه‌ک هه‌ر سه‌یر نییه به‌لکوو پڕ به پێستی سه‌رده‌می ژیان و ژینگه‌ی شاعیره. له سه‌رده‌می ژیانی شاعیردا ئێستا ئاسۆی ژیان و زمانێکی تر، له به‌رانبه‌ر ئاسۆی فیودالیدا بوونی نه‌بوو که شاعیر بکه‌وێته به‌رانبه‌ر دووڕێیانێک و مه‌جبوور به هه‌ڵوێستگرتن و هه‌ڵبژاردن بێت.
حاجی قادر مرۆڤێکی دینداری خواپەرسته. بۆ حاجی “قوربانی” دان به راستی پێرۆزه و به لایه‌وه قوربانیدانی ئیبراهیم به ئه‌مری خوا، که تا به‌ئه‌مرۆش موسوڵمان و عیسایی و مووسایی پێره‌وی ده‌که‌ن، قسه‌ی تێدا نییه و ئه‌وه‌نده جوانه که شاعیر بۆ ده‌ربڕینی هه‌ستی بێ سنووری خۆشه‌ویستی خۆی بۆ یاره‌که‌ی، ده‌ست له گیان شۆردنی خۆی بۆ چاوی یار به‌و قوربانیدانه ده‌چوێنێ. بۆ حاجی و نالی و مه‌حوی نوێژ کردن و سه‌ری پاڕانه‌وه دانه‌واندن بۆ خوا فه‌رزه و ئه‌مرێکی ته‌واو پیرۆز. هه‌ربۆیه‌ش کاتێک برۆی یار ده‌که‌ن به میحراب و له به‌ر پێی یار سه‌ری سوجده داده‌نه‌وێنن له پیرۆزی نوێژ و سوجده بردن و په‌رستنی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رزتر له مرۆڤ نه ته‌نیا که‌م ناکه‌نه‌وه به‌ڵکوو ژیان ده‌خه‌نه‌وه به‌ری و ده‌یژیێننه‌وه. که‌ڵک وه‌رگرتن له زمانی ئایینی و له سیمبۆل و نرخه‌کانی مۆری ڕه‌وا و به‌رحه‌قدانه له ئایین و ته‌مه‌نی دین و ئایین درێژ ده‌کاته‌وه.
مه‌یدانداریی زمان و سیمبۆلی ئایینیی له شیعری شاعیرانی کلاسیکی کورد بۆ لۆمه کردن نابێ چون ئه‌وان که‌له‌پوورێکی تریان له زمان و سیمبۆل و نرخی کۆمه‌ڵایه‌تی به ده‌سته‌وه نه‌بوو. بۆیه قورسایی باسی ئه‌م نووسراوه‌یه ده‌خرێته سه‌ر سه‌رده‌می نوێ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئایین له شیعری ئه‌مرۆدا.
ئه‌م نووسینه قسه‌یه‌کی له سه‌ر شاعیرانی دیندار و خواپه‌رستی ئه‌مرۆش نییه. هه‌روه‌کوو پێشتریش وتم، ئاشکرایه که شاعیرێکی دیندار به زمانی ئایینی بدوێ، بیروبۆچوونی ئایینی هه‌بێ و له روانگه‌ی دینه‌وه سه‌یری جوانی و خۆشه‌ویستی و هه‌موو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی بکات.
ئه‌و که‌سه‌ی ئایین ده‌خاته ژێر پرسیار، دیاره ڕه‌خنه‌که‌ی شیعری ئایینیی و ئاسه‌واری ئایین له شیعر و ئه‌ده‌بیشدا ده‌گرێته به‌ر. ڕووی پێنووسه‌که‌ی من له‌م وتاره‌دا له پله‌ی یه‌که‌مدا شاعیرانی چه‌پ، سکۆلار و دوور له ئایینن و له پله‌ی دووهه‌مدا ئه‌و شاعیرانه‌ن که بڕوایه‌کی ئه‌وتۆیان به نرخه ئایینییه‌کان نییه که‌چی زمانی ئایین ده‌هێننه نێو به‌رهه‌مه‌کانیان.
ئیبلیسی سه‌رکه‌وتووی سه‌رخۆش
له سفره‌ی شینی ئێمه شایی ده‌کا
ده‌بێ خودا له که‌لێن و په‌ستێوی ماڵ په‌ستێون
بیشارنه‌وه!
(ئه‌حمه‌د شاملو، شیعری “ته‌نگانه”، کۆمه‌له شیعری “تا شکۆفه‌ی سووری کراسێک”، وه‌رگێڕانی ناسر حیسامی، چاپی دووهه‌م، ئینتشاراتی کانوون، سالی ١٣٦٩، ل ۸٣)
دیاره که زمان و سیمبۆلی ئایینی له شیعری شاعیرانی هه‌ر چوارگۆشه‌ی دنیادا ده‌بینرێته‌وه. شاملو شاعیری به‌ناوبانگی ئیرانی شاعیرێکی شورشگیر و بێ دین بوو و به ئاشکرا دژی کۆنه‌په‌رستی به گشتی و کۆنه‌په‌رستی ئایینی به تایبه‌تی تێده‌کۆشا و ده‌ینووسی. به‌ڵام شاملو له زور شیعردا به تایبه‌ت شیعره‌کانی ده‌و‌ره‌ی پاشایه‌تی له وشه و سیمبۆلی ئایینی که‌ڵک وه‌رده‌گرێ. شاملو شاعیری کورد نییه، به‌ڵام بێ گومان له سه‌ر زۆر شاعیری کورد ته‌ئسیری داناوه. پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێ شاعیر، سه‌رکوتگه‌ربه شه‌یتان بچوێنێ و خوا به زولم لێکراوێک که ده‌بێ له به‌ر هه‌ره‌شه‌ی شه‌یتان له که‌لێن و په‌ستێوی ماڵدا بشاردرێته‌وه. شاملو بۆ خوا ناپاڕێته‌وه به‌ڵکوو ده‌یهه‌وێ بڵێ که ده‌سه‌ڵاتدارانی ئایینی خۆیان له شه‌یتان خراپترن و کاریكیان کردووه که ته‌نانه‌ت خواش ده‌بێ له ده‌س ئه‌وان خۆی بشارێته‌وه. لێره‌دا خوا و شه‌یتان له به‌رانبه‌ر یه‌کدا ڕاوه‌ستاون، خوا چاک و شه‌یتان خراپ، دوو به‌ره‌ی ناسراوی ئایینی. له‌م شیعره‌دا به‌ره‌ی خوا دڵنه‌وازی لێده‌کرێ. خوا ده‌بێته زۆلم ڵیکراو و ماف خوراو و شه‌یتان ده‌بێته ئالای شه‌ڕ و نه‌کبه‌ت و زۆرداری. چاک و خراپ لێره‌دا جیگه‌یان نه‌گوڕاوه و به چاویلکه‌ی ئایین و به زمانی ئایینه‌وه کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که به‌رئاوه‌رد کراوه.
له میهره‌باني بێدریغی گیانی تۆ
مه‌سیح ی دایک، ئه‌ی خۆره تاو!
(ئه‌حمه‌د شاملو، شیعری “غه‌زه‌لی نه‌توانین”، هه‌مان سه‌رچاوه، لاپه‌ره‌ی ٦۷)
به هه‌موو چاوه‌وه له تۆ ده‌گه‌رێم
به هه‌موو شه‌وقه‌وه تۆ ده‌خوازم
له ژێر لێوه‌وه دووباره ده‌ڵێمه‌وه
دایم ناوت به ئه‌سپایی
ئه‌ی مه‌سیحا!
ئێسته!
مردووێک له دلێ تابووتا ده‌جووڵێته‌وه ئارام ئارام….
(ئه‌حمه‌د شاملو، شیعری “شه‌و‌انه”، کۆمه‌له شیعری “هه‌وای تازه”، انتشارات نگاه-انتشارات زمانه، چاپی هه‌شتوم، سالی ١٣٧٢، لاپه‌ره‌ی ١٤٦)
عیسای پێغه‌مبه‌ر، به پێی بۆچوونی عیساییه‌کان کوڕی خوایه و خوا به فووی مباره‌ک، مریه‌می پیرۆز، دایکی عیسا دوو زگ ده‌کا. عیسا هیزی تایبه‌تی هه‌یه، به سه‌ر ئاودا ده‌ڕوا، مردوو زیندوو ده‌کاته‌وه و به تاقه نانێک هه‌زاران برسی تێر ده‌کا. شاملو لێره‌دا خۆشه‌ویسته‌که‌ی که هه‌ر وه‌کوو عیسا له ژێر هه‌ره‌شه‌ی زۆردار دایه و هه‌ر به‌م هۆێه‌وه ده‌بێ به ئه‌سپایی ناوی بێنێ، ده‌کا به عیسا. خۆشه‌ویسته‌که‌ی شاعیر شوڕشگیره و ده‌یهه‌وێ گیان بخاته‌وه به‌ر مردووه‌کان بۆ ڕزگاربوون له ده‌ست ده‌سه‌ڵاتداری سه‌رکوتگه‌ر. عیسا سیمبۆلی دووباره ژیانه‌وه‌یه. به‌ڵام شاعیر بیر له‌وه ناکاته‌وه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و سیمبۆله، کۆمه‌ک ده‌کا به دووباره ژیانه‌وه‌ی سیمبۆله‌که و ژیان ده‌به‌خشێ به ئایین.
هێمن نه‌چی بۆ هۆبه
ده‌نا ده‌شکێنی تۆبه
(هێمن، شیعری “به‌هاری کوردستان”، کۆمه‌له شیعری “تاریک و روون”، چاپی ۱٣۵٣، ل ۱۱۱ )
هێمن یه‌کێک له‌و شاعیرانه‌یه که زۆر به که‌می وشه و سیمبۆلی ئایینی له شیعره‌کانیدا خۆی ده‌نوێنێ. له دیوانی “تاریک و روون” دا له یه‌ک دوو جێگادا نه‌بێ، جێ پێی ئایین هه‌ست پێناکرێ. تۆبه شکاندن وشه‌یه‌کی ئایینییه که خۆی به سه‌ر زمانی ئه‌مرۆشدا سه‌پاندووه. بۆ شاعیر شکاندنی په‌یمان و به‌ڵێنی ده‌کا به تۆبه شکاندن؟ هیمن شاعیرێكی ئایینی نه‌بوو و دیاره‌هیچ به خه‌می ئه‌وه‌وه نه‌بووه که نه‌کا له دین ده‌رچووبێت و تۆبه‌ی شکابێت. ئه‌و ته‌نیا مه‌به‌ستی شکاندنی قه‌ول و په‌یمانێکه که بۆ شکاندن نابێ. ئه‌و ده‌زانێ که جوانی که‌نیشکه‌کانی نێو هۆبه ئه‌وه‌نده به هێزه که راگرتنی قه‌وله‌که به ته‌واوی ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه و سنووره‌کان ده‌شکێنێ. بۆیه داوا ده‌کا که بۆ به‌رده‌وام مانه‌وه‌ی به‌ڵێنی و په‌یمانه‌که‌ی باشتر وایه نه‌چێ بۆ هۆبه. نه‌شکاندنی تۆبه لێره‌دا ئێشاره‌یه به خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی ژن و پیاو، که نابێ تا دوای ماره کران و زه‌ماوه‌ند ته‌نانه‌ت ده‌ستیشیان وه ده‌ستی یه‌ک بکه‌وێ. دووپات کردنه‌وه‌ی “تۆبه” و “تۆبه نه‌شکاندن” سه‌ره‌رای مه‌به‌ستی شاعیر، به‌ها ده‌دا به‌و نرخه.
ئه‌وا ئێسته‌ش ئه‌ی سۆفیای رۆح شیرین
با پێش ئه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌ستی دوعاخوازیم هه‌ڵبڕم
روو بکه‌مه ئارامگه‌که‌ی دیمترۆف
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م، ستوکهولم ١٩٩٠، ل ۱٠۹)
له کڵێسه‌ی ئه‌ڤینتا،
به‌ندییه‌که‌م گوێڕایه‌ڵ
به ده‌م نوێژه‌وه ده‌گریم،
ده‌گریم، ده‌کروزێمه‌وه
(حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، کۆمه‌ڵه شیعری”نووسین به بێ ووشه”، چاپی ئاپێک ساڵی ۱۹۹۹، ل ٣۵)
له چی ده‌چیت؟
کاتێک جه‌سته‌ت به‌رماڵێکه
ده‌رده‌کانم ده‌نێژێت
(ره‌فیق سابیر، کۆمه‌له شیعری “ئاوینه و سێبه‌ر”،سالی ۱۹۹٦، ل ٤۵)
ڕیگایه‌کان نامبه‌نه‌وه بۆ میحرابی په‌یکه‌ره‌کانی جوانی
(ره‌فیق سابیر، کۆمه‌له شیعری “ئاوینه و سێبه‌ر”، سالی ۱۹۹٦، ل ۸٦)
له‌م شیعرانه‌ی سه‌ره‌وه‌دا هه‌ر سێ شاعیر سه‌ره‌رای دووری و نزیکی‌یان له باری سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌وه، وه‌کوو یه‌ک له سیمبۆلی ئایینی که‌ڵک وه‌رده‌گرن. شاعیر ده‌ستی به‌ره‌و ئاسمان به‌رز ده‌کاته‌وه‌و ده‌س ده‌کا به دۆعا کردن و پاڕانه‌وه. ده‌س به‌رزکردنه‌وه به‌ره‌و ئاسمان نیشانه‌ی بێ باوه‌ری ئینسان به هێزی خۆی و سه‌لماندنی هێزێکی باڵاده‌ست واته خوایه. كاتیك خۆشه‌ویستی ده‌خرێته خانه‌ی ئایینه‌وه، به‌و کاره ئایین به‌رز ده‌کرێته‌وه. خۆشه‌ویستی به هۆی سروشتی بوونی خۆیه‌وه زۆر له ئایین ناسراوتر و به هێزتره. ئایین له ته‌واوه‌تی ژیانیدا دژی خۆشه‌ویستی سروشتی ئینسان بووه و به هه‌زار جۆر هه‌وڵی داوه سه‌رکوتی بکا و سنووری بۆ دابنێ. کلێسه، که‌نیسه، مزگه‌وت و مه‌عبه‌ده‌کان له‌م ڕووه‌وه جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆیان له گه‌ڵ یه‌ک نییه و به یه‌ک ئه‌ندازه دژی ئه‌ڤین به‌ینی دوو مرۆڤ بوون. ئه‌ڤین و کلیسا به هیچ سرێشێک به‌یه‌که‌وه ناچەسپێن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که خۆشه‌ویستییه‌ک که باسی لێده‌کرێ له گه‌ڵ ئایین جیاوازی نه‌بێ یان هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئاییندا بگونجی. سه‌ره‌تاییترین شه‌رتی ئه‌ڤین یه‌کسانییه به‌ینی دوو ئه‌ڤینداره‌که. عاشق و معشوق دوو که‌سن هاوتا، له یه‌کدا ده‌توێنه‌وه و ده‌بنه یه‌ک بێ ئه‌وه‌ی ئه‌میان سه‌ری ئه‌ویان بخوات. له خۆشه‌ویستی دا به‌نده‌گی نییه، نه عه‌بد هه‌یه و نه مه‌عبوود.
کلیسا ماڵی خۆشه‌ویستی نییه، ماڵی ئیتاعه و سه‌ردانه‌واندنه بۆ خوا. ماڵی ترس و هه‌ره‌شه و خورافه‌یه. نۆێژ، به‌ڵگه‌ی خۆشه‌ویستی نییه به‌ڵکوو نیشانه‌ی سه‌ردانه‌واندن و قه‌بوولی ژێرده‌سته بوون و ده‌سه‌ڵاتی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای خوایه. نوێژکه‌ر هه‌موو رۆژێ ده‌بێ ده‌سته‌وئه‌ژنۆ راوه‌ستێ و له خوا بپاڕێته‌وه که ژیانی ره‌ش نه‌کا، تووشی ده‌ردو به‌ڵای نه‌کا، نانی لێنه‌بڕێ، زه‌لیلی نه‌کا و نه‌یخاته ئاگری جه‌هه‌نده‌مه‌وه. ئه‌م ترس و به‌نده‌گییه چۆن ده‌کرێ له خۆشه‌ویستی بچوێندرێ و چۆن ده‌کرێ له‌شی گه‌رمی یار له به‌رماڵ بچوێندرێ، به‌رماڵێک که بۆ ئیتاعه‌ته، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌ڤینه‌که‌ش هه‌ر وه‌کوو ئایینه‌که فڕی به ئازادی و یه‌کسانی ئه‌ڤینداره‌کانه‌وه نه‌بێ و خوازیاری چۆکدادان و سه‌ردانه‌واندنی کوێرکوێرانه بێ. حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن به جوانی وینه‌ی کلێسه و ئایینمان ده‌خاته به‌رچاو. مرۆڤی دیندار، به‌نده‌یه‌کی گوێڕایه‌له و له شه‌وورۆژدا لانی که‌م پینج جار ده‌چێته سه‌ر به‌رماڵ و ده‌گری و ده‌کرووزێته‌وه و ده‌پارێته‌وه. دیاره که به لای دینداره‌کانه‌وه په‌یوه‌ندی نیوان دیندار و خوا به‌رزترین خۆشه‌ویستییه. قسه‌ی من له سه‌ر ره‌د کردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی ئایینی به گشتی نییه. ئه‌وه مافی دینداره‌کانه که هه‌ست و سۆزی ئایینی خۆیان به خۆشه‌ویستی بزانن. باسه‌که‌ی من له سه‌ر ئه‌وه‌یه که خۆشه‌ویستی ئایینی شتێکه و خۆشه‌ویستی ئینسانی شتێکی‌تر.
به شیعرێکی تووڕه‌ی درێژ
ده‌یانکه‌م به په‌ڕۆی بێ نوێژ
(حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، “بۆ بازرگانانی رێگه‌ی سوور”، چاپی ئاپێک ساڵی ۱۹۹۸، ل ٢۵)
له رووی لێشاوی مێگه‌لی چه‌واشه‌دا
سنووری نێوان شته‌کان به‌رماڵێکی بێ نوێژه
(ره‌فیق سابیر، کۆمه‌له شیعری ” ئاوێنه و سێبه‌ر”، سالی ۱۹۹٦، ل ۸٣)
له شیعری سه‌ره‌وه‌دا، نوێژ پیرۆزه و شکاندنی ئه‌م پیروزییه به پیسکرانی به‌رماڵه‌که دێته کایه‌وه.کاتێک به‌رماڵ بێ نوێژبێ، واته پیس بێ، نوێژ ده‌چێ و قه‌بووڵ نا‌کرێ. به‌ڵام شاعیر لێره‌دا به سیمبۆلی نوێژ و به‌رماڵ ڕازی نه‌بووه و به چاویلکه‌ی ئایین سه‌یری ژن ده‌کا. بۆچی چه‌واشه‌ی به‌ر هێرشی شاعیر ده‌بێته مێگه‌ل؟ چه‌واشه له لای مرۆڤی ڕاستی پارێز، دزێوه. مێ و مێگه‌ل له فه‌رهه‌نگی ئایینی و فیودالیدا بێ نرخن. ژن ژێرده‌سته‌یه، به بێ عه‌قل و نه‌فام و گێل ناو ده‌برێ و پله‌ی کۆمه‌لایه‌تیه‌که‌ی نزمه. له فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریدا گه‌وره‌ترین بێ حورمه‌تی کردن به پیاو، به ژن چواندنیه‌تی. “ژن” له کوردی‌دا و له هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌کانی فیودالیدا جنێوه. به پیاویك بڵێی “ژن”، خوێن به‌پا ده‌پێ ئه‌گه‌ر پیاوه‌که “پیاو” بێ! شاعیریش لێره‌دا بۆ هه‌رچی زیاتر بێ نرخ کردن و نزمتر کردنی “چه‌واشه‌که”، ده‌یکا به لێشاوی مێگه‌لی چه‌واشه. به‌رماڵ بێ نوێژ ده‌بێ ئه‌گه‌ر پیسایی وێبکه‌وێ. ژنیش وه‌ک به‌رماڵی بێ نوێژ، له مانگدا لانی که‌م یه‌ک حه‌وتوو بێ نوێژده‌بێ، واته پیسه! ئایا که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و سیمبۆله کۆن و پیس و دژ به ژنه، نیشانه‌ی دواکه‌و‌توویی کۆنخوازی نییه؟
ئه‌ی عه‌شق
ئه‌ی که‌نیسه‌کانی شێتیم له‌م جه‌نگه‌ڵه فیرعه‌ونیه‌دا
ئه‌ی به‌رده‌نوێژی به‌جێماو له جه‌نگاوه‌ره شکسته‌کان
ئه‌وه‌ی له ناو تۆدا ده‌مرێت منم
(به‌ختیار عه‌لی، شیعری “عه‌شق”، وه‌رگیراو له ماڵپه‌ڕی نووسه‌ر)
له سه‌ر خوانی مه‌ی و به ده‌م مه‌ستی عاره‌قه‌وه
به رووتی سوژده‌مان برد و هاوارمانکرد:
وای گوناه چ ته‌لیسمێکی گه‌وره و چ یاخیبوونێکی جوانه
(به‌ختیار عه‌لی، شیعری “گوناه”، وه‌رگیراو له ماڵپه‌ڕی نووسه‌ر)
عه‌شق لێره‌دا دووباره رێگای که‌نیسه‌ی پیشان ده‌درێ و سه‌ری پێداده‌نوێندرێته سه‌ر به‌رده‌نوێژ. ئه‌و عه‌شقه‌ی که وه‌ک نوێژکه‌ر ده‌بێ به چاوی به‌ستراوه‌وه سه‌رله به‌رده‌نوێژ بسوێ، عه‌شق نییه، ئایینه و دژی که‌رامه‌ت و حورمه‌تی ئینسانه وه‌کوو گیان له‌به‌رێکی وریا و وشیار.
ئه‌ی دۆزه‌خی خۆشه‌ویستیم
واز له‌م ئازاره مه‌هێنه
ئه‌و وه‌رزه‌ی تۆی تیا نه‌بینم
خواش نابینم
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م، ل ١٦۹)
په‌یامبه‌رێ بووی
سکاڵای گه‌رم و هه‌ناسه ساردی زۆرلێکراوانت
ده‌گه‌یانده خوا.
(حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، کۆمه‌ڵه شیعری”نووسین به بێ ووشه”، چاپی ئاپێک ساڵی ۱۹۹۹، ل ٦۵)
سه‌رمان به غه‌یب ده‌سپارد و له به‌ر نووری خوداوه‌ندا
گوناهه‌کانمان هه‌ڵده‌خست
(ره‌فیق سابیر، کۆمه‌له شیعری “ئاوێنه و سێبه‌ر”، ساڵی ۱۹۹٦، ل ۸١)
له روانگه‌ی مرۆڤی ئایینیه‌وه خوا دنیای خوڵقاندووه و ئاگای له عاله‌م و ئاده‌مه. خوا ئه‌و هێزه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی به هه‌موو شتێک ده‌شکێ و نه‌بوو ده‌کا به بوون و ده‌توانێ هه‌رچی بوونه له چاوترووکانێکدا ته‌فر و توونا کا. خوا نوور و ڕووناکییه‌و هه‌رچه‌ن تاریکاییش هه‌ر ده‌سکردی خۆیه‌تی. خوا دادپارێزه و به‌دکاران سزا ده‌دا. خوا ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌قه و له سه‌رووی مرۆڤ و خواست و ویست و ئاره‌زۆکانی مرۆڤه‌وه وه‌ستاوه. شاعیر کاتێک خوا وه‌کوو سیمبۆلی پاکی و دادپه‌روه‌ری و رووناکی و خۆشه‌ویستی له شیعره‌که‌یدا ده‌ناسینێ، وه‌کوو مامۆستایه‌کی ئایینی خوا ده‌کاته میوانی بیر و زه‌ین و هه‌ستی خوینه‌ره‌که‌ی و به ئاگا و نابه‌ئاگا ژیانی دووباره‌ی پێده‌به‌خشێ. کاتێ شاعیر، مرۆڤێکی شۆرشگیر له په‌یامبه‌رێک ده‌چوێنێ که ناله و هاواری زۆرلێکراوه‌کان به خوا ده‌گه‌یێنێ، بیر له‌وه ناکاته‌وه که په‌یامبه‌ر، نوینه‌رێکی بێ ئیختیاری خوایه، خۆی قسه‌یه‌کی نییه و ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کیشی هه‌بێ نه‌ک به هۆی ئه‌و قسانه‌وه، به‌ڵکوو ته‌نیا به هۆی راگه‌یاندنی قسه‌کانی خوا به مرۆڤایه‌تییه که خه‌ڵک ڕووی تێده‌کا. که‌وابێ چۆن ده‌کرێ شۆرشگێڕێک که ده‌یهه‌وێ دنیا بگۆرێ و خۆی بیره‌وانێکه و گیانی خۆی له سه‌ر ده‌ست داناوه بۆ رزگاری و ئازادی مرۆڤ، بکرێ به په‌یامبه‌ر و خوا بکرێ به ئاڵای رۆژی رووناکیه‌که‌ی؟
كڵاشه‌كه‌م دەخه‌مه ژێر سه‌رم و دەنووم
دەنووم تا پێغه‌مبه‌رەكان
زیندوودەبنه‌وە و كتێبی نوێمان بۆ دێنن
(به‌ختیار عه‌لی، شیعری “ئه‌ی نیشتمان”، وه‌رگیراو له ماڵپه‌ری نووسه‌ر)
ئیشی ئێمه فڕینه بۆ به‌رزییه‌کی هێنده دوور
باڵ سوودی نه‌مێنێت
له‌وێ به په‌نجه خوداکان ده‌ژمێرین
له ئاورنگی مه‌له‌کوت ده‌ده‌ین
له ئاوی قیامه‌ت ده‌خۆینه‌وه
(به‌ختیار عه‌لی، شیعری “هێرشی کرێکارانی رووناکی”، وه‌رگیراو له ماڵپه‌ڕی نووسه‌ر)
ئایا پێغه‌مبه‌ره‌کان ده‌توانن کتێبێکی نوێ بۆ مرۆڤایه‌تی بهێنن؟ کتێبی پێغه‌مبه‌ره‌کان، هه‌میشه که‌لامی پیرۆزبووه واته قسه‌ی خوا. قسه‌ی خواش وه‌ک ده‌زانین بۆ قسه لێکردن نابێ. هه‌ر که‌لامێک که به پیر‌وز بکرێ، له سه‌رسه‌ری مرۆڤ داده‌نیشێ و ده‌ست ده‌خاته قوڕگی بۆ سه‌رپێدانه‌واندنی. جا ئه‌و که‌لامه چ قسه‌ی که‌سایه‌تییه‌کی ئایینی بێ، چ که‌لامی ئایدۆلۆژیکی گرووپێکی غه‌یره ئایینی بێ و چ پرۆگرامی حزبێکی سیاسی بێت، له گه‌ڵ به پیرۆزکردنیدا ئیتر مرۆڤ پارێزی و ئینسانخوازی خۆی له ده‌س ده‌دات و ده‌می ئازادی ره‌خنه و پرسیار و لێکولینه‌وه ده‌به‌ستێ.
له‌م شیعره‌ی سه‌ره‌وه دا دلنیام که مه‌به‌ستی شاعیر ئه‌وه نییه که ئه‌و کتێبه‌ی که قه‌راره بێت، کتێبێکی دواکه‌وتوانه و دژ به مرۆڤ بێت. به‌ڵام مۆشکیله‌که له‌وه‌دایه که هیچ پێغه‌مبه‌رێک ناتوانێ کتێبێک بێنێ که به سه‌ر خه‌ڵکدا نه‌بێته مڵۆزم و نه‌بێته زنجیرێک له لاقیاندا. پێغه‌مبه‌ربوون یه‌عنی ڕاگه‌یاندنی فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتێکی به‌رزتر له مرۆڤ به خه‌ڵک. په‌یامێکی ئاوه‌ها هیچ شتیكی تازه‌ی تێدا نییه، په‌یامی خالقه به مه‌خلووق. لێچواندنێکی ئاوا ئه‌گه‌ر زۆر خاتریشی بگیرێ، لێچواندنێکی سه‌قه‌ته.
کاتێک مه‌ڵی خه‌یاڵی شاعیر باڵ ده‌گرێ و تا نیهایه‌تی باڵگرتن باڵ لێده‌دا، دیسان ده‌گاته‌وه به خوا (و خواکان) و به ئاوی قیامه‌ت تینوایه‌تی ده‌شکێنێ. جا ئه‌وه‌و که خواکان به په‌نجه‌ی ده‌ست له ژماردن بێن جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆ له مه‌سه‌له سه‌رکییه‌که دا به‌دی ناهێنێ. خوا هه‌ر خوایه، چ تاق و بێ هاوتا بێت و چ چه‌ن دانه شه‌ریکی بۆ دابنرێت. چۆنه که شاعیر ئاوه‌ها له سیمبۆله‌کانی ئایینی‌دا گیر ده‌کا و ئاسۆیه‌کی به‌ری له ده‌سه‌لاتی موتله‌ق و قیامه‌ت، به‌ری له فه‌رمانده‌ر و فه‌رمانبه‌ر نابینێ؟ بۆ ده‌بێ مرۆڤ هه‌میشه ئاغایه‌کی به سه‌ره‌وه بێ؟ ئه‌وه چ تێڕوانینێکه که مرۆڤ ده‌خاته ژێر رکێفی ئاغا و خوا و په‌یامبه‌ره‌کانی ده‌سه‌ڵات؟
وه‌رنه سه‌ر مناره‌ی ده‌نگم و
“قه‌ڵای دم دم” ێکی تازه بخوێننه‌وه
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م، ل ٢٠٣)
دیواری ترس و بێده‌نگی درزێکی گه‌وره‌ی تێ بووه
نه‌ک کووله‌که، ئێسته بانگ له کێودا ئه‌درێ.
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م، ل ٢٦١)
که‌م که‌س زانی
هه‌ر هه‌مان شه‌و
بانگی شێوان…
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م ، ل ٢٦۹)
له شیعری “من و هۆنراوه” (هه‌مان سه‌رچاوه، ل ٦۹) شاعیر ڕوو ده‌کاته “بیلال و بانگی” وه‌کوو سیمبۆلێک له شیعره‌که‌یدا. “بانگ”ی ئیسلامی، بانگه‌وازی خه‌ڵکه بۆراوه‌ستان له خزمه‌ت خوادا، بۆ به‌ڵێنیدانی دووباره که غه‌یر ئه‌ز “ئه‌للا” خوایه‌کی دیکه ناپه‌رستن، بۆ پارانه‌وه و داوای لێبوردنی سه‌دباره، بۆ وه‌بیرخۆخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ترستناکی خوا و هیزی بێ پایان و ته‌فروتوناکه‌ری.
ئه‌م “بانگه” بانگی ئازادی نییه، بانگی هه‌ره‌شه و زۆرداری و ده‌سه‌ڵاته. ئه‌وه‌ی که ئه‌م “بانگه” له سه‌رده‌می به‌ر له به ده‌سه‌لات گه‌یشتنی ئیسلامدا له کووله‌که‌دا لێده‌درا، هیچ جیاوازییه‌ک له په‌یامی “بانگه”که دا به‌دی ناهێنێ. بانگه‌که چ ئێستا و چ ئه‌و کات له ئینسان ده‌خوازێ که سه‌ری بۆ ده‌سه‌ڵاتێکی بان له خۆی شۆڕکاته‌وه! ئایا په‌یامی سه‌ردانه‌وندن شایه‌نی به‌پیرۆزکردنه؟ سێمبۆلی سه‌ردانه‌واندن چۆن ده‌کرێ به سیمبۆلی شۆڕشگێری دابنرێ؟ لێره‌دا ڕووی باسه‌که له مرۆڤی ئایینی نییه که مافی خۆیه‌تی ئایینه‌که‌ی به پێروز بزانێ و به پێی رێ و ره‌سمی دیاریکراوی ئایینه‌که‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی به‌ڕێوه ببا. لێره‌دا قسه له سه‌ر سیمبۆله‌کانه نه‌ک بۆ ئایینییه‌کان به‌ڵکوو بۆ ته‌واوی کۆمه‌ڵگا که قه‌رار نییه ئایینی بێ و له سه‌ر بناغه‌ی ئایین دابنرێ. حکوومه‌تی ئیسلامی، مه‌سیحی، یهوودی، بوودایی… سیمبۆله‌کانیان به ئاشکرا له ئایینه‌که‌یانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی که نه باوه‌ری ئایینی هه‌یه و نه خوازیاری ده‌سه‌لاتی ئایینی به سه‌ر ژیانی هاوبه‌شی کۆمه‌لایه‌تیدایه بۆ ده‌بێ له‌و سیمبۆلانه که‌ڵک وه‌رگرێ؟
پیاوانی پووت
که‌ڵه‌شێره به‌زیوه‌کان
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م ، ل ٢۵۹)
له “دارۆغا”
پێشمه‌رگه‌کان وه‌ک ره‌وه‌یه‌ک
به‌وری چاو‌تیژ…
ئه‌وسا هه‌ر بۆ
په‌ند و عیبره‌ت
کلکی چه‌ند جاشێکیان بڕی.
(دیوانی شێرکۆ بێکه‌س، به‌رگی یه‌که‌م ، ل ٢۸٦)
سه‌رانی کوردستان
به‌رامبه‌ر یه‌کتری، ره‌شمارن، دووپشکن
به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ر
قالۆنچه‌ن، سیسرکن {…..}
ده‌نگ دلێر ده‌خوێنن
که‌وئاسا به لوتکه‌ی چیاوه {…..}
به‌رامبه‌ر یه‌کتری پڵنگی جه‌نگه‌ڵن،
به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ر،
مه‌یموونی ناوباخی ئاژه‌ڵن
سه‌رانی کوردستان
شێری ماڵ، رێوی ده‌ر
تاژیله‌ی شکاری داگیرکه‌ر
(حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، “ده‌فته‌ری به‌رباخه‌ڵی بیره‌وه‌رییه‌کانم”، چاپی ئاپێک ساڵی ۱۹۹۸ ، ل ۱٦)
سه‌رانی حزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری کوردستانی عێراق به‌رله ساغبوونه‌ه‌ویان له‌ر سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داراییه‌کانی کوردستان، دوژمنی ئاشکرای یه‌کتر بوون و هه‌زاران لاوی کورد له شه‌ڕی به‌رده‌وامی ئه‌م دوو هێزه دژی یه‌ک گیانیان له ده‌ستدا. هه‌زارن دایکی کورد کۆستیان که‌وت و هه‌ررۆژێک سێبه‌ری مه‌رگ به سه‌ر دڵی هه‌زاران کیژ و کوڕدا ترسی ده‌ناشت. له گه‌نده‌ڵ بوونی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م دوو حزبه هه‌رچی بگوترێ هه‌ر که‌مه. ئه‌و ده‌رد و بێزاری و نه‌فره‌ته‌ی که شاعیر له شیعره‌که‌ی سه‌ره‌وه‌دا ده‌ید‌رکێنێ به ته‌واوی به‌رحه‌ق و ره‌وایه. ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی که رابه‌رانی ئه‌م دوو حزبه ته‌نانه‌ت به‌ر له ڕووخانی سه‌ددامیش خوڵقاندیان ئه‌وه‌نده دڵته‌زێنن که به گه‌ردوونێک له ڕق و نه‌فره‌تیش دانامركێنه‌وه.
به‌ڵام حه‌شه‌ره و حه‌یوان چ گوناحێکیان کردووه که به ئاگری به‌دکاری و مرۆڤکوژی ئه‌م دوو حزبه بسووتێن؟ بۆچی ده‌بێ ڕه‌شمار که تا ئه‌وکاته‌ی ئێمه‌ی مرۆڤ نه‌چینه سه‌رریگه‌ی و گیانی خۆی له خه‌ته‌ردا نه‌بینێ هێرش ناکا، تاوانی ئه‌م دوو حزبه بدا؟ دووپشک که‌ی به که‌سه‌وه ده‌دا تا به زۆرخۆت به سه‌ر ماڵیدا نه‌كێشابێ؟ شێر که‌ی له ماڵی خۆیدا له گه‌ڵ منال و که‌س و کاری خۆی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه ده‌کا که هه‌ندێک مرۆڤ ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ که‌س و کاری خۆیان ده‌یکه‌ن؟ مه‌یموونی ناو باخی ئاژه‌ڵ چ به‌دکارییه‌ک ده‌کا که بتوانی به مرۆڤکوژی و خۆفرۆشی ئه‌م حزبانه‌وه بیچوێنێ؟ مه‌یموون چی له سیاسه‌ت و بیر وبۆچوون و پلانی ئه‌م حزبانه ده‌چێ که شاعیر ئاوا به‌دناوی ده‌کا؟ رێوی مه‌گه‌ر ده‌توانێ به جۆرێکی تر له‌وه‌ی که هه‌یه، ره‌فتار بکا که وا سووک ده‌کرێ؟ به‌ردی خۆڕانه‌گری و خۆدۆڕاندنی ئه‌م دوو حزبه له مه‌یدانی خه‌باتدا بۆچی ده‌بێ به رێوی بێچاره دابدرێ که له رووی ئه‌قڵێکی زاتییه‌وه خۆی له دوژمنێک نادا که هێزی
پێ نه‌شکێ؟ که‌و چ بکا که له قه‌فه‌سیان کردووه و به ته‌نیا به خاتری که‌وبوونی واته خوێندنی ئاسایی خۆی گیانی هاوڕه‌گه‌زه‌کانی پێ ره‌ش ده‌كرێ؟ بۆ نه‌فره‌تی راوچی نا‌کرێ که که‌وه‌که‌ی کردووه‌ته قه‌فه‌س؟ تازه که‌وی بێچاره‌ی ناو قه‌فه‌س زیندوو مانه‌وه‌ی خۆی له گره‌وه‌ی خوێندنی دایه. ئه‌و رۆژه‌ی که ئیتر له قاسپه قاسپ بکه‌وێ هیچ زه‌مانه‌تێك بۆ گیانی خۆێشی نییه.
ئه‌گه‌ر قالۆنچه نه‌بووایه‌ن گوو ته‌واوی دنیای داده‌گرت. قالۆنچه وه‌ک ئاوڕوونکه‌ره‌وه، به‌شێكن له‌و گیانله‌به‌رانه‌ی که پیسی و پۆخڵه‌ی ناو سروشت ده‌هاڕن و پاکی دێننه جێگای. به بڕوای من ئه‌وه گوناهێکی گه‌وه‌ره‌یه که قالۆنجه به‌وجۆره بشه‌مزێنرێ و سیسرک به ده‌نگی تاریکه‌سه‌لات دڕی له داری تاوانی مرۆڤکوژان بدرێ!
تۆ باوه‌ڕێکی راڕایت
زێوانی مێژوویه‌کی بیژوویت
(ره‌فیق سابیر، کۆمه‌له شیعری “ئاوێنه و سێبه‌ر”، ل ٤۸)
بارزانی وه‌جاخی کوێره
تا ئه‌و مابوو پێ میم نموونه‌ی باڵا بوو
ئێستا جیاوازی نێوانی پێ میم و جاش
وه‌ک جیاوازی نێوان شمشاڵ و بلوێره
بارزانی وه‌جاخی کوێره!
(حه‌مه سه‌عید حه‌سه‌ن، “شمشاڵ و بلوێر”، کۆمه‌له شیعری “ده‌فته‌ری به‌رباخه‌ڵی بیره‌وه‌رییه‌کانم”، چاپی ئاپێک ساڵی ۱۹۹۸)
بۆ دۆزینه‌وه‌ی مۆری ئایین و کاردانه‌وه‌ی به سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، باشترین شوێن بێ مافی ژن و بێحورمه‌ت کردنی ژن له کۆمه‌ڵگادایه. ژن ئاشکراترین به‌ڵگه‌ی نائینسانی بوونی کۆمه‌لگای پیاوساڵاره. ئایین و پیاوساڵاری وه‌ها تێکه‌ڵاون که له یه‌ک جیاناکرێنه‌وه. دیاره ئایین به‌ر له به ده‌سه‌لات گه‌یشتنی پیاوسالاری وه‌کوو سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تیش هه‌ر هه‌بوو. به‌لام ئایین له سه‌رده‌می به‌ر له پیاوساڵاری له گه‌ڵ ئایین دوای سه‌قامگیربوونی پیاوسالاری جیاوازی گرینگ‌یان هه‌یه. ئایین له سه‌رده‌می پیاوسالاریدا ورده ورده له سروشت و خواکانی سروشتی دوورده‌که‌وێته‌وه و روو له خوای تاک ده‌کات. خواکان ده‌بن به خوایه‌کی تاک و بێ شه‌ریک و نوێنه‌ره‌که‌شیان له سه‌ر زه‌وی ده‌بێته پیاو. پیاویش هه‌ر بێ شه‌ریک ده‌کرێ و ده‌بێته ئاغای ماڵ و حاڵ. ئه‌وه ده‌سه‌ڵاتی پیاوسالارییه که ژن له ماڵ ده‌په‌ستێوێ و وه‌کوو باقی داراییه‌کانی پیاو مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ ده‌کات. مه‌سه‌له‌ی میرات و راگڕتنی دارایی بنه‌ماڵه له چوارچێوه‌ی “بنه‌ماڵه” دا، ژن ده‌کاته بوونه‌وه‌رێکی جێگه‌ی مه‌ترسی که بۆ متمانه پێکردن نابێ. خوای ماڵ به هه‌موو هێز و ده‌سه‌ڵاتییه‌وه ناتوانێ له‌وه دڵنیابێ که ئه‌و باوکی مناله‌کانه. ئه‌وه ته‌نیا دایکه که له دایکبوونیدا هیچ شکێک نیه و ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه که به دلنیایی ده‌زانێ کێ باوکی مناڵه‌کانه. ته‌نیا رێگا بۆ دڵنیایی پیاوسالاری له به‌ره و نه‌وه‌ی پیاوه‌کان، به‌ندکردن و یه‌خسیرکردنی ژنان، هه‌م له چوارچێوه‌ی ماڵ و هه‌م له چوارچێوه‌ی جنسیدایه.
ئایین ده‌بێته پاسه‌وانی ئه‌م زیندانه به هه‌ره‌شه‌ی مه‌رگ و ئازار له هه‌ردوو دنیادا، ئه‌گه‌ر بێت و ژن به هه‌ڵه بچێت و گوێ بداته دڵی خۆی و خواستی سروشتی جنسی خۆی. ئایین پارێزه‌ری مافی پیاوه به سه‌رژندا، به سه‌ر سێکسی ژن‌دا، به سه‌ر ئه‌ده‌ب و مندالدان و سک و ڕووح و ره‌وانی ژن‌دا. ته‌نیا ئه‌و منالانه مافی ژیانیان هه‌یه که ئاغای ماڵ له مندالدانی ژن‌دا چاندوونی! ئایین زۆر به ئاشکرا چوارچێوه‌ی سیکس بۆ ژن و پیاو دیاری ده‌کا. پیاو بۆی هه‌یه هاوکات تا چوار ژنیشی هه‌بێ. له بیرمان بێ که پیاو “ژن ده‌هێنێ” واته خاوه‌نی ژنه‌که‌یه. به‌پێچه‌وا‌نه‌که‌ی دروست نییه و نا‌کرێ. ژن به شوو ده‌درێ به‌لام پیاو به ژن نادرێ. ژن دارایی پیاوه، “ماڵ”ی پیاوه و دیاره که ته‌نیا و ته‌نیا بۆی هه‌یه به‌ری شووه‌که‌ی بێنێته دنیا. هه‌ر به‌رێکی تر، به نابه‌ر حیساب ده‌کرێ و ده‌بێ له بار ببردرێ ده‌نا ژن خۆی سه‌ری تێدا ده‌چێ.
مندالێک که له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ئایین و باوکسالاری بێته دنیا، پێی ده‌گوترێ “زۆڵ”، “بێژوو”، “حه‌رامزاده”. ئه‌م ناوانه مۆری مه‌رگی هه‌مه رۆژه‌ن بۆ ئه‌و مناڵه‌ی که هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی نه به سه‌ر هاتنه دنیای خۆی دا هه‌یه و نه مافێکی به سه‌ر چوارچێوه ئایینی و باوکسالارانه‌که‌وه هه‌یه. مناڵه‌که سه‌رکوت ده‌کرێ بۆ شتێك که مافی به ئه‌وه‌وه نیه و له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه دایه.
کاتێک شاعیر له “بیژوو” وه‌کوو سیمبۆل بۆ نیشاندانی به‌رهه‌مێکی ناره‌سه‌ن که‌ڵک وه‌رده‌گرێ، بیهه‌وێ و نه‌یهه‌وێ ته‌ف ده‌کاته چاوی مناڵانی به ناو “ناره‌سه‌ن”، مناڵانێک که مافی ژیانیان لێ ده‌ستێندرێته‌وه چونکه “حه‌رامزاده‌ن”، چوونکه به مه‌ێلی خاوه‌نی ژنه‌که نه‌بوون، چوونکه هه‌ست و ویست و مه‌یلی ژن مافی هه‌بوونی نییه. به‌کارهێنانی “زۆڵ” و “بیژوو” له راستیدا تف کردنه له که‌رامه‌تی ژن وه‌کوو مرۆڤێکی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد. “بیژوو” یه‌عنی ژێرپێنانی هه‌ست و خۆشه‌ویستی ژن و سه‌لماندن و قه‌بووڵکردنی ئاغایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی پیاو به سه‌ر ژن، به سه‌ر “خۆشه‌ویستی”، به سه‌ر سیکس و به سه‌ر ژیان و ژیاندن دا.
دیاره مێژوو ده‌توانێ ساخته و ناراست بێت و شاعیریش به دلنیاییه‌وه هه‌ر ئه‌مه‌ی مه‌به‌سته. به‌ڵام به “بیژوو” کردنی مێژوو، به‌ردێکیش به جه‌سته‌ی شه‌تاڵی خوێنی مناڵانی خۆشه‌ویستی نه‌دیتووی زاده‌ی خۆشه‌ویستی دادرێ! به‌ردێکیش ده‌خرێته سه‌ر دیواری سه‌ر به ئاسمان کێشاوی ژن‌کوژی و ره‌نجه‌رۆیی ژن.
له سیسته‌می پیاوسالارانه و باوکسالاری‌دا، ته‌نیا کوڕه که دڵخوازه. ئه‌وه ته‌نیا کوڕه که ده‌توانێ به‌ر له کوژانه‌وه‌ی مه‌شغه‌ڵی نه‌وه‌ی باوک بگرێ. ئه‌وه کوڕه که ئاڵای باوکسالاری له باوکه‌وه به میرات پێده‌گات. ماڵی بێ کوڕ، ماڵی بێ ئاڵا و بێ مه‌شغه‌ڵه. ماڵیکی تاریکه و له سه‌ره‌ولێژی مه‌رگدایه. ماڵ و خانه‌دانی بێ کوڕ، بێ وه‌جاخه، بێ ئاگره! له خۆڕا نییه که خه‌ڵک به خێرخوازییه‌وه به ژنی مێردکردوو ده‌ڵێن:”به دایکی کوڕان بی” یان به پیاو ده‌ڵێن: “به باوکی کوڕان بی”. له فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریدا، له هیچ شوێنێکی دنیادا، نابیستی بڵێن: “به دایکی کچان بی”، یان بڵێن: “خوا کچت لێ نه‌ستێنێ”! ژن وکچ له فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریدا نه نرخیان هه‌یه و نه شایانی ئه‌وه‌ن جه‌رگیان بۆ بسووتێنی. ئه‌گه‌ر بێت و خوا بیانباته‌وه، زه‌ره‌دێکی گه‌وره نییه! ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پڕناکرێته‌وه، کوڕه. كوڕ ئاگری بنه‌ماڵه‌یه. کوڕ ته‌نیا زامنی به‌رده‌وامبوونی نه‌وه‌ی پیاوه! هه‌ربۆیه‌ش ده‌ڵێن بنه‌ماڵه‌ی بێ کوڕ “وه‌جاخی کوێره”، واته ئاگردانه‌که‌ی کوژاوه‌یه!
هه‌ر که‌سێک مافی خۆیه‌تی هه‌زار ره‌خنه‌ی له بارزانی، تاڵه‌بانی، بووش، و هه‌ر مرۆڤێکی باش و ناباش، هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی که به نێوی “وه‌جاخ کوێرییه‌وه” ده‌خرێته پاڵ بارزانی، به‌رده‌که‌ی به‌ر له بارزانی و کو‌ره‌کانی بارزانی، ژن ده‌ئه‌نگێوێ. “بارزانی وه‌جاخی کوێره” یه‌عنی کوڕه‌کانی بارزانی، کوڕ نین! واته ژنن! وه‌جاخی کوێر و ئاگردانی کوژاوه له کۆتاییدا ده‌بێ به ژن. بارزانی به وته‌ی شاعیر کوڕه‌کانی ژنن. ژنیش له فه‌رهه‌نگی پیاوسالارانه‌دا وه‌کوو ده‌زانین هیچ و پووچ و بێ قیمه‌ت و بێحورمه‌ته. مه‌به‌ستی شاعیر له شیعره‌که‌یدا جنێودانی راسته‌وخۆ به ژن نییه به‌ڵکوو به‌دناوکردنی کوڕه‌کانی بارزانییه. موشکیله‌که له‌وه‌دایه که “ژن” خودی جنێوه‌که‌یه و تف له ژن ده‌کرێ!
وڵات منداڵێکی برسییه
له پێکه‌نین و گڕو گاڵ که‌وتووه…
بێوه ژنێکه
پیاوێک و شاعیرێکی ده‌ربار
پێکه‌وه زه‌وتی ده‌که‌ن
(ره‌فیق سابیر، کۆمه‌له شیعری ئاوینه و سێبه‌ر، ل ٦۸)
له روانگه‌ی پیاوسالارییه‌وه ژنی به‌ڕێز و به حورمه‌ت ئه‌و ژنه‌یه که خاوه‌نی هه‌یه. ژنی بێ شوو قه‌در و قیمه‌تی ده‌شکێ و نرخی کۆمه‌لایه‌تی ده‌سبه‌جێ داده‌به‌زێ. “بێوه‌ژن” له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا مڵکی بێ ساحه‌به، زه‌وی بێ په‌رژینه و هه‌رکه‌سێ بیهه‌وێ ده‌توانێ خۆی به سه‌ردا بکێشێ و له‌ززه‌تی لێ ببات. له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا ئه‌وه ته‌نیا ماڵ و مڵک و داراییه که زه‌وت ده‌کرێ. له روانگه‌یه‌کی ئینسانییه‌وه زه‌وت کردن هه‌ر زه‌وت کردنه سه‌ره‌ڕای جنسیه‌تی خاوه‌نه‌که‌ی. به‌ڵام له کولتوری پیاوساڵاریدا زه‌وتکردنی پیاو هه‌بوونی نییه. نه‌ک به‌هۆی ئه‌وه‌ی که هیچ پیاوێک له مێژووی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌دا زه‌وت نه‌کرابێ به‌ڵکوو به هۆی ئه‌وه‌ی که پیاو بۆ زه‌وتکردن نابێ! پیاو سیمبۆڵی ده‌سه‌ڵات و هێزه. ده‌سه‌ڵات نابێ له زه‌وتکردن بێ ده‌نا ئیتر ده‌سه‌ڵات نییه. هه‌ربۆیه‌ش گه‌وره‌ترین بێ حورمه‌تی له‌و فه‌رهه‌نگه‌دا زه‌وتکردنی “ژن”ی که‌سێکه. بێ حورمه‌تییه‌که‌ش که‌متر ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر سووکایه‌تی به گیان و له‌ش و رووحی “ژنه”که خۆی، به‌ڵکوو ده‌ست درێژی کردنه بۆ “مال”ی پیاوێک. ده‌ستدرێژی کردنه‌که به مانای هیچ و پووچ بوونی پیاوه‌که‌یه که نه‌یتوانیوه، “ماڵه‌که‌ی” بپارێزێ!
ئه‌و شاعیره‌ی که وڵات ده‌کا به بێوه‌ژن و به پیاوێکی ده‌ربار به زه‌وتکردنی ده‌دات، خۆی چرای سه‌وزی زه‌وتکردن و بێ قیمه‌ت کردنی ژن داده‌گیرسێنێ. “ژن” له‌و شیعره‌دا، مرۆڤێکی پله نزمه، چون به پێوانه‌ی پیاوسالاری هه‌ڵده‌سه‌نگیندرێ. ژنی بێوه، ژنی بێ ساحه‌ب، واته ژنی له ژن که‌متر! هه‌ر وه‌ک له پیشتردا وترا، له فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریدا “ژن” خۆی جنێوه، چونکه نرخی کۆمه‌لایه‌تییه‌که‌ی له نزمترین ئاست دایه. کاتێک شیعره‌که‌ی سه‌روه به زمانی سیمبۆله‌کانی پیاوسالاری و ئایینه‌وه دێته قسه کردن، که‌مترین کارێك که ده‌یکات گیانبه‌خشینی دووباره‌یه به فه‌رهه‌نگی دژ به ژن.
هه‌روه‌ک وترا، فه‌رهه‌نگی پیاوسالار و ئایینی، زمان و سیمبۆلی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. به‌کارهێنانی سێمبۆله‌کانی فه‌رهه‌نگی دژ به ئینسان به گشتی و دژ به ژن به تایبه‌تی، شیاوی ئینسانی ئه‌مرۆ نییه. که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و سیمبۆلانه بیحورمه‌تی کردنه به مرۆڤ و ده‌بێته هۆی درێژه‌پێدان به ته‌مه‌نی ئه‌و سیمبۆلانه و نرخه نامرۆڤانه‌کان. پاڵاوتنی زمان له ووشه و سیمبۆلی کونه‌په‌رستانه یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی نووسه‌ران و هونه‌رمه‌ندانی پێشره‌وه. دیاره ئه‌و ئه‌رکه له پله‌ی یه‌که‌مدا ده‌که‌وێته ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی. به‌ڵام ئه‌وه له به‌رپرسبوونی پێشره‌وانی کۆمه‌لگا به گشتی و شاعیر و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند به تایبه‌تی که‌م ناکاته‌وه.