تازەترین بابەتشیعرموسلح ریبوار (مصلح ریبوار)

بۆ سولەیمان

Bo Soleyman

بۆ سولەیمان

شیعر: موسلح ڕێبوار

بۆ یادی سولەیمان موحەممەدی پێشمەرگەی کۆمەڵە کە رۆژی  ٢ مانگی ٦ی ١٣٦٥ هەتاوی بە دەست چەکدارانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران تێرۆر کرا.

 

پەنجەیەک بوو

پەنجەکانی ترمی فێرکرد

بن بە مست و

پۆزەی بەهەڵپەی تاڵانکەر

لە خوانی خێزانی برسیم دوورخەنەوە!

پەنجەیەک بوو

دەستمی فێرکرد

کە دەستی هاوماڵەکانم

گەرم و گوڕتر، بگرمەدەست!

پەنجەیەک بوو

نەبزی مەچەکمی ئەگرت و ئازارەکانمی ئەڕەواند؛

ئاواتەکانمی ئەناسي؛

ئاڵۆزاوي تاڵەکانی، ئارام ئارام،

ئەکردەوە و

بێ گرێ و گۆڵ

لەگەل ئاواتی هاوماڵان ئەیهۆنیەوە…

ئارامی ژانی مناڵی نەخوشم بوو

لە گەرمەژانی پڕئێشا…

پەنجەیەک بوو

گوڵی لامپای ژوورەکەمی هەڵئەکێشا…

پەنجەی پیرۆزەی ئیشارەت

ئیشارەتی بەشارەت بوو بۆ رزگاري

نیشانەی دەریای وشیاري…

***

پەنجەبووین، کردینی بە مست!

هەرکام، دەستێکی لاواز بووین

لێکی هەڵپێکاین: هەزاران…

بێ هێز بووین، بەهێزی کردین…

دابێینەوە

تارێنەری پؤزەی تاڵان!

کە سەرتاپا، خەریکین بینە هەڕەشە

ئاڕاستەی جەستەی تاڵانکەر،

دێوی دزێوی هەزار-سەر

سەرچاوەی ڕەنج،

ڕووناکي-کوژ،

سۆما-خنکێن،

چنگی چەپەڵی چەتوونی هاویشتووەو

گەش-ئەستێرەی لە ئاسمانم ڕفاندووە!

چاوی چەواشە لە حەنای شەوقی چرام،

چنگاوشی دەستم بووەو

پەنجەی، ئاوا، چرا-گرمی

شکاندووە!!

***

هۆ چنگی دز

هۆ چنگی چەوت

دەستی پەستی چەتەی چەتوون؛

کە ژانی مەرگ ئەتجووڵێنێ؛

گوڵی سولەیمانت ژاکاند؛

بەڵام بۆ گوشینی گەرووت

من

شێر-پەنجەی هەزار-پەنجەم؛

ئاسمانێکی پڕ-ئەستێرەم

نووخاومەتەوە بە سەرتا

ئەرزێکی پانم

پڕ بورکان

تەقیومەوە لە ژێر پێتا!

لەم سەر عەرزە و ژێر ئاسمانە

ئەی دەرەتان-کوێرەوە-بوو

لە کوێ سەری پیرە-مەرگي ت ئەنێیتەوە؟!

 

ڕێبوار؛ ٣١ی ٦ی ١٣٦٥

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button