تازەترین بابەترەخنە و ئەدەبعەبدولا سلیمان مەشخەل

بینینی بەختیار عەلی وەک خۆی

بینینی بەختیار عە وەک خۆی لی

قسەیەک بەبۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نیلی زاکس

 

نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

بەختیار عەلی نووسەری کورد خاوەن چەندین ڕۆمان و کتێبی شیعر و لێکۆڵینەوە و فیکرییە. لە ماوانەدا لەوڵاتی ئەڵمانیا خەڵاتی نیلی زاکسی پێدەردرێت. ( خەڵاتی نیلی زاکس دوو ساڵ جارێک بە باشترین نووسەری دوو ساڵ دەبەخشرێت، کە لەلایەن چەندین ڕەخنەگری ئەڵمانییەوە هەڵدەبژێردرێت). بەمجۆرە بەختیار عەلی دەبێتە یەکەمین ڕۆماننووسی کورد ک ئەو خەڵاتەی پێبەخشڕابێت. هەرچەندە خەڵات هەواڵی خەڵات بەخشینەکە زۆر بە هێمنی بەنێوەندی ئاژانسە هەواڵییەکان گوزەری کرد و میدیای کوردیی نەیتوانی یان نەیویست وەک پیشەی جارانی، ئەم نووسەرە بەرێتە کەشکەلانی فەلەک ،وەلێ لێرە و لەوێ چەند کورتە نووسینێکی دەربارە نووسرا. من لە ئەم کورتە نووسینەم هەوڵ ئەدەم جیاواز لە کورتە نووسینانەی پێشوو کە دەربارەی ئەم خەڵاتە نووسراون، دید و بۆچوونی خۆم سەبارەت بە بەختیار و ڕێزلێنانەکەی دەربڕم.

بۆ بەختیار عەلی؟

هەڵبژاردنی بەختیار عەلی بۆ ئەم خەڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ وەرگێرانی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا بۆ سەر زمانی ئەڵمانیی(گەرچی خۆشی لەناوەڕاستی دەیەی نەودەکانەوە لە ئەڵمانیا دەژێت). هەروەها دیارە تەرجەمەی ئینگلیزیش کراون و ئەمە جگە لە فارسی. واتە وەرگێران توانی ئەو زەمینە لەبارە بهێنێتە ئاراوە. ئەمە جگە لەوەی خودی بەختیاریش بە بۆچوونی من یەكێکە لە ڕۆماننووسە باش و نەفەس درێژەکانی کورد. ئەو بە مەرگی تاقانەی دووەم دەستی پێکرد و گەیشتۆتە کەشتی فریشتەکان(سێ بەرگ) و دڵنیاشم ڕۆمانی تری بەدوادا دێت. من خۆم بەختیار عەلی بە ڕۆماننووس دەزانم و دەشزانم گەر تەنها لەو بوارەدا (ژانری ڕۆمان) ئیش بکات، دەتوانێ داهێنانی باش بکات وەک ئەوەی کردوویەتی. بەڵام دیارە ئیشەکانی بەختیار لە بوارەکانی شیعر و فیکر دونیایەک قسە هەڵدەگرن.

ڕەخنە و بەختیار

بەختیار عەلی لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەرباری ستایشی زۆر و سەپۆرتی میدیای نووسراو و بینراو  بیستراوی کوردیی، نووسەرێک بووە کە کەم کەس هەبووە لە ئەدەبی کوردیدا بەتایبەتی دوای (شێرکۆ بێکەس) بە ئەندازەی ئەو لەسەری نووسرابێ. لێرەدا دەتوانین بە سەدان لاپەڕە ببینین کە لەسەر بەرهەم و ئیشەکانی بەختیار عەلی نووسراون، بەشێکیان ستایشن و  لەهەمان کاتیشدا نووسەرانێک هەبوونە ڕەخنەیان لێگرتووە. بەهەرحاڵ بە بۆچوونی من بەختیار عەلی بەردوام لەبەردەم سێ جۆر ڕەخنە بووە.

یەکەمیان : نووسینگەلێکی ستایشین..وایە پیاهەڵدان و وەسفی داهێنان و جوانی نووسین و تا دەگاتە ئەوەی کە زیادەڕۆیی بەرچاوی تێدا بکەن و بیبەن بە ئاسماندا. ئەم نووسینانە چەند کاریگەری پۆزەتیڤی هەبووە لە ناودارترکردنی بەختیار، هێندەش کاریگەری نێگەتیڤیان هەبووە و من هەست ئەکەم بەختیار خۆشی ئەم ڕاستییە دەزانێ. بۆیە ئەمجۆرە ناچنە خانەی ڕەخنەی جیدییەوە. ئەمانە زیاتر موجامەلەی ئەدەبین و مەبەستی سەرەکی ئەو جۆرە نووسینانەش ئەوەیە کە خاوەن نووسینەکان خۆیان پێ ناودار بکەن و بەو تەمەلوقە ناسروشتییەوە بە بەختیار وا نیشان بدەن گوایە ئەمانە نووسەر و لێکۆڵەرەوەی بە توانان و خاوەن مەعریفەن و هاوڕێی نووسەرانی بەناوبانگن.

دووەمیان : ئەو نووسینانەن کە بەختیار لەژێر زەڕەبین دادەنێن و بەدوای نووسەر و دەقی پێرفێکتەوەن. ئەو ڕەخنەگرانە پێدەچێت تێکەڵییەک بێت لە دژایەتی و چاوپیاهەڵنەهاتن و ئیرەیی و هەروەها بەراوردکارییەکی زۆری نێوان کارەکانی بەختیار و  نووسەرانی تر هەر بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە بەختیار عەلی داهێنەر نییە و دزە و ئەوەی نووسیویەتی دەچێتە خانەی دزینی ئەدەبییەوە. بە باوەڕی من ئەم جۆرەش لە ڕەخنە هیچ جیدیی بوونێکی پێوە دیار نییە و ناتوانێ هەنگاوێک لە واقیع و ئەوەی دەگوزەرێ نزیک ببێتەوە و تێ بگات کە ئەرکی ڕەخنە هەر تەنها نیشاندانی خەوشی دەق نییە.

سێیەمیان: ئەو نووسینانەن کە ڕەخنەی جیدیین و هەوڵیان داوە بەختیار وەک هەیە ببینین و بخوێننەوە و ڕەخنەی جیدیدی لێبگرن. ئەم نووسینە ڕەخنەییانە ڕادیکاڵن و لە دیدگای کرێکاری سۆشیالیستییەوە یان لە دیدگای ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە کەم تا زۆر لایان لە بەختیار کردۆتەوە. بەڵام ئەم ڕەخنە جیدییەش کە بەردەوام بەڵام بەپێی پێوست نا، قسەی کردووە و پەرش و بڵاوانە و لێرە و لەوێ ڕەخنەکان گیراون. بە بڕوای من دەبێ ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی لێبراوانەتر و بەهێزتر بێتە مەیدان نەک لەئاست بەختیار عەلی، بەڵکو لەئاست سەرجەم ئەدەب و هونەردا قسەی ڕاشکاوانەی خۆی بکات.

بەختیار دەبێ بخوێنرێتەوە!!

(دەبێ بخوێنرێتەوە!)مان زۆر بیستووە. بیستوومانە کە هەر بەختیار و هاوڕێکانی زیاد لە بۆنەیەک وتویانە و دەیانوت ( فڵانە نووسەر نەخوێنراوەتەوە و دەبێ بخوێنرێتەوە، یان فیسارە نووسەر تا ئێستا ڕەخنە لای لێ نەکردۆتەوە). ئەو خوێندنەوەیە واتە خوێندنەوەی هەمەلایەنە و شمولی، ئەویش نەک هەر بۆ بەختیار عەلی،  بەڵکو بۆ زۆر نووسەر و دیاردەی ئەدەبیی تر پێویستە. خوێندنەوەی بەختیار لەچوارچێوەی بازنەی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ لیبراڵی کوردیی جگە لە بەرهەمهێنانەوەی هەردوو جۆری ڕەخنەی یەکەم و دووەم کە لەسەرەوە باسمان کرد، شتێکی تازەی لێ نایەتە بەرهەم. من وای دەبینم هەردوو جۆری یەکەم و دووەم بە هیج شێوەیەک ناتوانن نە دەقی بەختیار عەلی بخوێننەوە و نە دەشتوانن بەختیار لە جێگەو ڕێگەی خۆی دابنێن. بەڵام ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی سەرجەم ئەو وەڵامانەی پێیە و لە توانایدیە کە ڕەخنەی چینایەتی وەک ئامڕازێکی ئەدەبی کاریگەر بۆ خوێندنەوەی ئەدەب و هونەر و دیاردە ڕۆشنبیرییەکان بگرێتە دەست. هەروەها شیکاری پێویستیان بۆ بکات و هەڵیان بسەنگێنێ.

دواجار ئەوەی گوزەرا و دەیبینین شتێکی عەجیب و غەریب نییە و بورژوازی هەمیشە نووسەرانی خۆی خەڵات دەکات و  دەست لەپشتیان دەدا و ئافەرینیان دەکات. ساڵانە بە سەدان هەزار دۆلار بۆ خەرجی تەبلیغاتی چینایەتی خۆی سەرف دەکات. بە سەدەها ڕۆژنامە و گۆڤار دەردەکات و بڵاو دەکاتەوە. ئەمڕۆ ڕەوتی ئەدەبی ئیندیڤجواڵ – لیبڕاڵی جیهانی لە ئەنجامی پاشەکشەی جیهانیی ئەدەبی کرێکاریی و سۆشیالیستیی خەریکە بە پانتایی دونیا پان و پۆڕ دەبێتەوە. بۆیە هیچ جێی سەرسامیی نییە کە نووسەرگەلێک خەڵات بکەن کە سەر بە یەک بەرژەوەندی چینایەتی بن. ئەگەریش جارناجارە لایەک لە نووسەر یان هونەرمەندێکی ڕادیکاڵ یا سۆشیالیست درابێتەوە، هیچ لە ماهیەتی کۆنەپەرستانەی ئەو ڕەوتە ئیندیڤیجواڵە ناگۆڕێت. سەرئەنجام ئەم خەڵات بەخشینە بە بەختیار عەلی نە خەڵکی هەژار و ستەمدیدەی کوردستان ئاگایان لێیە و نە هیچ لە دۆخی بێمانای ئەدەبی کوردیی دەگۆڕێ جگە لە کۆمەڵێ ئیمتیازاتی تایبەت بۆ بەختیار عەلی کە تەنها خۆی لێی بەهرەمەند دەبێت.

 

کانوونی دووەمی ٢٠١٨

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button