تازەترین بابەترەخنە و ئەدەبسلیمان قاسمیانینووسەران

پۆست مودێرنیزم و شیعر

پۆست مودێڕنیزم و شیعر

سلیمان قاسمیانی

هونەر و ئەدەبیات ڕەنگدانەوەی ژیان و هەست و ئارەزووکانی مرۆڤن. کاتێک مرۆڤ یەکسان و بەرابەر نییە، هونەر و ئەدەبیاتئش ناتوانێ گشتی بێت و بۆچوون و ئاسۆ و بەهرە کۆمەلایەتیی و ئەخلاقییەکانی چێن و توێژەکانی ناو کۆمەل بە خۆوە دەگرێ. چینی دارا و دەسەلاتدار بە هەموو هیزیەوە هەوڵ دەدا کە خەڵکی نەدار و چینی بندەست بەوە قانع بکا کە شتێک بە نێوی چین و جیاوازی چینایەتی بوونی نییە و ئەو جیاوازییانەی کە لە کۆمەلدا دەبینرێن نە بە هۆی چینایەتی بوونی کۆمەلگا بەلکوو بە هۆی تایبەتبوونی تاکەکانە. تاوانی فەرق و جیاوازییەکان دەخرێتە ئەستۆی شانس و بەخت و چارەنووس یان تەمبەڵی و تێنەکۆشانی پێوێیست و بێ مەیلی ئەم و ئەو و وریاتر و زیتتربوونی ئەوانی تر.

شیعریش یەکێک لەومەیدانە هونەرییانەیە کە کێشە چینایەتییەکانی نێو کۆمەلگا لە خۆیدا نیشان دەدا. شیعر چییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێ بە ئەندازەی رێژەی وەلامدەرەکانی جیاوازبێت. شیعر زمانی هەست و خەیالی مرۆڤە. بەلام  ئەوە تایبەتمەندی شیعر بە تەنیا نییە، بەڵکوو هونەر و ئەدەبیات بە گشتی لە مەیدانی هەست و خەیال و ئارەزووکانی مرۆڤدا دەجووڵینەوە. بەڵام زمانی لقەکانی جۆراوجۆری هونەر و ئەدەب سەرەڕای لە یەکچوونیان، جیاوازی سەرەکیشیان هەیە. مۆسیقا بە نۆت دەدوێ، نەققاشی بە رەنگ و خەت، شیعر بە وشە.

زمان دیوار و بانی خانووی شیعرە و وشەش خشتەکانی. مۆسیقا و فورم و وێنەش هەر یەکەی بە نۆبەی خۆیان شێوە و دەنگ و ڕەنگی تایبەت دەبەخشن بە خانووەکە. شیعر وێنەکێشی و نێگارکێشی نییە بەڵام شیعرێک کە خۆی نەهاوێتە سەر شانی وێنە و نەتوانێ بە وێنە بدركێ، شیعرێکی لاوازە. شیعر نە فۆرمە نە ئاهەنگ بەڵام شیعری بێ بەری لە فورم و ئاهەنگ بوونی نییە.

 

پۆست مودرنیزم یان نوێترخوازی وەکوو بیرۆکەیەکی  فەلەسەفی و زانستناسی، هاتووەتە نێو شیعریشەوە و بە دەست تێوردان لە تایبەتمەندییەکانی شیعر و هەڵوەشاندنەوەی نۆرمە سەرەکییەکانی شیعر، بەرهەمێکی نوێ دەخوڵقێنن بە نێوی شیعری سەردەم.

سالح سووزەنی لە پێشەنگانی رەوتی شیعری پۆست مۆدرنیسیتییە لە کوردستانی رۆژهەلات. “شەپۆلی نوێ بە نوێترخوازانەوە دەست پێدەکا و هەڵدەکشێ” وتووێژێکە کە ئدریس عەلی لە گەڵ  ساڵح سووزەنی کردوویەتی و لە ماڵپەری “بۆ دەنگەکان” لە 2008/04/26، بڵاوبۆتەوە. لەو وتووێژەدا ساڵح سووزەنی سەردێڕەکانی بیروبۆچوونی پۆست مودرنیزم دەخاتە روو. من بە کەلک وەرگرتن لەو وتووێژە هەندێک تێبینی خۆم لە سەر “نوێترخوازی” و کارتێکردنی لە سەر شیعر دەخەمە بەر چاوی خوێنەران.

فورم یان زمان

یەکێک لە مەیدانەکانی دەستەویەخەبوونی پۆست مودرنیزم لە گەل “نوێخوازی” یان بە زمانێکی دیکە لە گەڵ “نەریتخوازی” لە شیعردا، فورمە. زمان لە خۆیدا “راستی” یا “واقیع” نییە. ئەو وشانەی کە مرۆڤ بۆ باس کردن لە دنیای دەوروبەری خۆی کەلکی لێوەردەگرێ، “نوێنەر”ێکن بۆ راستییەکە. وشەکان قەراردادێکن بەینی مرۆڤەکان بۆ ئەوەی لە یەک حاڵی بن. وشەی “ئاسمان” ئاسمان نییە بەلکوو تەنیا نوێنەرێکە بۆ “ئاسمان” کە من و تۆ بە پێی زانیاری تا بە ئەمرۆمان دەزانین چییە، یان چی نییە. ئاسمان لە کۆتایی نایە بەلام وشەی ئاسمان لە پێنج پیت زیاتر نییە و بە تۆزی ڕێگەی “ئاسمان”ی واقیعیش ناشێ!

“بە رای من فورم مەیدان دانە بە زمان وەک سیستەمیک نیشانەی وانموودە بۆ دەرخستنی ئەوپەڕی وانموودگەری و دەرچوون لە بازنەی (موسولی) ئەفلاتوونی، واتا زمان گومان لە خۆشی دەکا وەک حەقیقەتێک و ئیتر نایەوێ دەوری واقیع و شبهی واقیع بگێڕێ….(لە قۆناغی زمان بە نیشانەی وانموودە) زمان هەوڵئەدا بە دەمامکی / نەوەک ئاڵای/ وانوێنراوییوە فورمگەل خۆی بنوێنێ و ئالای سەربەخۆیی هونەر و ستاتیکا بەرز کاتەوە.” ساڵح سووزەنی هەمان سەرچاوە

پۆستمۆدێرنیستەکان دەیانەوێ بە قەولی خۆیان چوارچێوەی تەنگی زمان بڕووخینن، زمان لە کۆت و زنجیری واقیع و شبهی واقیع رزگار بکەن و ئاڵای سەربەخۆیی هونەر و جوانیی ڕاشەكێنن. ئەم بۆچوونە ئامۆزای ڕەوای ئایدیالیزمە کە لە مەیدانی زمانەوانی و “شیعر”دا ئالای سەربەخۆیی زمانمان لێهەڵدەگرێ و بەڵێنی دنیایەکی تر، لەوپەڕی دنیای “واقع”مان پێدەدا. ئەو دنیا پۆستمۆدرنیستییە دنیایەکی  سەیر و تایبەتییە بۆ وێنە “ئاسمان”ی واقیع دەبێ بە بەم چوار شبهی “ئاسمان”ە:

“- ئاسم—————–ان / ئا……..سمان  / ئاس……مان / ئاسما……..ن”  ساڵح سووزەنی هەمان سەرچاوە

دیکلەمە واتە خوێندنەوەی شیعر خۆی هونەرێکە، وەکوو هونەری تیاتر، گۆرانی یا وەکووهونەری قسەکردن. درێژکردنەوەی وشەیەک  لە گۆرانیدا یان تەنانەت لە کاتی ئاخاوتندا دیاردەیەکی تەبیعی و پەسند کراوە بۆ ئاهەنگ پێبەخشین، بۆ تەئکید لە سەر کردن، بۆ نیشاندانی شتێکی تر، بۆ ڕاچڵەکاندن هتد. بەلام ئایا “ئاسم——————-ان” بەمجۆرە نووسینە درێژتر دەبێ لە مێشکی منی خوێنەردا؟ ئەم چوار شێوە نووسینەوەی پیشنیاریی ساڵح سووزەنی لە سەرەوە بۆ “ئاسمان”، ئاسمان بۆ من نەک بەرینتر بەڵکوو لێم دادەپچڕێ و لەتلەت دەکات.

لایەنێکیتری مەسەلەکە ئەوەیە کە لە راستیدا باسەکە تەنیا لە سەر “فورم”ی وشە نییە. وشە بە وەسەریەکخستنی چەند پیتەوە دروست دەبێت. لە یەک جیاکردنەوەی پیتەکان یان لەتکردنی وشەکە بە چەند بەش ئیتر وشەی یەکەم یان وشەی دایک نییە. بەشکردنی “ئاسمان” بە “ئاس…..مان” ئیتر هەمان وشە نییە و تەنیا خێرخوازی و زەحمەتی خوێنەرە کە دەتوانێ “ئاس” و “مان” بکاتەوە بە “ئاسمان”.

دووپات و چەندپات کردنەوەی وشەش هەر شتێکی لەو بارەوەیە:

– ژیان  ژیان ژیان ژیان  / چەند ساڵ ژیام  ژیان /  چەند ساڵیتریش بژیم ژیان /  ناتناسم ژیان / ژیان  ژیان  ژیان  ژیان”   ساڵح سووزەنی هەمان سەرچاوە

بە وتەی سالح سووزەنی مەبەست لە چەند بارەکردنەوەی “ژیان” لە شیعری سەروودا  “نیشاندانی جەبری ژیانە بێ ئەوەی بگوترێ” (هەمان سەرچاوە). نووسەر دەتوانێ خویندنەوەی خۆی هەبێ بۆ ئەو دەقەی دەینووسێ. بەڵام خوێندنەوەی باو لە کۆمەڵگادا بۆ ئەم دووپاتکردنەوە، زۆربڵێییە و بە قەولی کوردی زۆرگوتن هەر دۆشاو خۆشە، هەرچەند فکر ناکەم مەبەست لەو دەربڕینە، پۆستمۆدێرنیستی بێت! چون تەنانەت زۆرخواردنی دۆشاویش دڵی ئینسان هەڵدەشێوێنێ. دایە گەورەم یادی بەخێر ئینسانیکئ زۆر دڵرەحم و پاک و خواپەرست بوو. ئەو دەیگوت زۆرگوتن هەر نێوی خوا خۆشە. منیش بە منداڵی هەرکات تاسەی بیسکویت و شیرینیاتم زۆر لێ گەورە دەبوو دەچوومە بەر پەنجەرەکەی دایەگەورە و دەستم دەکرد بە: “تۆ خوا، تۆ خوا، تۆ خوا …. دایە گەورە!” ئەویش دوای ماوەیەک کە لە بیستنی “تۆ خوا” وەرەز دەبوو سەری لە دەربیجەکە دەر دەهێنا و دەیگوت: “کوڕە تۆ خوا و قوڕزەڵقورت، بەسە میشکی سەرت بردم. چت دەوێ؟!”

بە لای منەوە نە زمان پیرۆزە و نە فورم. زمان و فۆرم و ئاهەنگ قەراردادن بۆ ئاسانکردنەوەی لە یەک حاڵی بوون و دەربڕین. مرۆڤ و ژیانی کۆمەلایەتی لە گەشەی بێپسانەوەدان. زمانی ئەمڕۆی مرۆڤ لە گەل زمانی سی ساڵ لەوەپێش و سەد ساڵ لەوەپێش فەرقی یەکجار زۆرە. بەلام ئەم ئالوگۆرییەی کە پێکهاتووە لە سەر دڵخواز و ئیرادەی ئەم و ئەونەبووە بەڵکوو پەیوەندی هەیە بە نیاز و پێداویستی مرۆڤ بە هۆی بەسەرداهاتنی ئالوگۆری لە ژیاندا.

“- بە چل چەمەدا سەرئەکەوم  / ئەگەڕیمەوە بۆ ئاسمان /   ن ا م س ا ئ /   یان “وەنەوشە” بە داریا ئەفڕفڕفڕفڕم / ساڵح سووزەنی هەمان سەرچاوە

سووزەنی دەڵێ “بە شکاندنی سینتاکسی باو” دەگەڕێتەوە ئاسمان. کاتێ ئەوترێ “ئەگەڕیمەوە ئاسمان” منی خوینەر حاڵیم کە چ شتێک پێدەچێ ڕووبدات. وشەکانی “گەڕانەوە” ، “بۆ” ، “ئاسمان” هەر یەکە مانای خۆیان هەیە و بە یەکەوە ریکخستنیان وەک ئەو رستەیە مانایەکی تر. بەلام من ناتوانم بڵیم شاعیر چۆن دەگەڕێتەوە ئاسمان. من دیارە خەیاڵی خۆمم هەیە بۆ چوونە ئاسمان و کەسێکی تر خەیالی خۆی. ئەوەی کە شاعیر بێت و وشەی ئاسمان لێک هەلوەشینیتەوە و دوایی بە پیچەوانەوە بینووسی، لە کردارەکەدا هیچ جیاوازییەک بەدی ناهێنێت. شاعیر یا دەگەرێتەوە یان ناگەڕێتەوە. ئاسمانی بە پێچەوانە “ ن ا م س ا ئ ” گەڕانەوەکە ناگٶڕی تا ئەو رۆژەی “ ن ا م س ا ئ”  نەبووبێتەوە وشەی “باو”، واتە وشەیەک کە ئیمە و شاعیر لە سەری هاوڕا بووبین. تا ئەو کاتە ئاسمان هەر ئاسمانە و  “ ن ا م س ا ئ” وشەیەکی بێ مانا و بێ نیشان، کە نە تەنیا چێژی شیعریی نابەخشێ بەلکوو چێژێکیش ئەگەر هەبێ هەڵێدەپڕووکێنێ. خەلک بە شتی وا دەڵێن “کابرا سەری لێشیواوە”.

شێوازیکی تری فورم شکاندنی پۆستمۆدێرنیستی دەنگاندنی وشە و کردارە. لە دێری: / یان “وەنەوشە” بە داریا ئەفڕفڕفڕفڕم / شاعیر دەێەوێ بە “فڕفڕفڕفڕفڕ” دەنگی فڕینمان بۆ بخوڵقێنێ. لە هەموو زمانێک هەندێ وشە هەن کە لە دەنگەکە خۆی دروست دەبن وەکوو: هاشە، هاژە، ویژە، ویزە، خوڕە، شوڕە، شریخە، قیڕە، قیڕقیر، گرمە، تمبە، ڕمبە…. پرسیارەکە ئیستا ئەوەیە کە بۆ نواندنی هەستی فڕین لە منی خوێنەردا، “فڕفڕفڕفڕ” کردن و وەک مەل هەلتەکاندنی هەر دوو باڵ جوانترە، یان وتنی وشەی “ئەفڕم” بێ فڕەفڕ کە بی کەم و زیاد ماناکە بە من دەبەخشێ؟!پۆستمۆدرنیستەکان لە بیریان دەچێتەوە کە مرۆڤ تەنانەت بە بێ شەقەی باڵ، دەتوانێ شەقەی باڵ هەست پێبکا و پێویستی بە تەقە و ڕەقە و شەقە نییە بۆ دەڕبڕینی ئەو کردارە و ئەو هەستەی لەوەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەو “فڕفڕفڕفڕ”ە کردنە وەکوو سێ-دێیەکی شکاوە کە لە سەر هێڵی “فڕ” گیری کردووە و دەرچوونی نییە یان وەک مناڵێکە کە هێشتا لە هێڵی “دەنگ” نەپەڕیوەتەوە و “ئەفڕین” زۆر بۆی ئابستراکتە.

ئەم دەنگاندن و دووپات کردنەوە لە حیکایەتئ شیتخانەکە دەچێ. رۆژێک دوکتۆر لە شیتخانەدا سەری نەخۆشەکان دەدا. دەبینێ کە حەمە لە ژوورەکەی خۆیدا گەرمی نووسینە. دوکتۆر لە حەمە دەپرسێ خەریکی چییە. حەمە دەڵێ کە خەریکی نووسینی رۆمانێکە. دۆکتۆر زۆر خۆشحال دەبێت و لە دلێ خۆیدا دەڵی کە حەمە بەرەو باشتر بوون دەچێ. دۆکتۆر دووبارە دەپرسێ کە تا ئیستا چەندی نووسیوە. حەمە دەڵێ ٢٥٠ لاپەرەی نووسیوە. دوکتۆر دەپرسێ چەندی ماوە تەواو بێت. حەمە دەڵێ لەوانەیە ببێتە ٥٠٠ لاپەرەیەک. دوکتۆردەپرسێ ئاخۆ ناوی رۆمانەکەی دیاری کردووە. حەمەش دەڵێ بەڵێ ناوی رۆمانەکە پێدەچێ ببێتە “دەنگی پێی ئەسپ”. دوکتۆر بە خۆشحالییەوە داوا لە حەمە دەکا کاتێک رۆمانەکەی تەواو بوو ئیجازە بدا ئەویش بیخوێنێتەوە. حەمە دوای چەند رۆژ دەچێ بۆ لای دۆکتور رۆمانەکەی لە بەردەم دادەنێ. لە سەر بەرگی کتێبەکە نووسرابوو “دەنگی پێی ئەسپ”. رۆمانەکە بە وشەی  “پتکۆپتکۆ” دەست پێدەکات و هەر وەک حەمە رۆژی یەکەم گوتبووی ببوو بە ٥٠٠ لاپەرە. لە لاپەرەی ٥٠٠ یشدا بە “پتکۆپتکو” کۆتایی پێدێت. ٥٠٠ لاپەرە پتکۆپتکۆی بەردەوام. پۆستمۆدێرنیزم لێرەدا نە نوێخوازە و نە نوێترخواز بەلکوو دەگەرێتەوە بۆ دەورەیەکی کۆنتر لە گەشەکردنی زمان.

هەڵوەشاندنەوەی رستە

ئەوە تەنیا وشە نییە کە بە دەستی پۆستمۆدێڕنیستەکانەوە هەلدەوەشیتەوە، بەلکوو رستەش لەم هێرشە بێبەری نییە. شاعیر لە هەوڵی نوێترخوازیدا مێشین بە وشەکان دەکا و رستەیەکی تر دروست دەکا کە دەتوانی هیچ مانایەکی نەبێ یان بتوانی هەزارمانای حەلەق مەلەقی بۆ بدۆزییەوە. سەیری ئەم دێرە بکەن:

“- بە خەمی مەرگەوە دەباری /  کەچی فنجانێک بی خەون و لە چایی /  تا بەیانی لە جگەرە و لیمۆ هەی لیمۆ دەسووتام. /  ساڵح سووزەنی هەمان سەرچاوە

ئەوەی لێرەدا دەیبینین هەروەک شاعیر خۆی دەڵێ شێواندنی رستەکان و زمانە. ئەم چەند دێرە بە زمانی حیسابی دەبیتە ئەم دەقە هەر وەک سووزەنی خۆی دەڵێ: “کەچی تا بەیانی ئەسووتام بە بێ خەون / بە فنجانێک چایی و جگەرەوە و / گۆرانی / لیمۆ هەی لیمۆوە”.

ئایا ئیمکانی ئەوە هەیە کە خوێنەر خۆی بێت و ئەو لێکدانەوە لە دێرەکانی سەرەوە بکات کە شاعیر لە دێرەکانی خوارەوەدا باسی دەکا؟ نا ئەو ئیمکانە نییە، مەگەر ئەوەی خوینەریش هەروەکوو نووسەری دێڕەکان لە پێشەوە فەرزی ئەوە بێ کە ئەو رستەیەی دەیخوێنیتەوە شەقڵێ پە‌قلێ و تێکەڵ پێکەڵ کراوە و خوێنەر دەبێ لە بەر بێکاری و بێ خەمی، لە مێشکی خۆیدا ڕێکی بخاتەوە. ئەڵێم مومکینە! چون دوای ئەم زانیارییەش دەبێ خوێنەر وەکوو نووسەر ئیشتیای لەو گەمە منداڵانەیە بێت و حەوسەلەی هەبێت وەختی خۆی بەفیڕۆ بدات و کەشفی ئەوە بکات کە فنجانەکە بێ خەون نەبوو، بێ چایی بوو، کە ئەوە جگەرە بوو دەسووتا نەک نووسەر! سووزەنی پێی وایە دێڕی دووهەم کە راست و رەوان نووسراوە هیچ جوانییەکی شیعریی تێدا نییە بەڵام دێڕی یەکەم کە شاعیر “ تا بەیانی لە جگەرە و لیمۆ هەی لیمۆ دەسووتێ” جوانیی شیعریی تێدایە. دیارە زۆر سەلیقەی شیعریی و جوانییناسی جیاواز بوونی هەیە. بە لای منەوە ئەگەر تۆزێک جوانی هەبێ لە بەشی یەکەمی دێڕی دووهەمدا هەیە کە دڵێ “کەچی تا بەیانی ئەسووتام بە بێ خەون“. لە باقییەکەدا لە گەل نووسەر هاونەزەرم کە هیچ جوانییەک لە سووتانی جگەرە و فنجانی بی چایی لە رستەکانی ناوبراودا نییە. بەلام دێڕەکانی یەکەم بە لای منەوە هەر لە خانەی شیعردا نین بەلکوو لە باشترین حالدا لە وڕینە دەچن.

“ناترسم هەزار ئەونەتان بە ریشی کەر یان کەڕەنا و کەرینە مێژوویەکی کەڕ بە رێی قەڵەو

خۆ سەگانێن س نا ش و ێن ان بە سەد شوکر و سەککەر و( بەستێن). ” /  شیعری “بە عینجە و فینجەوە چ شار 4 نا (5)” ساڵح سووزەنی

لێرەدا نموونەیەکی تر لە گەمەی پۆستمۆدیرنیستی دەبینین. شاعیر وشەکانی وەک بەردی بازەڵێن هەڵداونە حەوا و دوایە لە مشتیدا کۆی کردوونەوە و جاریکیتر هەڵیاندەخاتە سەر پشتی دەستی و شیعریک لە دەستی بەردەبیتەوە سەر عەرز. بۆ تێگەیشتن لەو رستەگەلە خوێنەر دەبێ وەکوو کەسیک کە جەدوەلێک یان سودووکوویەک پڕ دەکاتەوە، قەلەم و کاغەز بگرێتە دەستی، جێگۆڕکێ بە وشەکان بکا و ئەگەر شانس و تاقەتی بێت مانایەک لە بێ مانایی وشە سەرلێشێواوەکاندا بدۆزێتەوە و کەمێکیش لە مانای ژیانی بەفێڕۆ بدات.

بازەڵێن خۆشە بەڵام شێعر بازەڵێن نییە و هەر جۆرە گەمە کردنێک بە وشە نە لە شیعر دەچێ و نە شیاوی شاعیرە. کایە کردن بە وشە لە خۆیدا هیچ شتیکی سەیر نییە و شیعر زۆر لەمێژە کەڵکی لێوەرگرتووە و خۆی پێ ڕازاندووەتەوە. لە بەرد خانوو دروست دەکرێ بەڵام هەرچی بەردە بۆ خانوو نابێ و ئەگەر بە کەڵکیش بێ بۆ هەموو شوێنی خانووەکە بە کەڵک نایە و ناکرێ هەروا هەڵیدەی و بلێی جێی خۆی دەدۆزێتەوە.

تێکەلکردنی وێنەکێشانەوە و شیعر

بۆئەوەی بتوانم لە سەر ئەم بەشە قسە بکەم ناچار بووم لە لاپەرەی ٣٠ کۆمەلە شیعری “درۆ موقەددەسەکان” ، نووسینی سالح سووزەنی، عەکس بگرم و دوایی عەکسەکە بخەمە ناو ئەم تێکستەکەی کە وا لە بەردەمتان دایە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بە پرۆگرامی نووسینی ئاسایی – وۆرد- (Word) ئیمکانی نییە تێکست و گرافیک بەو جۆرەی کە سالح سووزەنی کردوویەتی لەو شیعرەدا، دووبارە بنووسرێتەوە.

سووزەنی لێرەدا وشەی “ساز” بە پانایی و بە درێژایی لاپەرەکەدا بە خوێنەر نیشان دەدا. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم “سازە” چۆن دەخوێنییەوە. چەندین ئالترناتیو لە بەردەستی خوێنەردا خۆی دەنوێنێ: ١- چوار جار “سازە”. ٢- سێ جار “ساز”. ٣- سێ جار “س… زە”. ٤- دوو جار “س ز”. ٥- “ساز”ێکی کێشراو یان لینگ درێژ.  شاعیر دەتوانێ بڵێ هەموو ئالترناتیوەکان راستن یان هیچیان، یان هەر یەکیان، دوویان… یان بڵێ خویندنەوەی شیعر کاری شاعیرەکە خۆی نییە بەڵکوو خوێنەر خوێندنەوەی خۆی هەیە. ئەوەی کە هەر خوێنەرێک خوێندنەوەی خۆی لە سەر دەق هەیە، راستە. بەڵام شاعیر خەریکە نەققاشییەکی خراپمان بە نێوی شیعر پێ ‌قەڵب دەکا. شیعر تەنیا بۆ نووسین نییە بەلکوو بۆ خوێندنەوەشە، واتە من بتوانم دەفتەری شیعرەکە بکەمەوە و بۆ گوێگرانێک کە کتێبەکەیان پێ نییە بیخوێنمەوە. ئەم رستەیە لە “خویندنەوە” بۆ کەسی ترنایە هەروەک چۆن تابڵۆیەکی نەققاشی بۆ خوێندنەوە نابێ. دیارە کە ئیمە دەتوانین بۆ کەسێک کە تابڵۆکە نابێنێ بە وردی باس بکەین چۆن و لە چی پێکهاتووە و چۆن داڕژاوە. ئەو کەسەی وەسفی تابلۆکە دەبیسێ لەوانەیە حەز بەو تابلۆیە بکا  کە ئێمە بۆمان خوێندۆتەوە بەڵام دیتن و بیستن دوو شتی لە یەک جیاوازن و هەر کامەی یاسای خۆی هەیە.

 

دیفۆرمەکردن و هەڵوەشاندنەوەی مانا و بنەما

یەکێک لە شانازییەکانی پۆستمۆدرنیزم بە گشتی هەڵوەشاندنەوەی بنەما و ساختارە و دووبارە لە سەریەکدانانەوەی کەرەسەی بەکارهاتوو بە شیوەیەکی جیاواز بۆئەوەی دوایی وەکوو ئەرەشمیدۆس لە حەمامی خەیاڵدا هاوار بکەن: “ئەوەتا… ئەوەیە واقیع، ئەوەیە راستەقینە، ئەوەیە جوانیی!”. یەکیک لە پایەکانی بیرۆکەی پۆستمۆدێرنیستی، نسبی کردنی جیهانی واقیع، و زانستی مرۆڤە. لەم ڕوانگەوە هیچ شتێک ئەوە نییە کە ئیمە دەیبنین. ‌هەر شتیک دەتوانێ شتێکی دیکە بێ کە ئیمە نایبینین. کۆتاییی ئەم بۆچوونە لە ئیدەئالیزمی فەلسەفی واتر ناڕوا. دیارە کە زانستی مرۆڤ نسبییە و پەیوەندی بە پلەی زانست و پێشکەوتنی کومەلگای ئینسانییەوە هەیە. بەڵام ئەوەی کە بوون و واقیع بکەی بە نسبی و زانست سەرلەبەر نسبی بکرێ، لە کۆتایی خۆیدا بە شتێک ناگا مەگەر دەستەو داوێنی خوا بوون!

“بە شێوەی دیفۆرمەکردن و هەلوەشاندنەوەی مانا و بنەما، زمان ئالۆزی و فرەدەنگی و سێڵاوی هۆش، مەیدان دەدرێتە وانمودەکان کە دەرکەون و بە ئاشکرا خۆیان لە واقع و شبهی واقع جیابکەنەوە و سەرلەنوێ تێکەڵی ببنەوە بە چەشنێ کە جیاکردنەوەیان لە یەکدی مەحاڵ بێ ئاخر ئیمە لە سەردەمی وانمووددا دەژین و نازانین دوەروبەرمان چی وانموود دەکا و چی حەقیقەتە و کامە شبهی حەقیقەت؟” /  ساڵح سووزەنی، هەمان سەرچاوە.

دیفۆرمەکردنی وشەمان لەوە پێشتر دیوە ئیستا بزانین دیفورمەکردنی مانا و بنەما و زمانئاڵۆزی چۆن جوانی دەخوڵقێنێ لە شیعردا. بۆ وێنە با سەیری ئەم دێڕە بکەین:

ئەی ناسکترین شۆخ بە سرکییەکانی سووتانەکانی حەسرەت” /  ساڵح سووزەنی، هەمان سەرچاوە.

شیعر مەیدانی خەیاڵە و شاعیر دەتوانێ باڵ ببەخشێ بە جەستەی مرۆڤ، دەنگ بدا بە ڕەنگ، بۆن بدا بە خەون، لێو بدا بە ژان هتد. بەلام تەنانەت لە دنیای خەیالیشدا هەموو شتیک بڕەوی نییە. ئایا “سووتان” لە گەڵ “سرکی” دێتەوە؟ سووتان سووتانە، چ نیوە تەواو بێ و چ تەواو. ڕێژەی سووتان مانای سووتان ناگۆڕێ تەنیا چەندایەتییەکەی دیاری دەکا. سووتان هەر سووتانە چ لە دنیای واقیعدا بێ و چ لە دنیای خەیالدا. لکاندنی “سرک” بە سووتان تەنیا لە یەک شتدا سەرکەوتووە ئەویش شێواندنی زمان و مانا بەڵام هێچ مانایەکی نوێ ناخوڵقێنێ و رستەی “ئەی ناسکترین شۆخ بە سرکییەکانی سووتانەکانی حەسرەت” لە رستەیەکی سەرلێشیواو زیاتر باڵا ناکا. شێواندنی زمانە و ئومیدی ئەوەی کە شتێکی تازەیە و بە گوێ نەئاشنا و هەر بەو هۆیەوە دەبێ جوان بێ. بەڵام هیچ شتێک بە هۆی تازەبوون، نامۆبوون، بێگانە بوون، ناوازەبوون، دوور لە ژیانی واقع بوون نە جوانە نە ناحەز. بۆ ئەوەی شتێک ببێتە جوانی یان ناحەزی بۆ خەڵک زۆر مەرجی دیکەی بەدەر لەوانەی ئاماژەی پێکرا پێویستە. هەستی جوانی و ناحەزی پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە پێگەی چینانیەتی، بە نۆرمە کۆمەڵایەتی و کولتۆرییەکان، بە سایکۆلۆژی فەردی و کۆمەڵایەتی، بە کێشە کۆمەلایەتی و سیاسی و میژووییەکان هتد. هەر یەک لەوانە بە جۆریك کار دەکاتە سەر ئەو هەستە کە وا دەکا دەقێکمان پێ شیعربێت و خۆشمان لێ بێت یا حەزی پێ نەکەین. بەراوەژوو کردنەوە و نامۆکردنی تێکستێک لەو ڕوانگەوە لە کایەیەکی مندالانە واتر ناچێت.

“کامە ژین گولەکەم!  / درێژتر لە هەرچی ماشینە.”  /  ساڵح سووزەنی، هەمان سەرچاوە.

ئەگەر لە دێڕی سەرووتردا “ناسک و شۆخ” و “سووتان و حەسرەت” لانیکەم کەمێک بۆنی شیعریان لێدەهات، ئەم دێڕە ئیتر پێکەنینهێنەرە. لێرەدا چ مانا گۆڕابێ و چ نەگۆڕابێ، کزی خەیاڵی رستەکە پیشان دەدا. لێکچواندنی “کورتی” یان “درێژی” بە ماشین، لە ساوایی نزیکترە تا شاعیریکی گەورەسال. ئەوە ئیتر نە جوانی، کە گاڵتەیە بە شیعر و بە شعووری هونەری خوینەر. یان:

“هێلانەیەک لە تاوان / هێلانەیەک لە غوربەت / هێلانەیەک لە سووتان

درەختێکە – بە میوەی دیوارەوە – بڵیند – تاریک”  /  ساڵح سووزەنی، هەمان سەرچاوە.

لێرەدا شاعیر توانیویەتی ڕێک ئامانج بپێکێ و مانا و بنەما هەڵوەشێنێتەوە. ‌هێلانە لە دنیای واقیعدا لە سەر دار دروست دەبێ. دار بە گشتی ژیانبەخشە و رەگی حەیاتە لە سەر کورەی زەوی. لێرەدا دارەکە دەکرێتە سیمبۆلی تاریکی و میوەکەشی دەبێتە دیوار. ئەمجار هێلانەکە دەچوێندرێ بەم دارە. جێگۆرین دەتوانێ جوان بێت بەڵام هەر جێگۆڕکێیەک جوان نییە. شەمزاندنی روخساری دار کە سەرچاوەی ئۆکسیژنی زەوییە بە دیواری بلیند و تارێک، خولقاندنی جوانیی شیعریی نییە بەڵکوو شێروخەتکردنە بە وشەکان، بە مانا و بە پەیوەندی دیاردەکان بە یەکەوە.

نوێترخوازی یان دواکەوتوویی

پۆستمۆدێڕنیزم ئیددیعای نویخوازتربوون لە نوێخوازی دەکات. بە لای ئەوانە دەوری نوێخوازی بەسەرچووە و ئیستا نۆرەی شتی زۆر نوێترە لەوەی کە تا دوێنێ “نوێ” یان مودێڕن بوو. ئەم ئیددیعایە، زۆر گەورە و لە نیگای یەکەمدا دڵخۆشکەرە. بەڵام بەداخەوە هەر شتێکی نوێ، نوێ نییە یان ئەگەر نوێش بێت پێشڕەو نییە. مەسەلەی جەندەر واتە پەیوەندییە جینسییەکان و نیر و مێیەتی و هەروەها سێکسوالیتە واتە مەسەلەی پەیوەست بە سیکس و پەیوەندییە سێکسییەکان بەشێک لەو مەیدانە گرینگانەن کە نوێخوازی و کۆنەپەرستی لێکهەلدەهاوێرن. لە دنیای مودێرندا لەمێژە سیکس وەکوو رابیتەیەکی یەکسان بەینی دوو کەس کە حەزیان لە یەکە چاولێدەکرێ. لەم رابیتەیە دا پیاو ئیتر “بکەر” نییە و ژن وەکوو “بدەر” نابینرێ. لەززەتی سیکس هەردوو لا دەیچێژن و هەردوو لا، بکەرن. لە دنیای مۆدێڕندا هاوجنسگەرایی شتێکی ئاساییە و هەروەکوو رابیتەی ژن و پیاو چاوی لێدەکرێ و دەنرخێندرێ.

کۆمەڵگای نێرسالار لە کوردستان لە سەر مەسەلەی سیکس و جەندەردا، ئێستاش هەر لە سەردەمی پێشمۆدێرندا دەژێ و بەها کۆنەپەرستانە ئایینی و سوننەتییەکان بە سەر سیکس و جنسیتیەتدا حوکم دەکەن. سیکس لەو فەرهەنگەدا، “گان”ە. گان تەنیا بۆ پیاوە واتە ئەوە تەنیا پیاوە سیکسی هەیە. سیکس بۆ ژن لەو فەرهەنگەدا بوونی نییە، ژن گان دەدا. گانکردن نێوی خۆی بە خۆوە. کاتێ پیاو گان دەکا، مانای ئەوەیە کە دەست بە سەر شتێکدا دەگرێ، شتێك زەوت دەکا، دەسەڵاتی خۆی دەسلەمێنێ. لە سیستەمی نێرسالاریدا “گان” هەم لەززەتە و هەم دەسەڵات کە پیاو دەیکا و ڵیی بەهرەمەندە. پیاو “گان” دەکا وەختێک کە نیازی سیکسی هەبێ، هەروەها “گان” دەکا کاتێک کە دەیەوێ دەسەلاتی خۆی نیشان بدا و کەسێکیتر، سووک بکا. دەستدرێژی کردنی ئاشکرا بە ژن و پەیوەندی سیکسی پیاو لە گەڵ هاوسەرەکەشی هەردووکیان هەر بە “گان” ناودەبرێن.

من بە شەرتەوە شار ئەگێم م م هاها ئەڵێم مەستییە و کێدەڵێ راستی ی؟ … /  شیعری “بە عینجە و فینجەوە چ شار و 4 نا (5)” ساڵح سووزەنی

نوێترخوازی شاعیر بەداخەوە لیرەدا هیچ بڕناکا و یەکراست دەکەوێتە باوەشی فەرهەنگی پێشمۆدێڕن و فێئودالی. شاعیر “شار” دەگێ و دەحەسێتەوە جا چ لە مەستیدابووبێ و چ لە “راستیدا”. لەوانەیە بوترێ کە شاعیر مەبەستی “گان” وەکوو سیکس نییە بەلکوو تەنیا گوزارشتێکە لە سواربوون یان زاڵبوون بە سەر شاردا. بەڵام حەتتا لێکدانەوەیەکی ئاوەهاش مەسەلەکە ناگۆڕێ، ئەویش ئەوەیە کە شاعیر لە کۆت و بەندی نرخ و بەها کۆنەپەرستانەکان لە سەر سیکس و حەزی جنسی ڕەها نەبووە و “نوێترخواز” پێشکەش، تەنانەت لە نوێخوازانی سەرەتاکانی ١٩٠٠ ی زایینیش زۆر لە دواترە. شاعرێک کە لە هەزارەی سێیەمدا نەتوانێ خۆی لە دەستەواژەی کۆن و دژ بە ژن بە تایبەتی و دژی ئینسانی بە گشتی لە مەیدانی سیکس و جنسییەتدا بپارێزێ و هەر بەو زمانە قسە بکا، دەبێتە پارێزەر و هێزپێبەخشی ئەو فەرهەنگە.

…/ جیهانتان (..) و چی ماوە بیدەن ڤوون نەبێ (بە ق) /  ” /  شیعری “بە عینجە و فینجەوە چ شار و 4 نا (5)” ساڵح سووزەنی

لەم دێڕەی سەروەدا شاعیری تف دەکاتە رووی هەموو ئەو پیاوانەی کە حەزیان بە پیاو دێ، بێ ئەوەی خۆیان بە سەرکەسدا بسەپێنن. لە فەرهەنگی کۆنەپەرستی نێرسالاریدا، ئەو پیاوەی کە حەز بە پیاو بکا و رێگە بدا پیاوێکیتر سیکسی لە گەل هەبێ، هیچ و پووچ و بێ ئابروویە. ئەم پیاوە ئیتر پیاو نییە… ئاخر”پیاو” بکەرە و سوار دەبێ، سیکس کردنیش تەنیا بە مانای سواربوون و زەوتکردنی ئەو کەسەیە کە تەمای تێکراوە. پیاوێکیش کە خۆی بداتە دەست پیاوێکی دیکە بۆ سیکس، ئیتر بەهای کۆمەڵایەتی خۆی لە دەست دەدا. “قووندەر” کە شاعیر لێرەدا سووکایەتییان پێدەکا، مرۆڤێکە کە لە دنیای مۆدێڕندا بەهای مرۆڤایەتییەکەی یەکسانە لە گەل هەموان.

“ئاسۆ”ی زۆڵ ئەیگوت وابێژە  …. /  شیعری “بە عینجە و فینجەوە چ شار و 4 نا (5)” ساڵح سووزەنی

“زۆل” مانای حەرامزادە، واتە مناڵێک کە بە دەر لە چوارچێوەی ڕیگەپێدراویی دنیای پیاوسالاری و ئایینیدا هاتبێتە دنیا. “زۆل” بوون ئەگەر تەنانەت بە گوناهیش حیساب بکرێ، خەتاکەی نە هی “زۆڵەکە” بەڵکوو هی ئەو ژن و پیاوەیە کە سیکسەکەیان کردووە. بەلام تاوانی ئەو سیکەسە بە هۆی سنوورپەڕێنییەکەیەوە تەنانەت گەردنی بەرهەمی سیکسەکەش دەگرێتەوە، کە نە دەسەڵاتی هەبووە بە سەر “تاوانەکەدا” و نە دەتوانێ ئێستا کارێک بکا بۆ ئەوەی تاوانەکە لە سەر خۆی لابا مەگەر ئەوەی کۆمەڵگا بیر و بۆچوونی هەڵوەشێندرێتەوە و سیکس بە ئەمرێکی تاکەکەسی بناسێندرێ. بەڵام لەم شیعرەدا شاعیر لە دەهۆلی کۆنەپەرستانەی نێرسالاری و بەهای دواکەتووانە و نائینسانی ئایینی دەدا.

جوانیی

جوانیی بۆ هەموو کەس یەک شت نییە. بێ شک بە لای شاعیری پۆستمۆدیرنەوە ئەم شەقلێ پەقلێ نووسینە و هەلوەشاندنەوە و هەڵڕشتن وداڕشتن و شانس و بەختەکی تیکەڵکردنەوەی وشەکان شتێکی “جوانە”. جیاوازی بەینی مرۆڤەکان خۆی لە خۆیدا سەرچاوەیەکە بۆ مەیل و سەلیقەی جیاواز لە سەر هەستی جوانییناسی و حەزی جیاواز. ئەم باسە تەنانەت بەر لە پرسی جیاوازی چینایەتی و بیروباوەری سیاسی خۆی دەسەڵمێنێ. هەرچی کریکارە، بە هۆی کرێکاربوونیەوە خۆشی لە شیعر و بەر‌هەمەکانی نووسەر یا هونەرمەندێکی کرێکاری نایە، چون سەلیقەکان لە نێو ئەندامانی تاقمیکی هاوچینی کۆمەڵایەتی یا سیاسی یا ئایینیش دەتوانێ جیاوازبن.

هەروەکوو پێشتریش ئاماژەم پێکرد زمان وەکوو ئامرازی ئاخافتن و خۆ لە یەکتێگەیاندن پێویستی بە نوڕم و چوارچیوەیەکی قەراردادی هەیە. وشەی “دار” لە خۆیدا هیچ شتێک بەیان ناکا و هیج مانایەکی نییە تا ئەو کاتەی ئیمە بە یەکەوە بەو شتەی کە لە بەرچاوی ئیمە شین دەبێ، چرۆ دەکا، گەلا دەردەکا، لق دەکا، گەورە دەبێ، سیبەر دەخا و دەبێتە پێگەی باڵندە و هێلانەشی تیدا دروست دەکرێ… نێوی “دار” نەبەخشین. وشەی “دار” بە یەک مەعنا ئابستراکتێکە کە جێگای دارێک دەگڕیتەوە هەروەک وشەی “دەریا” جێگەی دەریای بەرین دەگرێتەوە. وشەی دەریا لە خۆیدا هیچ شتێکی پیرۆز نییە و دەتوانرێ بگۆڕدرێ بە وشەیەکی تر، بەلام گۆرانکاری نە هەروا بە ئاسانی دەکرێ و نە بێ دەلیل، هەر شاعیر و نووسەرێک ناتوانێ بە مەیلی خۆی بێت و وشە بگٶڕێ و رستە تیکەڵ پێکەڵ بکا و دەنگ و بۆن و رەنگ و ئاهەنگ بگۆڕێ و چاوەڕوانی ئەوەش بێت خەڵک نە تەنیا لێی حاڵی بن بەڵکوو چەپەلەڕێزان بۆ “نوێخوازی” و “بیری داهینەرانە” ڕێزیان لێ بگرن و ئەگەر خەلک ئەو کارەی نەکرد بە ناحالی و سوننەتی و گەمژە ناوزەد بکرێن.

دیارە مەرجی سەرەکی بۆ چێژبردن لە هەر شتێک، ناسینەوەیەتی. رەنگێک، ئاهەنگێک، تامێک، دەقێک تەنیا کاتێک هەستی مرۆڤ دەجووڵێنێ، کە بتوانێ خۆی بناسێنێ، کە بتوانی کۆدەکانی دەست بخەنە ناو کۆدەکانی هەستە جۆراوجۆرەکانمان واتە خۆ ئاشنا بکەن نەک لە گەل هەستەکانمان نامۆبن. خواردنێکی تازە کە لە گەڵ ئەو تامانەی کردوومانن و پێمان خۆشن بە تەواوی جیاواز بێ، ئەگەر دەسبەجێ تفی نەکەینەوە، بە بێزەوە قوتی دەدەین. تامی تازە دەبێ شتێکی هاوبەشی لە گەڵ تامەکانی پێشوومان دا هەبێ تا بتوانین وردەوردە لە گەڵی ڕابێین. ڵیرەدا نە “نامۆ کردن” بەڵکوو کۆدی ئاشنا و ئاشناسازییە کە رێگە دەکاتەوە بۆ شتێکی تازە، بۆ ئالوگۆڕی پێویست لە زماندا و بۆ خۆڵقاندنی وشەی تازە. بەلام هەروەک دیتمان، پۆستمۆدێڕنیزم بە پێچەوانەی ئەوە دەکا، وشە سەر دەبڕی و لەتلەت دەکا و لێمان دەکا بە داهێنان و شتی جوان، رستە لەت و پار دەکا و شارشارۆکێنی پێدەکا و بە نێوی جوانیی “نوێترخوازانە” دەرخواردماندا دەدا.

شیعر یان خستنە سەرکاری خوێنەر

شیعر بەرهەمی خەیال و ئارەزوویە، لە دنیای واقیعەوە هەڵدەقوڵێ و دەچیتە دنیای خەیال و دنیای هەست. لوژیکی شیعردەکرێ تا رادەیەک لە لوژێکی خەون بچوێندرێ. خەون مەیدانی هەستی بێ قەیدوبەندی مرۆڤە. لە خەودا ئەوەی کە لە دەستمان نایە یان بە هیچ جۆرێک بۆمان نییە بیکەین، لە کران دێ. بەڵام خەون شتێکی نائاشنا و نامۆ لە گەل ژیانی مرۆڤ نییە، لە خەونیشدا،خەم هەر خەمە و خۆشی و شادی هەر شادین. گەرما هەر گەرمایە و سەرما هەر سەرمایە و بێبەشی و هەژاری هەرهەمان شتن. جێگە و پێگەی من و تۆ مومکینە لە خەوندا بگۆردرێ بەلام ئەو پێکهاتانەی کە ژیان لە سەریان راوەستاوە نەگۆڕن. لە خەوندا دەتوانین لە عەویقی ئاسمانڕا خۆمان فڕیدەینە خوارێ بێ ئەوەی بترسین چونکە لە خەونەکەدا دەزانین کە سەرنگووم نابین و ناکەوین، ئاخر تەنانەت لە خەونیشدا، سەرنگوومبوون و کەوتن هەر هەمان شتە و دەزانین کە کەوتن لە خەونیشدا کوشندەیە هەر بۆیە هەمیشە لە حالەتی بەربوونەوە لە خەوندا، دەستبەجێ لە خەو ڕادەپەڕین.

شیعر لە خانەی هەستدا دەخوڵقێ و دەتوانی زۆر گۆڕانکاری بە سەر دیاردەکاندا بسەپێنێ. دارستان قاچی پێدەبەخشرێ و مرۆڤ رەگ و ڕیشە، خەم زمانی پێ دەبەخشرێ و ئارەزووکان گیان. دنیای شیعر دەتوانێ هەروەکوو دنیای خەون خۆی بنوێنێ، بەلام شیعر دەتوانێ زۆر لە خەون پێچەڵپێچتر بێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە خەون ئاکامی کاری نائاگایانەی مێشک و هەستەکانی مرۆڤە بەلام شیعر بەرهەمی بەئاگای هەست و سۆز و بیری شاعیرە. زۆرجار دەڵێن هۆنەرمەند یان شاعیر دەبێ کەمێک “شێت” بێ بۆ ئەوەی بتوانێ بەرهەمی هونەری بخوڵقێنێ. ئەم ئیددیعایە بەشیک راستی لەخۆ دەگرێ. هونەر و ئەدەب رەنگدانەوەی راستەوخۆی ژیان و دیاردەکان نین، فۆتۆگرافی نین کە کۆپیای ئەو دیاردەیە بن کە پیشانی دەدەن بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەیوەی سەرلەنوێی دیاردەکانن بە شێوازێکیتر، لە مەیدانێکیتردا. شیعرو ئەدەبی مودێڕن و پێشرەو پابەندن بە زمان و ساختاری سەرەکی زمان، بەلام هاوکاتیش هەوڵدەدەن ئاسۆی زمان فراوانتر بکەن و لە گەل پێداویستی ژیان و سەردەمدا بەڕۆژی بکەنەوە، شتی کۆن و دواکەوتوو و ڕێگر و بەرچاوتەنگ لە زماندا هەلاوێرێن و وشەی پێویست و تازە و نوێ دابێهێنێن.

شیعری “بە عینجە و فینجەوە چ شار، سیکس نا (6)” هەربەو دەنگە پۆستمۆدێرنیستییە دەدوێ کە سالح سووزەنی لە گفتوگۆیەکەیدا باسی دەکا. خوینەر دەتوانێ شیعرەکە بە تەواوی لە وێببلاگ یان لە لاپەڕەکانی فەیسبووکی شاعیردا بخوێنێتەوە. ئەم شیعرە نموونەیەکی روونی بێ مانایی و ماناشکاندنی بە نێو نوێترخوازانەیە کە هەر لە عینوانی شیعرەکەوە دەست پێدەکات.

بە نووسینی ژمارەی شەش لە نێو کەوانەدابە پیتی لاتین و خویندنەوەکەی بە “سیکس”، شاعیر دەیەوێ بە خوێنەر حاڵی بکا کە چ مەبەستیکی هەیە: ١- مەبەست لە سێکس، بەشی شەشەمی شیعرەکەیە. ٢- هەموو شتێک لە سەر سێکس ساغ بۆتەوە. ٣-سیکس تابوویە و دەبێ بشکێ. ٤- فیرکردنی زمانی ئینگلیسی بە خوێنەر کە “گان” بە ئینگلیسی دەبیتە سێکس. ٥- فیرکردنی ژماردنە بە خوێنەر، شەش بە ئینگلیسی دەبێتە سێکس.٦- شاعیر گەمە دەکات. ٧- ئەوەی دەیبینی ئەوە نییە کە تۆ بیری لێدەکەوەیە. ٨- هیچ یەک لەوانەی باسی کرا مەبەستی شاعیر نییە. ٩- شاعیر هەر هیچ مەبەستێکی نییە. ١٠- شاعیر مەبەستی هەمووی ئەوانەیە و هیچ کامیشیان نییە….. وەک دەبینین بە ژمارەی شەشی لە کەوانەخراو، بە نووسینی لاتین و وشەی سێکس، شاعیر کۆمەلێک فکر بۆ خوینەر دروستدەکا کە “دا‌هێنانەکەی” تەنیا  لە گەمە کردنە بە وشە و شۆخی کردنە بە خوێنەر.

“شار هەر دێ و منیش هەر با دەڵێمەوە و هیچ ئەڵیمەوە با نەمخۆن ن قەرزار و بەردەوامم و هەرچی بە باڵاتا ڕشامەوە شیعرە و هەر بە میعری بزانە نەفام ان یاساتە و قۆڕەقۆڕ بێ سەواد

قەوارە و شتی وا یانی قورت ونیویشت دوو باقییە و نازانی

گڤەی زمان بە  تۆوە خۆشترە ناحاڵی… ” /  شیعری “بە عینجە و فینجەوە چ شار، سێکس نا (6)” ساڵح سووزەنی

لەم شیعرەدا ئەوەی هەر لە دێڕی یەکەمدا خوێنەر بۆی دەردەکەوی ئەوەیە کە شاعیر بە زمانی ئاسایی قسە ناکا و ئەگەر هەر لەو ڕوانگەوە سەیری دەقەکە بکات هیچی دەست ناکەوێت. خوێنەر دەبێ دانێشێ و وشەکان چەندین جار و بە ئالترناتیوی جۆراوجۆر لە لای یەک هەڵبچنێ تا مانایەک یان چەند مانا بدۆزێتەوە و بگا بەو راستییەی کە لە ئەوپەڕی وشەکاندا لەوانەیە بوونی هەبێ. شاعیر دەبێ بڵێ چی؟ مەبەست لە “دێ” دێهاتە یان کرداری “هاتن”؟ مەبەست لە “با دەڵێمەوە”، دەبێ چ بێ… “با” بە مانای ئەرێ یان با وەک ئەو بایەی دێ و دەچێ؟ ئەگەر هات و مانایەکت دۆزییەوە و لە شیعرەکە رازی بووی، ئەوە خێرت بە خۆت گەیاندووە! بەڵام ئەگەر هات و دەقەکەت نەک هەر بە دڵ نەبوو، بەڵکوو بە شیعریشت نەزانی، ئەوسا شاعیر بە سەرتدا دەڕشێتەوە! بەلام بەدڵی مەگرە چون ئەوەی ئەو بە سەرتدا ‌هەڵدەڕێژێ “شیعرە” کە خوێنەری نەفام (لە بیرتان نەچێ، “نەفام” بە ڕەنگی سوور نووسراوە!) بە میعری زانیوە. شاعیر تەقسیریکی نییە لەوەی کە خوێنەر لێی حاڵی نابێ. موشکیلەکە لە بێ سەوادی خوێنەرە، کە نە لە سیمبۆلیسم حالییە، نە پێکهاتەگەرایی دەناسێ و نە دژبەرەکەی. نە تێزەکانی ئەدۆرنۆی خوێندۆتەوە، نە گۆدۆ دەناسێ و نە ئێلیۆتی بەسەر کردۆتەوە.

مراد ئەعزەمی لە نووسراوەکەیدا لە ژێر ناوی: “دەقی سەرەڕۆ، بووتیقای سەرەڕۆ / یان / دەقی ناوشیار بە بووتیقای وشیارانە ناخوێندرێتەوە” – وێبلاگی ئەنجومەنی ئەدەبی شنۆ- بە سەر بەشێک لەو شێعرەدا چۆتەوە و چەند دەرگایەک دەکاتەوە بۆ خویندنەوەی ئەو شیعرە. خوێندنەوەکەی مراد ئەعزەمی خوێندنەوەیەکی مومکینە. خوینەر بۆی هەیە و دەتوانێ “گا” لە شیعرەکەدا لە زۆر روانگەوە سەیر بکا، وەکوو “گا”ی حەیوان، “گا”ی گاە بە مانای زەمەن، “گا” وەکوو کرداری گان، “گا” وەکوو پێشگر یان پاشگر لە گەڵ وشەیەکی دیکە لەم سەر و ئەوسەری دیڕە شیعرەکەدا…

مراد ئەعزەمی راست دەڵێ کە خوینەر بۆ حاڵی بوون لە شیعری پۆستمۆدێڕنیستی نابێ بە نیگای ئاسایی بڕاونێتە شیعرەکە. دەبێ وەکوو شاعیرەکە حەزت بە کایە کردن لە گەل زمان و شیوەی قسەکردن بێت، دەبێ بچییە دنیای سکیزوفرێنی ئەو و بە چاویلکەی ئەوەوە چاو لە دنیای بەراوەژووکراو، نامۆکراو، تێکوەردراو و شەلەم شۆرباکراوی ئەو بدەی تا بەلکوو پزوویەکەت بێتە دەست بۆ هاتنە دەر لە لابیرینتی شێواوی بیری شاعیر. جاروبار ئەگەر شانست بێت شاعیر لوتف دەکا و رازییە بە ” قەوارە و شتی وا یانی قورت ونیویشت دوو باقییە و نازانی” لە جیاتی (دوو قورت و نیویشت باقییە).

من لە گەڵ بۆچوونەکەی مراد ئەعزەمی لە سەر فەننی شیعر و کەلک وەرگرتنی شاعیر لە دنیای خەیال، دنیای رووحی، دنیای هەستەکان، شێوازەکانی جۆراوجۆری ئەدەبی ، کایە بە وشە و تەنانەت بە مانا، سادەیی و ئاڵۆزی … بە گشتی قسەم نیە. دیارە کە شیعری جوان هەمیشە بە شێوەیەک لە شێوەکان لەم شتانە کەڵکی وەرگرتووە و وەردەگرێ. موشکیلەکە کاتێک دەست پیدەکات کە شیعرەکە تەواو ببێتە سکیزۆفرێن. رەگی شێتی لە شیعر و شاعیردا هەم پێویستە و هەم جوانە. بەڵام “شێتی” ئەگەر هەموو سنوورێک ببەزێنێ، ئیتر دەبێتە کارستان و رەوانکاو پێویست دەبێ. ئەوسا ئیتر تەنیا دۆکتۆری ڕەوانناسە کە دەتوانێ لە دنیای سکیزوفرێنی “شیتە”کە بگا و “خەیال” و “واقع” لە یەک جیا بکاتەوە، تازە ئەگەر بۆی جیابکرێتەوە. وڕێنە، هەرگیز نابێ بە شیعر هەرچەن زۆر رستە و وتەی بەجێ و جوانیشی تێدا هەڵکەوێ.

کاتێک پێچاندن و ئالۆزکردنی دەق لە خۆیدا دەبێتە مەبەست، ناتوانێ شتێکی نوێی مانادار پێکبهێنێ بەلکوو تەنیا مانا لە بەین دەبا. دەبێتە هەڵلا و هەراو هوریایەک کە هیچ بێ بەهایەکی کۆمەڵایەتی نییە.

کەرێکبە دەوری سەریەوە.. دەفڕی (…) و منیش شیتتر ترینتر لە تر ساعیر (ش) / هەمان شیعر /

ئەم دێڕە نە شیعر بەڵکوو لە گفتوگۆی ئاڵۆزکراوی هیزە ئەمنییەکان دەچێ کە بۆ پاراستنی نهێنییەکانیان لە زمانی رەمزی ئیستیفادە دەکەن و تا کۆدی زمانە نەشکێنی ناتوانی لە گفتۆیەکە حاڵی بی. ئایا ئەوە “ش”ی شاعیرە لە ساعیردا رای کردووە و خراوەتە زیندانی پەڕاوێزەوە یان ساعیر هەر هەمان ساحیرە و “ش”ێیەکە بەشێک لە وشەی ونبووی ناو پەڕاویزی یەکەمە؟ پەڕاوێزی یەکەم جێگەی بەتاڵی چییە؟ پۆستمۆدێرنیزم خەرێکە جەدوەلی زمانبازی رێکخراوەکانی جاسووسی، ئیستخبارات و ئیتتیلاعاتمان لە جیاتی شیعر پێ قەڵب دەکات.

زمانئالۆزی، یان پێچاندنی رستە ئەگەر مانایەکی بەرزتر یان وینەیەکی جوانتر لە رستەکە لە حالەتی ئاسایی خۆیدا بەرهەم بهێنێ، شتیكی بەنرخ و جێگەی سرنجدانە. بە زمانئالۆزییەک کە هیچی تازەی پێ نەبێ دەڵێن: فەرمایش!

نەترسای بتگرنبۆمنکەپێشترگیرابوومبۆتۆ / هەمان شیعر

لەم دێڕەی سەرەودا، هەموو وشەکان بە یەکەوە نووساون. “خۆزێ ساراماگۆ” لە نووسینەکانیدا نوقتە و کۆما دانانێ. نوور لە گۆڕی ساراماگۆ ببارێ کە هەر بە ئەوە رازی بوو، ئەگەر ئەویش هاتبا و وەکوو پۆستمۆدیڕنیستەکان هەموو وشەکانیشی بە یەکەوە چەسپاندبان، دەبوو چ رۆمانێک خوڵقابا؟! ئەم بەسەریەکدا هەڵڕژانەی وشەکان لەو دێرەدا بە ئەندازەی پووشێک شتێکی واتری لەوەی کە رستەکە لە حاڵی نۆرمالدا دەێڵێ، تێیدا نییە.  تەنیا شتێکی کە پێت بڵێ ئەوەیە دێڕەکە یەکسەر بخوێنەوە بێ ئەوەی نەفەس تازە بکەیەوە.

سەربەخۆیی هونەر

سالح سووزەنی لە سەرەتای گفتوگۆیەکەیدا کای کۆنی “سەربەخۆیی هونەر و جوانیناسیی “، کە باسێکی زۆر کۆنتر لە پۆستمۆدێڕنیزمە، بە با دەکاتەوە. چینی دەسەلاتدار لە سەرتاسەری مێژوودا هەولیداوە کە خۆی وەکوو بەشێکی نەپساوە لە خەلک و بە نوێنەری خەلک بقەبڵێنێ. ئایین و فەرهەنگ و هونەر وەکوو ئامرازیکی گرینگ بەو ئەم مەبەستە، بەشێک لە مەشغەلەی چینی دەسەلاتدار بووە و بە دەست و دڵبازی دین و هونەر و ئەدەبی “گونجاوی” پەرە پێداوە. بەڵام موشکیلەی کۆمەڵگای چینایەتی ئەوەیە کە چینی بێدەسەڵات و ژێردەست وا بە ئاسانی دەست نادات چونکە شەرەکە لە سەر ژیانە و داهاتی رەنجی شانی بیدەسەلاتە ژیردەستەکان. دارا و نەدار ژیانیان وەکوو یەک نییە، هەر بۆیەش نە فیکر و مەشغەلەکانیان یەکە و نە زمانیان. نە خواردەمەنیان وەکوو یەکە و نە پۆشاکیان، هەربۆێەش نە تامەکانیان وەکوو یەکە نە ئاهەنگەکانیان. ژیانی کۆمەلایەتی مرۆڤەکان، قازانج و بەرژەوندییەکانیان دیاری دەکا و جیاوازی و نایەکسانی ژیانی کۆمەلایەتی، دەبیتە هۆی دروستبوونی فەرهەنگی جیاواز،بەها و بیرو بووچوونی جیاواز، زمان و عادات و هەستان و دانشتین و گۆرانی جیاواز، شیعری جیاواز. هونەری سەربەخۆ لە دنیای چینایەتیدا، درۆیەکی گەورە و بێشەرمانەیە. هۆنەر و ئەدەب لە دنیای نایەکسان و وەحشی سەرمایەدارییدا کە لە هەر چرکە و ساتێکیدا هەزاران کارەساتی دڵتەزێن دەخوڵقێ ناتوانێ کراسی سپێ لە بەربکا و داوێنی مبارەکی خۆی لە واقیع دوور ڕابگرێ. ئەم کراسە سپییەی “سەربەخۆیی” لە زەلکاوی سەرمایەداریی سەردەمدا پڕە لە پەڵەی پیس و بۆگەنی لێدەبارێ.

هونەر و ئەدەبی پۆستمۆدێڕنیستی، زمانی حاڵی ورەدبورژواکانە کە لە باشترین حاڵەتدا ناڕازین لە بۆگەنی زەلکاوەکە. کرێکار و زەحمەتکێش لە ولاتانی ئیمەدا، تەنیا بۆ ئەوەی کاریان هەبێ و بە بەلاش هیزی کاریان بفرۆشن دەبێ رۆژێ هەزار جار شوکری خوا بکەن، ئیتر باسی ئەو بە ملیۆن کرێکار و خەلکی بیکار ناکەین کە بێجگە لە هیزی کاریان هیچ داراییەکیتریشان نییە بۆ “ژیان”. ئەم هێزە سەرەکییە و زۆرینەی کۆمەڵگا، ئاشنان بە زەلکاوی سەرمایەداریی، نە لە رێگەی خوێندنەوەی بەرهەمی پۆستمۆدێڕنیستەکان بەلکوو بە رەگ و پێست و گۆشت و خوێنان، بە بچووکترین خانەکانی لەشیان کە خەرێکی شەڕێکی بێپسانەوەی مەرگ و ژینن لەو زەلکاوەدا.

ئەم زۆرێنەیەی کۆمەلگا، نە کاتی خوێندنەوەیان هەیە وەک وردەبورژواکان و نە پارەی ئەوەیان هەیە کە بە مەیلی خۆیان هونەر و ئەدەب بە سەربکەنەوە و دیسکورسی زمانەوانی و فەلسەفی و هونەری و کۆمەلناسی… شی بکەنەوە. زۆرینەی مرۆڤەکانی ئەم دنیا نایەکسانە، نە دەزانن “گۆدۆ” کێیە نە “ئیبسێن”، نە نێوی “میشێل فۆکۆ”یان بیستووە نە “نیتچە”، نە “سیلڤیا پلات”یان خویندوەتەوە و نە “کریشنا مورتی”. کرێکارو زەحمەتکێشی کۆمەلگا پێوستیان بەوە نییە کە زمان هەڵوەشێننەوە، وشەکان لەتلەت بکەن، رستەکان ئالۆز و ئەمبەرئەوبەر بکەن بۆ ئەوەی حالی بن کە دنیا بەراوەژووە کە بۆگەنی زەلکاوی سەر هەڵدەگرێ، چونکە ئەو دنیا گەند و گووە بە خوینی ئەوانەوە دروستەکراوە لانیکەم بەو ئەو یەک شتە پێوسیتان بە چاوساغی پۆستمۆدێرنێستی نییە. ئەوەی ئەو زۆرینەیە پێویستی پێ هەیە یەکگرتن و دۆزینەوەی رێگاچارەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم کارەساتە. ئەوەی کە پۆستمۆدێڕنیزم پێشکەشی دەکا بە چینی بندەست و بێبەش، تریاکی شیعر و ئەدەبێکی “سەربەخۆ”یە کە لە ناو زەلکاوەکەی دنیای کاپیتالیستی سەردەمدا، بە گررررررە گررررر و فرررررررررررە فرررررری زمانی “مندالانە”، بە شیواندنی رستەکان، بە شیواندنی مانا، بە گەمە و شۆخی پیکردن، بە فلتەفلتی زمانیکی نهێنی… سەرخۆشیان دەکا.

وردەبورژاکان، لە شانسی پێگە و جیگەی کۆمەڵایەتی خۆیان، خەمی سەرەکییان نان نییە. هەربۆیە هەم کاتی گەمە و کایەیان هەیە و هەم بیر و فرسەتی لابیرینتی زمانەوانی سازکردن و ئامادەکردنی جەدەول و پازلی هۆنەری و ئەدەبی لە نێوی کتێبە نووسراو و نەنووسراوەکان، لە قارەمانی رۆمانە کلاسیک و نوێ و نویتر لە نوێکان، لە رەنگی کۆنترین و تازەترین تابلۆکانی سەردەم، یان بۆ دروست کردنی دنیای خەیالی تایبەت بە گرووپە خنجیلانەکانی خۆیان. ئەم دەقانە زمانی حاڵ و ژیانی زۆرینەی ژیردەستی کۆمەلگا نین، هەربۆیەش نە پێی ئاشنان، نە چێژی لێ دەبێنن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button