تازەترین بابەتسلیمان قاسمیانیوتار

ئازادی و ئازادی بیروڕا

ئازادی و ئازادی بیروڕا

نووسینی: سلیمان قاسمیانی (کاکە)

 

مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی وشیار، لە هەوڵێکی بەردەوام دایە بۆ فراوانترکردنی مەیدانی ژیانی. ئەم هەوڵە لە زاتی خۆیدا تەنیا دەتوانێ بەرەو پێش بڕوا و هیچ بەربەستێک ناتوانێ پێشی بگرێ مەگەر بۆ ماوەیەکی کورت. ئەم بەروەپێشچوونە ئەوەندەی کە وێدەچێ ئازاد و ئیختیاری نییە بەڵکوو حەتمییە و پێویست. ئەم حەتمی بوونەش پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە  بەرەوپێشچوون و گەشەی هەمیشەیی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی.

مرۆڤ وەکوو بوونەوەرێکی وشیار، لە هەوڵێکی بەردەوام دایە بۆ فراوانترکردنی مەیدانی ژیانی. ئەم هەوڵە لە زاتی خۆیدا تەنیا دەتوانێ بەرەو پێش بڕوا و هیچ بەربەستێک ناتوانێ پێشی بگرێ مەگەر بۆ ماوەیەکی کورت. ئەم بەروەپێشچوونە ئەوەندەی کە وێدەچێ ئازاد و ئیختیاری نییە بەڵکوو حەتمییە و پێویست. ئەم حەتمی بوونەش پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە  بەرەوپێشچوون و گەشەی هەمیشەیی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی. بەرگرتن لە گەشە و پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی، ئەگەربکرێ، یان وەکوو ئاوێکی وەستاو دەگەنێ و دەبێتە هۆی تیداچوونی یەکجاری کۆمەلگایەکە یان ئەوەندە پڕدەبێ کە سەرڕێژ دەکا و لە ئاکامدا گشت بەربەست و هۆگرەکانی وەکوو پووش ڕادەماڵێ.

گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بە مانای گەشەسەندنی ئازادی مرۆڤ لە مەیدانەکانی دیکەی ژیاندا نییە. لە دونیای ئەمرۆدا لە لایەک گەشەی سەرسوڕ‌هێنەری بەرهەمهینانی ئابووری و تەکنیکی دەبین و لە لایەکیش فەقیری و هەژاری بێ سنوور. لە لایەک مرۆڤ بە ئەستێڕەی دەستکرد توانیویەتی بە میلیارد کیلومتر دوور لە کورەی زەوی بکاتە مەیدانی لێکۆڵینەوەی خۆی و لە لایەکی دیکە هەر سال بە ملیۆن منال بە هۆی نەخۆشی زۆر سادە گیانیان لە دەست دەدەن. ئەم نەبوونی هاوسەنگییە لە نێوان پێشکەوتوویی شێوەی بەرهەمهێنان و گەشەی تەکنیک لە گەل ژیانێکی شایانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە سەر زاتی نیزامی چینایەتی کە داهاتی بەرهەمهێنانی کۆمەلایەتی نەک لە خزمەت هەموان بەڵکوو بۆ خاوەنانی دەسەلات و خاوەنی سەروەت و داراییە. لە نیزامی چینایەتیدا چینی دارا لە خێر و خۆشی دایە و چینی بندەستیش، نەداری و هەژاری بەشیەتی.

 

لە خۆ بێگانەبوون

ئازادیش هەر بەو هۆیەوە چینایەتییە. کەسی دارا بە هۆی دارابوونییەوە، ئیمکانی هەڵبژاردنی جۆراوجۆری هەیە لە ژیاندا. وەکوو دارا دەتوانی نەک تەنیا رۆژێک بەڵکوو بە مانگ و سالیش کار نەکەی. دەتوانی ئەگەر گەرما تەنگانەت پێ هەڵچنێ فێنکترین خانوو دروست بکەی و بە دڵی خۆشەوە بەرەوپیلی چلەی زستان بچی بۆ خلیسکە و گەمەی بەفر لە کوێستانە سەمەرگەکان. بەلام ئەگەر هەژار بی دەبێ شوکرانەبژێر بیت ئەگەر کارت دەستبەکەوێت و بتوانی هیزی کارت بفرۆشی، چبگا بەوەی بیر لە پشوو و ئیسراحەت بکەی. هەژار ماوە و مەیدانی هەڵبژاردنی نییە و زستان بۆ ئەو وەیشوومەی سڕ و هاوین کوورەی ئاگری تاقەتپڕووکێنە. ئازادی لە کۆمەڵگەی چینایەتیدا پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە قەبارەی کۆنتۆی بانکیی مرۆڤەکانەوە. پارەت هەبێ بە متر و کیلۆ ئازادی پێ دەکرێ و ئاسوودەیی بۆ خۆت دابین دەکەی، لانیکەم ئەو ئاسوودەییەی کە بە پارە لە کڕێن دێ. پارەت نەبێ ئاسوودەیی و خیر و خۆشی بەرامبەرت دادەنیشن و ئەگەر گاڵتەت پێنەکەن بەزییان پێتدا دێتەوە. لەم کۆمەڵگایەدا مرۆڤ لە خۆی بێگانەیە. ئەوەی کرێکار بە هیزی کاری خۆی بەرهەمی دێنێ، هی خۆی نییە. وەکوو ئەوەیە کە هەموو رۆژێک مناڵیکت ببێت و هەر لە گەڵ هاتنە دونیای، مناڵەکە لە خۆت بستێنن، لە خۆت بێگانەی بکەن و ئیتر هەرگیز نەیبینییەوە و ئەگەریش بیبینییەوە نەیناسییەوە. بەرهەمی کاری مرۆڤ بەشێک لە وجوودی مرۆڤە چون لە ژیانی بەرهەمهێنەرەکەی پێک دێت. هەر چرکەیەک لەو ساتانەی کە کرێکار و خولقێنەری بەرهەم دەیکاتە گیانی بەرهەمەوە، چرکە و ساتی ژیانن کە لە لەش و رۆحیەوە گیراون و ئیتر ناگەڕێنەوە. کاتێک دەڵێن ئەم شتە بە ئارە‌ق وخوێن و رەنج بەرهەم هاتووە، دەڕبڕینێکی ئەدەبی نییە بەلکوو راستییەکی حاشاهەڵنەگری ژیانە لە کۆمەڵگای چینایەتی کاپیتالیستی ئەمرۆدا.

کرێکار لە بەرهەمەکەی نامۆ و بێگانە دەکرێ و دەسەڵاتی بە سەر بەرهەمەکەی خۆیدا لێدەستێندرێتەوە بە نێوی فرۆشتنی هێزی کارەکەی. بەلام هەروەک وترا ئەوەی کرێکار دەیفرۆشێ، نەک هێزی کارەکەی، بەڵکوو ژیانی خۆیەتی لەو ساتانەی کە بڕیارە لە سەر کاربێت. لەو ساتانەدا ئەو لە ژێر ئیختیاری سەرمایەدار دایە، کە بە “خاوەنکار” ناو دەبرێ. “کار”ەکە لە کرێکار جیا دەکرێتەوە و لە ژێر ناوی پەیوەندییەکی هاوتا و بەرابەر بەینی کرێکار و سەرمایەدار، سەرمایەدارەکە دەبیتە “خاوەن”کار. ئەم درۆ چینایەتییە دوو ڕووی خەوشی هەیە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەم رابیتەیە هەرگیز رابیتەیەکی بەرابەر و هاوتا نییە.  كرێکار مەجبوورە ژیانی ئەمرۆی بفرۆشێ بۆ نانی سبەی. سەرمایەدار نانی سبەی کرێکارەکەی بە دەستەوەیە. ئەم وەزعە بۆ کرێکارەکە نە مەودایەک لە هەڵبژاردن دەدا و نە تۆسقاڵێک لە ئیختیار و ئازادی، مەگەر ئەوەی مردن لە برسییەتی بە “ئازادی هەلبژاردن” ناو ببردرێ. درۆیەکەی تر، مامەڵەی بەرابەرە لە نێوان کرێکار و سەرمایەدار. سەرمایەدار “هێزی کار”ی کرێکار بە نرخی تەواوی خۆی ناکڕێ بەڵکوو هەمیشە هەرزانکڕی دەکا، یان بە واتای دروستتر لێی دەدزێ.

 

تاک و ئازادی

ئازادی فرۆشتنی “هێزی کار” لە لایەن تاکەوە یەکێک لە شاڕەگەکانی سیستەمی سەرمایەدارییە. یەکێک لە جیاوازییە سەرەکییەکانی سەرمایەداری لە گەل سیستەمە چینایەتییەکانی پێش خۆی، پێویستی سیستەمەکەیە بە تاک. ئەم سیستەمە لە بناوانەکەیدا ناتوانێ لە سەر تایەفە و عێڵ و بنەماڵەی گەورەدا هەڵسوورێ. بەڵکوو تاکی دەوێ. ئەگەر سەرلەبەری ئەندامانی خێزانێکیش بگرێ، وەکوو تاک مامەڵەیان لە گەلدا دەکات و خۆی ناکاتە بەرپرسی بەخێوکردنی خێزانەکە بە گشتی، وەکوو سیستەمی فیۆدالی کە ئاغا بەرپرسی هەموو خێزانی سەپان و رەعیەتەکانی بوو. سەرمایەداری، کرێکاری تاکی دەوێ تا بتوانێ هەروەخت پێویستی پێی هەیێ کاری پێشکەش بکات و هەر وەخت پێویستی نەبوو بە خوایان بسپێرێ.

کۆمەلگای چینایەتی بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە زۆرەملێی سیاسی و چەکداری هەیە. دەولەت و دەمودەزگای چەکداریی ئامرازن بۆ پارێزگاری لەم سیستەمە نابەرابەرە چینایەتییە و دەسەڵاتی چینی دارا. سیستەمی سەرمایەداری هەروەک وترا، مرۆڤی “تاک” بەرهەمدێنێ.  جیاوازی چینایەتی و خەباتی چینایەتیش بۆ پاراستنی مافەکانی ئەم مرۆڤانە هەم وەکوو تاک و هەم وەکوو چینێکی هاوبەش لە بێبەشی و چەوسانەدا بەشێکی چەسپاو بەم نیزامەن. گەشەسەندنی بورژاوزی لە نێو جەرگی فیودالیسمدا، لە سەرەتای خۆیدا سەرهەڵدانی بازرگان و تاکە بورژواکان بوو لە ژێر زەبری یاسا و رێوڕەسمی بەرتەسک و تەنگ پێهەڵچنی ناوچەگەرایانە و دەسەلاتی عەشیرەیی لە مەیدانەکانی ئابووری، سیاسی، ئایینی و کولتووریدا. تاکی بورژوا مەجبوور بوو بۆ بەقای خۆی دژ بەو تەنگەبەر و بەربەستانە بوەستێتەوە و بانگەشەی “ئازادی” دژ بە “کۆنەپەرستی” سەردەم بدات. ئازادی بیروڕا، ئازادی دەربڕین، ئازادی ئایین (واتە بێ ئایینی لەو سەردەمەدا) داواکاری دەسەلاتی دادپەروەرانەی یەکسان و یەکپارچەیی یاسا بە سەرهەموو شاروەندان لە هەموو پارچەکەکانی ولاتدا، داخوازی پێویستی بورواژی تازە سەرهەڵداو بوون بۆ سەقامگیرکردنی خۆی و بۆ رامالێنی ئەو بەربەستە عەشیرەیی و فیودالیانەی کە لە بەر دەم ژیانی بازرگانی و بەرهەمهێنانی بورژواکان لەو کاتەدا بوو.

دوای سەرکەوتنی بورژوازی لە باری ئابووری و سیاسی و فەرهەنگییەوە بە سەر فیودالیسمدا، ئەمجار چینی بندەست و بەش لێڕفاوی کرێکارە کە بەرامبەر زولم و زۆری  بورژوازی دەوەستێتەوە و لە داخوازییەکانی بورژوازی سەردەمی رادیکال تێدەپەرێ و لە جیاتی شیعاری “ئازادی، بەرابەری و برایەتی” داخوازی “ئازادی و بەرابەری ” لە هەموو مەیدانەکانی ژیان و بەر لە هەموویان، مەیدانی ئابووری وەکوو پێششەرتی ئازادی و بەرابەری راستەقینە، دەخاتە بەر دەم کۆمەلگا.

 

جیاوازی مرۆڤ لە گەل حەیوان

مرۆڤ بە بێ ئازادی، جیاوازییەکی لە گەل حەیوان نییە. ژیانی حەیوان بە گشتی ژیان بۆ ژیانە واتە زیندوومانەوە بە پێی ئەو پرۆگرامەی کە جینەکان لە یەک بە یەکی خانەکانی لەشی زیندەوەردا دایناوە. حەیوان توانایی ئەوەی نییە کە لەو پرۆگرامە دەرچێت. مرۆڤ بەلام وەکوو باقی حەیوانەکان یەخسیری تەواوی جینەکانی خۆی نییە و دەتوانێ ژیانی خۆی تا رادەیەکی زۆر بە شێوازێک کە خۆی دەیەوێ بنە‌قشێنێ. مرۆڤ دیلی جینەکانی نییە بەڵکوو لە سەر بناغەی جینەکانی ژیانی دەڕازێنێەوە. سەندنەوەی ئازادی لە مرۆڤ دەبێتە هۆی دابەزاندنی بۆ پڵەی حەیوان.

ئازادی بێ قەید و شەرتی بیروڕا و دەربڕین، شەرتێکی سەرەکی  مرۆڤ بوون و بە مرۆڤ مانەوەیە. دابڕانی ڕێگای مرۆڤ لە ژیانی حەیوانیی دەگەڕێتەوە بۆ کار و بیرکردنەوە، بۆ پرسیاری هەمیشەیی و بێ پسانەوە، بۆ کونجکاوی و لێکۆڵینەوە. مرۆڤ هەروەک مناڵێک کە حەز بە زانین دەکا، دایم چاودەبڕێتە دەوروبەری  خۆی و بە هەموو هەستەکانی دونیا لە خۆیەوە دەگرێ، تێدەگا، فێر دەبێ، گەشەدەکا و پرسیاری تر دەخوڵقێنێ و خۆی و دونیایەکەی چەند هەنگاو دەباتە پێش.

 

ئایین و ئازادی

ئایین و دەسەڵات هەمیشە لە کێشە دابوون لە گەل ئازادی بێ قەید و شەرتی دەربڕینی مرۆڤ. یەکەم قوربانی ئایین “پرسیار” و سەربزێوی مرۆڤە. ئیمانداریی یەکەم شەرتی سەردانەواندن و بەندەیی کردنی مرۆڤە بۆ دەسەڵاتی موتڵەق. ئیماندار بۆی نییە پرسیار بکا لە چۆنیەتی خوا و بوونی خوا. ئیمانداریی لە سەر باوەری بی قەید و شەرت ساغ بۆتەوە. زانست تا ئەو جێگایە رێگەی هەیە لە ئاییندا کە دژ بە ئایین و دەق و بڕیارەکانی نەوەستێ. ئەو زمانەی کە لە ڕووی ئاییندا بوەستێتەوە فەرمانی بڕینی دراوە، ئەو سەرەی بۆ ئایین دانەنەوێ بڕیاری هەڵکەندنی هەر زوو دراوە. ئایین دژی ئازادی مرۆڤ، دژی  دەربڕینی هەست و بیروڕای مرۆڤ، دژی کونجکاوی مرۆڤ و پرسیارەکانییەتی.

دژ بە ئازادی بوونی ئایین هەمیشە ئامرازێکی خۆشەویست و بەڕێز بۆ دەسەلاتی سیاسی سەرکوتگەر و زالم و دژی ئینسانی لە سەتاسەری میژوودا  بوون. “نە”یەکانی ئایین، تابۆکانی، رێورەسمە نەگۆڕەکانی، دۆگماکانی ئایین، مرۆڤی ترسەنۆک، قانع، رازی بە قەزا و قەدەر و دەسەڵاتپەرست پەروەردە دەکا. ئایین بەمجۆرە ئامرازیکی بە کەڵک و هەرزان بووە لە دەستی دەسەلاتداراندا بۆ پاراستنی بەرژەوندییە سیاسی و ئابووریەکانیان. لەخۆڕا نییە کە دەسەلاتداران دەستی دەزگای ئایین و بەڕێوەبەرانی ماچ دەکەن. پەیوەندی دەسەڵات و ئایین هەمیشە پتەو و دوو لایەنە بووە. ئایین دەسەلاتی پاراستووە و بۆ شا و ئەمیرەکان پاڕاوەتەوە و دەسەڵاتیش دەزگای ئایینی لە باوەش گرتووە، ڕێزی لێگرتووە و سەری کافر و نەیارەکانی بۆ پەڕاندووە.

 

هەڵچوون و برینداربوونی هەست

بیانوویەکی ئایینباوەڕان و دەسەلاتی ئایینپارێز بۆ رێگری کردن لە ئازادی بێ قەید و شەرت، هەڵچوونی هەستی خەڵکی دیندارە. ئەگەر بێت و کەسێک قسەی ناشیرین بە تابۆ ئایینییەکان بڵێت ئەوا خەڵک خۆی بۆی ڕاناگیرێ و دەقەومێ. زۆرجار دەسەڵات و رابەڕانی ئایینی وای پیشان دەدەن کە گوایە ئەوان بە خاتری گیانی “قسە ناشیرینکەرەکان” دژی ئازادی بێ قەید و شەرتی بیروڕان، چون خەلکی ئیماندار ‌بە بیستنی شکانی تابۆکانیان و بێحورمەتی کران بە دوگما پیرۆزەکانیان، هەڵدەچن و خۆیان پێ کۆنترۆڵ ناکرێ. چ کەردەن؟ خەتای خەڵکە یان دەسەڵات؟ چۆن بەربە  هەڵچوونی  هەستی خەلکی ئیماندار دەگیرێ کە هێرش نەکەنە سەر هەر کەسێک کە وەک ئەوان بیر ناکاتەوە، و باوەرەکان و دۆگماکانی ئەوانی پێ منداڵانە و دواکەوتووانە بێ؟

دەسەلاتی سیاسی هەمیشە بەرپرسی سەرەکییە لە مەر ژیان و یاسا کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگا. ئەوە دەسەڵاتە کە دەبێ پارێزەری مافە سەرکییەکانی مرۆڤەکان بێت. کاتێک دەسەڵاتی سیاسی پاکانە دەکا بۆ نەبوونی ئازادی بێ قەید و شەرتی دەربڕین و بیروڕا بە نێوی ئەوەی کە خەڵک دواکەتوون و ناتوانن بەر بە هەستی خۆیان بگرن، لە راستیدا ئەوە دەسەڵات خۆیەتی کە دواکەوتووە و نایەوێ و ناتوانێ بەر بەو دواکەوتوویی و سەرکوتگەرییە بگرێ. ئەوە دەسەڵاتە کە دەبێ پرۆگرام و پلانی بێت بۆ بردنە سەری ئاستی وشیاری لەناو کۆمەلگادا. پرسیارەکە  ئەوەیە کە دەسەلاتی سیاسی چ دەکا و چۆن هەنگاو دەنێتەوە بۆ سڕێنەوەی ئاسەواری کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی و بەرزکردنی رۆحی لەسەرخۆیی و هەڵکردن لە گەڵ بیروباوەری جیاواز حەتتا ئەگەر بە تەواوەتی دژی باوەڕەکانت بێ. بەلام دەسەڵاتی سیاسی سەرکوتگەر خۆی لە سنووردارکردنی ئازادیدا خێری هەیە. دەسەلاتی چینایەتی سەرکوتگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بە هەزار شێوە بەربەست لە بەر ئازادی دادەنێ تا چەوساوەکان نەتوانن مەیدانی پێ تەنگ بکەن و لە تەختی دەسەلات بیهێننە خوارێ و دیوەخانی تاڵانکارییەکانیان لێ بشێوێنن.

لەو  ولاتانەی ئیسلامی سیاسی لە سەر تەختی سیاسەتە، یان سێبەری ئیسلام خراوەتە سەر یاساکانی گشتیدا، ئازادی بە مانای ئازادی بوونی نییە چون هەرچییەک مرۆڤ بیڵێ دەکەوێتە خانەی سازگار بوون یان ناسازگاربوون لە گەل دەقەکانی ئایینی و ڕێوڕەسمە ئایینییەکان. ڕێزگرتن لە ئایین لەم وڵاتانە شەرتی نەگۆڕە  و لە هەمان کاتدا بێحورمەتی بە کەرامەت و زاتی مرۆڤ کە ئازادی و مافی خستنە ژێرپرسیاری هەموو شتێکە، ئاساییە! یاسا دینییەکان بۆیان هەیە ژن بە نیوەی پیاو بکەن، پیاو بکەن بە سەرداری ماڵ و کۆمەڵ، منال بکەن بە مڵکی باوک، کچان لە دەریای خوێنی کولتووری نامووسیدا بخنکێنن، خەلكی غەیرە دین بە پیس بچوێنن، بێ دینەکان بکەنە نێچیری بێپەنا و خوێنیان حەلال بکەن. ئەگەر کەسێکیش هات و ویستی بڵی ئەمانە نامرۆڤانەن و دەبێ بگۆردرێن… دەسەلاتی سیاسی دەڵێ دەبێ ببووری، ئەم قسانە بۆ کردن نابن چون خەلکی دیندارناتوانن لە گەڵ ئەو کەسانەی لە گەڵ دینەکەیان ڕووبەڕوودەبنەوە، ‌هەڵکەن.

تا ئیستا لە کوردەواریدا بە دەیان کەس گیانیان لە سەر دەربڕینی بیروڕایان لەدست داوە. عەبدولخالق مەعروف یەکێک لەو دەنگانەیە کە ئیسلامی سیاسی گیانی سەند چونکە لە سەر مافی بەرابەری ژن و پیاو قسەی کرد و بنەماکانی ئایینی لەو بارەوە خستە ژێرتێشکی پرسیار. ئیسلامی سیاسی ئەمرۆش لە سەر ساحەی سیاسی هەرێمی کوردستان بە یارمەتی دەسەلاتی سیاسی کورد، بە دەیان رۆژنامە و کەنالی راگەیاندنی داخستووە تەنیا بە هۆی ئەوەی کە شتێکیان وتبێ یان نووسیبێ کە لە گەل دوگماکانی ئیسلامدا نەهاتۆتەوە. ‌هەروەک پێشتر وتم لە بەهەشتی ئایین و دەسەلاتی سەرکوتگەردا ، ئایین بەڕێزە و پیرۆز بەڵام مرۆڤ هیچ ڕێزێکی نییە و زۆریش ناپیرۆزە. ‌هەربۆیەش زیاترین بێدەسەلاتی، بێبەشی، هەژاری، مەرگومیر و فەلاکەت و ماڵوێرانی لەو وڵاتانەدا هەیە کە ئایین و دەسەڵات دەستلەملانی یەکترن.

 

ئایا هەموو شتێک بۆ وتن دەبێ؟

ئایا نابێ سنوورێک هەبێ بۆ نووسین و وتار؟ ئایا هیچ شتێک پیرۆز نییە؟ ئایا هەموو شتێک بۆ دەربڕین دەبێ؟ لە دونیایەکی مرۆڤخوازدا تەنیا شتێک کە پیرۆز بێت، حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ خۆیەتی. ‌هیچ کەس و هیچ دەسەڵاتێک نابێ بۆی هەبێ حورمەت و کەرامەتی مرۆڤێک، جا هەر کەسێک بێ، بشکێنێ. مەبەست لەم حورمەتە مافی ژیان بەر لە هەموویانە. هیچ کەس بۆی نییە بە هیچ بیانوویەک ژیان لە مرۆڤێک بستێنێ چ یار و چ نەیار. هیچ کەس بۆی نییە ئازار بگەیێنی بە مرۆڤێکی دیکە و بوختانی پێبکا. ئەمە پیرۆزترین شتە لە کۆمەلگای مرۆڤ دۆستدا. پاراستنی حورمەتی مرۆڤ بە مانای  نەپەڕاندنی سنووری فیزیکی و رۆحانییەتیەتی. واتە هیچ کەس بۆی نییە دەستدریژی بکاتە سەر لەش و گیانی یان لەباری رۆحییەوە ئازاری پێ بگەیێنێ و مەجبووری بکا بە شتێک کە خۆی نایەوێ . ئازادی دەربڕینی هەست و بیر و ڕاش هەر بەشێکی لێکنەپساوەیە  لە حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ. ئەوەی کە شایانی ڕێزلێگرتن و پاراستنە ، مرۆڤەکە خۆیەتی نەک بیرو باوەرەکەی. هیچ بیروباوەڕێک پیرۆز نییە. مرۆڤ دەبێ بتوانێ رەخنە لە هەموو بیروباوەرێک  بگرێ، دەبێ بۆمان هەبێ رەخنە بگرین، گالتە و شۆخی بکەین بە هەر بۆچوونێک و باوەرێک. بیروباوەری من لەوانەیە بۆ خۆم زۆر جێگەی ڕێز و پێروز بێت بەلام قەرار نییە چاوەڕوانی ئەوە بکەم کە نەیارەکەشم یان تەنانەت دۆستەکانیشم هەر بەو شێوەیە بیروباوەری منیان لا پیرۆز بێت.  دیارە کە ئازادی بیروڕا بە مانای ئازادی وتنی هەموو شتێکە؟ دیارە کە هەڕەشە کردن، بوختان و بەدناوکردنی کەسێک یا تاقمێک بە درٶ و بێ بەلگە هیچ پەیوەندییەکی بە ئازادی بیروڕاوە نییە و دەکەوێتە خانەی دادگا و دادپەروەی بۆ تەمبێ کردنی تۆمەتکارەکان. ئیهانەتکردن بە خەڵک بە هۆی ئایین، نەتەوە، ناوچە، رەگەز، نەژاد یا مەیلی جنسی،  دژ بە حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ بە گشتییە و هەرگیز ناتوانێ بێتە ژیر ئالای ئازادی بیروڕا و دەربڕین. رەخنە لە ئایین یان لە نەتەوە بەشێکە لە ئازادی بیروڕا بەلام ئیهانەت بە خەلک یان تاکێک بە هۆی پەیوەست بوونی بە ئایینێکەوە، یان بە نەژاد و رەگەزێکەوە نامرۆڤانە و ناشیرینە و کۆمەلگای مودێرن دەبێ پێشی پێ بگرێ.

 

مافی کێ لەسەرترە؟

هەروەک پێشتریش وترا “برینداربوونی هەستی خەلک، نەتەوە، گەل” بە گشتی یان “دیندارەکان” بە تایبەتی بیانوویەکە کە دەسەڵاتداران زۆر بە ئاسانی کەڵکی لێ وەردەگرن و دەمی خەلکی پێ دەبەستن. ئەمە بەداخەوە تەنیا تایبەتمەندی وڵاتە بە ئاشکرا دیکتاتۆرییەکان نییە بەلكوو تەنانەت لە وڵاتێکی وەکوو سویدیش خۆی دەنوێنێ. ساڵی ٢٠٠٥ “مووزەی کولتووری جیهانیی” لە شاری یۆتێبۆری  رێگای گرت لە پیشاندانی چەند تابلۆی نەققاشی “لوزلا دارابی”، نەققاشی فەرانسەیی، لە ترسی ئەوەی کە موسولمانان “هەستیان بریندار” بێت و دژ بەو کارە هەڵخرۆشن.  سالی ٢٠١٠ هەمان سێناریۆ دووپات بۆوە. ئەمجارە یان “مووزەی کولتووری جیهانیی” ئامادە نەبوو وێنەکانی خانمی وێنەگر “ئێلیزابێت ئولسوون” لە سەر مەسەلەی هۆمۆسێکسۆوالیتی پێشان بدات لە ترسی ئەوەی کە “دیندارەکان” بەو وێنانە ناراحەت بن. سەلمان روشدی لە سەر رۆمانەکەی “ئایەتە شەیتانییەکان” لە لایەن خومەینیەوە فەتوای کوژرانی بۆ دەرچوو.  ئەوەی کە خومەینی فەتوایەکەی وا دەربکا، هیچ شتێکی سەیر نەبوو، ئەوەی کە جێی سەرسوڕمان بوو ئەوە بوو کە کەم نەبوون ئەو دەنگانەی کە لە ناو “جەرگی دیمۆکراسی  رۆژئاوا” دا دەیانگوت کە هەموو شتێک بۆ گوتن نابێ و مرۆڤ دەبێ “هەستی خەڵک” لە بەرچاو بگرێ و خۆی سانسۆر بکات تا “هەستی ئایینی خەڵک” بریندار نەبێ. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا قەرارە تاقمـێک لە مرۆڤەکان مافی زیاتریان هەبێت لەوانی تر؟ ئایا مافی تاقـمێک لە مافی تاقمێکی تر لە سەرترە؟ کام مافە سەرەکی ترە، مافی دیندارەکان بۆ ئەوەی کە سنوورە ئایینییەکانیان پێشێل نەکرێن یان مافی بێ دینەکان، مافی ئازادی دەربڕینی ئەو مرۆڤانەی کە پەیوەندییان بەو ئایینە و سنوورەکانییەوە نییە؟ کاتێک کە رێگە دەگرن لە ئازادی دەربڕێن بە بیانووی “بریندار بوونی هەست”ی دیندارەکان، لە راستیدا مرۆڤەکان مەجبوور دەکەن ببن بە “ئایینی” بە خاتری بەرچاوتەنگی ئایینییەکان.

ئەمە چ لۆژیکێکە کە داوا لە هەندێک مرۆڤ دەکا دەمی خۆیان ببەستن، سەری پێنووسەکانیان ببڕن، قەلەمی تابلۆکێشانیان بشکێنن، چاوی کامێراکانیان دەربێنن بۆ ئەوەی دیندارەکان هەستی ئایینییان بریندار نەبێ؟ بۆچی شتەکە نابێ بەپێچەوانە بێ؟ بۆ دیندارەکان نابێ فێری ئەوە بکرێن کە ئازادی بێروڕا ئەوەندە بە پێرۆز بگرن کە بە خۆیان رێگەنەدەن سنوورری بۆ دابنێن؟ بۆ دیندارەکان فێری ئەوە ناکرێن کە دلی خۆیان فراوان بکەن، تەعامول لە گەل بیروباوەری جیاواز بکەن، فیری ئەوە بکرێن کە چەندە ئەوان مافی خۆیانە باوەریان بە ئایینەکەیان بێت دەبێ ئەوەندەش ئەوە بە مافی خەلکی تر بزانن کە باوەریان بە ئایینی ئەوان و دونیا و ئاخیرەتی ئەوان نەبێ؟

هەروەک پیشتر وترا، دەسەڵاتی چەوسێنەر مەجبوورە ئازادی بیرو ڕا سنوورداربکا چون ئازادی بێ قەید و شەرت دەبێتە هۆی وریابوونەوەی خەلک لەو نابەرابەری و زولم و بێدادەی کە لە کۆمەڵگادا حاکمە و لە زاتی خۆیدا دەبێتە پارێزەری سوودی داراکانی دەسەلات و سەروەت.

 

خەلک و نەزانینی دیموکراتی

یەکیکی تر لەو بیانووانەی کە هەم رووناکبیرانی بورژوازی و هەم دەسەلاتدارانی بە ناو دیموکرات بۆ سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا و دەربڕین دەیڵێنەوە، ئەوەیە کە هەتا دیموکراسی لە ولاتێکدا سەقامگیر نەبووبێ و نەبووبێتە ئەنستیتۆیەکی جێگیر، ئەم جۆرە لە ئازادییە سەرەتاییانەی مرۆڤ بۆ قسە لێکردن نابن. بە لای ئەمانەوە دەبێ خەڵک وشیار بکرێتەوە، خویندەوار بکرێن و وردە وردە لە گەل ئازادی تاک ڕابهێندرێن و فێری دڵئاواڵەیی و ڕێزدانان بۆ یەکتر بکرێن. موشکیلەکە ئەوەیە کە کەس نازانێ ئەم پرۆسەی “فیرکردن” و “خوێندەواری” و “دڵئاواڵە کردن”ە لە کەی ڕا دەست پێدەکا و کەی قەرارە “خەلك” دیپلۆمی تێگەیشتوویی و دیموکراسییان پێ بدرێ! بە دڕێژایی مێژوو دەبینین کە ئەگەر ئایین و دەسەلات و سیاسەتی باڵادەستەکان لێگەرێن، خەڵک بە ئاسایی و ئاسایش لە گەل یەک دەژین، ڕێزی یەکتر دەگرن، یارمەتی یەکتر دەدەن و لە دین و ئایین و نەتەوە و رەنگ و رەگەز ناپرسن. ئەوە دەسەڵاتە کە بەرپرسی سەرەکییە لەم کێشە کۆمەڵایەتییە نێونەتەوەییەدا. مەسەلەی ڕێزگرتن لە حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ، لە ئازادی بێ قەید و شەرتی  بیروڕاو دەربڕین، پەیوەندی بە خویندەواری و نەخوێندەواری نییە. زۆربەی هەرە زۆری چینی باڵادەست و دەسەلاتدارانی سیاسی لە دونیای چینایەتیدا پلەی خویندەوارییان زۆر لە سەرە بەڵام بێدادگەر و چەوسێنەر و سەرکوتگەر و هەڵگری بیروباوەڕی  نامرۆڤانەن. ئەوەی کە هیتلەری گەیاندە سەر تەختی دەسەلات لە ئالمانی نازی یان دۆنالد ترامپی خزاندە کۆشکی سپییەوە لە ئامرێکا، نەخوێندەواری خەلکان لەو ولاتانەدا نەبوو. کاتێک کە حزبە رەگەزپەرستەکان لە سوید و نوروێژ و ئوتریش و فرانسە زیاتر لە ٢٠ لە سەدی دەنگەکان لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە، بە هۆی نەخویندەواری خەلک نییە چون پلەی  خوێندەواری لە دونیای کاپیتالیستی ئەمرۆدا ناتوانێ لەوە لەسەرتر بێ کە ئەمرۆ لە سوید هەیە. مەسەلەکە دەگەڕێتەوە سەر ئاسۆی چینایەتی و چۆنیەتی ڕوانین لە مرۆڤ و ژیانی کۆمەلایەتی. دەسەڵاتێک کە دڵی بۆ ئازادی راستەقینەی مرۆڤ لێبدا، هەر لە رۆژی یەکەمی ڕا، ئالای ئەو ئازادییە لە ولاتدا هەڵدەکا و بە هەموو هێزی خۆیەوە دەیپارێزێ. دیارە کە هەولیش دەدا ئەو خەلکانەی کە بە جۆرێکی دیکە هەلسوکەوت دەکەن هەم وشیار بکاتەوە و هەم بەریان بگرێ کە ئەو ئازادییە پێشێل بکەن. دەسەلاتێک کە باوەری بە پاراستنی مافی منالان لە هەرجۆرە ئەزیەت و ئازارێک بێ، ناچی ٣٠-٢٠ سال راوەستێ و لە پێشدا خەریکی ئەوە بێ کە بە خەلک بڵێ نابێ لە منالەکانیان بدەن و دوایی بێت و یاسا دابنێ بۆ پاراستنی منالان. ئەم جورە دەسەلاتە لە گاڵتەجاری واتر هیچی تر نییە. ئەو دەسەلاتەی کە گۆڤارەکان دەپێچێتەوە و تەلەفیزیۆن و رادیۆکان دادەخا بە بیانووی ئەوەی کە جارێ خەلک بەو پلە لە خوێندەواری و زانست و دڵئاوالەییە نەگەیشتوون کە تەحەممولی رەخنە لە ئایین، سەرۆکی بەرێز، ئالای پیرۆزی نەتەوەیی و هتد… بگرن، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و داگیرکەرە. ئەوە لە ڕاستیدا نەک خەڵک بەلکوو دەسەڵات و لایەنگرانی نابەڕێزی دەسەلاتن کە دواکەوتوون، ئەوە ئەوان خۆیانن کە “نەزانن”، خۆیانن کە بەرچاوتەنگن، خۆیانن کە دڵیان ئاواڵە نییە و ناتوانن دەنگی نارازی و جیاواز ببیستن چون ئەو دەنگە جیاوازانە لەوانەیە هەڕەشەیەک بن بۆ پلەوپایەی  ناحەق و نابەرابەری کۆمەلایەتییان، چون دەنگی ئازاد و رەها دەتوانێ خەوش بخاتە سەر ئەو دونیا ناعادلانەی ئەوان لە سەر گومبەزەکەی دانیشتوون و بە شتێکی ئاسایی و رەوا بە خەلکیان قەبلاندووە.  دەنا، ئازادی و ئازادیخوازی خۆی لە خۆیدا ئازادی پەرەپێدەدا. لە ولاتێکدا کە ئازادی راستەقینە بوونی هەبێ و دەسەلات پارێزەری ئازادی بێ، بەرچاوتەنگی و پەڕاندنی سنووری حورمەت و کەرامەتی مرۆڤ زۆر بە ئاسانی ڕادەماڵرێتە زبڵدانی مێژوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button