رەخنە و ئەدەبعەبدولا سلیمان مەشخەل

وردبوونەوەیەک لە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی

نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ)mashkhal

 

ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی بەو ئەدەبە دەوترێت کە ئەمڕۆ پانتاییەکی فراوانی لە بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیی داگیر کردووە و بەشێک لە ناودارترین نووسەرانێک خەریکن برەوی پێدەدەن. ئەدەبی تا ڕادەیەک باوی ئەمڕۆی کوردییە کە میدیای کوردیی سەپۆرتی دەکات و لە پشتییەوە وەستاوە. ئەو ئەدەبەیە کە سەرەتا گروپی ڕەهەند لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕەخنەیەکی گشتی و هەمەلایەنەوە  ئیشی لەسەر کرد و وەک مۆدیلێک لەناو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیی خۆی چەسپاند. پایەی هەستانی کارەکانی ئەم مۆدێلە ئەدەبییە لە میتۆدی بونیادگەرییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم ڕەوتە ئەدەبییە هەوڵیدا لە ئەدەبی باوی کوردیی دەیەی حەفتاکان و هەشتاکان جیاوازتر بێ و پێ بە پێ لەگەڵ فراوانبوونەوە و سەقامگیری زیاتری ئەم ئەدەبە، ئەو کۆمەڵە نووسەرەی دەیانویست برەو بەو مۆدیلە بدەن وەکو بەختیار عەلی و مەریوان وریا قانیع پەیتا پەیتا کەوتنە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و ڕەخنەییەکانیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سەردەمی پێش راپەڕین (١). پاشانیش لەدوای ڕاپەڕینەوە کۆمەڵێ نووسەری تریان لە دەور کۆبۆوە و هەندێ بڵاوکراوە هاتنە وەشاندن. لەوێوە ئیتر هیوا قادر و بەرزان فەرەج و ئاراس فەتاح و فاروق ڕەفیق و ڕێبوار سیوەیلی و هەڵکەوت عەبدوڵا و ڕێبین هەردییش قۆڵی لێ هەڵدەماڵن و ئیتر ئەو ڕەوتە لە دەیەی نەوەدەکان و سەرەتای هەزارەی سێهەم دەبێتە کاریگەرتیرین ڕەوتی ئەدەبیی کە کۆی پێکهاتەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی خستە ژێر هەژموونی خۆیەوە. لەم سیاقە مێژووییەوە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێ و نەک هەر ئەمەش بەڵکو توانی زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی ئەدەبی کوردییدا بکات و لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ، وەک کلتوور، بەڵام کلتوورێکی ناشیرین جێ بخەن. یەکێک لەو بنەمایانە خوڵقاندنی کاریزما و برەودان بوو بە ئیشکردن لەسەر کاریزمای کەسێتی، ئەمەش جوان لە لێکدانەوە و نووسین و وتار و تەنانەت قسەکردنی پەیڕەوکەرانی ئەو ڕەوتە هەست پێدەکرێت. لای ئەو پەیڕەوکەرانە کەسێتی بەختیار عەلی نەک هەر کاریزمایە بەڵکو وەک شێرکۆ بێکەس لە کرتە ڤیدیۆێکدا  گوزارشتی لێدەکات و دەڵێت ” کاتێ بەختیار عەلی دەنووسێ، خوا لەگەڵی دەنووسێ”.(٢) ئەم قسەیەی شێرکۆ بێکەس تا چەند لە قاڵبی ڕای شەخسی شێرکۆ ببینین، سەد ئەوەندە زیاتریش ئیشکردنە لەسەر خوڵقاندنی ئەو دۆخی بە کاریزماکردنی بەختیار عەلی. ئەوە ڕاستە بەختیار عەلی لەهەموو ناوەکانی تر زیاتر پشکی ئەو کاریزمابوونەی بەرکەوتووە و بەر دەکەوێت، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نییە کە ناوەکانی تر دەکەونە ئەودیو ئەم بەکاریزما بوونەوە. میدیای نووسراو و بینراو و بیستراوی کوردیی درێغی نەکردووە لە پشتیوانی و سەپۆرتی ئەم ناوانە بەڕادەیەک هەر نووسینێک بۆنی ڕەخنەی لەم ڕەوتە ئەدەبییەوە لێبێت، شانسی بڵاوبوونەوەی کەمترە. بنەمایەکی تر لای پەیڕەوکەرانی ئەم ڕەوتە بریتییە لە بەستنی پەیوەندی ژێربەژێر لەگەڵ دەسەڵاتی کوردیی (بوون بە نووسەری حیزبی) (٣) و هەڵپەکردن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ماددی لەهەر ڕێگەیەکەوە بێت. وەک پلە و پایە و زەوی وەرگرتن و مووچە بڕینەوە و لە هەمووشی قێزەوەنتر خانەنشین کردنی نووسەران، ئەدیبان و ڕۆشنبیرانیان داهێنا. لێرەوە قاچ خلیسکاندنی نووسەرانی ئەو ڕەوتە ئەدەبییە دەست پێدەکات. ئەمەش شەرعیەتدانە بە جۆرێک لە گەندەڵی کە هەر خودی ئەو نووسەرانە سەردەمانێک لافی بە هەڵوێست بوونیان لێدەدا. دوواجار هەر ئێستا بەبەرچاومانەوە دەگوزەرێ و دەبینین کە بەشێکی بەرچاوی ئەو نووسەرانە بوونەتە موبەلیغ و مرەویجی بزووتنەوە کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی و باڵی ڕاستی ناسیونالیزمی کوردیی. بنەمایەکی تر وەستانەوەیە لە دژی ئەو دەستەواژە و تێرمە فکریی – سیاسییانەی کە نووسەرانی ئەو ڕەوتە باسیان کردووە و ئیشیان لەسەر کردووە. بۆ نموونە تێرمەکانی لێبووردەیی و یەکتر قەبووڵکردن. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە لە زۆر بۆنە و نووسیندا پێ لەسەر ناوەڕۆکی ئەم تێرمانە دادەگرن و لە کردەوەشدا ئەوەی ڕەخنەیان لێبگرێت، بە تایبەتی ئەوەی ڕەخنە لە نووسەرانی ڕەهەند و بەتایبەتیتریش بەختیار عەلی بگرێت ئیتر دەکەوێتە بەر شاڵاوی قسە پێوتن و تەشهیری بێمانای لەچەشنی بێفیکر و بێ مەعریفە و زبڵ نووس و نا ئەدیب و نا نووسەر ..تاد. لەم پانتایی نووسین و بەرهەمهێنانی ئەدەبیاتەدا، هەندێجار دەبینم لایەنگرانی  ئەم ڕەوتە ئەدەبییە خەریکی ڕەتکردنەوەی ئەوانی ترن. لەدیدی ئەو قەڵەم بەدەستانەوە (هەرچەند ئەم دەستەواژەیە کۆن بووە و ئێستا باوی نووسینی ڕاستەوخۆیە لەسەر تەختەکلیل – کیبۆرد) تەنها خۆیان خوێندەوار و خاوەن زەخیرەی مەعریفی جوان و زمانێکی مرۆڤ دۆستین و هەرچی ئەوانی تریشن نەخوێندەوار و کوردی نەزان و لاساییکەرەوەن. لەدیدی ئەو بەڕێزانەوە، تەنها ئەوان نوێنەری دا‌هێنان و جوانین و ئەوانی تریش سوپایەکن خاڵی لە فکر و داهێنان. وەک ئەوەی ئەم بەڕێزانە پرسی یەکلاییکردنەوەی داهێنەریان پێ سپێردرابێ. ئەم نەخۆشییە بە ئەندازەیەک لە چاوپێکەوتنەکاندا خۆی نمایش دەکات.. من پێموایە ئەم کەسانە پێویستیان بە دەستگرتن و بەرچاو ڕوونیی هەیە. ئەم مێرخاسانەی دونیای نووسین لەو دۆخە حاڵی نین کە دەشێ شاعیرانێک بە پلەی جیاواز شیعر بنووسن و هەمووشیان شاعیر بن. ئەم مێرخاسانە جگە لەو وێنە و چوارچێوە تایبەتەی لە مێشک و زەینی ئەواندا هەیە، کەسی تر شاعیر نییە و کەس مافی شاعیربوونی نییە. ئەوە ڕوونە ئاستی داهێنانی شاعیرێک لەگەڵ شاعیرێکی تردا جیاوازە، دەشێ هەر شاعیرێک تام و چێژ و بۆنی شیعریی خۆی هەبێ. ئەم عەقڵیەتە دۆگمایەش بەرئەنجامی کاریگەری تەبلیغاتی دەیان ساڵەی گروپی ڕەهەندە لەسەر نەوەیەک کەوا بارهێنراون کە جگە لە خۆیان و موریدەکانیان بەرهەمی کەسی تر نەخوێننەوە و ئەمەش توخمێکی نێگەتیڤی ئەو پەروەردە نا تەندروستەیە.

شایانی وتنە فەلسەفەی هاتنەمەیدان و سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە ڕزگارکردنی ئەدەبی سەردەستە و باوی کوردیی بوو لە مەرگ. ئەم فریادڕەسە لە ڕۆژگارێکدا سەریهەڵدا کە ئەدەبی کرێکاری و شۆڕشگێڕانە لە ئارادا بوو و کە نەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش وەکو ئێستا پاشەکشەی پێنەکرابوو. ئەم ڕەوتە ئەدەبییە سەرباری ئەم بنەمانایانەی باسمان کرد، بە چەند خەسڵەتێک دەناسرێتەوە,منیش هەوڵ دەدم لە چەند خاڵێکدا بیانخەمە ڕوو.

خەسڵەتەکانی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی

یەک: ئەم ئەدەبە گوایە بنەمای کارەکانی خەیاڵ و گومانە و وەدەرنانی یەقینە لە جیهانی دەقی ئەدەبیدا، لێرەدا دەکەوێتە بەرامبەرکێ لەگەڵ هاوکێشەی ئەدەب و سیاسەت. گومانی تێدا نییە کە پەیوەندی نێوان ئەدەب و سیاسەت، پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵە. ڕەتکردنەوەی بە سیاسەتکردنی ئەدەب لە ژێر هەر بڕ و بیانوویەک بێت لە بنچینەدا ڕەتکردنەوەی بە سیاسەتکردنی ئەدەب نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی بە چینایەتی کردنی ئەدەبە یان ڕوونتر بڵێم ڕەتکردنەوەی بە کرێکاریکردنی ئەدەبە. ئەم ڕەوتە ئەگەرچی ڕووکەشانە ڕەخنە لەم بۆچوونە دەگرێ و هاوکێشەی ئەدەب و سیاسەت ڕەت دەکاتەوە، کەچی لە بەرامبەر ئەدەبی شۆڕشگێڕانەی کرێکار یان بە چینایەتیکردنی ئەدەب، فشاری ڕقەبەرایەتی و سەنگەرگرتنی لە خەڵکی هەژار بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. ئەم دەموچاوە بە هەر جۆرێک مکیاج بکات ناتوانی جەوهەری دژە شۆڕش و دژە شۆڕشگێڕانەی خۆی بشارێتەوە.

دوو: پەیوەندی نێوان ئەدەب و واقیع لای ڕەوتی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردی لەسەر بنچینەی وێناکردنی واقیع و ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە دانەمەزراوە، بەڵکو داهێنانی ئەدەبی پارچەیەکە لە خەیاڵ و لای ئەوان نە پەیوەندی بە واقیعەوە هەیە و نە واقیع عەکس دەکاتەوە، بەڵکو بە هونەر و زمان واقیعێکی تر لە خەیاڵ دروست دەکات و خوێنەریش دەکێشێتە نێو ئەو واقیعە تازەیەوە.

بەم پێیە باسکردن لە تیرۆری ڕۆژنامەنووسێک، ئاهی ناو دڵ و دەروونی دایکێکی جگەر سووتاو، ئازاری باوکێک لەبەر هەژاری و دەستەنگی کە دوو ڕۆژە نانی نەداوەتە منداڵەکانی، دەست یان پەنجە پەڕینی کرێکارێک لە کاتی کارکردندا بە هۆی ئامێرەکانی کارکردنەوە لە کاتی چاپکردنی کتیبێک یان ڕۆژنامەیەک، خۆکوژی گەنجێک لە ئەنجامی بێکاری، خۆسووتاندنی ژنێک کە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی یان بەهۆی دواکەوتوویی خێزانەکەیەوە کە بە زۆر دراوەتە شوو، کوشتنی ژنێک لەژێر پەردەی نامووسپەرستیدا..تاد، هەموو ئەمانە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبرالی کوردیی خۆی لێیان لادەدا و پشتیان تێدەکا و ئاوڕیان لێ ناداتەوە و خۆشیان بە بەرەی خەڵک دەزانن و ئەمە جگە لەوەی خۆیان بە داهێنەر و پێشڕەو دادەنێن و چاوەڕوانی ئەوەشیان لە خوێنەر هەیە وەک پێغەمبەرێکی ئیلهامبەخش ناویان بێنن. ئەم ڕەوتە ئەدەبییە هەرچییەک بکات و هەر دەقێک لە بەرگێکی هونەری قەشەنگیش نمایش بکەن ئەو دەقە ناچێتە چوارچێوەی خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی و مەسەلە گرنگەکانی. بۆیە ئەو ئەدەبە بۆ خەڵک و ژیانی پڕ لە کۆیلەتی خەڵک سەلکە تورێکی قوڕاوی ناهێنێ.

سێ: ئەم ڕەوتە وەک خۆشیان ئیدیعا دەکەن ئەدەبی نوخبە پەرە پێدەدەن. ئەدەبی فراوانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش جێگایەکی نییە لە دیدگای چینایەتی ئەواندا. هەر بۆیە ئەدەبی ئەم ڕەوتە ئەدەبی تاک و ئیندیڤیجواڵە و خەمی کۆمەڵگەیان نییە و دەقەکانیان چەند لا لەم تاکە گۆشەگیرە بکاتەوە هێشتا پێیان کەمە.

چوار: کوشتنی کۆ و دەنگی کۆ و ڕەخنەبارانکردنی هەر دەقێک کە ڕووی لە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بێت. گەڕانەوە بۆ تاک وەک مەرجەعیەتی خوڵقاوی ئەدەبی و پشتکردن لەو کلتوورەی کە بە ئەدەبی شۆڕشگێرانە ناو دەبرێ.

پێنج: ئینکارکردنی ململانێی چینایەتی و دژایەتیکردنی کارەکتەری چینی کرێکار وەک هێزی ئاڵوگۆڕبەخشی ژیان و کۆمەڵگە و لەبەرامبەردا نیشاندانی ئەزەلیەت و ئەبەدییەتی نیزامی ستەمگەری بورژوازی.

شەش: ماهییەتی ڕەوتی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی ئەدەبی کوردیی کۆنەپەرستانەیە. ئەم ڕەوتە کێشەی لەگەڵ ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانەی ڕەوتە ئایینییەکان و خورافە و کلتوری دژی ئینسانیدا نییە. نووسەرانی وەک ڕێبین هەردی و مەریوان وریا قانع لە چەندین بۆنەدا ستایشی ئیسلامی سیاسی و باڵی ڕاستی بزووتنەوەی کوردایەتیان کردووە و دەیکەن. ئەم ڕەوتە و پەیڕەوکەرانی خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ و دیموکراتیەت و ئازادی ڕووکەشانە دەزانن و هەموو ئەمانە دەکەن تەنها لەبەر خاتری داپۆشین و شاردنەوەی ڕوخساری دزێوی خۆیان. دژایەتیکردنی ڕادیکاڵیزم و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە و قودرەتی خەباتکارانەی چینی کرێکار جگە لە کۆنەپەرستیی هیچیتر نییە.

حەوت: ئەم ڕەوتە ئەدەبییە ئەوەندەی ئیشی لەسەر کوشتنی ڕوحی بەرەنگاری و شۆڕشگێڕانەی خەڵک کردووە، نیو هێندە ئیشی لەسەر فراوانترکردنەوەی ئاسۆی بیرکردنەوەی خوێنەر و خەڵک نەکردووە. خوێنەر هەمیشە لە دوای خوێندنەوەی هەر کتێبێک کە بۆ ئینسان و جوانی ئینسانیەت نووسرابێ، شتێک فێر بووە. بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبەکانی نووسەرانی ئەم ڕەوتە (کە بە قسەی خۆیان پڕە لە مەعریفە) خوێنەری وشیار جگە لە سەرەگێژە و سەفسەتەبازی هیچی لێ هەڵناکڕینێ.

هەشت: دواجار ئەم ئەدەبە، ئەدەبی پارێزەر و پشتیوانی دەسەڵات و حاکمە مافیاکانی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانن. نووسەرانی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە بەرگریکاری بێئەملاوئەولای بەرژەوەندییە مادییەکانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردین. ئەو دەسەڵاتەی کە بەهەموو جۆرێک سەپۆرتی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە دەکات.

ڕەوتی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵ و مۆدیڵی ڕۆشنبیری کورد

پێش هەموو شتێک ڕۆشنبیر پێغەمبەرێک نییە و فەرمایشت بدات لەسەرووی خەڵک و لەسەر کورسی مەعریفە دابنیشێت و فەتوای کوشتنی خەیاڵ و بەرهەمی نووسەران بدات. ڕۆشنبیر کەسێکە یان هاوڵاتییەکی ئاساییە و مرۆڤێکە وەک هەر مرۆڤێکی تر. ئەوەی ڕۆشنبیر لە کەسێکی خاکی جیا دەکاتەوە ئەوەیە ئاستی ڕۆشنبیریی و ئاگایییەکەی لە بارودۆخ و دیاردەکان و کۆمەڵگە ناچار بە قسەکردنی دەکات. قسەکردنیش ئەگەر لایەکی ڕەخنە و چارەسەری کێشەکان بێت، ئەوا لایەکەی تری هەڵوێستە. ڕۆشنبیر هەڵوێستی لێ دەربکێشێت بەتاڵ دەمێنێتەوە. من سەیرم بەم ڕۆشنبیرانەی کورد دێت تەنها ئەو کاتە هەڵوێست وەردەگرن کە مەترسی جیدیی هەبێت لەسەر دەستکەوتە شەخسییەکانیان، وەکو تر گەر خەڵک بەقوڕی ڕەشدا بچێتە خوارێ، ئەم ڕۆشنبیرانە هەر خەریکی سەفسەتەبازی و گەمەکردنن لەگەڵ خوێنەر و خۆڵکردنە چاوی خەڵکەوەن. ڕۆشنبیرانی کورد، ڕۆشنبیرانی مۆدێلن و ئەمڕۆ جگە لە چەند نووسەر و ڕۆشنبێرێکی ئازاد، کەسیان ئەو جورئەتەیان نییە لەدەرەوەی لێکدانەوەی ڕەهەندییەکان و ڕەوتی ئیندیڤیجواڵ – لیبراڵ پێناسەی خۆیان بکەن. کەم ڕۆشنبیر ئامادەیە لە وتارێکدا بۆچوونی خۆی بنووسێت بێ گەڕانەوە بۆ فۆکۆ یان نیتشە یان هایدگەر یان شتراوس یان ڕۆلان بارت،..تاد. وەک ئەوەی بڵێی بە بێ ئاماژەکردن بەم نووسەر و بیرمەندانە بنەمای ڕۆشنبیریی – مەعریفی ئینسان لەق ببێ. ڕۆشنبیرە ڕەهەندییەکان ڕۆڵیان هەبوو لە گەورەکردنەوەی قەڵشتی نێوان خەڵک و ڕۆشنبیر. ڕۆشنبیری کورد خۆی لە جێگایەکی بڵندتر لە خەڵک دەبینێ و لەوێوە خەریکی خۆجوینەوەیەکی بێتامە. نەک هەر ڕۆشنبیر، بەڵکو هەر تاکێکی کۆمەڵ پێویستە لەسەری بخوێنێتەوە و ئاگاداری بیر و بۆچوونی فەیلەسوفان و سیاسەتمەداران و بیرمەندانی جیهان بێت و لەوێشەوە وەک مرۆڤێکی وشیار بە ئاگا ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگەدا بگێرێت.

مۆدێلی ڕۆشنبیرانی کورد باسی دەردە قێزەوەنەکانی کۆمەڵگە ناکەن، خۆیان لە گەلێ دیاردە دەبوێرن. باسی مارکسیزم و شۆشیالیزم تووشی هیستریا و سەرئێشەیان دەکات. مەسەلەی ژن و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و بێکاری و..تاد بەکاری خۆیان نازانن. وەک ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرە بەڕێزانە لە کۆمەڵگە نەژین..من وای دەبینم قسەکردن لە هەر جومگەیەکی ژیان و کۆمەڵگە، هەر لە سیستەمی بەرێوەبردنی دەسەڵاتەوە بگرە تا دەگاتە چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژینگە ئەرکی ڕۆشنبیرانە. ڕەوتی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی جۆرە ڕۆشنبیرێکی سەقەت و ناکارا و نا ئاکتیڤی کۆمەڵایەتی وای بەرهەم هێناوە کە لەگەڵ مانای راستەقینەی ڕۆشنبیر ناکۆکە و ناتوانێ بچووکترین زەمینە بۆ ئاڵوگۆڕ بسازێنێ. داهێنان و هزری ئازادیش لەلایەن ئەم مۆدیلە لە نووسەران و ڕۆشنبیران لەسەر جەستەی میدیای کوردیی قۆرخکراوە بۆ ئەو ناوانەی کە لەلایەن ڕەهەندییەکانەوە گڵۆپێ سەوزیان بۆ پێدەکرێ. بزووتنەوەی ئەدەبیی کوردیی ئاخنراو بە کۆمەڵی ئایدیای وابەستەیی کە تێیدا زەمینەی ئازاد و ڕزگاری نووسەر خۆی لە چوارچێوەیەکدا قەتیس کردووە کە کۆیلەبوونی نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیی بەرهەم هێناوە و بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕەفزکردنەوەی ئەو قۆرخ سالارییەی نێو بزووتنەوەی ئەدەبی ئیندیڤجواڵ – لیبڕاڵی کوردی لەلایەن نووسەری ئازادەوە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ بە دەست هێنانی هزرێکی ئازاد کە لەتوانایدا بێت هەنگاوەکانی لە ئەرکە بێ ئەملاوئەولاییەکانی خۆی دەست نیشان بکات و ئەنجامی بدات. کۆمەڵە ئەرکێک کە تا ئەم ساڵانەی دوایش جێی بایەخی جیددی نەبوونە بۆ نووسەران. دەستڕاگەیشتن بە وردبوونەوە و ڕەخنەیەکی قووڵ لەو سونەت و ڕێڕەوە پەیڕەوکراوانەی ناو جیهانی نووسین گرنگە، چونکە تا هزری ئازاد فەراهەم نەیەت، داهێنان بەمانای گشتی وشەکە دروست نابێت.

فەراهەمبوونی هزری ئازادیش لەلایەکەوە لەئەنجامی ئەو ڕەخنە قووڵ و جەوهەرییە لە کۆی ڕێباز و ڕێرەوە ئەدەبییەکانی بورژوازی جیهان و هەروەها لەم تەیفە لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی سەر بە مۆدیلی ڕەهەندییە کۆنەخوازەوە سەرچاوە دەگرێ کە بناغەکەی مل نەدان و نەچوونە سێبەری ئەو مۆدیلە ئەدەبییە و لەلایەکی تریشەوە خۆ چەکدارکردنە بە دونیای مەعریفە. ئەم پرۆسەیە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی و ئەپستمۆلۆژی هەمەلایەنە هەیە تا کاریگەریی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵ  کەم دەست و کەم ڕەنگ و کەم تەئسیر بکاتەوە و لە جێگایدا گەڕانەوە بۆ چینی کرێکار و کردەوەی شۆڕشگێرانە و داهێنان باڵا دەست بێ. ئەم تێزە بە مانای ڕەتکردنەوە و ڕەفزکردنەوەی کلتوور و کەلەپوری ئەدەبی کوردی نییە، بەڵکو بە مانای خوێندنەوەیەکی جیدیانەی چینایەتی ترە بۆ ئەو کلتوورە و پێناسە کردنەوەی سەرلەنوێ و پرسیارکردنە بە مانایەکی دیکە. پێناسەکردنەوەی تەواوی چەمک و دەستەواژە و مەفهومە مەعریفییەکان لەسایەی ئەو خوێندنەوە جیدییە چینایەتییەوە، تەکانێکە بۆ فەراهەمکردنی بزووتنەوەیەکی تەندروست و جەستەیەکی ساغ و پتەوی ئەدەبیی و هونەریی کە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیست و یەکدا ڕێک بێتەوە و بگونجێت و بتوانێت لە کێشمەکێشە چینایەتییەکاندا ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی خۆی ببینێ. ئەم تێگەیشتنە لەلایەکەوە زامنی دەرهاویشتی تەیفێکی بەرین دەبێ لە نووسەران و داهێنەران کە بۆ ڕزگاری و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەنووسن و لەلایەکی تریشەوە بارهێنانی تەیفێکی فراوان دەبێ لە خوێنەرانی جیدیی و بەسۆراخ کە بەشداری چالاکانە دەکەن لە گەشتکردن لەگەڵ دەق و بوون بە کەسی دووەم لە پرۆسەی داهێنان. خوێنەرانێک کە چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێ فەرمانیان پێبکرێ، بەڵکو هوشیارانە دەقی جوان و بە پێز لەسەر بنچینەی جوانناسی ئینسانی هەڵدەسەنگێنن و چالاکانە لە بواری گەڕان بە شوێن مەبەست و جوانییەکانی دەق هەنگاو دەنێن.

دەرئەنجام

ڕەوتی ئەدەبیی ئیندیڤجواڵ – لیبڕاڵی کوردی کە هەژموونی بەسەر بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا باڵا دەستە، لە سی ساڵی ڕابردوودا ئیشی لەسەر بونیادی بیرکردنەوەی خوێنەری کورد کردووە و توانیویەتی تەیفێک لە نووسەران و خوێنەران فەراهەم بهێنێ کە وابەستەی بنەما و پرەنسیپەکانی ئەو ڕەوتە بن، کە لە بنچیندا فەلسەفەی سەرهەڵدان و هاتنە مەیدانی بریتی بوو لە ڕزگارکردنی ئەدەبی کوردی لە مەرگ و فەوتان لەلایەک و دژایەتی کردنی هەر ڕەوت و بزووتنەوەیەکی ئەدەبی و هونەریی و سیاسی ڕادیکالانە و کوشتنی ڕوحی بەرەنگاربوونەوەی ئینسانی کورد لەلایەکی تر. ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە بە سەپۆرتی ناسیونالیزمی کوردی و حیزبە کوردییەکان توانیویەتی هەنگاوی خێرا هەڵبهێنێتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. ئەرکی ئەدەبی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەشە کە وەڵامگۆی ئەم دۆخە ئەدەبییە بێت و کۆی ئەم مۆدێلە لە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕال و قەڵەم بەدەستەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوە و قسەی خۆی بکات.(٤)

٢٠١٥ کەنەدا

پەراوێزەکان:

(١) نووسەران بەختیار و مەریوانی وریا قانع لە پێش ڕاپەڕین بەرهەمەکانیان لە ڕۆژنامەی ئاسۆ و گۆڤاری ڕەنگین بڵاو دەکردەوە. پاشانیش لەدوای ڕاپەڕین هێدی هێدی نووسەرانی تریان لە دەور کۆبۆوە و هەندێ بڵاوکراوە هاتنە وەشاندن وەکو گۆڤارەکانی سەراب و ئازادی و بینین و یەکگرتن و دووایش گۆڤاری ڕەهەند. گۆڤاری ڕەهەند لە هەموو بڵاوکراوەکانی تر زیاتر ئیشی فیکریی لەسەر ئەو ڕەوتە کردووە.

(٢) ئەم وتەیەی شیرکۆ بێکەسی شاعیرم لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بینی و دواتر زۆر هەوڵم دا لینکەکەیم بۆ نەدۆزرایەوە.

(٣) نووسەرانی ڕەهەند ئاگایانە دژایەتی ئەم دەستەواژەیەیان ئەکرد و نووسەرانی حیزبییان بە جۆرێک لە وابەستەیی و نائازاد دەبینی. من ناوەڕۆکی ئەم دژایەتیکردنی ئەم دەستەواژەیە زیاتر بۆ پەیوەندی نووسەرانی کوردستان و بزووتنەوە ڕادیکالەکان، بە تایبەتی مارکسیزم، دەگەڕێنمەوە کە پایەی لێوە هەستانی ئەم گروپەیە.

(٤) ڕەنگە ئەم وتارە وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بچێتە بواری بەگژاچوونەوەی ئەم مۆدێلە ئەدەبییە، بەڵام ئەگەر وردتر و هەمەلایەنتر لەسەر ئەو مۆدێلە قسە نەکرێت و بەر ڕەخنە نەدرێت، ئومێد بە لەقکردنی پایەکانی ئەم مۆدێلە و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر زەین و بیری خوێنەر کاڵ نابیتەوە. بۆیە هیوادارم نووسەرانی تریش بەشداری ئەم هەنگاوە بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button