دێڤین رێکسویدکولتوورکۆمەڵایەتینووسەرانوتار

مانیفێستی دژە ئیسلامی ئادۆنیس

مانیفێستی دژە ئیسلامی ئادۆنیس*

نووسینی: دێڤین رێکسوید

 

کورتە باسێک لە سەر كتێبی “توندوتیژی و ئیسلام، وتووێژی حوریە عەبدەلئەوحەد و ئادۆنیس”

 

ئادۆنیس، شاعیری سوری، (عەلی ئەحمەد سەعید ئەسبەر)، زۆر جار وەكوو یەكێك لە ناودارترین شاعیرە هاوچەرخەكانی جیهانی عەرەب و بگرە دونیاش ناوی دەبردرێ. جگە لە شاعیر ئەو فیلسووف، وەرگێڕ و ڕەخنەگری ئەدە بیشە. ئادۆنیس ساڵانێكی زۆر لە زانكۆكانی چەند وڵاتی ڕۆژئاوا مامۆستا بووە. لە چەند ساڵی ڕابردووشدا هەمیشە یەكێك لە كاندیدەكانی خەڵاتی نۆبێل بووە. ئادۆنیس وەكوو زۆر كەسایەتی ناودار لایەنگر و بەرهەڵستكاری زۆرە.

جگە لە ڕەخنەی ئەدەبی و شیعرنووسین، ئادۆنیس بەردەوام ڕووداوە سیاسییەكان و مێژووی جیهانی عەرەبی داوەتە بەر ڕەخنە و لێكۆڵینەوە. بەهۆی ڕەخنەگرتنی  ئاشکرا و تیژی لە دەوری كاولكەرانەی ئیسلام لە دواكەوتوویی و پەنگخواردنی جیهانی عەرەب، گەلێك جار كەوتۆتە بەر سەركۆنە، هەڕە شە و بایكۆتی هێزە كۆنەپە رستەكان و ئیسلامییەكان. چەندین جار فەرمانی سووتاندنی كتێبەكانیان دەركردووە. لە كتێبی چەند جڵدی “ستاتیك و دینامیك”، بە عەرەبی “الثابت و المتحول”، ئیسلام و حوكمە نەگۆڕەكانی قورئان دەداتە بەر ڕەخنەی بێبەزەییانە.

بە بڕوای ئادۆنیس یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی پەنگخواردنەوەی فیكریی لە دونیای عەرەبدا دەتوانرێ لە سێ حوكمی بنەڕەتی ئیسلامدا دەستنیشان بكرێ. بە پێی حوكمی یەكەم، موحەممەد پاشەبەرەی پێغەمبەرانە. بە گوێرەی حوكمی دووهەم ئایاتی قورئان ڕاستی موتڵە ق و بێ ئەملاو ئەولان. حوكمی سێهەم دەرەتانی گۆڕانكاری و پێوە زیادكردن بەو ڕاستییە موتڵەقانە لە تاك دەستێنێ.

لە ڕوانگەی ئادۆنیسەوە ئیسلام دوژمنی سەرسەختی گۆڕان و گەشە بووە. سەرەڕای دژایەتی ئیسلام لە گەل گۆڕان و پێشكەوتن، ئادۆنیس پێداگرە لە سەر ئەوە كە نابێ ئەو ڕاستییە لە بیر بكەین كە داهێنەر و نوێ ئەندێش بەردەوام لە مێژووی عەرەب و بگرە دوای سەرهەڵدانی ئیسلامیش لە بواری ئەدەبی، فەلسەفی و مۆسیقادا، هەبوون و دەوریان بووە. بەڵام ئەو داهێنەر و نوێ ئەندیشانە قەت ملیان نەدا بە دۆگمە ئیسلامییە كانی خولەفای ئیسلام و شاكان. ئەوان بە مانای سوننەتی وشەكە موسوڵمان نەبوون. ئادۆنیس هەندێك شاعیری عەرەب وە كوو ئەبوو نەواس ئەهوازی، ئەبووتەییب موتەنەبی و ئەبوو عەلا ئەلمەعە ڕڕی وەكوو نەیاری دینی ڕەسمی یا دینی دەوڵەتی ناو دەبا. بە بڕوای ئادۆنیس هیچ كام لە فیلسۆفەكانی دونیای ئیسلامخواردوو خاوەنی بیری ئایینی نەبوون بەڵكوو تەنیا بۆ پاراستنی گیانیان ملیان بەوەدا كە وەك موسوڵمان ناویان ببردرێ.

ئادۆنیس تازەترین كتێبی خۆی “توندوتیژی و ئیسلام، وتوۆێژی حوریە عەبدەلئەوحەد و ئادۆنیس” تەرخان كردووە بۆ شیكردنەوەی سیاسی، مێژوویی، ئەدەبی و فێمینیستی توندوتیژی لە ڕوانگە ی ئیسلام و قورئانەوە. لە وڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا دەكرێ تەفسیری فێمینیستی لە قورئان بكرێ، پێداگرە لە سەر ئەوە كە قورئان لە سەرەتاوە تا كۆتایی كتێبێكی دژ بە ژنە، تایبەتمەندییەك كە ئیمكانی هەر چەشنە تەعبیرێكی فێمینیستی لە كتێبی پیرۆزی موسوڵمانان لەناو دەبا.

كتێبی “توندوتیژی و ئیسلام” بە شیكردنەوە و لێكدانەوەی ئەو دیاردەییەی كە وەك “بەهاری عەرەبی” ناوی دەركردووە، دەست پێدەكات. ئادۆنیس بە دڵیكی خۆش باسی دیاردەی “بەهاری عەرەبی” ناكات.

بە بڕوای ئادۆنیس لە ئەساسدا تەنیا مۆرەكانی دەسەڵات گۆڕدران لە كاتێكدا بنەما و پێكهاتەی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی كە شایەتی گوزەری “بەهاری عەرەبی” بوون، لە ئاستی گشتیدا لە سەر جێگەی خۆیان مانەوە. ئەوە شكستی بەهاری عەرەبی بوو. یەكێك لە نیشانە سەرەكییەكانی ئەم شكستەش بە بڕوای ئادۆنیس سەرهەڵدانی داعش بوو. یەكێكی تر لە نیشانەكانی ئەو شكستە سەرنجنەدانی بە ناو شوڕشگێڕانی عەرەب بە جێگە و شوێنی یەكسانی ژن و پیاو بوو. ئادۆنیس دەنووسێ كە “ئێمە بە شوێن داهاتوویەكی باشترەوە بووین بەڵام دژایەتی لە گەل میراتی مودێرنیتە نسیبمان بوو”. لە جیاتی ئەوەی ئەزموونی ئاڵووگۆڕێكی ڕاستەقینە بكەین كەوتینە بنەوانی كارەساتێكەوە. ئادۆنیس پرسیار دەكا كە بۆچی تەنانەت یەك وشەش لە سەر ئازادی ژن بەیان نەكرا؟ مەگەر دەكرێ قسە لە بەهاری عەرەبی بكەی لە كاتێكدا ژن دیلی یاسای شەریعەتە؟ ئادۆنیس پێداگرە لە سەر ئەوە كە بەهاری عەرەبی بە هۆی تێكەڵاوی ئیسلام بوو بە جەهەننەم.

ئادۆنیس ئاماژە بە كەموكووڕی ئەو سەرهەڵدانانە و دەوری خەراپی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەكا، بەڵام لە سەرئیسلام وەكوو یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی مەحكووم بە شكستبوونی بەهاری عەرەبی، پەنجە دادەنێ.

لێكدانەوەی ئادۆنیس لە بەهاری عەرەبی، بە تایبەت هەڵسەنگاندنی لە دۆخی سوورییە بەگشتی و سەرهەڵدان و جنایەتەكانی داعش بەتایبەتی، لە سەر ئەساسی پێداچوونەوەیەكی نیزیك بە سەر مێژووی كۆمەڵگا عەرەبییە كان بەر لە ئیسلام و دوای سەقامگیربوونی ئەو دینە، دامەزراوە. یەكێك لە بەراوردەكانی گرنگی ئادۆنیس ئەوەیە كە ئیسلام ئاوەڵدووانەی زەبروزەنگ و بێبەزەییبوون بووە و لە سەرەتاوە لە ڕێگەی ترساندن، تۆقاندن، سەربڕین و خۆێنڕشتنەوە درێژەی بە پتەوكردنی بنەمای دەسەڵات و بڵاوبوونەوەی داوە. بە بڕوای ئادۆنیس ترساندن و تۆقاندنی لایەنگران و نەیارانی ئیسلام یەكێك لە ئامرازەكانی سەرەكی ئیسلام بووە بۆ مسۆگەركردنی ئەوەی كە موسوڵمانان بە شوێن ئیسلام بكەون و بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی ئیسلام بە سەر ناموسوڵماناندا. بە لە بەرچاوگرتنی مێژووی خوێناوی ئیسلام، داعش و جنایەتەكانی ئەو لایەنە بەبڕوای ئادۆنیس شتێكی تازە نییە بەڵكوو داعش لە ئیسلامی ڕاستەقینەی موحەممەدەوە سەری هەڵداوە و درێژەی ئەو نەریتەیە.

بەڵام خاڵی بەهێزی كتێبەكە شیكردنەوە و هەڵسەنگاندنی ڕاپەڕینەكان و شۆڕشەكانی جیهانی عەرەب نییە. كتێبی “توندوتیژی و ئیسلام” سەرەڕای هەندێك لێكدانەوەی ئیحساسی و هەندێك جاریش هەڵە و ناڕۆشن لە هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی ئەو ڕاپەڕین و شۆڕشانە، بەڵگەنامەیەك و مانیفێستێكی گرنگی دژە ئیسلامییە.

ئیسلام لە ڕوانگەی ئادۆنیسەوە بەدرێژایی مێژووی خۆی، دینی دەسەڵات و زەبروزەنگ و ملهوڕی بووە. ئادۆنیس وەك كتێبێكی هاندەر ولایەنگری توندوتیژی سەیری قورئان دەكات. بە پێی لێكۆڵینەوەی ئادۆنیس ٨٠ ئایەتی قورئان باس لە جەهەننە م دەكەن. كوفر و وشەی هاوتا لە ٥١٨ ئایەتدا و ئەشكنجە لە ٣٧٠ ئایەتدا هاتوون. لە ٣٠٠٠ ئایەتی قورئان ٥١٨ لە سەر سزادان دەڕۆن. بەپێچەوانەی ئەو گشتە ئایەتانەی لە سەر زەبروزەنگ دەڕۆن، ئادۆنیس نەیتوانیوە تەنانەت ئایەتێكیش بدۆزێتەوە كە هاندەری بیری سەربەخۆ بێ یا لە سەر دەوری عەقڵ لە خوڵقاندن و داهێناندا بدوێ. بە بڕوای ئادۆنیس هۆی ئەو گشتە توندوتیژییە لە ئیسلامدا دەگەڕێتەوە بۆ بنەمای خێڵەكی ئەو دینە و توندوتیژی نواندن بۆ پاراستنی بەرژەوندی خێڵی خۆ و داپڵۆسینی خێڵی نەیار.

ئادۆنیس وەك ئانتیتێزی ئیسلام سەیری ژن و شێعر دەكات. بە بڕوای ئەو ژن بە پێچەوانەی ناوەرۆكی دۆگماتیكی ئیسلام، دایم لە حاڵی تازەبوونەوە دایە. ئیسلام لە ڕوانگەی ئادۆنیسەوە بۆتە هۆی لە ناوچوونی ژن. ئادۆنیس پێداگرە لە سەر ئەوە كە ژن لە ئیسلامدا شتێكی زیاتر لە جنسییەتی لێنەماوەتەوە. ئیسلام ژنی كردووە بە تارماییە ك. ئادۆنیس درێژە دەدا كە ئیسلام ژنی كردووە بە ئامرازی هەوەسپەرستی پیاو. بە پێی بۆچوونی ئادۆنیس ژن پێش سەرهەڵدانی ئیسلام بێگومان ئازادتر بووە و سەربەستتر ژیاوە. بەشی ژن لە ئیسلامدا ئەوەیە كە پلەی تا ئاستی هەویرێكی بێدەسەڵات لە دەستی هەوەسپەرستی پیاودا هاتۆتە خوار. ئیسلام ئەوەندە ژنی چەوساندۆتەوە و مافی پێشێلكردووە كە هەندێك لە ژنانی وڵاتانی ژێردەسەڵاتی ئیسلام حەسرەت بە بارودۆخی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی دیكتاتۆرە سێكولارەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا دەخۆن.

بەڵام جگە لە ژن، شیعریش بە بڕوای ئادۆنیس لە گەل ئیسلام لە دژایەتی دایە. هۆی ئەو دژایەتییە ئەوەیە كە شێعر پرسیارە بەڵام دین وڵامە. شێعر بەو مانایە لە گەل دەسەڵات لە كێشە دایە. خاڵی هاوبەشی ژن و شێعریش بە بڕوای ئادۆنیس هەر لێرەدایە. بەڵام ئادۆنیس بە پەژارەوە ئیشارە بەوە دەكات كە شێعر و ژن هەردووكیان لە لایەن ئیسلامەوە تێكشكاون.

تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ناوچەیە بەبڕوای ئادۆنیس پێویستی بە یەكسانی ژن و پیاوە نەك ڕاهاتن لە گەل دین. هەروەها ئادۆنیس ڕاماڵینی لەمپەرەكانی بەردەم لێكۆڵینەوەی زانستییانە لە سەر مێژووی عەرەب و ئیسلام و پاراستنی زانستكاران بەرامبەر بە زەبروزەنگی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە یەكێك لە مەرجە سەرەكییە كانی ڕزگاربوون لە چنگ ئیسلام دەزانێ.

ئیسلام لە ڕوانگەی ئادۆنیسەوە لەمپەرێكی مێژووییە كە بۆتە هۆی وەستاویی كۆمەڵگا و پەنگخواردوویی بیری بەشێكی بەرچاو لە خەڵكی وڵاتانی عەرەبی. هەر بۆیە وەكوو شەرتێكی بنەڕەتی بۆ بەرەوپێشچوون و گەشەی ئەو كۆمەڵگایانە سەیری ڕەخنەگرتن لە دین دەكات. هەڕ بۆیە گرنگییەكی تایبەت دەدات بە جیابوونەوەی دین و دەوڵەت. هەروەها گەشە پەیداكردنی كۆمەڵگەی مەدەنی بە بڕوای ئادۆنیس پێشمەرجی هەر چەشنە گۆڕانكارییەكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا. بە بڕوای ئادۆنیس ئیسلام و نوێنەرەكانی دەیانهەوێ هەموان ناچار كەن كە كوێركوێرانە بكەونە شوێنی دەستوور و بەها ئیسلامییەكان. بەڵام هاوكات ئاماژە بەوە دەكات كە پێناسەی ئیسلامی بە پێچەوانەی بڕوا و گومانی باو، میراتی بنەماڵەیە نەك هەڵبژاردەی تاك. بە بڕوای ئادۆنیس پێویستە پێناسە ی شارۆمەندی لە جێگەی پێناسەی دینی دابندرێ. ئەو پێی وایە كە نابێ بە دانیشتوانی ئەو وڵاتانە بگوترێ موسوڵمان بەڵكو دەبێ داوای ئەوە بكرێ كە ئەوان وەك شارۆمەند بە ماف و ئازادییەكانی تاك بگەن.

سەرەڕای ئەوەی كە ئادۆنیس بە دڵێكی خۆش باس لە دیاردەی بەناو بەهاری عەرەبی ناكات بەڵام بەرامبەر بە داهاتوو ڕەشبین نییە. بەپێچەوانەوە ئەو بە چاوی پڕ لە هیوا سەیری داواكاری ڕوو بە گەشەی مافی ئاتەئیست بوون یا مافی  ئازادی دینی دە كات. سەرەڕای ئەمە بە دڵ حەز دەكات كە داعش دوایین هەناسەی ئیسلام بێت.

بانگەوازی دژە ئیسلامی ئادۆنیس لە گەل باقی دەنگە سێكۆلار و ئیسلام بوغزێنەكانی دونیای عەرەب، وەكوو ڕائیف بەدداوی، مۆنا ئەلتەحاوی، فاتیمە ناعوت و حامید عەبدولسەمەد، هیوای بزووتنەوەیەكی ئاشتینەخوازانەی دژە ئیسلامی لە وڵاتە ئیسلاماوییەكاندا بەهێزدەكات. تا ئەو جێگایەی بە مەیلی چەپ لە كۆمەڵگای كوردستان بۆ هەوڵی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقا بەرامبەر بە نوێنەران و هاندەرانی ئیسلامی سیاسی دەگەڕێتەوە، ئاشنابوون و هاوكاری لە گەل كەسایەتی دژە ئیسلامی لە دونیای عەرەبدا دەتوانێ یەكێك لە گرنگترین ئەركەكان بێت بۆ بەهێزكردنی ڕیزی سێكولاریسم و یەكسانیخوازی.

پەڕاوێز:

* کتێبی “توندوتیژی و ئیسلام، وتوۆێژی حوریە عەبدەلئەوحەد و ئادۆنیس” بۆ یەكەم جار لە نۆڤەمبری 2015 لە  پاریس بە زمانی فەرانسەیی لە ژێر ناوی (Violence et islam) بڵاوكرایەوە. ساڵی 2016 وەڕگێڕدرایە  سەر ئینگلیسی (Violence and islam: Conversations with Houria Abdelouhed) و چەند زمانی تریش و باس و مشتومڕی زۆری لێ دروست بوو. دەقی فارسی ئەم بابەتە یەكەم جار لە گۆڤاری حیكمەتیست، ژمارەی ٦، ژانوییەی ٢٠١٧ بڵاو بۆوە.

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button