تازەترین بابەتدێڤین رێکسویدکولتوور

رۆل و دۆخی پیاو لە کولتووری شەڕەف- و نامووسخوازیدا

دەستەمۆی دەستەمۆکردنdevin

باسێک لە سەر ڕۆڵ و دۆخی پیاو

لە کولتووری شەرەف-  و نامووسخوازیدا

 نووسینی: دێڤین رێکسوید

 پوختەی باس

ئەمڕۆ له ئاستی جیهاندا پرسی زەبروزەنگ و کوشتن بە پاساوی پاراستنی نامووس لێکۆڵینەوەی له سەر دەکرێ. سەرنجی سەرەکی ئەم توێژینەوەش دۆخی قوربانیانی ژنی زەبروزەنگی نامووسی بووه. ئەو ڕاستییه که پیاویش گیرۆدەی هاوسەرگیری زۆرەملی دەبن یا لە لایەن کەسوکاری ئەو ئافرەتەی پەیوەندی بەر یا بەدەر له ژیانی هاوبەشیان هەیه، دەکەونه بەر هەڕشه و ئازار و کوشتن یا ناچار دەکرێن کەسوکاری مێینەی خۆیان سزا بدەن، لێکۆڵینەوەی کەمی له سەر کراوه. به تایبەت ڕۆڵی دەبڵی پیاو وەک قوربانی و تاوانکاری کولتووری نامووسی پێویسته بخرێته بەر ڕەخنه و شیکردنەوەی تیۆریک. بەو مەبەسته ئەم وتاره چەمکەکانی پیاوەتی، نامووس و شەرم له کولتووری نامووسیدا دەداته بەر باس و شیکردنەوه. پاشان دواباسێک دەکرێ له سەر چەند وەرچەرخانێکی مێژوویی له وڵاتانی ڕۆژئاوادا که کاریگەرییان دانا له سەر گۆڕینی ڕۆڵی پیاو له خێزان و کۆمەڵگادا و دەوریان بوو له دابڕینی پیاوەتی و شەره ف له لەش و جنسییەتی کەسوکاری مێینەی پیاو. وتاره که به هەڵوێستەیەک له سەر ڕۆڵی دایک و سیستەمی پەروەرده له ڕیفورمیزە کردنی پیاوەتی له کولتووری نامووسیدا کۆتایی پێدێت.

دەستپێک

ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیھان لێکۆڵینەوە لەسەر زەبروزەنگ و کوشتن بە پاساوی نامووس دەکرێت بۆ تێگەیشتن لە ھۆکارەکانی ئەم دیاردانە و دۆخی قوربانییەکان، ھەروەھا بۆ پەیبردن بە چۆنێتی گۆڕینی دابونەریت و بیروڕای ئەو کەسانەی تاوانی نامووسیی دەکەن (Bredal, 2011; Cindoglu, 1987; Erdreich, 2006; Khan, 2006; Mitra, 2013; Parla, 2001; Rexvid & Schlytter, 2012; Schlytter & Rexvid, 2013; Sen, 2005; van Eck, 2003; Vincent, 2006; Wikan, 2003; Xiao, 1989 ).  لە دە-پازدە ساڵی ڕابردوودا پاش چەندین کوشتنی نامووسیی سەرنجپێدراو، لێکۆڵینەوە لەسەر شەرەف و نامووس بوون بە یەکێک لە داغترین باسە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا. لە سوید دوای کوژرانی چەند کچێکی پەنابەر لە کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای ٢٠٠٠دا ، کە لەوانە لایەنی کەم دووانیان کورد بوون (فادیمە شاھینداڵ و پێلا ئەترووشی)، تا چەند ساڵێک تەوەرەی سەرەکی لێکۆڵینەوەکان ھەلومەرجی ژیانی پڕ لە سەرکوتکردن، توندوتیژی و ستەمی جنسی کچانی ڕەبەنی *  پەنابەر بوو. (رەبەن:   وشەی ڕەبەن و سەڵت لە کوردیدا بۆ پیاوی بێ هاوسەر بە کاردێن. بێ هاوسەری مرۆڤی مێینە بە کچ یا بێوەژن ناوی لێ دەبردرێ. لەم نووسراوەیەدا ڕەبەن بۆ مێینەی بێ هاوسەریش کەڵکی لێ وەردەگیرێ.)

لە ساڵی ٢٠٠٥دا کوژرانی کوڕێکی گەنجی ئەفغان لەلایەن بنەماڵەی دەزگیرانەکەیەوە، کە ئەوانیش ھەر ئەفغان بوون، وردە وردە بوو بە یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ئاخافتن و توێژینەوەی ئاکادیمی لەسەر ھەلومەرجی کوڕ و پیاو لە کولتووری نامووسیدا. دواتر کوژرانی ژنێکی گەنجی کورد بە ناوی ژیان سوبحی عوسمان لە ساڵی ٢٠١١دا ، سەرنجی کۆمەڵگای سویدی بۆ دۆخ و ژێردەستەیی ژنی ھاوسەردار لە کولتووری نامووسیدا ڕاکێشا. جیا لە باس و مشتومڕ لەسەر دۆخی کچ، ژن و پیاو، ئێستە شاھیدی وردبوونەوەیەکی ڕوو لە گەشەین لە دۆخی منداڵانیشدا بەگشتی و بەتایبەت شکڵ و شێوەی بارھاتن و بەکۆمەڵایەتیبوونیان لە کولتووری نامووسیدا. (Schlytter & Rexvid, 2013)

ھەروەھا ئەمڕۆ لە ئەنجامی توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر چەمکی شە‌رەف، ڕادەی زانیاری لەسەر شێوازە جیاوازەکانی زەبروزەنگی نامووسی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە. ئەمڕۆ دەزانین کە پاراستنی کولتووری نامووسی لە ڕێگەی  ”بە مێرددانی منداڵ“، ھاوسەرگیریی زۆرەملێ، ناچارکردنی نیشاندانی کچێنی، (باکێرەبوون) لە کاتی ھاوسەرگیرییدا، تێستی داوێنی ژن بۆ سەلماندنی ”باکیرە نەـبوونی“، دروونەوەی نەشتەرگەرییانەی کچێنی (پەردەی بەکارەت)، خەتەنە و ھەڵاواردنی فیزیکی و کۆمەڵایەتی ژن و پیاو لە ڕووبەری تایبەتی و گشتیدا، ئەنجام دەدرێت. شایانی جەخت لەسەر کردنە کە تەوەرەی توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر شە‌رەف زیاتر دۆخ و گیرۆدەیی کچ و ژن بووە. لایەنێکی زەبروزەنگی نامووسی کە کەمتر مشتومڕ و توێژینەوەی لەسەر کراوە، دەور و نەخش و گیرۆدەیی کوڕ و پیاوە لە کولتووری نامووسیدا (Rexvid & Schlytter, 2012; Schlytter & Rexvid,  2013).     بۆیە ئەم وتارە سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخ و رۆڵی پیاوە لە کولتووری نامووسخوازدا چونکە تێگەیشتن لە ھەلومەرجی پیاو، دەتوانێ تێگەیشتن لەو سیستەمە بەھایی و ئەرزشییە کە کولتووری نامووسی لەسەر دامەزراوە، قووڵتر و ھەمەلایەنەتر بکاتەوە.

مەبەست

مەبەستی سەرەکی ئەم وتارە باسکردنی ناوەڕۆکی چەمکەکانی پیاوەتی، شەرەف و شەرم/ سووکایەتییە. ئەمەش پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا ھەیە لە مێژووی لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەکانی پیاوەتی و شەرەف. مەبەستی دووھەمی وتارەکە بریتییە لە ھەڵوێستەیەک لەسەر ئەگەر و چۆنیەتی ئاڵوگۆر بەسەرداھێنانی پیاوەتی لە کولتووری نامووسخوازدا لەژێر تیشکی ئەو گۆڕانکارییانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەسەر دیاردەی پیاوەتیدا ھاتوون.

ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی توێژینەوە لەسەر پیاوەتی و شەرەف

مێژووی توێژینەوە لەسەر چەمکی پیاوەتی، بەپێی پێداچوونەوەی توماس یوھانسون و یاری کوسمانێن، Johansson & Kousmanen  2003 دەگەڕێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە فێمینیستییەکانی شەستەکان و حەفتاکان کە دیاردەی پیاوەتی و پەیوەندی نێوان ژن و پیاویان دایە بەر ڕەخنە و شیکردنەوە.تەوەرەی سەرەکیی باسەکان لەو سەردەمەدا بریتیبوو لە باڵادەستیی پیاو و ژێردەستەیی ژن و ھەروەھا زەبروزۆری پیاوانە لە قالبی شەڕ، تاوانکاری، ژن ئازاری، دەستدرێژی سێکسی و کڕینی سێکس لە ژنی لەشفرۆش. لە ھەمان کاتدا شێوەی ژیانی پڕ زەڕی پیاوان بۆ خۆشیان خرایە بەر باس؛ بۆ نموونە ئەوەی کە پیاوان لە ئەورووپا تەمەنیان لە ژنان کورتتر، ڕێژەی خۆکوشتن و بەکارھێنانی ئەلکوھۆل و دەرمانە ھۆشبەرەکان لە ناویاندا بەرزتر بوو. ھەتا ھەشتاکان تیۆری رۆڵەکان role theory باوترین و زاڵترین چوارچێوەی تیۆریک بوو بۆ مشتومڕکردن لەسەر پیاوەتی، ژنایەتی و زایەند و جێندەر gender/sex.

جۆزێف پڵێکی Joseph Pleck  دەروونناس یەکێکە لە ڕێچکە شکێنەکانی توێژینەوە لەسەر پیاوەتی. ئەو کەموکوڕییەکانی تیۆری رۆڵەکان، بەتایبەت تێگەیشتنی یەکلایەنانە و پێوانەیی/  میعیاری normative ئەم تیۆرییەی بۆ جێندەر و پیاوەتی، دایە بەر ڕەخنە و بناغەی پرۆگرامێکی ئەڵتەرناتیڤی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر پیاوەتی داڕشت. ئەم پرۆگرامە سەرنجی سەرەکی لەسەر چۆنێتی شکڵگرتنی پیاوەتی بوو. لە ھەشتاکاندا جەخت لەسەر ئەوە کرا کە پیاوەتی بخرێتە ناو چوارچێوەی بیرۆکەیەکی مێژووییەوە بۆ خەوشاندنی وێنەی نەگۆر static نامێژوویی دیاردەی پیاوبوون. لێکۆڵینەوە لەسەر پیاوبوون لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا ڕووی کردە توێژینەوەی بێمەرج لەسەر پیاو وەک بوونەوەرێکی جنسی. نووسراوەکانی  Carrigan, Connell & Lee 199  Kimmel 2012, دەکەونە زومرەی ھەوڵە سەرەتاییەکانی بە مێژووییکردنی چەمکی پیاو و پیاوبوونەوە.

مێژووی لێکۆڵینەوە لەسەر شەرەف و نامووس تا ڕادەیەکی زۆر نادیارە. زۆربەی زۆری ئەو کارە ئەکادیمییانەی کە لەسەر دیاردەی شەرەف لە ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست تا سەدەی ھەژدە کراون،  لە دەوری دیاردەی دوئێل duel لەناو توێژی ئەریستۆکراتی ئەورووپا پەنگیان خواردۆتەوە. مێژووی توێژینەوە لەسەر شەرەف لە ئەورووپای مۆدێڕن، وڵاتانی دەوروبەری دەریای مەدیتەرانە، بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باکوور و شاخی ئەفریقادا، دەگەڕێتەوە بۆ شەستەکان. زۆرێک لە سەرچاوە کلاسیکەکان لەو بوارەدا بە قەڵەمی سۆشیال ئانترۆپۆلۆژەکان نوسراون. بەرھەمەکانی Block, 2001; Campbell, 1964; Delaney, 1982; Giant, 1979; Gilmore, 1987; Peristiany & Pitt-Rivers, 1992; Safilios-Rothchild, 1969; Stewart, 1994; Wikan,2003 لە ڕیزی کاری ئەکادیمی کلاسیکدان.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەی پیاوەتی لەلایەکەوە جگە لە پرسی دوئێل زۆر بەدەگمەن وردبۆتەوە لە چەمکی شەرەف و پەیوەندی ئەو لەگەڵ پیاوەتیدا. لە لایەکی تریشەوە توێژینەوە لەسەر چەمکی شە‌رەف زۆر بەکەمی و لە باشترین حاڵەتدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ئاوڕی لە دیاردەی پیاوەتی داوەتەوە Rexvid, 2007.

چەمکی پیاوەتی

دوای ئەم کورتە ئاوڕە لە مێژووی توێژینەوە لەسەر دیاردەی پیاوەتی و شەرەف، کاتی ئەوەیە کە بەکورتی و بەگشتی مانای چەمکەکانی پیاوەتی و شەرەف شیبکرێنەوە. پیاوەتی لە کۆمەڵگای ھەرەوەزی و تاکگەرادا individualist مانای جیاوازی ھەیە. لە کۆمەڵگای ھەرەوەزیدا جەخت لەسەر وابەستەیی تاکەپیاو بە کەس وکارییەوە دەکات لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگای تاکگەرادا جەخت لەسەر سەربەخۆیی تاکەپیاو دەکات. ھەروەھا ئایدیاڵی کۆمەڵگای ھەرەوەزی ”کچی باکیرەیە“ وەک بنەمای پیاوەتی لە کاتێکدا پیاوەتی لە کۆمەڵگەی تاکگەرادا لە بەکارەت ترازاوە یا دابڕاوە. لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی ھەرەوەزییەوە، کۆنتڕۆڵ یا دەسبەسەرداگرتنی کەسوکاری مێینە شەرەف و پلەی کۆمەڵایەتی پیاو بەھێزدەکا لە حاڵێکدا کردەوەیەکی لەو چەشنە مایەی شەرمەزارییە بۆ پیاو و پلەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای تاکگەرادا دادەبەزێنێ Ekenstam,1998 ; Appiah, 2010.

ئەگەر لە کۆمەڵگای ھەرەوەزیدا خۆبەختکردن بۆ کەسوکار و ھۆز لەپێش بە دیھێنانی حەز، ئاوات و پڕۆژەکانی ژیانی تاکەپیاوە، لە کۆمەڵگای تاکگەرادا بەدیھێنانی ئاوات و پڕۆژەکانی تاکەپیاو بنەڕەتییە نەک خۆبەختکردن بۆ کەسوکار و ھۆز. جیاوازییەکی تر لەنێوان تێگەیشتنی ئەو دوو کۆمەڵگایە بۆ پیاوەتی ئەوەیە کە تاکەپیاو لە کۆمەڵگای ھەرەوەزیدا مافی خۆی نییە بەڵکوو جێگەی تایبەتی خۆی ھەیە لە بنەماڵە و ھۆزدا. گوێڕایەڵی، ملکەچی ئۆتۆریتە بوون و وەفاداری و پاکی بەرلە مافی تایبەتی تاکەپیاون. بەڵام لە کۆمەڵگای تاکگەرادا بەپێچەوانە مافەکانی تاکەپیاو لەبەرتر و قوورسترن لە ئەرک و ئەمەکناسی کوێرانە بۆ دەورووبەر. وەک دوایین جیاوازی دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین کە لە کۆمەڵگەی ھەرەوەزیدا هەست  بە شوورەیی کردن و سووکایەتی، هاوکات لە گەڵ ڕا و بۆچوونی دەوروبەر، دەبنە رێپیشاندەری ئەخلاقی تاکەپیاو. بەڵام لە کۆمەڵگەی تاکگەرادا ئەوە هەستی بەرپرسیارییەتی تاکە پیاو خۆیەتی کە دەبیتە رێپیشاندەری ئەخلاقیی تاکە پیاوەکە.

لێرەدا پێویستە ئەوە ڕوونبکرێتەوە کە ئەم وتارە نە کورتەیەک لە پێناسە جیاوازەکان دەخاتەڕوو نە قامک دەخاتە سەر خاڵی ھاوبەش و جیاوازی ئەو پێناسانە. ئەوەی کە بۆ مەبەستی ئەم وتارە گرنگە پێناسەیەکی مینیماڵی minimal تەکنیکییە کە  Connell، 1995 لە چەمکی پیاوەتی دەیکا. بەبڕوای Connell پیاوەتی پەیوەستە بە کۆمەڵێک چاوەڕوانی کۆمەڵگاوە لە تاکەپیاو و پیاوان بەگشتی. ئەو پیاوانەی کە ئەم چاوەڕوانییە تایبەتانەی دەوروبەر بەجێدێنن و پەیڕەویان دەکەن لەلایەن کۆمەڵگاوە وەک پیاو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕێزی تایبەت بە پیاویان لێدەگیرێت. بەپێچەوانەوە، ئەو پیاوانەی کە لە چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگا لادەدەن یان دەیانخەنە ژێرپێ، وەک ژن، ناپیاو یا ھۆمۆسێکسوال سەیریان دەکرێت و ڕێزی تایبەت بە پیاویان لێناگیرێت Connell, 1995, Kimmel & Aronson, 2008. پیویست بە وتنە کە ئەم چاوەڕوانیانە نە نەگۆڕ و تاھەتایین، بەڵکوو بەپێی کەلتوور و قۆناغی مێژوویی جیاواز دەگوڕدرێن. بۆ وێنە ئەو تایبەتمەندی، ڕۆڵ و چاوەڕوانییانەی کە لە سەدەی حەڤدەدا لە سوید بەردی بناغەی پیاوەتییان پێکدێنا زۆر جیاوازن لە چاوەڕوانی سویدی ھاوچەرخ لە پیاو و پیاوەتی. ‌ھەروەھا جیاوازی دەبینین لە نێوان تێڕوانینی وڵاتە سکاندیناڤییەکان و وڵاتانی باشوری ئەورووپا، وەک ئیتاڵیا و ئیسپانیا، سەبارەت بە پیاوەتی و شەرەف. ھەر بەو شێوەیە دیدی کۆمەڵگا بۆ پیاوەتی و شەرەف دەگۆڕدرێ، بەستە بەوەی کە کۆمەڵگا لەسەر بنچینەی ئیندیڤیدوالیزم دامەزرابێ یا کۆلێکتیڤیزم.ھەموو بارودۆخێکی تایبەتی مێژوویی و کولتووری دیدێکی زاڵ بۆ پیاوەتی یا بە وتەی Connell  پیاوەتی زاڵ یا باڵادەست Hegemonic masculinity بەدەستەوە دەدات و مەشرووعییەتی پێدەدات. پیاوەتی زاڵ ئاماژە بە پێکھاتەیەک لە کرداری جنسی Connell, 1995 دەکا کە وەڵامی پەسەندکراو بە پرسی مەشرووعییەتی پیاوسالاری دەدات و بەو شێوەیە باڵادەستی پیاو و ژێردەستەیی ژن مسۆگەردەکات. لە کاتێکدا پیاوەتی زاڵ لە کۆنتێکستی context مۆدێرندا لە بەکارەت ترازاوە Khan, 2006  ، چاوەڕوانی پیاو کە دەبێ ھاوسەری داھاتووی و کەسوکاری مێینەی باکیرە و ”بوخچە ی نەکراوە بن“، بەردی بناخەی پیاوەتی زاڵە لە کولتووری نامووسیداKhan, 2006; Schlytter, Högdin, Ghadimi, Backlund & Rexvid, 2009a; Schlytter, Högdin, Rexvid, 2009b.

چەمکی شەرەف

دوای ئەم پێناسە مینیماڵیستییەی دیاردەی پیاوەتی جێی خۆیەتی کە بە ھەمان شێوە پێناسەیەکی کورتیش بۆ چەمکی شەرەف بکرێت. ھەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا، کاری ئەکادیمی تیۆری و مەیدانییempiric  لەسەر دیاردەی شەرەف ژمارەیان فراوانە. لێرەدا ئەوەی کە بەبڕوای من کاکڵی ئەو توێژینەوانەیە بەکورتی باس لێدەکەم. بەڵام سەرەتا پێویستە چەند جیاوازییەک لە نێوان دیدی کۆمەڵگەی ھەرەوەزی و تاکگەرادا بۆ دیاردەی شەرەف زەق بکرێنەوە.

لە ڕوانگەیەکی مۆدێڕنەوە زەبروزەنگی نامووسی یا تیژینواندن بە پاساوی پاراستنی شەرەف، لە لایەنی ئەخلاقییەوە شێوازێکی چەوت و ھەڵەی پراتیزەکردنی شەرەفە Appiah, 2010; Schlytter & Rexvid, 2013.  لە کۆمەڵگەی ھەرەوەزیدا تەنیا پیاو خاوەن شەرەفە. تەنیا کاریگەرییەکی چالاک کە ژن دەتوانێ لەسەر شەرەفی دانێ ئەوەیە کە خەوشداری کا بۆ کەسوکاری نێرینەی. لە کۆمەڵگەی تاکگەرادا ژنیش وەک پیاو بە خاوەن شەرەف دەزانرێت و بەو جۆرەش حیساب بۆ خۆی دەکات. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە شەرەف لە کۆمەڵگەی تاکگەرادا بە مانای ناوبانگی باش دێت لەسەر بنەمای کەسایەتی باشی سەلمێندراو.ibid

لە کۆمەڵگای تاکگەرادا لە سەدەی شازدە بەملاوە جەخت لەسەر شەرەف و ناوبانگی تاکەکەس کراوەتەوە بەو مانایەی کە ھەستی بەشەرەفبوونی خودی تاکەکەس لای خۆی گرنگتر بووە لە بەرپرسیارێتی ئەو بەرامبەر بە شەرەف و ئابڕووی بنەماڵە و ھۆزەکەی. لە دەوڵەتە یاساییە تاکگەراکاندا بێڕێزکردن یا تۆمەتی شەرەف-شکاندنی کەسێک لە یاسادا رێکخراوە. لە کۆمەڵگای ھەرەوەزی نامووسخوازدا کە دەوڵەت لەسەر بنچینەی یاسامەندبوون دانەمزراوە و لاوازە، ئەوە دەوڵەت و دادگا نین کە کەیسی شەرەف-شکاندن و تۆمەتلێدان ڕادەپەڕینن و لێیدەکۆڵنەوە، بەڵکوو ئەو کەسە یا کەسانەی سووکایەتییان پێکراوە یاسای تۆڵەسەندنەوە پەیڕەودەکەن و زۆرجاریش لەبەر چاوی پۆلیس و دادگادا. شەرەف وەک دانپێدانانی کۆمەڵگا بە مافی پیاودا کە ئەو وەک پیاوێکی بەشەرەف، یانی پیاوێک کە کەسوکاری مێینەی کۆنتڕۆڵ دەکا، شایانی ڕێزلێگرتنە لە کۆڕی پیاواندا، ھاوکات بە مانای پێشێلکردنی ئازادی، سەربەخۆیی، سەروەری، کەرامەت و بوونی existence   کەسوکاری مێینەی پیاوە. لەو ڕووەوە ئەوەی کە لە کۆمەڵگای نامووسخوازدا وەک مافی پیاو دەسەلمێندرێ، لە کۆمەڵگای یاسامەنددا وەک تاوان یا کردەوەیەکی دژبە یاسا سەیردەکرێتAppiah, 2010; Ekenstam, 1998 .

شەرەف وشەیەکی عەرەبییە بۆ وەسفی خەسڵەتی پیاوانە کاتێک پیاو ئازایەتی، ڕاستگۆیی، بڕواپێکراوی، دڵفراوانی و تایبەتمەندی تری باشی لەم چەشنە نیشاندەدات بۆ ئەوەی ناوبانگ دەربکا یا بیپارێزێ Abu Zeid, 1965; Peristiany & Pitt-Rivers, 1992; Rabia, 2011; Wikan, 2003. زمانی عەرەبی شەرەف جیادەکاتەوە لە عەرد. لە کاتێکدا کە شەرەف خەسڵەتی پیاوانەی وەک غیرەت، بڕواپێکراوی، ڕووڕاستی و توانای پیاو بۆ پاراستنی سامان و موڵکوماڵی لەخۆ دەگرێ، عەرد ھێمایەکە بۆ کەسوکاری مێینەی پیاو کە دەستیان لێنەدرابێ و ئەزموونی جنسی بەر یا بەدەر لە ھاوسەرگیرییان نەبێت. بە وتەی ڤان ئێکvan Eck, 2003   تورک و کورد و فارس بە شێوەیەکی ھاوچەشن شەرەف و نامووس لێکھەڵداوێرن. نامووس لای کورد و تورک و فارس بە مانای بەکارەت، دوورەپەرێزیی و پاکی جنسی بەکاردێت لە حاڵێکدا شەرەف ھەر بەو مانایە کە پێشتر ھێمای پێکرا، کەڵکی لێوەردەگیرێت. شەرەف وەکوو پرس، پەرۆش، بەرژەوەندی، گرفت، ژانەسەر و کێشەیەکی پیاوانە لەم وتارەدا بە واتای سیستەمێکی پێکھاتوو لە کۆمەڵێک پێوانە norm  و بەھا value   بەکاردێت، سیستەمێک کە بەردی بناغەی بریتییە لە کۆنتڕۆڵی پیاو بەسەر جنسییەت، جەستە و ڕەفتاری سێکسی، کۆمەڵایەتی و سیمبۆلیکی ژندا Cindoglu, 1997; Commaraswamy, 2005; Gilligan, 1997; Khan, 2006; Parla, 2001; Safilios-Rothcild, 1994; Sen, 2005 .

شەرەف باسی ھەستارییەکی بێسنووری پیاوە کاتێک ھەست بەوە دەکا کە شەرمەزارکراوە یا سووکایەتی پێکراوە. ئەم ھەستیارییە بەھێزەیە کە زۆرجار دەبێتە ھۆ و ھاندەری پیاو کە ئەو کەسانەی شەرمەزاریان کردوە یا سووکایەتیان پێکردوە، شەرمەزار بکات یا سووکایەتییان پێبکات. ھەروەھا شەرەف خەڵاتێکە کە لە کۆمەڵگای نامووسخوازدا دەبەخشرێ بە پیاوی لێھاتوو لە بواری ھێزنواندن، ویست داسەپاندن و دەستەمۆکردنی ئافرەتانی بنەماڵە و دوور ڕاگرتنی ئەو پیاوانەی دەتوانن لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ ژنانی بنەماڵەوە سووکایەتی و بیئابڕوویی بەباربێنن Blok, 2001; Safilios-Rothchild, 1969; van Eck, 2003.

شەرەف  بکەر یا سوبژەبوونی subjectivity پیاو بەھێزدەکا بەو مانایە کە پیاو ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە ھاندەدرێت کە خۆی بڕیاردەری ژیانی بێت و لەباری ئە خلاقییەوە بەرپرسی ئاکامی چاک و خراپیی کردارەکانی خۆی بێت. ئەوەی کە کوڕ و پیاوی گەنج بەھۆی بوونی باڵابەندی hierarchy تەمەنەوە فەرمانبەر و گوێڕایەڵی پیاوی دەمڕاست و ڕیشسپی بنەماڵە و ھۆزن، ئەم ڕاستییەی ھەستپێکردنی پیاو بە سوبژەبوون  subject کاڵناکاتەوە. بەپێچەوانەی دۆخی پیاوەوە، شەرەف ھەستی سوبژەبوونی ژن نەک تەنیا لاواز بەڵکوو کاولدەکات لەو ڕووەوە کە ژن لە کولتووری خێڵەکی و نامووسیدا وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی سەربەخۆ کە توانای ھەڵاواردنی چاک و خراپی بێت، سەیرناکرێت و سوبژەبوونی ئەو ناسەلمێندرێت. ئەم تێڕوانینە بە ژن وەک بوونەوەرێکی نەبەگە و/  یا ناکامڵ، یەکێک لەو پاساوانەیە کە پیاو لە کۆمەڵگای نامووسخوازدا کەڵکی ڵێوەردەگرن بۆ بەڕەواکردنی کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ژندا van Eck, 2003; Wikan, 2003.

ھەندێک توێژەری تر وشەی كۆدێکسی شەرەف honour codex  بەکاردێنن بۆ روونکردنەوەی بڕبڕەی پشتی کولتووری نامووسی و کۆمەڵگای شەرەفخواز.Stewart, 1994; Wikan, 2003 کۆدێکسی شەرەف لە ژمارەیەک یاسا و ڕێبازی ڕێنمایانەی ڕەوشتی پێکھاتووە. کۆدێکسی شەرەف لەسەر بنەمای چاوەڕوانییەک دامەزراوە کە لەلایەکەوە ڕێگە بە پیاو دەدا یا باشتر وایە بڵێین بە مافی پیاوی دەزانێ کە داوای سێکس بکا لە ژن و لە لایەکی ترەوە ژن ناچار دەکات کە ئەم داوایەی پیاو ڕەتبکاتەوە. گرنگی چەمکی کۆدێکس لەوەدایە کە یارمەتیمان دەدات باشتر تێبگەین لەوە کە بۆچی زیاتر کچ یا ژن دەبنە قوربانی تیژی و گرژی نامووسیی. کۆدێکسی شەرەف ئەو ڕاستییە ئاشکرادەکات کە چاوەڕوانی ناڕەوای کولتووری نامووسی لە ژن لە ڕوانینی سێکسیستی کۆمەڵگەوە بە ژن سەرچاوە دەگرێت. لەو کەلتوورەدا ژن ئامرازێکە بۆ بەراوردی نیازە ماددی، ڕۆحی و سێکسیەکانی پیاو و وەجاخڕوون ڕاگرتنی ئەو. بە واتایەکی تر ژن چاوەڕوانی ئەوەی لەسەرە کە بێمەرج سێکس بکات لەگەڵ ھاوسەرەکەی، منداڵی بۆ درووستبکات و گەورەی بکات، خواردنی بۆ ئامادە بکات، جلوبەرگ و ناوماڵی بۆ بشوات. کۆدێکسی شەرەف نیشانیدەدات کە تەنانەت ئەو ژنانەی کە دەستدرێژییان دەکرێتەسەر و رۆڵی چالاکیان نەبووە لە شکاندنی شەرەف و تکاندنی حەیای پیاوانی بنەماڵەیاندا، دەکەونە بەر ڕق و تۆڵەی کەسوکاری نێرینەیان چونکە ئەرکی ھەمیشەیی ئەوانە کە ویست، حەز و داوای پیاو بۆ نزیکبوونەوە و سێکس ڕەتبکەنەوە. ibid .

بە کورتی شەرەف و پیاوەتی ھەردووکیان چەمکی پەیوەستن بەو مانایە کە ئێمە ناتوانین دەرکیان بکەین ھەتا ئەوان گرێنەدەین بە دژانبەرەکانیان. دژانبەری شەرەف بێشەرەفی، بێنامووسی، بێچاووڕوویی یا بێئابڕووییە نەک بێشەرمی یان بیحەیایی وەک ھەندێک توێژەر جەختی لەسەر دەکەنەوە Wikan, 2003 تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر پیاوەتی، دژانبەرەکانی بە درێژایی مێژوو ژنایەتی و ھاورەگەزگەرایی homosexuality  بوون Connell, 1995, Kimmel & Aronsson, 2008.

ڕۆڵی دوولایەنانەی پیاو لە کولتووری نامووسیدا

لە ئەدەبیاتی تیۆری چەمکی شەرەفدا، دی بێللا di Bella, 1992/2005 دوو لایەنی ئەو چەمکە دەخاتەڕوو. یەکەم لایەنیان پەیوەندیدارە بە پاکی جنسی ژن و لایەنی دووھەمیان گرێیخواردوە بە ناوبانگی بنەماڵە و ھۆزەوە*. ( زمانی کوردی وەکوو باقی کەلتوورە کۆلێکتیڤیستی و نامووسییەکان فرەوشەیە بۆ بەیانی لایەنەکانی جۆراوجۆری شەرەف و نامووس. زمانە ئەورووپیەکان فەقیرترن لەم بارەوە. بۆ نموونە زمانی ئینگلیزی دوو دژانبەری سەرەکی  هەیە بۆ شەرەف کە بریتین لە:  Disgrace and dishonor Peristiany & Pitt-Rivers, 1992)

کوڕ و پیاو بە پێچەوانەی کچ و ژن، شەرەف بە میرات دەبەن بەو مانایە کە ئەوان ئەرکی سەرشانیانە کە نەھێڵن ناوبانگی باشی بنەماڵە بزڕێ تا لەو ڕێگەوە بەردەوامی بنەماڵە و تایفە مسوەگەرکەن. کوڕ و پیاوی گەنج دەبێ غیرەت و توانایی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە شەرەفی بنەماڵە بۆ دەوروبەر بسەلمێنن بۆئەوەی نیشانبدەن کە ئەوان شیاوی ناو و ناوبانگی بنەماڵە و عەشرەتیانن. سەرکەوتنیان لەم بوارەدا ئامادەیان دەکا بۆ ڕێبەریکردن و دەمڕاست و پیاوماقووڵ بوون، ئەركێک کە لە کاتی بەساڵاچووندا دەکەوێتە سەر شانیان.

کوڕ و پیاو ڕۆڵی تایبەتیان ھەیە لە کولتووری نامووسیدا بەھۆی ئەوەی کە ئەوان بەپێچەوانەی کچ و ژنەوە کە زیاتر دەستڕەسییان بە ڕووبەری تایبەت private sphere هەیە، ئەوان پێیەکیان لە ڕووبەری تایبەت، کە قەڵەمڕەوی مێیینەیە و پێیەکەی تریان لە ڕووبەری گشتیدایە public sphere کە پیاو تێیدا زاڵە. (di Bella, 1992/2005; Tillion, 2007) نێرینەکانی ھەر ھۆزێک فێردەکرێن کە خوشک و دایک و خزمی مێیینەیان کۆنتڕۆڵبکەن بە مەبەستی پاراستنی پلە و ناوبانگی باب و باپیرانیان. شەرەف بەم مانایە بناغەی بوون و مانەوەی کۆمەڵایەتی و ئابووری بنەماڵەیە Tillion, 2007. ئاکامی ئەم کورتە باسە لەسەر جێگا و شوێن و ئەرکی تایبەت و جیاوازی ژن و پیاو بۆ ڕاگرتنی ناوبانگ و شەرەفی بنەماڵە و ھۆز ئەوەیە کە پیاو لە کولتووری نامووسیدا ئەرکی دەبڵی ھەیە. دوولایەنەبوونی ئەرکی پیاو لەوەدایە کە ئەو بەرپرسیاری پاراستنی ناو و ناوبانگی بنەماڵە و خێڵە، ھاوکات کە ئەرکی کۆنتڕۆڵی خزمی مێیینەشی لەسەرشانە بۆئەوەی ئەوانیش خوێنی پاکی بنەماڵە پۆخڵ نەکەن Schlytter & Rexvid, 2013. دوو لێکۆڵینەوەی مەیدانی لە سوید نیشاندەدەن کە کوڕ و پیاوی گەنج ڕۆڵی دەبڵیان ھەیە لە کولتووری نامووسیدا Schlytter et al. 2009a; Schlytter, Högdin, Rexvid, 2009b. رۆڵی دوولایەنە ھێمایە بۆ ئەوەی کە ئەوان ھەم وەک قوربانی و ھەم وەک تاوانکاری چاوەڕوانکراو سەیریان دەکرێت. ibid. لە دەوڵەتی یاسامەنددا ئەم ڕۆڵە دوولایەنیانە دەتوانێ ببێتە ھۆی قوربانیبوونی دەبڵی کوڕ و پیاویش بەو مانایە کە ئەگەر ئەوان بەپێی نۆرمەکانی کولتووری نامووسی ئەو کەسانە سزابدەن کە سنوورەکانی ئەو کەلتوورەیان بەزاندوە، خۆیان لەلایەن دەوڵەتەوە بە تۆمەتی توندوتیژی و تاوانی نامووسی سزادەدرێن .لە لایەکی ترەوە ئەگەر ئەوان بۆ پاراستنی شەرەفی بنەماڵە ئەندامە سنووربەزێنەکانی بنەماڵە یا کەسێکی دەرەکی کە سووکایەتی بەسەر بنەماڵە ھێناوە، سزانەدەن، خۆیان لەلایەن کەسوکارەوە سزادەدرێن .سزایەکەش دەتوانێ شکڵی جۆراوجۆری وەک بێبەریکردن، دەرکردن لە ماڵ، تەریککردنەوە و سووکایەتی و بگرە ھەڕەشە و لێدانیش بە خۆیەوە بگرێت.

پیاوەتی لە کولتووری نامووسیدا بە وتەی فاتیمە مەرنیسیMernissi, 1982 شیزوفرێنە schizophrenic چونکە پیاو لەلایەکەوە ھەوڵدەدا ”بەکارەت“، ” ڕووسووری“ و پاکی کەسوکاری مێینەی خۆی بپارێزێ و لەلایەکی تریشەوە لەناو کۆڕی پیاواندا بە شانازییەوە باس لە سێکسکردن، لابردنی”بەکارەت“، ”سووک کردن“ و ناپاککردنی کەسوکاری مێینەی پیاوی تر، واتە ”ڕووڕەش“ کردنی پیاوی تر دەکات. ھەروەھا لە یەکەم نیگادا پیاوەتی لە کولتووری نامووسیدا، زۆر تۆڕە و تۆسن و متمانە بەخۆ دێتەبەرچاو بەڵام کە بڕێک لێی وردبینەوە، پیاوەتییەکی زۆر لەرزۆک، ناسەربەخۆ، دووڕوو و ناتەبا دەردەکەوێ کە بەردی بناغەی ترس و دڵەڕاوکێیە. ئەم ترسەش گرێی خواردوە بە ھەڵوێستی پیاوەوە کە ھەمیشە ھەوڵدەدات کەسوکاری مێینەی خۆی بپارێزی لەدەست پیاوی تر، ھاوکات کە خۆی خۆدەکوتێ بۆ دەستبەسەرداگرتن یا زەوتکردنی کەسوکاری مێینە ی پیاوانی تر. ئەو ترسەی کە بنچینەی پیاوەتی لە کولتووری نامووسیدا پێکدێنێ بەو شێوازە جیاوازانەی خوارەوە دەتوانێ خۆی بنوێنێ Lien, 2002:

پیاو لە کولتووری نامووسیدا سام لە ترسی خۆی دەکات یا لە ھەست بە ترس کردن دەسڵەمێتەوە.

پیاو ترسی ئەوەی لە دڵدایە کە پیاوانی تر ئەو ترسەی ئەم بخوێننەوە.

پیاو ترسی ئەوەی ھەیە کە نەتوانێت کەسانی تر، یانی کەسوکاری مێینەی و ئەو پیاوانەی کە نیازی نزیکبوونەوە لەوانیان ھەیە، کۆنتڕۆڵ بکات.

پیاو ترسی ئەوەی ھەیە کە نەتوانێت خۆی و کەسوکاری مێینەی بپارێزێ بەرامبەر بە ھەوڵی کۆنتڕۆڵی پیاوانی تر.

پیاو ترسی ئەوەی ھەیە کە نەتوانێت ئەڵقەی کۆنتڕۆڵی پیاوانی تر بێ خەساری گیانی یا ماڵی ببەزێنێ بۆئەوەی خۆ لە کەسوکاری مێینەی ئەوان نزیککاتەوە.

ناوەرۆكی دووتوێی شەرەف

ناوەرۆکی شەرەف دوو توێیە و وەکوو خەنجەری دوودەم وایە. شەرەف لەلایەکەوە و لە بنەڕەتدا بریتییە لە کۆنتڕۆڵی پیاو بەسەر لەش و ڕەفتاری جنسی و کۆمەڵایەتی ژندا. ئەم لایەنەی شەرەف دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی ژن لەلایە ن پیاو، بنەماڵە و کۆمەڵگای شەرەفخوازەوە  Schlytter & Rexvid, 2013; Wikan, 2003.لە لایەکی ترەوە شەرەف بریتییە لە کۆنترۆڵی کۆلێکتیڤ بەسەر کۆنترۆڵی پیاو بەسەر جەستەی ژن و ڕەفتاری جنسی و کۆمەڵایەتی ئەودا. ئەم لایەنەی شەرەف بەمانای چەوسانەوە و سەرکوتی پیاوە لەلایەن پیاوانی تری سەر بە بنەماڵە و ھۆز و کۆمەڵگای شەرەفپارێزەوە بە گشتی. خاڵی دەرچوونی ئەم پێناسە دوو توێیە ئەوەیە کە کولتووری نامووسی کەلتوورێکی چەوسێنەرە و لە کەلتوورێکی ئاوادا نە چەوساوە نە چەوسێنەر ئازاد نین .ئەمە بەو مانایە نییە کە دۆخ و دەرفەتەکانی چەوساوە و چەوسێنەر بەتەواوی لەیەک دەچن. ئاشکرایە کە سەرکوتکردن و تیژی نامووسی زۆربەی قوربانییەکانی ژنن و ھێز بەکارھێنان بەرامبەر ژنان بە پاساوی شەرەف و نامووس لەچاو پیاواندا شێوازی زۆر بێبەزەییانە، پڕمەترسی و کوشندەتر لە خۆی دەگرێ. بەڵام ئەم ڕاستییە بەو مانایە نییە کە پیاو قوربانی کەلتووی نامووسی نین. پیاو ھەر لە تەمەنی مێردمنداڵییەوە فێردەکرێن و تاڕادەیەک مێشکیان دەشۆردرێتەوە کە لەجیاتی ھەوڵدان بۆ دامەزراندنی پەیوەندی پڕ لە ھەست، سۆز و خۆشەویستی لەسەر بنەمای یەکسانی، ژیانی کەسوکاری مێیینەیان بەرتەسک بکەنەوە و بەزاندنی پەرژینی شەرەف و نامووس لەلایەن ئافرەتانی بنەماڵەوە بە کوشتن و بڕین وەڵامبدەنەوە. دیارە مەبەست لە ھاندان بۆ ئەم چەشنە کردەوانەش ڕاگرتنی”پەردەی کچێنی“  کەسوکاری مێیینەی ڕەبەن و ڕاگرتنی ناوبانگی پاکی کەسوکاری مێینەی ”مێرد و ماڵدارە“‌. بارھێنانی مێرمنداڵی کوڕ بۆ ڕۆڵێکی ئاوا دەتوانرێ وەکوو چەشنێک لە سەرکوتکردن و زەبری نامووسی بەرامبەر بە کوڕ و پیاو سەیربکرێت. Schlytter & Rexvid, 2013

جگە لە دووتوێیی بوونی شەرەف ھەندێک تۆێژەر لایەنی ناوەکی subjective و دەرەکی objective  شەرەف لێکەھڵداوێرن. ئەوەی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە تاکەپیاو چۆن دەرکی شەرەف و پیاوەتی خۆی دەکات، واتە وەک پیاوێکی بەشەرەف، ”کەڵ“، ”گۆڵ“، ”نێر“ و”گوندار“ کە توانای ڕاگرتن و پاراستنی ئابڕووی بنەماڵەی ھەیە یا وەک پیاوێکی لاوازی، ”دێڵی“، بێ جەربەزەی  کڵۆڵی، ”ملحیز“ و ”سەرشۆڕ“ کە دەسەڵاتی  ڕاگرتن و بەرگریکردن لە شەرەفی خۆی و بنەماڵەی نییە. لایەنی دەرەکی چەمکی شەرەف پەیوەندی بە ھەڵسەنگاندنی پیاوەتی و شەرەفی پیاووەوە لەلایەن کۆمەڵگاوە ھەیە. پیاوێک کە بە پێی پێویست سوور نەبێ لەسەر پاراستنی شەرەف و پیاوەتی خۆی مافی ڕێزلێنانی وەک پیاوی ناو پیاوان یا سەرێکی ناو سەران لەناو کۆمەڵگەدا لێوەردەگیرێتەوە. ئاشکرایە کە توێی دەرەکی دیاردەی شەرەف کارتێکردنی كاریگەری ھەیە لەسەر لایەنە ناوەکییەکەی. با پیاو ھەر لە دنیای دەروونی خۆیدا ”شا بە سەپان نەزانێ“ و پێی وابێ کە شەرەف و پیاوەتی کەس ناگاتە ئاقاری ئەو، مادام دەورووبەر دان بە پیاوەتی و بە شەرەفبوونی ئەودا نەھێنن، دەرک و ھەستی دەروونی ئەو پلە و پایەی کۆمەڵایەتی دابەزیوی بەرز ناکەنەوە Stewart, 1994; Wikan, 2003.

ھەندێک لێکۆلەری دیکە پێیان وایە کە شەرەف دوو جەمسەرە و جەمسەری ئاشتیخوازانەی شەرەف لە جەمسەری توندوتیژی ئەو جیادەکەنەوە. لە حاڵێکدا جەمسەری یەکەم ئاماژەدەکات بە تایبەتمەندی باشی وەک ڕووڕاستی، جێی متمانە بوون، دڵگەورەیی، بەڕێزبوون، ڕێزی خەڵک ڕاگرتن و میواننەوازی، جەمسەری دووھەم ئیشارەت دەکات بەو پێناسە دوو توێیەی کە پێشتر باسکرا.  Blok, 2001 توێژینەوەیەکی مەیدانی سویدی لەسەر ڕادەی ڕاگۆڕینی گەنجانی نێرینەی بیانی کە لە پڕۆژەیەکی ئاکار و ڕاگۆڕیندا بە شدداریان کردووە، نیشانیدەدات کە تەنیا پێداگرتن لەسەر لایەنی ئاشتیخوازانەی شەرەف بەس نییە بۆ دابڕان لە کولتووری نامووسی و زەبروزەنگی گرێخواردوو بەم کەلتوورەوە. لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات کە دابڕانی جیددی لە کولتووری نامووسی کاتێک روودەدات کە لایەنە کاولکەرەکانی ئەو کەلتوورە بدرێتە بەر ڕەخنەی بێبەزەییانە کە پەیوەندی بە سۆزی نێوان ژن و پیاوی ھاوخوێن، واتە خوشک و برا، دایک و کوڕ، باب و کچ، دەگۆڕێ بۆ پەیوەندی نێوان قوربانی و تاوانبار. Rexvid & Schlytter, 2012

لە کولتووری نامووسیدا پیاو ھەرچەندەش ڕاستگۆ، یارمەتیدەر، دڵفراوان، بە ماڵومیوان بێ و ڕێزی خەڵک ڕاگرێ، پلەوپایە و ڕێزی خۆی دەچێتە ژێر پرسیار و دادەبەزێ کاتێک نەتوانێت بۆ دەورووبەری بسەلمێنێت کە توانای ڕاگرتن و پاراستنی شەرەف و ئابڕووی بنەماڵە و ھۆزی ھەیە. ئەم کاریگەرییەی جەمسەری توندوتیژی شەرەف لەسەر جەمسەرە ئاشتیخوازانەکەی گرێدراوە بەو ڕاستییەوە کە شەرەف باس و پرسی مان و نەمانە، ھەم لە باری فیزیکی، ھەم لە باری کۆمەڵایەتییەوە. وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا یەکێک لە پرینسیپەکانی کولتووری نامووسی ئەوەیە کە پیاو باشترە بە شەرەف و سەربەرزی بمرێ تا بەسەرشۆڕی و ئابڕووتکاوی بژی Rexvid & Schlytter, 2010; Schlytter & Rexvid, 2013; Stewart, 1994.

بە واتایەکی تر جەمسەری توندوتیژی شەرەف بریتییە لە ئایدیاڵێکی ئاوساوی زەبربەکارھێنان بۆ بەرگریکردن، پاراستن، داکۆکیکردن و قەرەبووکردنەوەی شەرەفی شکاو یا ئابڕووی تکاو. مەشرووعییەت پێدان بە جەمسەری توندوتیژی شەرەف لە ڕێگەی ڕێوڕەسمدارکردنی کوشتن و بڕینەوە مەیسەر دەبێت Blok, 2001; van Eck, 2003. مرۆڤ بە درێژایی مێژوو توندوتیژی خۆی ڕێوڕەسمدار کردوە. ‌قوربانیکردنی ئینسان و حەیوان، ڕاو، ‌قەسابی، ئیعدامکردن، شەڕ، تۆڵە، ئەشکەنجە و تیرۆر چەند نموونەیەکن لە بەبۆنەکردنی تیژی نواندندا. مەبەستی ئەم بەبۆنەکردنە دوو توێیە. لە لایەکەوە ئەو کەسە یا لایەنانەی کە زەبر بەکاردێنن دەیانەوێت لەژێر بار و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی کوشتنی مرۆڤێکی تر دەرچن. لە لایەکی ترەوە ڕێوڕەسمدارکردنی توندوتیژی، قوربانییەکە لە ئینسانبوون دەشوا و لە ھاوبەشی ئەخلاقی دەردەھاوێژێ. قوربانیەکە لەقەبی خراپی پێوە دەلکێ و بە جڕوجانەوەر و دەعبا دەچوێندرێ. ”قەحبە“، ”گاندەر“،  سەگی گڵاو/ پیس، دێڵە سەگ، ماکەر/ دێڵە کەر، مشک، قالۆنچە، مار، بەراز. ئەم ناووناتۆرانە تەنیا چەند نموونەیەکی لەو بابەتەن Blok,2001.

پیاوەتی ھاریکارانە وەکو ئاکامی دووتوێی بوونی شەرەف

پیاو لە کۆمەڵگای نامووسیدا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە ھاوسەرێکی ”باکێرە“، ”بندار“، ”پاک“، ”ڕووسوور“، ناوبانگ نەزڕاو یا ”دەستلێنەدراو“ی ھەبێت Cindoglu , 1997; Lindisfarne, 1994; Martin, 2010; Parla, 2001; Vincent, 2006; Xiao, 1989. ئەم چەشنە چاوەڕوانییانەش بە نۆبەی خۆیان ناوکی ھاوسەرگیریی زۆرەملی و نابەدڵ، کە یەكێکە لە باوترین شیوازەکانی تیژی نامووسییە بەرامبەر بە پیاوان، پێکدێنن (Schlytter et al., 2009b). جگە لەو دوو چاوەڕوانیانە ئەو پیاوانەی کە نەتوانن بۆ دەورووبەری بسەلمێنن کە ھەم کەسوکاری مێینەیان و ھەم ئەو کچەی بە ھاوسەر ھەڵیدەبژێرن پاک و”دەستڵینەدراون“، دەکەونە بەر تیروتوانج و سزادانی خزم و کۆمەڵگای نامووسخواز. سزادان و ئابڵووقەی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بەم پیاوانە شکڵی جۆراوجۆر بە خۆیانەوە دەگرن. بۆ نموونە ئەو پیاوانە دەبنە نیشانەی پەنجە بۆ راکێشان و تیلەی چاوی پڕ لە توانج و سەرزەنشتکەرانەی دەورووبەر. خەڵک لە شوێنە گشتییەکاندا دەستدەکەن بە سرتە و کورکە کاتێک ئەم پیاوانە یا باشتر بڵیین ”ناپیاو“ و ”بێنامووسانە“ رێگە بە خۆیان دەدەن کە بێنە ناو خەڵکەوە. ‌پلەوپایەی ئەم جۆرە پیاوانە ئەوەندە دادەبەزێ کە تەرازووی بایەخی کۆمەڵگا نایخوێنێتەوەSafilios-Rothchild, 1969. ئەم دابەزینی جێگە و شوێنی کۆمەڵایەتییە ھەندێک جار دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئەو پیاوانەی کۆمەڵگە وەک ناپیاو و بێنامووس یا بێشەرەف سەیریان دەکات بکەونە بەر غەزەبی ئابووری بەچەشنێک کە کەم کەس ھەن کە حازرن مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، وەک ھێزی کار دایانمەزرێنن یا ئۆتۆریتەیان بسەلمێنن. ئەم چەشنە چاوەڕوانییانە دەبن بە ھۆی پێکھاتن و ڕاگرتنی جۆرێکی تایبەت لە پیاوەتی کە بریتییە لە پیاوەتی ھاریکارانە یا پشتگیرانە بەو مانایەی کە پیاوان نەک تەنیا بەرەوپیری چاوەڕوانییەکانی کۆمەڵگای نامووسخواز دەچن بۆ کۆنتڕۆڵی کەسوکاری مێینەیان بەڵکوو خودی ئەوەی کە ئەوان چاوەڕوانییان لێدەکرێ و خۆشیان دەیانەوێت کە کچێکی باکیرە وەک ھاوسەر ھەڵبژێرن، ئیجاب دەکات کە پیاوی تریش کەسوکاری مێیینەیان دەستەمۆبکەن و باکیرە ڕایانگرن تا کاتی ھاوسەرگیریی. لەسەر بنەمای ئەم پێناسە دوو توێیەی سەرەوە دەکرێت بڵێین کە پیاو لە کولتووری نامووسیدا دەستەمۆی دەستەمۆکردنە Rexvid, 2007; Rexvid & Schlytter, 2012; Safilios-Rothchild, 1969.

جەستەی ژن وەکوو ئاوێنەی پیاوەتی و زمانی پیاوانە

لە کولتووری نامووسیدا پەیوەندی پیاوان لەگەڵ یەکتر تاڕادەیەکی بەرچاو بەناو جەستەی ئافرەتدا دەگوزەرێ، لە ڕێگەی جەستەی ئافرەتەوە مەیسەر دەبێت و”دایک/ خوشک حیز“ بوون یا ” دایک/ خوشک پارێز“ بوون بناغەییترین پێوانەی پیاوەتییە لە کۆمەڵگای شەرەفخوازدا Schlytter & Rexvid, 2013; van Eck, 2003; Wikan, 2003. ئەوەش بە ھۆی ئەوەوە کە جەستەی ژن لە کولتووری نامووسیدا ھی خۆی نییە بەڵکوو موڵکی کەسوکاری نێرینەیەتی. پیاو بەپێچەوانەی ژنەوە ھەم خاوەنی لەشی خۆیەتی ھەم خاوەنی لەشی کەسوکاری مێینەی. كۆنتڕۆڵی پیاو بەسەر لەشی کەسوکاری مێینەیدا، شەرەف و ناوبانگی بەھێزدەکات و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر جەستەی ئافرەتی بنەماڵە و ھۆزدا بە پێچەوانەوە، شەرەف و نامووسی لاوازدەکات. لەشی ژن بەو جۆرە بەشێکی پەیوەست و ئاوێتەی ناسنامەی پیاوانەی پیاون. ھەر بۆیە داخیلبوون یا بەزاندنی ھەرێمی ژن، ھەم لە ڕووی فیزیکی، کۆمەڵایەتی و سیمبۆلیکەوە، بە مانای ”کونکردن“، داخیلبوون و بەزاندنی پاوانگەی پیاوە. لەشی ژنێک کە ”شەرمەزاریی“، ”سووکایەتی“  و ”بێئابڕوویی“ تووشی کەسوکاری نێرینەی کردبێ، کاریگەریی لەسەر چۆنییەتی نواندنی لەشی پیاوانی بنەماڵەکەی دادەنێ، بەتایبەت کاتێک ئەوان دەڕۆنە ناو خەڵک Joseph, 1993/1994; Schlytter & Rexvid, 2013.

پیاوێک کە کۆنتڕۆلی لەشی کەسوکاری مێینەی لە دەستدا بێت،  بە تەوێڵ و سەری بەرز، بە پشتی راست و ”دەنگی نێر“ لە گەل پیاوی ھاوشانی ھەڵسوکەوتدەکات.  بە پێچەوانەوە، پیاوێک کە کۆنتڕۆڵی جەستەی کەسوکاری مێینەی لە دەست ترازابێ، بە ”ملی شۆڕ- حیز“، پشتی چەماوە، دەنگی نزم – ”دێڵانە“ ،”چاوی حیز- دێڵ“ لەگەڵ دەورووبەر دەدوێ.بۆیە بۆ ئەوەی پیاو بتوانێ بەسەری بەرز و ”دەنگی نێر“ بچێتە ناو خەڵکەوە، دەبێت ئەو پەڵەی نەنگە کە جەستەی ژن بەباری ھێناوە، بسڕیتەوە، یا باشتر وایە بوترێ بە خوێن بیشواتەوە. ژانی سەرشۆڕی پیاو لە کۆمەڵگەدا بەھۆی لەش و ھەڵسوکەوتی ئابڕووبەرانەی کەسوکاری مێینەی، لە مافی ژیانی ژن گرنگتر و لە پێشترە بۆیە پیاوی شەرمەزارکراو، ئابڕووتکاو و سووکایەتی پێکراو دانامێنی بۆ لەناوبردنی ئەو ئەندامە مێینانەی بنەماڵە و ھۆز کە سووکایەتی دەنێنەوە Joseph, 1993/1994; Mitra, 2013; Schlytter & Rexvid, 2013.

لەشی ژن زمانێکە کە پیاو یەکتری پێدەدوێنن، بەتایبەت کە بیانەوێ پیاوێکی تر بشکێنن و یا ڕسوای بکەن Wikan, 2003. چەمک، وشە، مەسەل و بەیانی وەک ”خوشک – دایک حیز“، ”کوڕی قەحبە“، ”دایک- خوشک قەحبە“، دەرپێ لە بەر پیاوێکی تر کردن، سمێڵ تاشین، ”ئەو مووە لە ”ژن“ – ”قەحبە“ ھاتبێ/ لە پیاو نەھاتبێ“، وەک ژن سەر داخستن/ مل حیزکردن، ژنی من، ”وەک ژنی خۆم حیسابت ناکەم“، ”ژنت/ دایکت/ خوشکت دەگێم“، تەنیا چەند نموونەیەکن لە لیستی درێژی زمانی پیاوانەی دژ بە ژن بۆ سەلماندنی پیاوەتی و باڵادەستی پیاو و شکاندنی شەرەفی پیاوانی بەرھەڵستکار و نەیار لە کێشەی شەخسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و قەومیدا. سووکایەتیکردنی مەحموود سەنگاوی بە ڕۆژنامەوانی تیرۆرکراو کاوە گەرمیانی لەڕێگەی جنێودان بە کەسوکاری مێینەی کاوە و جنێوی دایک و خوشکدانی فەرھاد پیرباڵ بە بەرھەڵستکارانی، تەنیا دوو نموونەی تازەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە کە بەکارھێنانی لەشی ژن وەک زمانێکی پیاوانە بۆ ئەتک و سووککردنی پیاوی نەیار، نەبەستراوەتەوە بە توێژی نەخوێندەوار و خوارەوەی کۆمەڵگەی کوردی نامووسخواز، بەڵکوو لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە ئێلیت و نوخبەکانی ئەو کۆمەڵگایەشەوە ھەروا کەڵکی لێوەردە گیرێت.

بە کورتی جەستەی ژن ئاوێنەیەکە، کە پیاوان لە کولتووری نامووسیدا پێویستیان پێیە و بە مەبەستی بینینی پیاوەتی خۆیان و نیشاندانی ناپیاوەتی و بێشەرەفی پیاوانی تر، بەکاریدێنن. كاتێک پیاوێک دەیەوێت پیاوێکی تر بشکێنێ یا سووکی بکا جنێو و قسەی نالایق و ناحەز بە پیاوە نەیارەکەی نادا Schlytter & Rexvid, 2013.  لەوانەیە پیاوێک ڕواڵەتی پیاوێکی دیکە بکاتە دەستمایە بۆ شکاندنی ئەو کاتێک تایبەتمەندییەکی خراپ “درۆزنی، دزی، ڕەزیلی، ترسنۆکی“ یان نوقسانییەک، ”گۆج ، شەل بوون“  یا ئەندامێکی جەستەی” سەر، لووت، زگی زل”ئاماژەی پێدەکرێ بۆ تووڕەکردن و سووکایەتی پێکردنی بەڵام سووک و شەرمەزارکردنی کاریگەری پیاوی بەرھەڵستکار کاتێک ڕوودەدات کە جەستەی کەسوکاری مێینەی ئەو بکرێتە نیشانەی جنێو و ھێرشی لەفزی  (verbal abuse)  (Blok, 2001). كاتێک پیاوێک بە پیاوێکی تر دەڵێت: ”دایکت- خوشکت دەگێم“، “ دایک- خوشک قەحبە“ یا ”کوڕی قەحبە“، وەک ئەوە وایە کە لە شەڕدا قورسترین تەقەمەنی دژی نەیارەکەی و کوشندەترین چەکی بۆ لەناوبردنی شەرەف، ئابڕوو و ناوبانگی ئەو بەکارھێنابێ. جنێوی دایک و خوشک بە نەیار دان، ڕەنگدانەوەی ئاوەڵدوانەبوونی جەستەیە لە کولتووری نامووسیدا بەو مانایەی کە پێشتر باسی لێکرا کە پیاو نەک تەنیا خاوەنی جەستەی خۆیەتی بەلکۆو لەشی کەسوکاری مێینەشی بە موڵکی خۆی دەزانێت Joseph, 1993/1994. جنێوی وەک ”دایک – خوشک قەحبە“ یا ”دایک – خوشک حیز“ ناسنامەی پیاو گرێدەدا بە جەستەی کەسوکاری مێینەیەوە و ئەوەی کە دەبێتە ئاوێنە بۆ نواندی ناـ“پیاوەتی“ یا بێ ـ“شەرەفی“ پیاوی بەرھەڵستکار، جەستەی خوشک و دایکی ئەوە کە وەک ”قەحبە“ یا ”حیز“ وەسفدەکرێن بۆئەوەی شوناسی ناپیاو و بێنامووسی کەسوکاری نێرینەی ئەوانی پێ بنوێنن. ئەو پەیامەی کە لەڕێگەی کەڵکوەرگرتن لە جەستەی ئافرەت وەک ئاوێنەی ناـ “پیاوەتی“ دەنێردرێ زۆر ڕۆشنە: سەیری خۆت کە، ڕووخساری خۆت ببینە بزانە کێی! تۆ برای ”کچێکی حیزی“ یا “کوڕی ژنێکی قەحبەی“!

جگە لەوەی کە جەستەی ژن وەک ئاوێنەی نواندنی شەرەف و پیاوەتی پیاو یا بێبەریبوونی ئەو لەم خەسڵەتانە بەکاردێت، لەشی ژن و جنسییەتی ئەو وەک پێوانەی سەرەکی بۆ ھەڵسەنگاندنی نزمیی، بێ بەھایی و بێڕێزی کەڵکی لێوەردەگیرێت. بۆیە ھەرکات پیاوێک پیاوێکی تر دەشکێنێت بە ژنی دەچوێنێت یا ھەرکات دەیەوێت بوێری و پیاوەتی خۆی بۆ ئەنجامدانی کارێکی پڕمەترسی و دژوار بسەلمێنێ خۆی بە ژن دەشوبھێنێت ئەگەر بێت و لە ئەنجامدانی کارەکەدا سەرنەکەوێت Rexvid, 2007; van Eck, 2003. ھەڕەشەی وەک ”ئەو مووە لە پیاو نەھاتبێ ئەگەر دەرپێی ژنت لەبەر نەکەم“، تەنیا نموونەیەکە لە بێڕێزی و سووکیی ژن لە کولتووری نامووسیدا.

شەرم یا سووکایەتی

دوای باس لەسەر ناوەرۆکی پیاوەتی و شەرەف، پێویستمان بە وردبوونەوەیە لە دیاردەیەکی گرنگی تری کولتووری نامووسی، واتە شەرم یا سووکایەتی یا شەرمەزاری. زمانی کوردی فرە وشەیە بۆ بەیانی لایەنی جۆراوجۆری کولتووری نامووسی. بۆ نموونە جگە لە وشەی شەرم، سووکایەتی و شەرمەزاری، چەمکی عەیب، عار، بێ چاووڕوویی، سەرشۆڕی، ملحیزی، ملشۆڕی، گەوادی و خوێڕی بوونیش بەکار دەھێندرێن بۆ بەیانی شەرم یا سووکایەتیپێکردن. بێژنگ و شەنەی زمانەوانی ناوەرۆکی ھاوبەش یا جیاوازی ئەو چەمکانە لە دەرەتانی ئەم وتارەدا نییە. ‌ھەڵبژاردنی سێ چەمکی شەرم، سووکایەتی و شەرمەزاری زیاتر پراگماتیکە تا زمانەوانی تاووتوێکراو.

توێژەران لەسەر ئەوەی کە چەمکی شە‌رەف دژانبەرەکەی شەرم یا بێشەرەفییە تاڕادەیەک مشتومڕیان کردوە. ھەندێکیان پێیان وایە کە شەرم دژانبەری شەرەفە و تاقمێکی تریشیان بێشەرەفی یا بێنامووسی وەک دژانبەری شەرەف دەستنیشاندەکەن Stewart, 1994; Wikan, 2003. بە وتەی ئوننی ڤیکان Wikan, 2003 شەرم نەک دژانبەر بەڵکوو لە ڕاستیدا تەواوکەری complement چەمکی شەرەفە بەو مانایەی کە نەک ھەموو جۆرە شەرمێک بەڵکوو جۆرێکی تایبەت لە شەرم واتە شەرمێک کە بە گوێ، چاو و لووتی کەسوکار، دەر وجیران، ئاشنا و ڕۆشنا و خزم و قەوم گەیشتبێ شەرەفی پیاو خەوشدار دەکات و دەیزڕێنێ. کۆڕ و کۆمەڵی نامووسپەرست زەخت دەخەنە سەر پیاوی شەرەف-شکاو Rosechild, 1969 کە مشووری پێویست بخوا بۆشۆردنەوەی پەڵەی شەرم بە داوێنی شەرەف و پیاوەتییەوە. پیاوی شەرمەزارکراو لە کولتووری نامووسیدا زۆرجار بە یەکێک لەم دوو شێوەیە وەڵامی ویستی دەورووبەر دەداتەوە. ئەو پیاوانەی کە ھاوڕا و ھاوبیری کۆمەڵی شەرەفخوازن، لە ڕێگەی ھەڕەشە، تۆقاندن و زەبر بەکارھێنانەوە ئەو ئەندامەی بنەماڵە یا کەسێکی دەرەکی کە سووکایەتی بەسەر ئەندامێکی بنەماڵە ھێنابێ، سزادەدەن. سزادانەکەش دەتوانێت ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بێت. سزادانی ڕاستەوخۆ شکڵی وەک لێدان، ئەندام بڕین بە مەبەستی ئەتک و شەرمەزارکردن و لە حاڵەتی توندڕەویدا کوشتن، بە خۆیەوە دەگرێت. سزادانی ناڕاستەوخۆ لە قاڵبی داسەپاندنی خۆکوژی، بە دزی لەناوبردن و ھاوسەرگیریی زۆرەملیدا ڕوودەدا. لە لایەکی ترەوە ئەو پیاوانەی کە دەرک و تێگەیشتنیان بۆ پیاوەتی، شەرەف و سووکایەتی جیاوازە لەگەڵ ھی دەورووبەر، خۆیان بۆ فشار و ویستی کۆمەڵگای نامووسخواز شلناکەن و ئەو ئەندامەی بنەماڵە یا ئەو کەسە دەرەکییە کە بەپێی بۆچوونی دەورووبەر سنوورەکانی کولتووری نامووسیان بەزاندوە و سووکایەتییان بەبارھێناوە، سزانادەن. ئەم جۆرە پیاوانە کە بەرەوپیری ویستی کۆمەڵگای نامووسخوازەوە ناچن، وەک بێشەرەف و”حیز” مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێتSafilios -Rothchild, 1969.

ئەزموونی جنسی ژن بەر لە یا بەدەر لە ژیانی ھاوسەری لە کولتووری نامووسیدا بریتییە لە ھەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ لە کەرامەت و سەروەری کەسوکاری نێرینەی ئەوان و نەھیکردنی ناسنامەی شوناسی identity  پیاوانەی ئەوانە Blok, 2001. ئەم چەشنە نەھیکردنە وەکوو”کونکردن” یا ”تێخستن“ێکی penetration  سیمبۆلیک وایە لە کاتی دەسدرێژی جنسیدا. شەرم و حەیا بەخۆبوونی ژن لە کولتووری نامووسخوازدا نیشانەی پاکی ئەوە بەھۆی دوورەپەرێزی لە ئەزموونی جنسی و لە بەراوردکردنی نیازە جنسییەکانی. ژنی ”بێشەرم“، ”بێحەیا“ ،”بێدەرپێ“ یا ”ڕووھەڵماڵراو“ بە پێچەوانەوە، شوناسی پیاوانەی کەسوکاری نێرینەی نەفی دەکات بە چەشنێک کە ئەوان لەباری سیمبۆلیکەوە وەک خەسێندراو و لاواز لەلایەن کۆمەڵگاوە سەیریان دەکرێت و سەیری خۆیان دەکەن. بە واتایەکی تر بێشەرمی کەسوکاری مێینەی پیاو، پێناسەی پیاو لە پیاوەتییەوە دەگۆڕێ یا دادەبەزێنێ بۆ ھەویەتێکی ژنانە feminine identity بە جۆرێک کە ئەو وەک “زەعیفە“، ”دێڵ“، ”قوندەرە“، ”سەرشۆڕ“ یا ”حیز“ ھەست بە خۆی دەکات و لەلایەن دەورووبەریشەوە ھەر وەک کەسێکی وا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. پیاوی شەرمەزارکراو یا سووکایەتی پێکراو وەک ڕووتکراوە، تێکشکێندراو، نامۆ و بێڕێزکراو سەیردەکرێت و سەیری خۆی دەکات (Fayard, 2013) پیاوی ئەتککراو بە چاوی پڕ لە توانج و سەرزەنشتی دەورووبەر سەیری خۆی دەکات، تێڕوانینێک کە ئاکامی ویرانکەری ھەیە بۆغروور و عێزەتی نەفسی پیاو self-respect/self-esteem) (Peristiany & Pitt-Rivers, 1992; Stewart, 1994; Wikan, 2003). جنسییەتی ژن بەو جۆرە چەشنێک دەسەڵاتی کۆمەڵایەتییە بەو مانایەی کە پیاوێک کە بە ئاسانی و سەرکەوتوویی پەیوەندی جنسی یا خۆشەویستی لەگەڵ ژنێک دادەمەزرێنێ، لە چاوی خۆی، ژنەکە و کەسوکاری ژنەکەوە وەک پیاوێک سەیری دەکرێت کە زاڵە dominant بەسەر کەسوکاری نێرینەی ژنەکەدا. Blok,2001; Gilmore, 1987 ‌‌

سووکایەتی، شەرمەزاری، حەیا تکاوی، بێئابڕوویی دەرک و ئەزمووندیتنی پیاو دوو کەرت دەکات لەو ڕووەوە کە ئەو نەک تەنیا لە دەروونی خۆیدا بەڵکوو لە ڕوانگەی نێوان-زەینیشەوە intersubjective خۆی بە بێدەسەڵات و وردکراو دەبینێت. سووکایەتی، شەرمەزاری، حەیا تکاوی، بێئابڕوویی تەنیا باسی دەرکەوتنی ڕاستەوخۆ و واقعی نییە لەناو کۆمەڵگادا بە ڵکوو پەیوەندییان بە چۆنێتی خۆدەرخستن و چوونەناو خەڵک لە دونیای خەیاڵی یا زەینی پیاوی سووکایەتی پێکراوایشدا ھەیەJohnson & Moran, 2013. پیاوی شەرمەزارکراو بەئاگایە لەوەی کە ئەو دەبێتە بابەتی قسەوقسەڵۆک و ھەڵسەنگاندنی دەورووبەر. سووکایەتی بە پەردە، عەبا یا ڕووپۆش دەچوێندرێ کە نیشانەی جلی لەبەرکراو نییە بەڵکوو ھێمایەکە بۆ وەسفی دۆخی پیاوی ئابڕووزڕاو کە ھەوڵدەدات لاوازیی خۆی بشارێتەوە. شەرم لە ئەنجامی سووکایەتی پێکراندا ھەستێکی بەخرۆشە کە دەبێتە ھۆی ئەوەی پیاوی بێئابڕووکراو پشت لە خەڵک بکا یا سەر داخا یا ڕووی دیتنی خەڵکی نەمێنێ.(ibid.)

بۆ کۆتایی ھێنان بە باس لەسەر چەمکەکانی پیاوەتی، شەرەف و سووکایەتی، شەرمەزاری پێویستە بوترێ کە شەرەف وەک پرسێک، ژانەسەرێک یا بەرژەوەندییەکی پیاوانە چەمکێکی موتڵەق یا بێئەملاوئەولایە، بەو مانایە کە پیاو یا بەشەرەفە یا بێشەرەفە؛ حاڵەتێکی سێھەم وجوودی نییە. شەرەف تایبەتمەندییەکە کە بەدەستدێت یا لە دەستدەچێت. ھەروەک پێشتر ئاماژەی پێکرا شەرەف پاداشتێکە کە لە قاڵبی ڕێز و حورمەت لەلایەن کۆمەڵگای نامووسخوازەوە دەبەخشرێ بە پیاوێک کە سەرکەوتووانە جەستە و ئاکاری کەسوکاری مێینەی کۆنتڕۆڵ دەکات. سەرنەکەوتوویی یا لاوازی نواندن لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکەدا و بەراوردکردنی ئەم چاوەڕوانییەی کۆمەڵگا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگا ڕێز و حورمەت، کە مافی پیاوی بەشەرەفن، لە پیاوێک کە نەیتوانیبێ دەست بەسەر جەستە و ھەڵسوکەوتی ژنانی بنەماڵەیدا بگرێ، درێغ بکات.

بە پێچەوانەی شەرەفەوە، شەرم یا سووکایەتی، چەمكێکی رێژەییە و پلەی جۆراوجۆری ھەیە، بەو مانایە کە ڕووداوێک، ڕەفتارێک یا دۆخێک دەتوانێت سووکایەتی زۆر یا کەم بەباربێنێ. بۆ وێنە ئەو سووکایەتییەی کە قسەکردنی ژنێک لەگەڵ پیاوێکی نائاشنا بەباری دێنێ کاڵترە لەو شەرمەزارییەی کە لە نامەی دڵدارانە یا وێنەی کچێک/  ژنێک لای پیاوێکی بێگانە دەبێتەوە. سووکایەتیکردن یا بێئابڕوویی لە ھێڵی مێینەوە یا لە ڕێگای ژنانەوە تەشەنەدەکەن. بە واتایەکی تر شەرم لە دایک یا خوشکەوە بۆ کچ بە میرات بەجێدەمێنێ. ژنێک کە شەرم و حەیا لە لەشیدا بێت، شەرەف و ناوبانگی باش دەبەخشێ بە کەسوکاری نێرینەی. نەبوونی شەرم و حەیا لە جەستەی ژندا بە پێچەوانەوە دەبێتە ھۆی بێشەرەفیی و ئابڕووتکانی پیاوی بنەماڵەکە. وەک چۆن بوونی شەرم و حەیا لە ژنەوە بە میرات جێدەمێنێ، مۆرکی بێحەیایی، بێشەرمی و”قەحبەتیش“ کچ لە دایک بە میرات دەیبات و بەگشتی ئەو مۆرکە لە ڕێگەی ژنەوە تەشەنە دەکات بە نەوەی مێینە لە داھاتوودا. شەرم، حەیا و سووکایەتی دیاردەیەکی ئاشکرایە کە لەناو خەڵکدا مانا پەیدادەکات چۆن ھەست بە شەرم یا بێشەرمی کردن لە دەنگی سەرزەنشت کەرانەی دەورووبەرەوە سەرچاوە دەگرێ. بەو ھۆیە شەرم پێویستی بە بوونی جەماوەرە یا باشتر بڵێین پێویستی بە چاوی ھەڵسەنگێنەری جەماوەرە،. سەرچاوەی ھەستی سووچداریی، خەتاکاری یا گۆناە بەپێچەوانەوە، دەنگی سەرزەنشتکەرانەی ناو دەروونی پیاوەکە پێویستی بە چاوی ھەڵسەنگێنەری جەماوەر نییە. ‌ھەستی سووچداریی تایبەتمەندییەکی کۆمەڵگای ھەرەوەزیی نییە بەڵکوو لە کۆمەڵگە ئیندیڤیدوالیستیەکاندا باوە (Stewart, 1994; van Eck, 2003; Wikan, 2003).

بە کورتی شەرەف و سووکایەتی دوو ئەرزش یا بایەخی ئەخلاقی دوولایەنەن. ئەو دوو چەمکە ڕەنگدانەوەی ھەڵسەنگاندنی پیاو لەلایەن کۆمەڵ و حەساسییەتی ئەو سەبارەت بە ڕاو بۆچوونی ئەو کۆمەڵەن. هەروەھا ئەو دوو دیاردەیە گرێیان خواردوە بە جنسییەت و پلەی کۆمەڵایەتی و پێوانە و مەرجی دەرھاویشتن exclusion یا ناوھاویشتن inclusion.

دواباس

ئاڵوگۆڕی ساختاریی structural لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و کاریگەری لەسەر گۆڕانی ڕۆڵی پیاو

لە بەشەکانی پێشتری ئەم وتارەدا ھێما بەوە کرا کە پیاوەتی لە کومەڵگای مۆدێرنی ئیندڤیدوالیستیدا لە ئایدیاڵی”بەکارەت“ دابڕاوە بەو مانایەی کە پارێزگاری لە ”بەکارەتی“ کەسوکاری مێینە تا کاتی ھاوسەرگیری و خواستنی ”کچی باکێرە“، ڕەمز و پێوانەی پیاوەتی نین. نەک ھەر ئەمە بەڵکوو داسەپاندنی دوورەپەرێزیی سێکسی بەسەر ژندا یا پێشگرتنی پیاو لە سێکسکردنی کەسوکاری مێینەی بەر لە ھاوسەرگیریی، وەک تاوانێکی شەرمەزارکەر سەیردەکرێت Khan, 2006; Schlytter & Rexvid, 2013. لێکترازانی پیاوەتی و بەکارەت و بنکۆڵبوونی کۆنتڕۆڵی پیاو بەسەر جەستە و سێکسوالیتی کەسوکاری مێینە لە کۆمەڵگای تاکگەرادا، ھۆکاری جۆراوجۆری ھەن. لێرەدا بە مەبەستی ھەڵوێستەیەک لەسەر ئەگەری گۆڕینی پیاوەتی لە کولتووری نامووسیدا دوو لەو ھۆکارانە دەخرێنەڕوو کە ئەوانیش سیستەمی میراتگری و مەیلی پیاوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توانای وەبەرھەمھێنانەوەی ژن.

لە کۆمەڵگای ھەرەوەزی نامووسخوازدا میرات لە باوکەوە بە منداڵ دەگات و بە شەمیراتی منداڵی مێینە کەمترە لە بەشی منداڵی نێرینە. ئەم سیستەمی میراتە کە لە ئینگلیزیدا بە پاتریلینیاڵ patrilineal ناوی دەبرێت، پێویستی بە کۆنترۆڵی پیاو بەسەر جەستە، سێکسوالیتی و توانای وەبەرھەرمھێنانەوەی ژنە. ئەمەش لەبەرئەوەی کە پیاوانی بنەماڵە و خێڵ دڵنیابن کە سەروەت و سامانی تایەفە ناکەوێتە دەست منداڵی ”زۆڵ“ یا دەست منداڵێک کە یەکێک لە ئافرەتانی بنەماڵە لەگەڵ پیاوێکی سەر بە عەشیرەتێکی نەیار، قەومێکی باڵا یا بندەست، گروپێکی ئایینی تر، دروستی کردووە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە پێچەوانەوە، دوابەدوای بەھێز و بەرزبوونەوەی جێگا و شوێنی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگادا، یاسای مەدەنی لە زۆر بواردا بە قازانجی ژن ئاڵوگۆڕی بەسەرداھاتوە. بۆ وێنە ئەوەی کە ژن و پیاو بە یەک ڕادە میرات وەردەگرن و میرات ھەم لە دایک و ھەم لە باوکەوە بۆ منداڵ جێدەمێنێت، نیازی کۆنتڕۆڵی پیاوی بەسەر سێکسوالیتی و توانای وەبەرھەمھێنانەوەی ژندا تا ڕادەیەکی زۆر لاواز یا بنکۆڵ کردووە Tillion, 2007.

دەستبەسەرداگرتن و بە موڵککردنی جەستە و سێکسوالیتی ژن لەلایە ن پیاوەوە ڕیشەی لەوەدایە کە ژن توانای وەبەرھەمھێنانەوەی ھەیە. توانای وەبەرھەمھێنانەوە، سێکسوالیتی و جەستەی ژن لە کولتووری نامووسیدا سنوورێکن کە ھەرێمی پیاوەتی لە ناپیاوەتی و بە شەرەفبوون لە بێشەرەفبوون جیادەکەنەوە. پیاو لایەنی کەم لە دوای سەرھەڵدانی خاوەندارێتی تایبەتەوە، ھەوڵی دەستبەسەرداگرتنی جەستە، سێکسوالیتی و توانای زاوزێی ژنی داوە چونکە پیاو خۆی لەم توانایە بێبەرییە و ویستووشیەتی ناو و خۆێنی بنەماڵە، ھۆز و قەومەکەی خۆی خاوێن و بێخەوش ڕاگرێت. کۆنتڕۆڵی پیاو بەسەر جەستە و سێکسوالیتی ژندا زۆر زوو دەستپێدەکات. ‌ھەر لەو کاتەوە کە کچ لە باری بایۆلۆژیکەوە دەبێ بە ژن، واتە لەگەڵ یەکەمین مانگانە خۆێنی، لەگەڵ بناغەی مەمکدانانی و ئالوگۆڕی جەستەیی تری لەو چە شنە، کۆنتڕۆڵی کەسوکاری نێرینەی ئەویش و ھەستی خاوەندارێتیان بەسەر ئەودا چڕوپڕتر دەبێت. دەستبەسەرداگرتن و بە موڵککردنی ژن لە کولتووری نامووسیدا مانایەکی سیمبۆلیک دەدا بە سێکسی ژن و پیاو لە یەکەم شەوی ژیانی ھاوسەرییاندا de Beauvoir, 2002 ; Schlytter & Rexvid, 2013.

پیەر بوردیۆ  Bourdieu, 1999 ھێما بەوە دەکات کە ”کونکردن“، ”پەردەی کچێنی لابردن“ یا  ”بێبنکردنی کچ“ لەلایەن پیاوەوە لە یەکەم شەوی پێکەوە بوونیاندا، ھەست و چێژێکی تایبەت دەدا بە پیاو، ھەستێک کە دەبێتە ھۆی ئەوەی پیاو خۆی بە خاوەنی جەستە و سێکسوالیتی ژنەکە بزانێ و خۆی وەک کەسێک ھەست پێبکات کە بۆ یەکەمجار ئەو کاڵایە کە سێکسوالیتی ژنە، بەکاردێنێ. بەھۆی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە خوارەوە ئیشارەیان پێدەکرێ ئەم ھەستە لای پیاو لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا بە دەگمەن بەرچاو دەکەوێت. ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی کە بەشێک لە مافەکانی ژن، لەوانە مافی خاوەندارێتی ئەو بەسەر جەستە و سێکسوالیتیدا، مسوگەربێت Appiah, 2010; Khan, 2006.

مافی دەنگدان یەکێک بوو لە یەکەمین خاڵەکانی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ژنان بۆ یەکسانی لەبەردەم یاسادا. ئەم مافە دانپێدانانێکی ڕەسمی دەوڵەت بوو بە ھاوشانبوونی ژن و پیاو لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا. ھەروەھا مافی کارکردن و بژێو و داھات بەدەستھێنان، جێگا و شوێنی ژنی لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بەھێزکرد بە چەشنێک کە توانا و دەرەتانی ژنی بۆ بڕیاردان لەسەر پرس و پێداویستی گرنگ لە ژیانی خێزانیدا، بەربڵاوتر کرد. بەڵام گرنگترین خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و سەربەستی لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا، دانپێدانانی دەوڵەت و یاسا بوو بە مافی ژن بۆ خاوەندارێتی و بڕیاردان لەسەر جەستە، توانای وەبەرھەمھێنانەوە و سێکسکردن بەر و بەدەر لە ژیانی ھاوسەری. بەدەستەوەدانی ئامرازی پێشگیری لە سکپربوون بە گشتی، حەبی پێشگیری بەتایبەت و مافی منداڵ لەباربردن ھەنگاوی چارەنووسساز بوون بەرەو سەربەخۆیی ژن و ھاتنەدەرەوەی لەژێر سێبەر و بەندی پیاو Schlytter & Rexvid, 2013.

گۆڕانکارییەکی تر کە کەلەبەری دەسەڵاتی ژن و پیاوی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا تەسکترکردەوە و ھەنگاوێکی تر لە یەکسانی لە بەرامبەر یاسادا، لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەی خێزاندا، نزیکتر کردەوە، مافی مەرەخەسی باوکایەتی بوو بۆ منداڵداری لە یاسای ھەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا. کات تەرخانکردنی باوک بۆ مناڵداری، نەک تەنیا پەیوەندی و سۆزی نێوان باوک و منداڵ بەھێزدەکات بە ڵکوو دەتوانێ ڕەنگدانەوەی کاریگەری ھەبێت بۆ جێگا و شوێنی باوک لە خێزاندا و گۆڕینی ڕۆڵی ئەو لە بژێودەرەوە بۆ بەخێوکەر یا چاودێریکەر.

ئەم ئاڵوگۆڕانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا لە ئاستی ساختاری و یاساداناندا ڕوویان دا. ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریان لەسەر گۆڕینی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو بە گشتی و بەرزکردنەوەی پلەی ژن بەتایبەتی ھەبوو. ھەروەھا بوونە مایەی ‌ھێمنکردنەوە و ڕازیکردنی پیاو کە دان بە مافی ژندا بێنێ و زیاتر ھۆگر و ئاوێتەی ئیشی ناوماڵ و مناڵداری بێت Schlytter & Rexvid, 2013.

دەرئەنجام

لە کۆتایی ئەم وتارەدا پێویستە ھەڵوێستەیەک لەسەر ئەوە بکرێ کە گۆرینی کەلتوور و دابونەریتی جیڕ و قیرسیچمەی نامووس- و شەرەفخوازانە کە پێشینەیەکی درێژیان ھەیە، تەنیا لە ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەن، دژوار، بە بەرنامە و سیستەماتیکدا دەتوانێ مسۆگەربێت. دیارە ڕێفۆرمێکی ئاوا گرنگ پێشمەرجەکانی، توێژھاویشتنی کۆمەڵگای ھەرەوەزییە بە جۆرێک کە تاکەکەس و ماف و ئازادییە بێ ئەملاوئەولاکانی دانی پێدا بھێندرێ و لەم بارەوە پاڵپشت و داڵدەی یاسایی ھەبێت. ھەروەھا پشتسەرنانی کولتووری کۆیلانە و سەرکوتگەری نامووسخواز، پێشمەرجەکانی ئاڵوگۆڕ پێکھێنانی جیددی و بوێرانەن لە ژێرخانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، ھونەری و ئەدەبی کۆمەڵگای ھەرەوەزی شەرەفخوازدا. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە کە ئاڵوگۆڕی جددی لە ژێرخانی کولتووری نامووسیدا پرۆسەیەکی درێژخایەنە، دەکرێ چەند خاڵێک و ئامانجێکی تا ڕادەیەک ڕیالیستییانە پێشنیاربکرێن. خاڵی یەکەم دەتوانێ بە گۆڕینی ڕۆڵی دایک و پەیوەندی ئەو لەگەڵ کوڕ لەناو پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنی سەرەتایی primary socialization   کوڕدا، بێتەدی. خاڵی دووھەم دەتوانرێ لەناو پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیکردنی پلە دووھەمی secondary socialization کوڕ لە سیستەمی پەروەردە و بارھێناندا بێتەدی. دوایین بەشی ئەم وتارە تەرخان دەکرێت بۆ ھەڵوێستەیەک لەسەر ئەم دوو خاڵە.

ڕۆڵی دایک لە بە کۆمەڵایەتیکردنی کوڕدا

لە پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوونی سەرەتایی کوڕدا ڕۆلی دایک و پەیوەندی ئەو لەگەڵ کوڕەکەیدا، وەک یەكێک لە فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی ڕاگرتن و وەبەرھەمھێنانەوەی کولتووری نامووسی دەبینرێت. لێرەدا دەسبەجێ ئەم پرسیارە خۆی دەسەپێنێ کە ئایا ئەوە سیستەمی پیاوسالارییە کە دەبێ بگۆڕدرێ یا دایک کە خۆی بەرھەم، گیرۆدە و قوربانی کولتووری نامووسییە؟ بە بڕوای من ئەوە ڕاستە کە دایک بەرھەم و قوربانی سیستەمی پیاوسالاری و نۆرمەکانی ئەو سیستەمەیە بەڵام دایک تەنیا قوربانییەکی بێدەسەڵات نییە بە ڵکوو سیمۆن دو بۆڤوار- وتەنی de Beauvoir, 2002 قوربانییەکی ھاودەستی سیستەمی پیاوسالارییە بەو مانایە کە ئەو پیاوانەی کە کۆڵەکەی ئەسڵی سیستەمەکە پێکدێنن لە داوێنی دایکدا پەروەردەدە بن. لەم بەشەدا ھەڵوێستەیەک لەسەر ڕۆڵی دایک لە ڕاگرتن و وەبەرھەمھێنانەوەی کولتووری نامووسیدا دەکرێت.

لە کولتووری نامووسیدا ژنێک کە تەنیا كچی دەبن پلەی لە ژنی نەزۆک بەرزتر نییە. قەدر و ڕێزگرتن لە ژن لەو کەلتوورەدا، پابەستی توانایی ئەوە بۆ وەبەرھەمھێنانەوەی نێرینە. ”کچێنێ“، وەک ئامرازی وەبەرھەمھێنانەوەی پیاو لە ڕووی سیمبۆلیک و بەدونیاھێنانی منداڵی نێرینە لە ڕووی فیزیکییەوە گرنگیی ھەیە. ئەمانە دوو بازگەن کە ژن لە کولتووری نامووسیدا دەبێ تێپەڕیان بکات بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ خۆی بڕەخسێنێ کە پلەی لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بباتە سەر مێزی وتووێژ تا بەو جۆرە پێ بنێتە ناو ھەرێمی بەشوەرگرتن لە دەسەڵات و ئۆتۆریتە Ghanim, 2009; Joseph, 1993/1994; Timimi, 1995; van Eck, 2003; Wikan, 2003.

بەھۆی ئەوەی کە پلەی ژن لەناو خێزان و کۆمەڵگادا گرێدراوە بە وەبەرھەمھێنانەوەی نێرینەوە، پەیوەندییەکی وابەستەیی زۆرەملێ، لەنێوان دایک و کوڕدا پێکدێت. وابەستەبوونی کوڕ بە دایکەوە سرووشتییە لە حاڵێکدا وابەستەبوونی دایک بە کوڕەوە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ رێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەھای کولتووری زاڵ لە کۆمەڵگادا کە ژن وەک ”زەعیفە“، بێدەسەڵات و وابەستە باردێنن و بەکۆمەڵایەتی دەکەن. دایک جگە لە وابەستەیی بە کوڕ، بۆ بەرزکردنەوەی پلەی خۆی، وابەستە بە یارمەتی کچیشە بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری ژیانی ڕۆژانەی خێزانی گەورە Ghanim, 2009; Timimi, 1995.

دایک لە کولتووری نامووسیدا کە مافی ژن ناسەلمێنێ، دەکەوێتە مەیدانی یارییەکەوە کە لەوێدا چاوەڕوانی نزیکترین، قووڵترین و بەھێزترین پەیوەندی لە کوڕەکەی دەکات بۆ ھاوكێشکردنی باڵادەستی مێردەکەی. بە واتایەکی تر دایک لە کولتووری نامووسیدا کوڕ وەک نەیار یا ڕەقیبی باوک باردێنێ، ھاوکات خۆشی چۆکدادەدا لەبەردەم باڵادەستی کوڕدا کە دایک خۆی ڕۆڵی چالاکی بووە لە گەشەپێدانیدا. کوڕ گرنگترین پارێزەی دایکە لە بەرامبەر نکۆڵی لێکردنی مێرددا. ڕۆڵی پارێزەبوونی کوڕ بۆ دایک دەبێتە ھۆی ئەوەی کە دایک دەستی تێکەڵاوی دەستی کوڕ، کە براوەی کولتووری نامووسییە، بکات و پەیوەندی لەگەڵ کچ، واتە دۆڕاوی کولتووری نامووسی، بە شێوەیەکی تر دامەزرێنێت. دایک و کچ ھەردووکیان قوربانی ڕاستەوخۆی ھەمان سیستەمی کۆمەڵایەتین. ئەزموون و تامی تاڵی نەخوازراو و ناخۆشەویست بوون، کە دایک خۆی لە دەورانی منداڵی و گەنجیدا چەشتویەتی، دووپات و بەھێزتردەبن، کاتێک منداڵی مێینەی دەبێت. لەبەرئەوەیە کە پەیوەندی دایک و کچ ھەستی سووچداریی، پەژارە و شکستی دایکی پێوە دیارە Ghanim, 2009; Joseph, 1993/1994; Timimi, 1995.

بەکورتی پەیوەندی نێوان دایک و کوڕ تایبەتە چونکە ئەوان بەرەیەکی ھەلپەرستانە opportunistic alliance  پێکدێنن بۆئەوەی دایک ھەل بڕەخسێنێ بۆ بەرزکردنەوەی پلەوپایەی خۆی. بۆ ئەم مەبەستە دایک وەک نینۆک کەڵک لە کوڕ وەردەگرێت تا بتوانێت چنگی خۆی لە خێزان و بنەماڵەدا قایم بکات، بۆ ئەوەی ترسی ژن بەسەرھێنان کەمکاتەوە و بۆئەوەی کوڕ جۆرێک لە خۆی نزیککاتەوە کە دژ بە زۆرداریی باوک بەرامبەر بە دایک ڕاوەستێ و دایک بپارێزێ. کوڕ ئەگەرچی لە سیستەمی پیاوسالارییدا گەورەدەبێت و بەکۆمەڵایەتی دەبێت، بەڵام بەو جۆرە کە وەک ژێردەست و بێدەسەڵات و”زەعیفە“ سەیری خوشک و ھاوسەر دەکات، ناڕوانێتە دایک بەھۆی ئەو بەرە ئۆپۆرتۆنیستییەی لەگەڵ دایک پێکیدەھێنێ. لە کولتووری نامووسیدا تەنیا ئەویندارییەک کە دەرفەتی پێدەدرێت و بە شانوشکۆوە سەیری دەکرێت، ئەڤینی دایک و کوڕە بۆ یەکتری. بەڵام پەیوەندی بەھێزی پڕ لە خۆشەویستی دایک و کوڕ، کە تا کۆتایی ژیانیان بەردەوامە، دەبێت بە کۆسپێک بۆ کوڕ/  پیاو بۆ گەشەپێدانی پەیوەندی ساغ و پڕ ڕێز و بەھێز لەگەڵ خوشک، ھاوسەر و ئافرەتی تر. وابەستەبوونی دایک بە کوڕ، دەبێتە ھۆی ئەوەی دایک یارمەتی کوڕ بدات کە دەسەڵات نواندن بەسەر ھاوسەر، خوشک و بەسەر خودی دایکیشدا، قورس و قایم بکات. لە ھەمان کاتدا دایک ھەستی بەرھەڵستکارانەی کوڕ دژی باوک ھاندەدات و ھەڵی دەخڕێنێ. بەکورتی دایک بۆ مانەوە و بەرزکردنەوەی پلەوپایەی خۆی، سەرمایەگوزاری دەکات لەسەر کوڕ وەک ئۆتۆریتەی زاڵ. دایک لەبەرئەوەی ئۆتۆریتەیەک دروستدەکات کە دواتر خۆی چۆکی بۆ دادەدا، ناتوانێ نموونە role model بێت بۆ کچ بە ھەمان شێوە کە باب وەک نموونەی ھێز، دەسەڵاتدارێتی و ڕێزداربوون بۆ کوڕ خۆی دەنوێنێت Ghanim, 2009; Joseph, 1993/1994.

خاڵی گرنگ بۆ کۆتایی ئەم بەشە لە باس لەسەر ڕۆڵی دایک لە پرۆسەی سەرەتایی بەکۆمەڵایەتیکردنی کوڕ لە کولتووری نامووسیدا ئەوەیە کە تێگەیشتن و ھاوسۆزی sympathy کوڕ بۆ دایک دەتوانرێت کەڵکی لێوەرگیرێت بۆ کارتێکردن و گۆڕینی پەیوەندی نێوان ژن و پیاو. بەبۆنەی پەیوەندی قووڵ و نزیکەوە لەگەڵ کوڕدا دایک دەتوانێت ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێت کە تۆوی سیستەمێکی تر بچێنێت، سیستەمێک بەھای مرۆڤدۆستانە بەگشتی و ڕێز بۆ ژن بەتایبەتی دەسەلمێنێت. دایک دەتوانێت وا لە کوڕ بکات کە پەیوەندی پڕمانا و باشتری لەگەڵ خوشک و ھاوسەردا ھەبێت El-Shamy, 1981; Ghanim, 2009.

ڕۆڵی سیستەمی پەروەردە و بارھێنان لە بەکۆمەڵایەتیکردنی کوڕدا

مەرجی گۆڕینی بنەڕەتیی کولتووری نامووسی لە سیستەمی پەروەردە و بارھێناندا، ھەر لە باخچەی منداڵانەوە تا زانکۆ، ئەوەیە کە قوتابی بەگشتی و بەتایبەت کوڕ، ئاشنابکرێن بە ماف و ئازادی سەرەتایی تاکەکەس. کوڕ دەبێت فێری سەلماندنی مافی ژیان، مافی کایە، شادی و خۆشی، مافی پراتیزەکردنی سێکس، مافی ھەڵبژاردنی ھاوسەر، مافی بڕیاردان لەسەر جەستە و سێکسوالیتی و ھتد، ببێت. ئەركێکی گرنگی سیستەمی پەروەردە ئەوەیە کە قوتابی مێینە فێربکات کە جەستەی ئەو دوژمنی ئەو نییە بە ڵکوو وەک سیمۆن دوبۆڤوار جەختی لەسەر دەکاتەوە (2002)، مرۆڤ بە یارمەتی جەستەی چنگ لە دونیای دەورووبەری گیردەکات و ھەوڵدەدات تێیبگات. جەستەی کچ/   ژن لە کولتووری نامووسخوازدا مایەی شەرم و سووکایەتییە، بۆیە شایەنی شاردنەوە، سنووردارکردن، ئازاردان، داغکردن، ئەندامبڕین/  خەتەنەیە. پێویستە سیستەمی پەروەردە لە یەکەم ھەنگاودا کچ ئاشتبکاتەوە لەگەڵ جەستە و سێکوالیتی خۆی. کچێک کە وەک سەرچاوەی شەرم و سووکایەتی سەیری جەستەی خۆی نەکات، تا ڕادەیەک دەتوانێت مەرجەکانی ڕەفتاری باڵادەستانە و خواوەندانەی پیاو بەرامبەر بە ژن بگۆڕێت El-Shamy, 1981; Joseph, 1993/1994.

ئەرکێکی گرنگی تری سیستەمی پەروەردە پێکھاتوە لە ھەوڵێکی ڕاستەقینە و داھێنەرانە بۆ گۆڕینی ئەو سەرگوزشتە و چیرۆکانە بدات کە پیاو، پیاوەتی، شەرەف، ناموس و پیاوی بە شەرەف- و نامووس ڕادەگرن و وەبەرھەمیدێننەوە. مێردمنداڵ لە کردەوە و گوفتاری کەسوکار و دەورووبەردا، ئایدیاڵی زاڵ و دڵخوازی کۆمەڵگا بۆ ئەم چەمکانە دەدۆزنەوە، دەستنیشانیان دەکەن و پاشان بەناوەکییان دەکەن. بە واتایەکی تر مێردمنداڵی کوڕ لە دەورووبەری دەبیسن کە چۆن باوک و باپیرانی ئازا و بەشەرەفیان داکۆکیان لە ناوبانگ، شەرەف و ئابڕووی خۆیان کردووە کاتێک ئەندامێکی مێینەی بنەماڵە یا پیاوێکی بێگانەیان سزاداوە کە لەگەڵ ژنی بنەماڵەکەدا پەیوەندی خۆشەویستی یا جنسی بەر یا دەر لە ھاوسەرگیریی بووە. ھەروەھا مێردمنداڵی کولتووری نامووسخواز شایەتی دەیان سەرگوزشتەی تاڵی ژنانی تایفە و دەروجیرانن کە لەناکاو ڕۆژێک بۆ ھەمیشە بزردەبن و کەس بۆی نییە ناویان ببات و قەبرەکەیان بەسەرکاتەوە، ئەگەر قەبر و کێلیان پێ ڕەوا ببینن. ئەم چیڕۆک و بەسەرھاتە واقعییانە، بە تێپەڕبوونی زەمان دەتوانن ببن بە بەشێک لە دەرک و دیدی کوڕ لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و پیاو، خۆشەویستی بەر لە ھاوسەرگیریی، ژێرپێنان و بەزاندنی نۆرمەکانی کولتووری نامووسی. ھەروەھا لە بواری کردەوەشدا مێردمنداڵی ناو کولتووری نامووسخواز، ھەر لە تەمەنی چوار-پێنج ساڵییەوە ئەرکی پاراستن و ڕۆڵی پاسەوانی لە ناوبانگ، شەرەف و ئابڕووی بنەماڵەیان بە بەژن دەبڕدرێ. ‌‌بەشێکی زۆر لەو ئەرک و ڕۆلانە ‌ھیچکات دەرنابڕدرێن بەڵکوو بە کردەوە بە کوڕ نیشاندەدرێن و دەکەونە ئەستۆی. بۆ نموونە کوڕێکی پێنج ساڵان کە دەبێت کەسوکاری مێینەی گەورەساڵی لە دەرەوەی ماڵ ئێسکۆرت بکات، بەبێ ئەوەی باب و برا یا کەسوکاری نێرینەی تر بە ئاشکرا پێیان گوتبێت کە دەبێت پاسەوانی لە کەسوکاری مێینەی بکات کاتێک ئەوان چواردیواری ماڵ جێدەھێڵن، ڕیسا و یاسای گەمەکە تێدەگات. کوڕە منداڵەکە دەرک بەوە دەکات کە ئەندامانی مێینە مەترسییەکی ھەمیشەیین بۆ شەرەفشکاندن و ئابڕووتکاندنی بنەماڵە و ئەو خۆی، گارانتی شەرەفی بنەماڵەیە. هەڵسوکەوت و کردەوەی لەو چەشنە لای کوڕ، دەتوانێت ئاکامی بە ناوەکیکردنی ئەو سەرگوزشت و چیرۆکانە بێت کە ئەو لە دەوروبەر بیستوونی. لێرەدا دیسان سیستەمی پەروەردە دەتوانێت سەرگوزشتە و چیڕۆکی ئەڵتەرناتیڤ لەبەردەستی قوتابی نێرینەدا دانێت کە تیایاندا خۆشەویستی و سێکسی بەرو بەدەر لە ھاوسەرگیری تاوان نین، کە تیایاندا ژن و پیاو ئازادانە ھاوسەری خۆیان ھەڵدەبژێرن، کە پەیوەندی نێوان ئەندامانی بنەماڵە پەیوەندی نێوان تاوانکار و قوربانی یا دەستەمۆ و دەستەمۆکەر نییە بەڵکوو پەیوەندییەکان لەسەر بنچینەی خۆشەویستی و ڕێز و دانپێدانانی یەکسانی ژن و پیاو دامەزراون Appiah, 2010.

کولتووری نامووسی، ھەر وەک پێشتر جەختی لەسەر کرا، لەسەر بنەمای سیستەمێکی سەرکوتگەرانە دامەزراوە کە تیایدا ھەم سەرکوتکەر ھەم سەرکوتکراو دەستەمۆن. ڕیفۆرم بەسەرداھێنانی سیستەمێکی ئاوھا جۆێکی تر لە پراتیزەکردنی پیاوەتی دەخوازێت کە پێویستی بە کۆنتڕۆڵی جەستە، سێکسوالیتی و دەرفەتەکانی ژن نەبێت و بۆ ڕاگرتنی ناوبانگ، ئابڕوو، پلەوپایە و کەسایەتی پیاو. سیستەمێک کە تیایدا بنەماڵە دەست نەبات بۆ سەرکوتکردن و تاوانی نامووسی. بە واتایەکی تر گۆڕينی کولتووری نامووسی پێشمەرجەکەی بارھێنان و پەروەردەکردنی پیاوێکە کە بۆ بەدیھێنانی خەون، خۆزگە و پڕۆژەکانی ژیانی خۆی بە پێویست و ڕەوای نازانێت کە نکۆڵی لە خۆزگە و پڕۆژەی ژیانی کەسوکاری مێینەی بکات. پیاوێکی وەھا دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە ژن و پیاو بە یەک ئەندازە مافی بەدیھێنانی حەز، ئاوات و پڕۆژەکانی ژیانیان ھەیە و لە بەرامبەر یاسادا ھاوشان و یەکسانن. دیارە ئاڵوگۆڕێکی لەو چەشنە پلەی ژن بەرزدەکاتەوە و ماف و ئازادییەکانی دەسەلمێنێ بەڵام بە ھیچ شێوەیەک بە مانای بنکۆڵکردنی پلەی پیاو و بێدەسەڵاتکردن و پێشێلکردنی ماف، ئازادی و سەربەخۆیی ئەو نییە بەڵکوو تەنیا بە مانای کورتکردنەوەی دەستی درێژی ئەوە لە بەکۆڵۆنیزەکردنی جەستە و بوونی ژن. ڕیفۆرمیزەکردنی پیاوەتی لە کولتووری نامووسیدا پەیوەندی ئەو لەگەڵ کەسوکاری مێینەی ئاسایی دەکاتەوە و کەسایەتی و پلەی کۆمەڵایەتی ئەو لە ژن و کردار و ڕەفتاری ژن دەترازێنێت و پیاو تەنیا وەک بەرپرسی قسە و کردەوەی خۆی و نەک ھیچ کەسی تر دەخاتە بەرچاوی ھەڵسەنگێنەری دەورووبەر. لە ھەمان کاتدا بڕینی ئەو ناوکە سیمبۆلیکە کە کەسایەتی پیاو بە ژنەوە گرێدەدات، دەتوانێت پەیوەندی پیاو لەگەڵ پیاوی تریش ئاسایی بکاتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی ئەو کەم کاتەوە. پیاوێک کە لەوە نەترسێت کە ھەمیشە دەبێت کەسوکاری مێینەی کۆنترۆڵ بکات بۆئەوەی بتوانێت بچێتە ناو کۆڕی پیاوان و ھەمیشە ھۆشی لای ئەوە نەبێت کە پیاوی تر دەیانەوێ “نا“ڕاستەوخۆ پیاوەتی و شەرەفی ئەو بشکێنن لەڕێگەی قسەوقسەڵۆک، تیروتوانج و جنێودان بە کەسوکاری مێینەی ئەوەوە، لە حاڵەتی ئامادەباشی دایم دێتەدەر. ئەو باری قورسی پارێزگاری لە شەرەفی بنەماڵە لەسەر شانی سووک دەبێت. پیاو لە دۆخێکی وادا دەتوانێت بە فیکر و مێشکی ئاواڵەترەوە خەریکی بەدیھێنانی خەون وخۆزگە و پڕۆژەکانی ژیانی خۆی بێت Appiah, 2010, Rexvid & Schlytter, 2012.

سەری قسەی ئەم وتارە ئەوەبوو کە پێشمەرجی ڕاگرتنی پیاوەتی و شەرەف لە کولتووری نامووسخوازدا دەستەمۆکردنی جەستە و رەفتاری ژن و نکۆڵیکردن لە بوونی کۆمەڵایەتی ئەوە. بنی قسەی وتارەکەش دەبێتە ئەوە کە ڕزگاریی ژن، سەلماندنی بوونی کۆمەڵایەتی، ماف و ئازادییەکانی ئەو، پێشمەرجی ڕیفۆرمیزەکردنی پیاوەتی و ڕزگاری ھەموانە لەو سەرکوتکردن و کۆیلەتییە کە کولتووری نامووسی بەسەر ژن و پیاودا دەیسەپێنێ.

سەرچاوەکان:

  1. Abu-Rabia, A. (2011). Family Honor Killings: Between Custom and State Law. The Open Psychology Journal, 4, (Suppl 1-M4), 34-44.
  2. Abu-Zeid, A. (1965). Honor and shame among the Bedouin of Egypt. In J., Peristiany(Ed.), Honor and shame (pp. 256-257). London: Weidenfeld and Nicolson.
  3. Beauvoir, S.D. (2002). Det andra könet. Stockholm: Norstedt.
  4. Blok, A. (2001). Honour and violence. Cambridge: Polity.
  5. Bourdieu, P. (1999). Den manliga dominansen. Göteborg: Daidalos.
  6. Bredal Anja (2011). Mellom makt og avmakt. Om unge menn, tvangsekteskap, vold og kontroll. ISF Rapport (2011:004). Oslo: Institutt for samfunnsforskning.
  7. Campbell, J. K. (1964). Honour, family and patronage: A study of institutions and moral values in a Greek mountain community. Oxford: Clarendon Press.
  8. Carrigan, T., Connell, R. & Lee, J. (1995). Toward a new sociology of masculinity. Theory and society. (14(1985):5, s. 551-604).
  9. Cindoglu, D. (1997). Virginity Tests and Artificial Virginity In Modern Turkish Medicine. Women’s Studies International Forum, Vol. 20, No. 2, pp. 253–261, 1997.
  10. Connell, R.W. (1995). Maskuliniteter. Göteborg: Daidalos. Coomaraswamy, R. (2005). Violence against women and ‘crimes of honour’. In L. Welchman & S. Hossain (Eds.). ‘Honour’ Crimes, paradigms, and violence against women. London: Zed Books.
  11. Coomaraswamy, R. (2005). Violence against women and ´crimes of honour´. In L., Welchman & S., Hossain (Eds.), ‘Honour’ Crimes, paradigms, and violence against women. Zed Books, London.
  12. Delaney, C. (1987). Seeds of Honor, Fields of Shame. In D.D. Gilmore (Ed.), Honor and Shame and the Unity of the Mediterranean. Washington DC: American Anthropological Association Special Publication nr 22 s. 35–48.
  13. di Bella Maria Pia (1992/2005). Name blood and miracles: the claims to renown in traditional Sicily. In J. G., Peristiany & J., Pitt-Rivers (Eds.), Honor and grace in anthropology. Cambridge: University Press.
  14. Ekenstam, C. (red.) (1998). Rädd att falla: studier i manlighet. Stockholm: Gidlund.
  15. El-Shamy, H. (1981). The Brother-Sister Syndrome in Arab Family Life Socio-cultural Factors in Arab Psychiatry: a Critical Review. International Journal of Sociology of the Family, Special Issue, The Family in the Middle East, Mark C. Kennedy, ed., vol. 11, no. 2, pp. 313-323 (July-December) 1981.
  16. Erdreich, L. (2006). Degendering the Honor/Care Conflation: Palestinian Israeli University Women’s Appropriations of Independence. ETHOS, vol. 34, nr 1s. 132–164.
  17. Fayard, N. (2013). Rape, Trauma, and Shame in Samira Bellil’s Dans L’enfer des tournantes in Erica L. Johnson and Patricia Moran (Eds.) The Female Face of Shame. Indiana University Press: Bloomington & Indianapolis.
  18. Ghanim, D. (2009). Gender and violence in the Middle East. Westport, Conn: Praeger Publishers.
  19. Giant, J. (1979). Illicit sexual relationships and family honor in Arab society. Israeli Studies in Criminology, nr 10 s. 179–202.
  20. Gilligan, J. (1997). Violence: reflections on the National Epidemic. New York: Vintage Books.
  21. Gilmore, D.D. (1987). Honor and shame and the unity of the Mediterranean. Washington, D.C.: American Anthropological Association.
  22. Johansson, T. & Kuosmanen, J. (red.) (2003). Manlighetens många ansikten: fäder, feminister, frisörer och andra män. (1. uppl.) Malmö: Liber.
  23. Johnson, E.L. & Moran, P. (2013). Introduction. In E. L., Johnson and P., Moran (Eds.) The Female Face of Shame. Indiana University Press: Bloomington & Indianapolis.
  24. Joseph, S. (1993). Connectivity and Patriarchy among Urban Working-Class Arab Families in Lebanon. Ethos, Vol. 21, No. 4 (Dec., 1993), pp. 452-484.
  25. Joseph, S. (1994). Brother/sister relationships: connectivity, love, and power in the reproduction of patriarchy in Lebanon. American Ethnologist 21(1): 50-73.
  26. Khan, T. S. (2006). Beyond Honour. A Historical Materialist Explanation of Honour Related Violence. New York: Oxford University Press.
  27. Kimmel, M. S., Aronson, A. (2008).The Gendered Society Reader, 3rd Ed. New York: Oxford University Press.
  28. Kimmel, M.S. (2012). Manhood in America: a cultural history. (3., [rev. and updated] ed.) New York: Oxford University Press.
  29. Lien, I.L. (2002). The dynamics of Honor in Violence and Cultural Change, In T., Aase (Ed) Tournaments of power: honor and revenge in the contemporary world. Aldershot: Ashgate.
  30. Lindisfarne, N. (1994). Variant masculinities and variant virginities: rethinking ‘honour and shame’. In A., Cornwall & N., Lindisfarne (1994), Dislocating Masculinity. Comparative Ethnographies. London: Routledge.
  31. Martin, P. (2010). ”These days virginity is just a feeling: heterosexuality and change in young urban Vietnamese men”. Culture, Health & Sexuality, 12:5, 5–18.
  32. Mernissi, F. (1982). Virginity and Patriarchy. Women’s Studies ht. Forum, Vol. 5, No. 2, pp. 183–191, 1982.
  33. Mitra, N. (2013). Partition Violence and Women, In E. L., Johnson and P., Moran (Eds.) The Female Face of Shame. Indiana University Press: Bloomington & Indianapolis.
  34. Parla, A. (2001) ”The ‘honor’ of the state: virginity examinations in Turkey”. Feminist studies, 2001, 27, no 1.
  35. Péristiany, J.G. & Pitt-Rivers, J.A. (1992). Honor and grace in anthropology. Cambridge: Cambridge Univ. Press.
  36. Rexvid, D. (2007). Dominerad av dominans, en kvalitativ studie om hur pojkar/unga män med rötter i den muslimska världen förhåller sig till etniskt svenska män och vad detta förhållningssätt innebär för deras egna föreställningar om maskulinitet och heder. C-uppsats. Institutionen för Socialt Arbete: Stockholms Universitet.
  37. Rexvid, D., Schlytter, A. (2012). Heroes, Hymen and Honour: A Study of the Character of Attitude Change among Male Youth with Their Roots in an Honour-Based Context.Review of European Studies, 2012, Vol.4 (2).
  38. Safilios-Rothcild, C. (1969). ”‘Honour’ Crimes in Contemporary Greece.” The British Journal of Sociology, vol. 20, nr 2 s. 205–218.
  39. Schlytter, A., Högdin, S., Ghadimi, M., Sjöberg-Backlund, Å. & Rexvid, D. (2009a).
  40. En undersökning av flickor och pojkar som lever under hedersrelaterad kontroll i Stockholm stad – omfattning och karaktär Stockholm: Stockholm Stad.
  41. Schlytter, A., Högdin, S. & Rexvid, D. (2009b). Rätten att själv få välja vem man ska gifta sig med – kartläggning bland unga i årskurs 9 i Stockholm stad i Gift mot sin vilja, Stockholm: Ungdomsstyrelsen.
  42. Schlytter, A. & Rexvid, D. (2013). Män som offer och gärningsmän i hedersrelaterade sammaنhang. Barn, utsatthet och heder. (S. 51-75).
  43. Sen, P. (2005). ’Crimes of honour’, value and meaning, In L., Welchman & S., Hossain (Eds.). ‘Honour’ Crimes, paradigms, and violence against women, Zed Books, London.
  44. Stewart, F.H. (1994). Honor. Chicago: University of Chicago Press.
  45. Tillion, G. (2007). My cousin, my husband: clans and kinship in Mediterranean societies /c Germaine Tillion; translated from the French by Quintin Hoare; foreword by Deniz Kandiyoti. ([New ed.]). London: Saqi Books.
  46. Timimi, S. B. (1995). Adolescence in Immigrant Arab Families. Psychotherapy, Volume 32/Spring 1995/Number 1.
  47. Vincent, L. (2006).Virginity testing in South Africa: Re-traditioning the Postcolony. Culture, Health & Sexuality, January–February 2006; 8(1): 17–30.
  48. Wikan, U. (2003). En fråga om heder. Stockholm, Ordfront.
  49. Xiao Z. (1989). Virginity and Premarital Sex in Contemporary China. Feminist Studies, Vol. 15, No. 2, The Problematics of Heterosexuality (Summer, 1989), pp. 279–288.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button