تازەترین بابەتشیعرعەبدولا سلیمان مەشخەل

ئەندێشەی کتێب فرۆشێکی قەراغ جادە

 

شیعری : عەبدوڵا سڵیمان(مەشخەڵ)

 

پەیتا پەیتا دەستەسڕەکەی لە باخەڵی دەردەهێنا

ئارەقەی لاجانگ و ڕووخساری دەسڕی

بێئەوەی شکۆی شانازی لەکەدار بێ

ناوکی مەلۆتکەی خەمێکی تازە لەدایکبووی دەبڕی

ماتماتیکی بژێوی دەهێنا و دەبرد

هاوکێشەکانی کڵۆڵیی و چەرمەسەریی ئەم ژیانەی شیکار دەکرد

هەرچی جارێک لە خەیاڵا دووری خەونە ڕەنگاڵەییەکانی ئەم ژیانە پڕ لە مەینەتییەی دەپێوا

قولانجێک کورتی دەهێنا

ئەم ئارەقڕێژەی ژێر دەستاری برسێتی

وجودی خۆی لەسەر ڕق لە زوڵم و غەدر

وەک سەربازی مەشقپێکراو بەرەو جەنگی چینایەتی ڕادەهێنا

هەتا دەهات مەودا و درزی نێوان ئەم و خاوەن پارە فراوانتر

پانتایی ژینی تاڵ و تار بە ویستی ستەم بەرینتر

هەموو ڕۆژێک ئەم بە گڕی مۆمی حەسرەت دەبێتە خۆراکی توانەوەی تەمەن و

باڵاکردنی باوەڕیش پتەو بە ئایندەییەکی ڕووناک و گەش

ئایندەیەک سپی سپی خاڵی لە ڕەش

دەپرژێنێ بەسەر ڕووخساری ئینسانە خاوەن بیرە بەپیتەکان

نەسیمی حەسرەتێکی گڕ دەشێلێ ڕووی نەرم و سافی ئەودیو پەنجەرە گەورەکانی کۆشکەکان

ئەم بە کتێب هەتا توانی خۆی پێگەیاند

یاخیبوونێکی مەزنی بەڕووی دونیای سەرمایەداری ڕاگەیاند

ئەم جەنگاوەرە لاواز و لەڕ و سیسەی کە بێبایەخ دێتە بەرچاو

سەنگەرێکی پۆڵایینە و پۆشاکی جەنگێکی گەرمی لەبەردایە

ئەم کتێبفرۆشەی قەراغ جادەی ئومێد بە ژیانی نوێ

سەدان چیرۆکی سەروەریی و پڕ  شانازی لە سەردایە

 

ئایاری ٢٠١٩

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button