تازەترین بابەترەخنە و ئەدەبموسلح ریبوار (مصلح ریبوار)وتار

شێرکۆ لە چەپەوە

شێرکۆ لە چەپەوە!

نووسینی: موسلیح رێبوار

 

مەبەست لە چەپ، لێرەدا، چەپی کۆمەڵگایە، نەک چەپی بۆرژوازیی! مەبەست بەرژەوەندیی چینی کرێکارە کە دژی سەرتاپای ستەمی سەرمایەدارییە؛ نەک ئەو بەشە لە بورژوازیی کە بە شوێن ئۆتۆپیای سەرمایەدارییەکی چەپ وعەدالەتخوازەوەن و بەکردەوە، خۆڵ دەکەنە چاوی جەماوەر و ڕیگایان لێ ون دەکەن.

شێرکۆ لە چەپەوە

 

موسلیح رێبوار

 

مەبەست لە چەپ، لێرەدا، چەپی کۆمەڵگایە، نەک چەپی بۆرژوازیی! مەبەست بەرژەوەندیی چینی کرێکارە کە دژی سەرتاپای ستەمی سەرمایەدارییە؛ نەک ئەو بەشە لە بورژوازیی کە بە شوێن ئۆتۆپیای سەرمایەدارییەکی چەپ وعەدالەتخوازەوەن و بەکردەوە، خۆڵ دەکەنە چاوی جەماوەر و ڕیگایان لێ ون دەکەن.

لێرەدا تێدەکۆشم تیشک بخەمە سەر دەوری شێرکۆ بێکەس، لە مەیدانی شیعر و خەباتی کۆمەڵایەتیدا، لە بەرژەوەندیی ئازادیی ڕاستەقینەوە، لە بەرژەوەندی ئازادیی لە کۆت و بەندی سەرمایەدارییەوە، هەندێک ڕۆشنی بکەمەوە. لەوانەیە کیشەی لێ بکەوێتەوە،؛ بەخێر بێت؛ مەبەست ئەوەیە ڕاستییەکان دەرکەون.

 

گەلێک کەس، لە ڕوانگەی چەپی بۆرژواییەوە، شێرکۆ بەرز دەنرخێنن و دەڵێن دژ بە نابەرابەریی ژنانە و دژ بە ئایینە و خەمخۆری ئازادیییە! لێرەدا، دەمەوێ  لە ڕوانگەی چەپی کۆمەڵ، لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی کرێکاریییەوە، ڕۆشنایی بخەمە سەر ئەم خاڵانە لە کارەکانی شێرکۆدا و سەر ئەو پرۆپاگاندایەکە ئەم شاعیرە بۆ بەرژەوەندیی بورژوازیی، دەیکا.

 

کاتی خۆی، بە چەند ڕوژیک پاش مەرگی شێرکۆ، هاوینی ٢٠١٣، نووسراوەیەکم بڵاو کردەوە کە لە سەرەتای ئەم باسەدا، بەهەندێک دەستکارییەوە، دەیهێنم:

 

ویرای سەرەخوشیی پڕ بەدڵ، له بنەمالەو دۆستانی شیرکۆ بێکەس؛ ئەمەوێ چەند وشەیەکی لەسەر بنووسم و دواتریش، به گوێرەی پێویست، زیاتر مەبەستەکانم روون بکەمەوە.

 

شێرکۆم لەنزیکەوه ناسیوه. ئەگەر هەموو شیعرەکانیم نەخویندوەتەوه، هی ئەوەیه، به پێچەوانەی گەلێک کەس، هاوبەشی چێژ و هاوڕای جوانیناسییەکەی نیم! بەپێچەوانەوه، له گەل شیعرەکانی و له گەل بۆچوونی سیاسیی و  ئایدولوژیکیی (که له شیعرەکانیدا به خەستیی ڕەنگی داوەتەوه) کێشەیەکی زۆرم بووه. له۱۹۸۰کاندا که ئەو، دەهات له ڕادیۆ-کومەڵه، شیعری دەخویندەوه و منیش له نووسەرانی ڕادیۆ-کۆمەڵه بووم، رەخنەم له شیعرەکانی دەگرت و پیم وابوو؛ نەک هەر پەیام و ناوەرۆکیان کۆنەپەرستانەن، له باری چێژ و جوانیشەوه، دواکەوتوون! ئەو شیعرانه، نەک هەر له گەل رێبازی (کۆمۆنیستیی) کۆمەله، نەدەهاتنەوه، بەلکو سەبارەت به کومونیستکوژیی حیزبی دیموکراتیش، به جۆرێک، پاکانەی بۆ دیموکرات دەکرد.

 

لەوانه، لەسەر شیعرەکەی بۆ “بەیان” …

(لێرەدا، بەداخەوە، چەند وشە و ڕستەیەک، لە دەقەکە لە کاتی کۆپی کردن و دانانی لە سەر ماڵپەرەکەمدا کەوتووە و ئیتر لە لای خۆشم نەماوە. دەبێ مەبەست، ئەو پاساوە بێ، شێرکۆ دەیکا بۆ کۆژرانی پێشمەرگەکانی کۆمەلە بەدەستی حیزبی دیموکرات و لەوانە کوژرانی “بەیان”، کە خوارەوەتر لەم وتارەدا، بە نموونە، دێمەوە سەری. هەروەها، دەبێ مەبەست، ڕەخنەی شێرکۆ بێ لە دەسەڵات و لە گەندلی لە هەرێمدا، کە شێرکۆ، زۆری لەم بابەتەوە گوتووە بەڵام یەک چرکەش، له ناسیونالیسم نەترازاوە. دیارە، ئەمەی کە لە پەرانتزدایە، لە نووسراوە کۆنەکە، زیاد کراوە!)

کاتێک بۆ هەڵەبجه سکاڵا دەکا، “خودای گەوره” به عەرەب دەردەچێ و له باسی ژنیشدا؛ ژن، یەخسیری تەسبیح و پیاوه، نەک سەرمایە!

 

پاش مردوو هەر ڕەحمه ت چاکه؛ بەڵام شیرکۆ نەمردووه. گەلێکەس هەر ئەو بانگەوازه دەڵێنەوه. مەبەستم سەرکۆنەکردنی ئەوانه نییه که شیعری شیرکۆیان پێ جوانه. له شوێنی خوێدا باسی جوانیی و جوانییناسییم کردووه:

 

ئێستا، پاش چوارساڵ، هەست ئەکەم ئەو پێویستییە هاتوەتە پێش کە بێمەوە سەر ئەم باسە و بە نموونەهێنانەوە لە کارەکانی شێرکۆ، روونتری بکەمەوە کە ئەم شاعیرە، زیاتر لەوەی دژ بە ئایین بێ، هەڵگریی نەفرەتی ناسیونالیستیی دژ بە عەرەبە و دژ بە “پێغەمبەری بیابان” و “حەرپەی زمانی عەرەبیی” و ئایینی عەرەبییە، نەک ئایین بەگشتیی! دژی خوایەکە کە عەرەبە و نەخۆی و نە “سکرتێر”ەکانی، کوردیی نازانن و ئاوا جوابی “سکالا”کەی دەدەنەوە:

“سکرتێری پلە چواری نووسینگەی خوا

بەعەرەبیی، بۆی نووسیبووم:

گەوجە! بیکە بەعەرەبیی!

کەس، لێرە کوردیی نازانێ!

 

ئەمە، خودا عەربەکە! دەنا ئایین و بەتایبەت خودا؛ لە گەلێک لە شیعرەکانیدا، داڵدەی داماوانەو دەمی مەولەویی ماچ دەکا و جێگای بەرزە. ئەم دژ بە ئایینی عەرەب بوونەش، هەر درێژەی چەواشەگەریی ناسیونالیسمی کوردییە کە لە شیعری شێرکۆدا، بەڕادەیەک خەستە کە دوژمنی ناوخۆی خەڵکی کورد، بە دوست دەنوێنێ. نەک هەر ئەمە، پیاو، بە دوژمنی ژن دادەنێ و چێژێکی جوانییناسیی دواکەوتوانە و دوور لە شار، لە کارەکانیدا، زاڵە. کاتی دڵسۆزیی بۆ بۆیاخچییەک، هەموو بۆیاخچییەک دەکا بە کورد و خودای ئایینە دژ بە کوردەکەشی، عەرەبە و …. گەلێک چەواشەکاریی لەم چەشنە. ئاشکراشە کە شێرکۆ، شاعیرێکی بەتوانایە و ئەمەش، پێویستیی باسەکە زیاتر دەردەخا. وەک بڵێی؛ تۆ لە مەیدانێکدا بی کە سوارچاکێکی شمشێر درێژ ، بەرەوڕووت بوەتەوە!

 

بە نیشاندانی ئەم لینکانەی خوارەوە، لە گۆڤاری “هانا” خولی یەکەم، ژمارەی یەک و ژمارەی دوو، دێمەوە سەر باسی جوانییناسیی کە لەوێ دەست پێکراوە:

 

http://www.hanaforlaget.se/index/arkivhana/HANA01.PDF

 

http://www.hanaforlaget.se/index/arkivhana/HANA02.PDF

وەک ئاوڕدانەوەیەکی ئەمڕۆش لە باسەکە، با بڵێین:

ئاشکرایە کە چێژی جوانیی-ناسیی، بۆ هەموان یەکجۆر نیە و ئەوەی لای کەسێک جوانە، لەوانەیە، لای کەسیتر جوان نەبێ! نەک هەر ئەمە، بەڵکوو جوانییناسیی، دواکەوتوو و پێشکەوتووی هەیە، مودێڕن و کۆنی هەیە و لە سەرووی هەمووانەوە، چینایەتیییە!  لەو باسەی گۆڤاری هانا، خولی یەکەمدا، هاتووە کە “پلەخانۆف” (سەردەرچوویەکی ئەم بوارە) سەبارەت بە چێژی هونەریی جیاوازی چینە کۆمەڵایەتییەکان، گۆرانییەکی کۆنی بەنێوبانگی ڕووسیی، بە نموونە دێنێتەوە کە کەیف خۆشیی ئاغاکان لە وەدوونان و کوشتنی زەحمەتکێشانی لادێ دەنوێنێتەوە! دیاریشە، ئەو هەژارە کوژراو و پێشێلکراوانە، ناکرێ گۆرانی لەم چەشنەیان پێ خۆش بێ!

هەڵبەست و هۆنراوەی شێرکۆ، هێندە کۆن نییە کە بابەتی چێژی ئاغاوات بێ. بەڵام نە مۆدێڕنە و نە پێشڕەو. ئەگەر لای هەندێک پەسەندە، لای هەندێکیتر دواکەوتووانە دەنوێنێ و تەنانەت، کاتێک کە پاکانە دەکا بۆ بکوژانی ئازیزانمان و بە “دڵ پەمەیی” دەیان شوبهێنێ، ڕق هەستێنە! یان کاتێک جوانییەکانی شاری گەورە و مۆدێڕن، بێبابەخ دەکا، دەیاننێتە لا-خوارووی جوانیی کۆن و دواکەوتوو، دیارە، بە ئاگایە کە لە چێژی شاریی و مۆدێڕن، نزیک نەبێتەوە! بۆ نموونە: لە شیعرێکیدا ئاوا دەڕوانێتە “ستۆکهۆڵم“:

ئەم کۆشکانە

هیچیان نەهاتنە خەومەوە

ئەم وەرزانە

هیچیان نەهاتنە ساڵمەوە

ئەم ژنانە

هیچیان نەهاتنە چاومەوە

ئەم بەحرانەش

نەرژانە ناو ڕۆحمەوە

ئەوەی کە دێتە خەومەوە

هەر کۆڵانە قوڕاویەکەی “کانی ئاسکان”ە و

ئەوەی کە دێتە ساڵمەوە

گوڵ و سووتووی نیشتیمانە و

ئەوەی کە دێتە چاومەوە

چاوی کچێکی کۆیی یە و

ئەو ڕوبارەی ئەڕژێتە رۆحیشمەوە

هەر سیروانی لێڵ و پێڵە

 

یان لە “گۆڕستانی چراکان”دا کە دەڵێ:

 

ئێرە، هەموو

هەر شەقامی گوڵ-گوڵینەو

ئەپارتمانی شوشەیی و

کافەتریای زەردوسوورە و

کەچی هێشتا،

من، لە ناخا، هەر قوراوییم!

….

نموونەی لەم چەشنە، کە شێرکو، بە دەستی قەسد، خۆی و گوێگری خۆی، لە کولتوور و جوانییناسیی کۆن و دوورەشاردا دەیڵێتەوە، کەم نین! خۆتان دەتوانن بیخوێننەوە، یان سەیری ڤیدیۆکانی بکەن! ئەمە، ئەگەر شێرکۆ بەڕاستیشی بێ، نۆستاڵژییەکی ڕێگر و بەرەوپاشە و دەرگای هەست دادەخا لەسەر جوانیی شاریی و مۆدێڕنتر! لە گەلێک شوێن لە شیعرەکانیدا، تاسەی دنیایەکی ڕابوردوو زاڵە کە ڕێگا لە شێرکۆ دەگرێ جوانیی مودێڕن ببینێ!

ئەو، وەک عبداڵڵە گۆران ناڕوانێتە شیعر و هەڵبەست و هونەر. گۆران، وەک لەو باسەی “هانا”شدا هاتووە، لە جادەکانی سلێمانییەوە هەتا بەغدا و مۆسکۆ و هەتا هەڵبەستی بەتام وچێژی زمانەکانیتر، جوانییناسییەکی نوێ دەنێتە نێو هەست و هۆشی خوێنەرو بەخێری دێنێ بۆ ئەدەبی کوردیی! شێرکۆ، لەو شاعیرە بەرچاوتەنگانەیە کە لەم دەستکەوتەی گۆران پاشگەز بووەتەوە.

ئەگەر پێویست بێ، دێمەوە سەر جوانییناسیی لە شێرکۆدا؛ با ئێستا سەرێک لە بابەتی ئازادیی، لە شیعری شێرکۆدا هەڵبێنینەوە:

 

باسی ئازادییش، لە شیعرەکانی شێرکۆدا، وەک خۆی دەڵیی: ئەسپێکی شەکەتی ژێر بارە فیشەکە! شێرکۆ، کە ئاژیتاتورێکی ڕق ئەستووری بورژوازیی ناسیونالیسته، لەسەردەمە ئاخرەکانێدا، پێدەزانێ کە ئەم “نیشتیمانە”و ئەم ناسیۆنالیسمە گەندەڵە، یەکجار بێ ئابڕووە! ئەمجار، شێرکۆ، دێ و “کچێک” دەکاتە “نیشتیمان”! ئەوەی لەم “نیشتمان”ە تازەیەدا نەگۆڕدراوە، چەواشەکردنی خوێنەر و گوێگرە که رێگا نەباتە سەر بەرژەوەندیی و قازانجی خۆی و شوێنی ئەم یا ئەو لەشکری سەرمایه بکەوێ!

 

باسی ئاوا، هەر وەک، لە ساڵی ٢٠١٣ دا و پاش مەرگی شێرکۆ، نەبڕایەوە؛ بەتەمانیم بەم نووسراوەیەش ببڕێتەوە. تا بورژوازیی ناسیونالیست هەیە، تا باڵی چەپی ئەو بۆرژوازییە دەیەوێ سیمایەکی “دڵ پەمەییی” لە بۆرژوازیی بە دەستەوە بدا (وەک شێرکۆ، قاسملووی پێ وەصف دەکا) پێویست دەکا، دیسانیش و دیسانیش، ڕابین و ئاوپژێنی ئەو تەپوتۆزە بکەین کە ئەم بانگەوازکارانەی بۆرژوازیی دەیکەن بە چاوی خەڵکدا. لەبەر ئەوە، لێم ڕوونە ئەم باسە، لەم قۆناغەدا، تەواو نابێ!

 

شێرکۆ، هێندە زۆری نووسیوە و وەک خۆی دەڵێ هێندە “قیژەدرێژە” کە لێکۆڵینەوەی بەرپرسانەی کارەکانی، کاتێکی زۆری پێویستە؛ لەبارێکیشەوە، هێندە گیرگەی ڕەخنەهەڵگر لە کارەکانیدا زۆرن کە نازانی لە کوێوە دەستی بۆ بەری.

با لە وەسیەتنامەکەیەوە دەست پێبکەین: “خێراکە مردن خەریکە بگات”:

 

“ئەی ژن!

بەڕاست، یەکسان بوون

قەرەبووی ئەو هەموو غەدرە

ئەکاتەوە

کە پیاو لێی کردووی؟”

 

ئەمڕۆ، دواکەوتووترین فیمینیستیش، ئاوا خۆی نادا بەدەستەوە! فیمینیستی زیرەک، مەبەستی سەرمایەدارانەی خۆی (کە نابەرابەریی ژن لە کۆمەڵگادا بنێتە مل پیاو و پاکانە بۆ نیزامی سەرمایەداریی بکا) دەشارێتەوە! بەڵام شێرکۆ کە یەکێک لە قسەکانی ئەوەیە کە “خوێندنی باڵای نەخوێندوە”، ئاوا بەڕاشکاویی خۆی بەدەستەوە دەدا و تاوانێ غەدری کۆمەڵایەتیی لەژن، بێ بێنە وبەرە، دەنێتە مل نیوەی نێرینەی کۆمەڵگا. وەک بڵێی، ئەم نالەبارییە کۆمەڵایەتییە، کۆمەڵایەتیی نییە! بەڵکوو سروشتییەو هی ڕگەزە! هەر بەو بۆنەشەوە، چارەشی نییە؛ چونکو پیاو هەتاهەتایە نێرە و نابێ بە مێ. دەی ئەم ستەمەش کە هی نێرینەبوونی پیاوە، هەتاهەتایە دەمێنێ! مەگەر هەموو پیاوان بنێرین بۆ جەهەننەم! وەک بڵێی، بێگاریی کردنی ژن لە نێوماڵدا و منداڵداریی بێحەقدەست، هیچ لە قازانجی سەرمایەداریی نییە و سەدوپەنجا ساڵ خەباتی کۆمەڵانی ژن و پیاوی کۆمۆنیست، هیچ ئامۆژگارییەکی بۆ شێرکۆ تێدا نەبووە! ئەوە “خۆێندنی باڵا”ی پێویست نییە کە شێرکۆ بزانێ کە ئەم کێشەیە کۆمەڵایەتییە؛ کە ژن لەکۆمەڵدا دەبێ بە “ژن “و بە دەستەندەخوار! پیاویش، لەکۆمەڵدا، دەبێتە “پیاو” و بە پیاوسالاریی، زوڵم لە خۆیشی و لە ژنیش دەکا! هەر لەکۆمەڵگاشدا و بە چارەسەریی کۆمەڵایەتی، کیشەکە چارە دەکرێ! بێجگە لەوە، هەزاران “دایەخانم”ی خەتەنەکەر و “حاجیژن”ی حیجاب لەسەر، دەلیلی ڕۆشنترن بۆ ئەوەی کە ئەم کێشەیە، کۆمەڵایەتییەو ژنی هاوڕەگەزیش، دەتوانێ پیاوسالار بێ و ژنی پیاوسالاریش کەم نین! ئەمە کێشەیەکە لە نێوان ژن و پیاوی پیاوسالار، لەلایەکەوە و ژن و پیاوی ئازادیخواز لە لایەکی ترەوە! بەڵام ئەم حەقیقەتە، لە شیعری شێرکۆدا بزرە! من کە شێرکۆم، لە هەشتاکانەوە، کاتێک ئامەشۆی ڕادیۆ-کۆمەڵەی دەکرد، لە نزیکەوە ناسیوە، دەزانم کە شێرکۆ، ئەم حەقیقەتانەی لە کۆمەڵە بیستووە کە پیاوسالاریی، خۆی، ڕۆژی ئەمڕۆ، بەسەرمایەدارییەوە بەندە؛ سەرمایەدارییەک کە هەرچی کۆنەپەرستیی دێرینەی کۆمەڵگایە، دەیدا بە گژی خەڵکی ئازادیخوازدا! بۆیە دەڵێم، شێرکۆ، ناتوانێ بەوە پاکانە بکا کە “خوێندنی باڵا”ی نەخوێندوە! بەڵام شێرکۆ، وادیارە، حەقی بەسەر ئەمانەوە نییەو بەدەستی قەسد، عەوامانەترین خورافەی بۆرژوازی لە چەند دێڕدا، کە لە شیعریش ناچێ، دەرخواردی خوێنەری خۆی دەدا.

ئەگەر مەجال هەبێ، دێینەوە سەر ئەم وەسیەتنامەیەش کە زیاتر ئەم باسانە ڕوون بکەینەوە؛ بەڵام هەر لەوێدا نییە و هەر ئەوجارەش نییە کە شێرکۆ، پیاو دەکا بە چەقۆی تیرۆری ژن:

 

“ئایش، لە خۆڕا و بە بێ هۆ، نازریکێنێ؛

ئەوە ژنێکی ترساوی قژژاکاوی رۆژهەڵاتە و

پیاوێک -لەشێوەی چەقۆدا-

دوای کەوتووە و ڕاوی ئەنێ…”

 

هەر ئەمەش نییە؛ شێرکۆ، هەرکات دێتە سەر باسی ستەم لە ژن، هەر برایە و هەر باوکە و هەر مێردە کە زوڵم لە ژن دەکەن. کاتێک زەخت و زۆرەکە بە دەستی پیاو دەقەومێ، شێرکۆ لە هەڵلای دەدا و هەموو پیاوسالاریی دەنێتە ئەستۆی پیاو! بەڵام کاتێک دایەخانمی خەتەنەکەر، بە چەقۆوە، دەنیشێتە ملی کچانی بەستەزمان کە سەقەتیان بکا، شێرکۆ بێدەنگە! کاتێک حاجیژنی حیجاب لەسەر، تریاکی ئایین دەکاتە مێشکی ژنانەوە، شێرکۆ دیار نییە! ئینسان، بیری ئەوە ئەکەوێتەوە کە زەمانی زوو، دەیانگوت: ئەوە نییە خۆر، لەوێوە هەڵدێ و لەوێوە دائەچێ؟! دەی دیارە، خۆر بەدەوری ئەرزا ئەگەڕێ! شێرکۆ، بەهیچ جۆرێک عەوام نییە کە ئەم حەقیقەتانەی، لە هیچ کوێ نەبیستبێ. هیچ نەبێ، کاتی هاتوچووی لای کۆمەڵە، لە هەشتاکاندا، بە تیکرار، لە ئێمەی بیستووە! دەی، ئایا دەیەوێ، بە دەستی قەسد، بەرهەڵستی ئەم حەقیقەتانە بێیەوە؟؟

 

تەلەڤزیۆنی دەنگی ئەمەریکا، لە پرۆگرامێکی فارسیی بەناوی، “دوالاپەڕە”دا، بڕگەیەک لە دیکلەمەیەکی شێرکۆ نیشان ئەداو پێی دەڵێ “دیالکتیک”؛ لەو بڕگەدا شێرکۆ دەڵێ:

 

“هەمدیسان

نەفرەتی خۆکوژیم هاتەوە نێو خوێن و

هاتەوە کاولاشی ماڵەکەم

هەمدیسان

ئەم دەستم ، ئەو دەستم ئەکوژێ و

ئەو دەستم  سەری خۆم ئەدزێ و

ئەم دەستم  دەمی خۆم ئەدوورێ و

هەمدیسان

هەرمن خۆم چەقۆم و هەر خۆیشم تەرمەکەم

هەمدیسان من هەر خۆم سێدارە و

هەر خۆیشم  لاشەکەم

…. پێکەوە گۆڕم و گۆڕهەڵکەن”

تەلەڤزیۆنی ئەمەریکا، زۆر ئەم “دیالکتیک”ەی شێرکۆ، بەرز دەنرخێنێ و لەدرێژەشدا، دیکلەمەیەکی شاملوو دادەنێ کە وەرگێڕاوی فارسیی شیعرێکی شێرکۆیە و تیایا دەڵێ: ئازادیی، ڕۆح و مەعنای هەموو شیعرەکانییە! بڵێین چی، ئەگەر شاملوو کوردیی نازانێ و وەک ئێمە زامداری تیروشیری بۆرژوازیی کورد نییە و  ئاوا بە شێرکۆدا هەڵدەڵێ! ئەوە هەر شاملوو نییە کە ئەم هەڵەیە دەکا؛ بەرەیەک لە بۆرژوازی “چەپ” لە دەرەوەی کوردستان ئەو هەڵەیە دەکەن و دەرخواردی خەڵکیشی دەدەن. سەرەکوەزیری سۆسیال دیموکراتی سوید، خەڵات بە شێرکۆ دەبەخشێ و شارداری فلۆرانسی ئیتالیا، شانازیی هاوشاریی فلۆرانس! ئەمانە، سەرکردەی بۆرژوازین و  سەیرنییە ئەگەر کاری ئێمە دژوارتر بکەنەوە! وەک خەڵاتی ئاشتیی نۆبل کە بە ئۆباما دەدرێ و بە شیرین عیبادیی  و بە ئیسلامە سیاسییە “مۆدیڕن”ەکەی دەدرێ! ئێمەش ئەبێ پەهبادەکان و دراونەکانی ئۆباما، نیشانی خەڵک بدەین و هاواری ئەو هەزاران بێتاوانە بین کە بەو بۆمبانە سووتاون؛ دەبێ ڕیشی نهێنیی شیرین عیبادیی، نیشانی عالەم بدەین و ئەو هەموو خەنجەر و زیندانانەی لە ژێر داوێنی ئانگ سان سووچی و شیرین عیبادییدا شاراونەتەوە، لەهەڵڵا دەین؛ نە؛ نابێ سامی ئەم خەڵاتانە بمانگرێ! دەنا، ئەگەر ئازادیی ڕۆح و مەعنای شیعری شێرکۆیە، ئەی نەفرەت لە عەرەب و لە عەجەم چ جێگایەکی هەیە؟؟ ئەگەر نەفرەت لە شیعرەکانی شێرکۆ دەرهاوێژین چەند وەرزی دەمرێ؟؟

 

نموونەیەک لەو ئازادیییە کە بە قسەی خۆی، کوولەکەی ڕۆحی شیعرەکانی شێرکۆیە، هەڵگوتنیە بە”قاسملوو”دا:

قاسملووی سکرتێری حیزبی سەرمایەداریی لە کوردستان، دەکاتە  نووسەرێک  کە خەریکی “هەڵکۆڵینی مێژوویەکی ناو بەردەڵان” بووە! وادیارە مەبەستی شێرکۆ، کتێبەکەی “کورد و کوردستان”ی قاسملوو بێ؟ ئەو کتێبەی بوو بە بنەمای فیکریی بۆ حیزبی دیموکراتەکەی کە چینی کرێکار لە کوردستان، بە نەبوو دادەنێ؟؟ ئەی بۆچی خۆی و حیزبەکەی، عەشایەر و بۆرژوازیی سازمان دەدەن لەدژی هەر ئەو چینی کرێکارە، لە شار و لە دێ؟؟ بێگومان “خوێندینی باڵا”ی پێویست نییە کە شێرکۆ بزانێ چلۆن حیزبەکەی قاسملوو، سەرەتای دامەرزانی جمهوری ئیسلامیی لە کوردستان، چلۆن چەکدارانە، دەچووە سەر زەوی و زاری جووتیارانی هەژار و موڵک و ماشی سەرمایەدارانی دێی دەپاراست! چلۆن لە ڕوویان هەڵدێ باسی ئازادییەکەیان بکەن کاتێک عالەم لەبیری ماوە کە چلۆن دەستیان چوو بە خوێنی سولەیمانی موحەمەدیی، کرێکاری هەڵسوڕاوی کوورەی ئاجۆردا و چلۆن چەکدارانی  قاسملووی  “دڵ پەمەیی” چوونەسەر مەقەڕی  سازمانە چەپەکان لە بۆکان و  … و  چلۆن ساڵەهای ساڵ شەڕیان فرۆشت بە کۆمەلە و سەدان کچ و کوڕی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستیان، بێبەزەییانە کوشت! کەچی شێرکۆ دەڵێ:

 

“ئەو عاشقی ئازادیی بوو…

لە ڕۆژهەڵاتی ڕقا

کە هێشتا تیغەکان خوێنیان لێ ئەچۆڕا

ئەو وتی:

ڵێبوردن…”

 

لێبوردن؟؟ لەکێ؟ لە خومەینی کە قاسملوو، پێشتر، “لەببەیک”ی بۆ ناردبوو؟  کەخۆی، لە حەنای ئەوا، هێند بچووک و بێبایەخ کردبوو؟؟ لێبوردنێک کە جوابەکەی لە ئۆتێلەکەی ڤیەن، بە گوللەی گەرم درایەوە؟! یان ڕنگە، مەبەستی کۆمەڵەی ئەوکات بووبێ، کاتێک دەڵێ “تیغەکان خوێنیان لێ ئەچۆڕا”؟ ئەگەر وابێ کەتمانە! کەتمانێکی ئەنقەسد؟؟  ئاخر، ناکرێ شێرکۆ بێخەبەر بووبی لە دەور و دەسەڵاتی قاسملوو، لەو شەڕە پڕغەدرەی حیزبەکەیدا، لە دژی کۆمەڵە و لە دژی سازمانە چەپەکان! ئەمە “خوێندەواریی باڵا”ی ناوێ؛ بەتایبەت کە شێرکۆ ئەو هەمووە بەئاگایە لە کێشەکانی کوردستان و ئەوەی پێی دەڵێ “براکوژیی” هەمیشە دووپات دەکاتەوە و  بێوچان دەڵێ:

 

ئەم دەستم ، ئەو دەستم ئەکوژێ و

ئەو دەستم  سەری خۆم ئەدزێ و

ئەم دەستم  دەمی خۆم ئەدوورێ و

هەمدیسان

هەرمن خۆم چەقۆم و هەر خۆیشم تەرمەکەم

هەمدیسان من هەر خۆم سێدارە و

هەر خۆیشم  لاشەکەم

…. پێکەوە گۆڕم و گۆڕهەڵکەن”

 

شێرکۆ ئەزانێ کە قاسملوو، “لە ڕۆژهەڵاتی ڕقا”، فەرماندەی شەڕێکی پڕتاوان و ڕقاویی و چەنای چەند سالە بووە لە دژی کۆمەڵە و هەتا مەرگیش، نەک هەر نەیگوت “لێبوردن”، تەنانەت جوابێکیشی بە پێشنیاری چەند جارەی ئاگربەسی کۆمەڵە نەدەدایەوە، تاوەکوو، پاش ئەوەی حیزبی دیمۆکرات، هیندە کز ببوو کە نەیدەتوانی شەڕەکە درێژە بدا، ئاخریی، کۆمەڵە، ئاگربەسی یەکلایەنەی ڕاگەیاند و شەڕەکەی تەواو کرد! “خوێندنی باڵا”ی پێویست نییە کە شێرکۆ بزانێ، قاسملوو، هەرلە سەرەتای دەسەڵاتی خومەینیدا. پەیامی “لەببەیک” بۆ “ئیمام خومەینیی”یەکەی دەنێرێ و سەرەنجامیش گیانی دەنێتە پێناوی ئەو خۆشباوەڕییە کە بتوانێ، لەگەل ئەوەی شێرکۆ پێی دەڵێ: “کۆماری سێدارەی ئیسلامیی”، یەک بکەوێ! ئایا شێرکۆ و قاسملوو، بەمە دەڵین ئازادیی و عاشقی ئەمەن؟؟

 

بەڵام شێرکۆ، بە قاسملوویەوە، سەرەڕای هەموو “هەڵکۆڵینی مێژوویەکی ناو بەردەڵان”، سەرلێشێواون بە ناسیونالیسمێکی نەزۆک و بە بەرژەوەندیی سەرمایە! قاسملوو، وا سەری لێشێوا کە کەوتە داوی ئۆتێلەکەی “ڤیەن”. بەڵام شێرکۆ، ئەمە ناڵێ؛ بەڵکوو سەر لە گوێگریش دەشێوینێ و نێوی دەنێ کراوەیی و خەباتی سپی:

 

ئەو، (قاسملوو)

بەرلە هەموان

وتی کرانەوە و هەمەڕەنگیی و ڕێگای گۆڕران

….

قاسملوو؛ هزرێک لە ئاوێنەی بەر هەتاو؛

ئەو ئاوێنەیەش لە خۆشەویستیی خەڵکیی

ئەو خۆشەویستییەش لە پەیکی ئازادیی و

ئازادیش لە جەستەی شەهیدان؛

قاسملوو،

پیاوێک، لە پەنجەرەی گۆڵ هەنار…

ڤیەن

ویستگەیەک بۆ خەباتی سپی،…

هەوڵێک بۆ گرتنەوەی لووزەوی خوێن،…

ڤیەن

لەم بەرەوە گمەگم ولەوبەرەوە چەند چەقۆیەک…

تکایە گوێ لەو شیعرە، یان وەک خۆی دەڵێ ئەو “قیژەدرێژە”ی شێرکۆ بگرن

https://youtu.be/wgiym9a91Ek

چونکا مەجال نییە هەمووی بهێنینە ناو ئەم نووسراوەیە. ئێوە یارمەتییمان بدەن کە چلۆن ئەتوانین ئەم چاوپۆشیییە دەست-قەسدە، بە شێرکۆ ببەخشین!؟

ئەمە، بنێنە پاڵ ئەوهەموو کڕووزانەوانەی شێرکۆ دەیکا بۆ “براکوژیی”! چلۆن ئەتوانێ ئەم کەتمانە بکا و قاسملوو بکا بە ئاوێنە و بیکا بە عاشقی ئازادیی و داوێنی بشواتەوە، لە کوشتنی بێبەزەیانەی ڕۆڵەکانی ئێمە؟؟ لە کوشتنی سولەیمان محمدیی، تەلێ هەورامی، بەیان و سەدان پێشمەرگەی کۆمەڵە کە بێبەزەییانە، کوژران؟!

 

شێرکۆ خۆی، یەکێک لەو پێشمەرگانە، بەیان، ئەلاوێنێتە و لەوێشدا هەر ئەو بالۆرەی “براکوژیی”یە لێدەدا و دەڵێ:

بەیان… بەیان … بەیان…

ئەوتفەنگەی

دەستەکەی تری خۆم کوشتی

ئەو شیعرەی

هەر قەڵەمەکەی خۆم بوو کۆشتی

ئەو شەپۆلەی

ڕووبارەکەی خۆم خنکاندی

ئەو درەختەی

برووسکەی خۆم سەری بڕی

بەیان… بەیان …

 

ئەیەوێ بۆ کوێمان بەرێ، شێرکۆ؟! ئەیەوێ بڵێ بکوژی بەیان و بەیان، دوو بەشی یەک پەیکەرن؟؟ دەڵێ حیزبی ستەم و سەرمایەو ئاواتەکانی بەیان، یەک بەرژەوەندیین؟! بەیان و هاوڕێیانی بەیان، هەر ئەوانەن کە ئەویان کوشت؟! ئەمەیە ئەو ئازادیی یە کە شێرکۆ، بە ڕۆحیانەتی شیعری خۆی دادەنێ؟؟ یان ئەمە سەرلێشێواندنە؟؟ دوژمن بە دوست دانانە؟؟ چەواشەکارییە؟؟ یان هەر حەقیقەتی ئازادیی بۆرژواییە؟؟ ناسیۆنالیسمێکە کە دەڵێ، تۆ، خۆشت بکوژی و ببڕی هەر مارەکراوی “نیشتیمان”ێکی کە ئەگەر بشت کوژێ، هەر تۆ هی ئەوی و چارەت نییە! ئەم ناسیونالیسمە بەڵام، دەمێکە، لە مەرگەساتی خۆیدایە و مردووە و کاریگەریی نەماوە؛! ئەمە حەقیقەتێکە کە شێرکۆش، شاهیدیی لەسەر دەدا! لە یەیکێک لە “قیژە درێژ”ەکانیدا: “ئێستا کچێک نیشتیمانمە”، بەدوور و درێژیی، شاهیدیی دەدا کە پاش ئەوهەموو دزیی و چەتەییە کە بۆرژوازیی کورد کردوویە؛ پاش ئەوەی مەتر و ژمارە بەش ناکا زەوییە دزراوەکانیان مەتر کەن؛ پاش ئەوەی … ئیتر، ئەم “نیشتیمان”ەی چەتەکان، پیر و زورهانەو تەنانەت مردووە! شێرکۆ، بەڵێ، ئەوەندە وشیارە کە هەستی بەم حەقیقەتە کردووە؛ بەڵام وشیارییەکەی هێندە بڕناکا کە لەم خودا مردووە، گەڕێ و ڕووبکاتە ئازادیی مۆدێڕنی ئەمڕۆ؛ ڕوو بکاتە سۆسیالیسم! بۆیە هەر ئەو زەهری  ئاشتی گورگ و مەڕە، لەگەل خۆی هەڵ ئەگرێ و  بەشێوەی خۆی، دەی ئاڵێنێ لە هەندێک خەیاڵی ئاڵۆزەوە و هەندێک گوێی سەرلێشێواو، کە ئەوانیش، لە ناسیونالیسمی مردوو ناهومێدن، لە نێوەڕێی ناوشیاریی و وشیارییدا، دەقۆزێتەوە و دیسانەوە ، هەر بەشێوەی پیاوسالاریی کۆن، نیشتیمان و ژن لێک هەڵدەپێکێ و ئەمجارە، دەیکاتە کچێکی جوان و دەڵێ: مەڕۆن بۆ لای تر! ئەگەر تائێستا نیشتیمان، دایک بووە، ئەو دایکە مردووە! بەڵام، لێرە بەدواوە، نیشتیمان، کچێکە و نێوی “ڕۆزانا”یە بەڵام هەر بەو  پەیامە سەرلێشێوێنەوە کە دز و دزیی لێکراو برادەرن؛ کە سەرمایەداریی دۆستی ستەملێکراوانە، نەک ستەمگەرەکە؛ ئەگەر دەشمان کوژێ:

“هەر من خۆم چەقۆم و  هەر خۆیشم تەرمەکەم”!!

 

تا ئێرە، بەهیوام هێلە سەرەکیییەکانی باسەکەم بەدەستەوە دابێ. بەڵام دەشزانم؛ لە کارەکانی شێرکۆدا، هێشتا گەلێک گیرگە ماون کە دەتوانن مایەی ڕوونکردنەوەی زیاتربن. لە باسی جوانییناسیی و زیندووکردنەوەی جوانییناسیی مۆدێڕنی گۆرانەوە کە پێشێلی دواکەوتوویی ناسیونالیسم بووە، هەتا باسی ئازادیی کە بەستەزمانانە، پێشێلی بانگەوازخوازانی بۆرژوازیی دەبێ! نەک هەر ئەمانە؛ بەرەو پێشتر بردنی پێشڕوەییەکانی گۆران، یان هەر هێنانەدی باسی تازەتر … ئەمانە هەمووی و گەلێک باسی تازەتریش، دەتوانن لە بەرژوەنددا بن؛ بەرژەوەندێک کە خوێنەران دەتوانن بەشدارییەکی باشی تێدا بکەن!

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button