بەها حاجی بەکر دارتاشتازەترین بابەتکتێبخانەکولتوورنووسەران

دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە

dengek le zindanewe

“دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە”

چەند دێڕێک لە سەر یادەورییەکی بەنرخ و دڵتەزێن

نووسینی: سلیمان قاسمیانی

 

چەن رۆژە کە پرسیاری “شورش چییە”، ئارام و ئۆقرەی لە کوڕێکی بچووک بڕێوە. ئەم شۆڕشە چییە کە باوک و خاڵی کوڕەکە هەر کامەی بە جۆرێک لێی دەڕاونن، یەکیان دەڵێ “ئەگەر شۆڕش ئەوە بێ، هەر نەبێ باشە” و ئەویتریان سەرەڕای ناڕازی بوونی لە کردەوەی شۆرشەکە دەڵێ “شۆڕش قوربانیشی دەوێ”. کوڕی کونجکاو، دوای ئەوەی کە چەن رۆژ بە شوێن باوکییەوە بۆ پرسینی پرسیارەکە فرسەتی دەست ناکەوێ، رازی دەبێ رووبکاتە دایکی تا وەلامێک بۆ ئەو گیژەڵووکە پەیدا بکات کە هەموو مێشکی داگرتووە. دایک بە بیستنی پرسیارەکە لە دەمی کوڕەکەیەوە رەنگی دەگۆڕێ و زمانی دەشكێ. پرسیار هەر بێ وەڵام دەمێنێتەوە و کوڕ مەجبوور دەبێ وردە وردە بە ژیان و گیانی خۆی وەڵامی پرسیارەکەی بدۆزێتەوە.

کوڕەکە گەورەتر دەبێت و دەکەوێتە دامێنی شۆڕشەوە و دەبێتە بەشێک لە شۆڕشەکە. ئەو ئاگری شۆڕش خۆش دەکا، پێی دەبووژێتەوە و دڵ و بیری زۆر کەسی تریش گیرۆدەی شۆڕشەکە دەکات و تا هەڵدێری بێ بنی مەرگ، تا ژوورە تاریک و پڕەکانی ئیعدام لە زیندانی سەددام لە ئەبوغرێب رێ دەبڕێ، بەختی گوڵ دەکا و لە مەرگ دەگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی ئەمجارەیان بکەوێتەوە زیندانی ئەو “شۆڕش”ەی کە هەموو ژیانی خۆی بۆ لە سەر لپی دەستی دانابوو. ئەو شۆڕشەی کە هەر بە منداڵییەوە بیری زەوت کردبوو. ئەمە کاکڵەی بیرەوەرییەکانی “بە‌ها حاجی بەکر دارتاش”ە بە ناوی “دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە” کە ساڵی ٢٠٢١ لە سەر ئەرکی نووسەر خۆی بڵاوبووەوە.

”بەها” لە کتیبەکەی دا کە رۆمانێکی راستەقینەیە، دەکەوێتە شوێن پرسیاری کوڕە بچکۆلەکە تا بزانێ شۆڕش چییە. ئەم سەفەرە سەفەرێكی دڵتەزین و هەناسەبڕە و زۆر وێستگەی جۆراوجۆر تێدەپەڕێنێ لە کاری رێکخستنی نهێنی ناو شار، لە تینوێتی لە شکان نەهاتووی زانست و خوێندنەوە، لە مەیدانی شانۆی شۆڕشگێڕانە، لە شکۆی شاخ، لە ترس و دڵەڕاوکێی شەڕی ناوخۆیی، لە ئەشکەنجە و زیندان و بەرەو پیلی مەرگ رۆیشتن، لە بێ هێوایی بەو ئاڵایەی کە چی نەمابوو بۆی تێدابچێ، لە رووبەرووبوونەوەی لە گەڵ هاوڕێیانی دوێنێ کە ئەمرۆ وەک دوژمن سەیری دەکەن تا تێکەڵاوکردنی دەنگی لە گەڵ دەنگی خوێندکاران لە بەر هۆڵی وەزیری پەروەردەی دەسەڵاتی کوردی و زیندانی کرانی تەنیا بە هۆی بەشداریکردن لەو ناڕەزایەتییە و راگەیاندنی پشتیوانیی خۆی لە ساحەکەدا.

ئەوەی کە بە لای منەوە وەک خاڵێکی زۆر بە ‌هێزی ئەم رۆمانە-بیرەوەرییەیە، لایەنی کولتوورییەکەیەتی. دەسەڵات هەمیشە هەوڵ دەدات کە خەڵكی ژیر دەستی خۆی بە یەک خەڵک، بە یەک کولتوور و بە کۆمەڵێکی یەکسان بناسێنێ و ئەو نایەکسانییەش کە هەیە دەیکاتە کاری خوا یان قەزا و قەدەر یان تەمبەڵی و لێنەهاتوویی تاکەکە خۆی. نووسەر لە کتێبەکەی دا ئەم درۆیەکە ئاشکرا دەکا، نەک بە هوتاف و شێعار بەڵکوو بە نموونە هێنانەوە لە خودی ژیان. ئەو پیشانمان دەدات چۆن دوو کولتوور و فەرهەنگی جیاواز بە یەکەوە لە ماڵێک، لە کۆڵانێک و لە شارێک دا شان لە شانی یەک دەدەن و دوو دونیای جیاواز، دوو شێوە ژیانی لە یەک نەچوو بەرهەم دێنن.

کاتێک کە باوکی نووسەر بۆ یەکەمجار تەلەویزیۆن دەکڕێ، هەموو مناڵەکانی هەژاری گەڕەک کە تەلەویزیۆنیان نییە، دێن و لە حەوشەکەی ئەوان، سەیری بەرنامەی منالان دەکەن. ”بەها” ئەو کاتە، یەکێک لەو مناڵانە کە خۆشی لێ  نایە دەردەکا و دەڵێ کە ئەو بۆی نییە بێت و وەکوو مناڵەکانی تر سەیری تەلەویزیۆن بکات. باوکی ”بەها” کاتێک ئەوە دەبێنێ، دەسبەجێ داوای لێدەکا کە بچێت و ئەو مناڵە بێنێتەوە و پێی دەڵێ:”تۆ ئەگەر ئێستا ئاوا لە گەڵ هاوتەمەنەکانت بجووڵێیەوە، ئەگەر گەورە ببی دەبی بە سەگی هار”. باوکی ”بەها” هەڵگری کولتووری باوی دەسەڵات نییە و ئەوەی هەیەتی لە گەڵ بێبەشان بەشی دەکات.

”بەها” زوو دژ بە توندوتیژی پیاوسالارانە دژی ژنان رادەوستێ. کاتێک کە ١٤ ساڵی بوو خۆی دەخاتە بەینی برایەکەی و براژنی بۆ ئەوەی بەر بگرێ لە براکەی. چەن ساڵ دواتر کاتێک باوکی دەنگی بەرز دەکاتەوە دژ بە دایکی و هەست بە مەترسی توندوتێژی لە لایەن باوکییەوە دەکات، لە بەرامبەر باوکی دەوەستێت و وەک دایکی دواتر وتوویەتی، ئیتر دوای ئەورۆژە باوکی هەرگیز دەستی بەسەر دا بەرز نەکردووەتەوە. هەر ئەم رۆحی یەکسانیخوازییەیە کە دواتر کاتێک لە رێکخستنەکانی ناو شاری کۆمەڵەی رەنجدەران ئیش دەکا، لە بەرامبەر بریاڕێکی تێرۆرکردنی چەن ژن کە لە سەرەوە بۆیان هاتبوو بە تاوانی “لەشفرۆشی و هاوکاری کردن لە گەڵ دوژمن”، رادەوەستێ و مل نادا بەو بڕیارە.

لە کاتێک دا کە باوەری ئایینی و کۆنپارێز ژیانی خەڵک و بەرەی نوێ دەخاتە تەنگانە و دوژمنایەتی دەکا لە گەل هونەر و خۆشی و بە تایبەت بەشداربوونی ژنان لەو مەیدانەدا، نووسەر باوکی رازی دەکا کە رێگە بدا خوشکی لە گەڵ خۆی بباتە سینەما، کە وەک  شتێکی نەگونجاو و عەیبێکی گەورە سەیری دەکرا. باوکی ”بەها” کە تەنانەت چووەتە حەجیش، بە ئاشکرا لە لایەن مەلای کۆنپارێزی گەڕەکەکەیانەوە رەخنەی لێدەگیرێ لە سەر ئەوەی رێگە بە کوڕەکەی دەدا ببێتە لۆتی و کاری هونەریی بکا. ئەو رۆژەی کە باوکی نووسەر، سەرەڕای هەموو ئەو تانە و توانج و فشارەی کۆنپارێزەکانەوە، دەچێ بۆ بینینی شانۆیەک کە کوڕەکەی بەشداری تێدادەکا و دوای بینینی شانۆکە، ئەو قەرزەی کە دەرهێنەرەکانی شانۆ بەویان هەیە، وەکوو دەسخۆشانە پێیان دەبەخشێ، یەکێک لەو دیمەنە جوان و بە سۆزانەیە کە دڵی مرۆڤ لێواولێودەکا لە خۆشی. ئەوانە و زۆر دیمەنی تری بەمجۆرە، ئەم یادەوەرییەیان پڕ کردووە لە جوانی و هەستی بەرزی مرۆڤانە لە نێو چینی بندەستی کۆمەڵگادا.

بەشی گیرانی نووسەر و کەوتنە زیندانی بەعسەوە، کە بووەتە ناوی کتێبەکەش، بەشی هەرە دڵتەزێنی کتێبەکەیە. لەم بەشە دا، زیندان، زیندانی دەسەڵاتێکی فاشیستی، بە هەموو لایەنەکانییەوە، دەکەوێتە بەرچاومان. خوێندنەوەی ئەشکەنجە، ئازار و سووکایەتی کردن بە زیندانیی، جەرگی مرۆڤ دەگوشێ و هەستی نەفرەت و بێزاری لە گیاندا دەخاتە شەپۆل. بەڵام ئەوە هەر ئەشکەنجە و ئازار نییە کە لە زیندان دا دێتەبەرچاو. زیندان لە هەمان کاتدا مەیدانی خۆپیشاندانی گەلێک خەسڵەتی بەرز و پیرۆزن کە تەنانەت بە سەر مەرگ دا زاڵ دەبن. کاتێک کە زیندانیی دەمی قەفڵ دەکا و حازر نییە بە خاتری گیانی خۆی، گیانی هاوڕێکانی بفرۆشێ، کاتێک بەندییەکان نانی دەمی خۆیان و کراسی بەرخۆیان دەدەن بە بەندییەکی تر، کاتێک کە بەندییەکان رێگە نادەن شەڕی رێکخراوەکانیان لە شاخ، لە دەرەوەی زیندان، هاوڕێیەتی و هاوچارەنووسی ئەوان لە بەندیخانە و لە ژووری مەرگ دا بشێوێنێ، سۆزی خۆشەویستی بۆ ئەم مرۆڤانە گیانت دادەگرێ.

“بەها” لە ژووری مەرگ گەڕایەوە و هاتەوە باوەشی شۆرش. بەڵام نە شۆڕش ئەو شۆڕشە بوو کە ئەو نزیک بوو سەری تێدا بچێ بۆی و نە ئەو تاکێک بوو کە وا بە ئاسانی ببێتە هاوڕەنگی جەماعەت و نرخە پیرۆزە ئینسانییەکان بدۆڕێنێ. پرسیاری کوڕە بچکۆلەکە، پرسیارێکە کە بە درێژایی ئەو رێگەیە هەر بە شوێن ”بەها”وەیە، وریای دەکاتەوە و رێگەی پیشان دەدا. “شۆڕش” چییە؟ دیارە بۆ ئەم پرسیارە زۆر وەڵامی جیاواز هەیە. “دەنگێک لە کڵاوڕۆژنەی زیندانەوە”، وەڵامێکی بەنرخە بەو پرسیارە.

 

* کتیبەکە لە ئەورووپا لە لای “ناوەندی هانا” (www.hana.se) دەست دەکەوێ. بۆ ئاگاداری زیاتر پەیوەندی بگرن بەم ئیمایلەوە:  info@hana.se

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Check Also
Close
Back to top button