گوڵی خوێناوی
گوڵى خوێناوى
نووسینی: سليمان قاسميانى
ستێريۆ‌که تا ئاخر ده‌نگى دراوه‌تێ. گۆرانى “گوڵى خوێناوى” ته‌واوى ژووره‌که‌ى داگرتووه. له گه‌ڵ گرمه‌ى يه‌ک به يه‌کى ووشه‌کانى گورانيه‌که ماڵه‌که ده‌له‌رێته‌وه!: “بڕوانه، بڕوانه، شاييه، چۆپييه له‌و ماڵه / گوێ بگرن… زوڕنايه، ده‌هۆڵه، شمشاڵه…”
سا‌را وه‌ک مێژووکه ده‌له‌رزێ. حه‌مه‌ى باوکى وه‌ک دێوه‌زمه‌يه‌ک لێى نزيک ده‌بێته‌وه. چه‌قويه‌کى به‌ده‌سته‌وه‌يه و وه‌ک که‌سيک که فڕووجێک بۆ سه‌ربڕين ده‌گرێ، به ئه‌سپايى هه‌نگاو هه‌ڵد‌ێنێته‌وه و چاوى زه‌ق بڕيوه‌ته چاوى نێچيره‌که‌ى. سا‌را پشتاوپشت ده‌کشێته دواوه تا ديوارى چێشتخانه‌که پشتى ده‌گرێ و ئيتر رێگه‌ى ده‌ره‌تانى لێ ده‌بڕێ. هه‌رچى هه‌وڵ ده‌دات ووشه‌کان هێزى کردنه‌وه‌ى ده‌رگاى ده‌ميان نيه. له‌ناکاو قفڵى ده‌مى به حاڵ ده‌ترازێ و ده‌که‌وێته پسکه‌پسک کردن:
– با…با…بابه… گيا…گيان… ت…ت…تو خـ…. تو خوا… بابه گيان! نـ…نه…نه‌که‌ى بابه گيان…
حه‌مه هه‌روا دێته پێش. چاوه‌کانى وه‌ک پتى خوێنن و ئاگريان لێ ده‌بارێ. بێده‌نگ دێته پێش و له روخسارى‌دا هيچ ره‌نگيک له رو‌حم و به‌زه‌یی به‌دى نا‌کرێ. کت و مڕ نزيک ده‌بێته‌وه و چه‌قو له ده‌ستى‌دا بريقه ده‌دا. ده‌گاته سا‌را. ده‌ستى حه‌مه ده‌چێته حه‌وا. سا‌را بێ ئيڕاده ده‌سته‌کانى ده‌کاته قه‌ڵغانى سه‌رى و هه‌ر وا به پسکه پسک و هه‌ناسه‌سوار ده‌پاڕێته‌وه:
– بابه گيان … بابه‌گيان ….
چه‌قو وه‌ک بروسکه سينگى ئاسمان ده‌دڕێ و داده‌به‌زێته سه‌ر سينگى سا‌را. سا‌را ده‌که‌وێ. خوێن فيشقه ده‌به‌ستێ و مۆرى تاوان ده‌که‌وێته سه‌ر روومه‌تى باوک. سا‌را هه‌ڵده‌ستێته‌وه و به‌ره‌و گۆشه‌ى راستى ديوار هوروژم ده‌با. ده‌مى دووباره قفڵ بووه‌وه و ئيتر پسکه پسکيشى لێبڕا. چه‌قو هه‌ر به شوێنيه‌وه و به‌زه‌يى به نيگا مه‌زلوومه‌کانى سارا‌دا نایه‌ت…
٭٭٭
سێ ساڵ له‌مه‌وپێش هاتنه سوید. باوکى ساڵێک زووتر خوى ده‌ر‌باز کردبوو و دواى ماوه‌يه‌ک ئیقامه‌ى بۆ ده‌رچوبوو. سا‌را له گه‌ڵ براکه‌ى کاوان و دايکى “زين”، دوای شه‌ش مانگ کارى ئيقامه‌که‌يان دروست بوو و له سويد به يه‌ک شاد بوونه‌وه. ماڵه‌که‌يان له گه‌ڕه‌کێکى ده‌ره‌وه‌ى شار بوو. زوربه‌ى دانيشتوانى گه‌ڕه‌ک خه‌لکى غه‌يره سويدى بوون. سا‌را و کاوان زوو له مه‌دره‌سه دامه‌زران. سا‌را ئێستا ساڵى ئاخيرى ده‌بيرستانى ده‌خوێند و کاوان ساڵێکى مابوو ته‌واو بيت. سا‌را زۆر وريا و زيره‌ک بوو و به هيوابوو ببێته دوکتور. له هه‌موو هاوکلاسه‌کانى له پێشتر بوو و خوشه‌ويستى زوربه‌يان بوو.
حه‌مه فه‌خرى به وريايى و زيره‌ک بوونى سارای کچی ده‌کرد. خۆى بێکار بوو و شتێکى وا له زمانى سويدى فێر نه‌بووبوو. له وولات دوکاندار بوو و تا به‌ر له شه‌ڕى که‌نداو، وه‌زعى ماڵى زۆر باش بوو. ئێستا لێره به سه‌ر ماڵى مامه‌وه بوون. سه‌رى مانگ ده‌بوايه بچێته دايره‌ى کۆمه‌ڵايه‌تى و داواى يارمه‌تى مانگانه بکات. به رۆژ که‌متر ده‌که‌وته‌وه ماڵ؛ يان له کۆمه‌ڵه‌ى کوردى بوو يان له گه‌ڵ هاوڕێکانى له ئه‌م و ئه‌و قاوه‌خانه بوو.
٭٭٭
چه‌قو دیسان دێته خوار و باسکى سا‌را شه‌تاوى خوێن ده‌کا. سا‌را به هانکه‌هانک به نێو لاقى باوکی دا ڕا ده‌کا؛ له سه‌نده‌ليه‌که‌ى چێشتخانه هه‌ڵده‌نگوێ و به سه‌ر‌دا ده‌که‌وێ. حه‌مه وه‌رده‌سووڕێته‌وه و هه‌ر وا بێده‌نگ، وه‌کوو وه‌ستايه‌ک که له کارى خۆى دڵنيايه، دێته‌وه سه‌ر نێچيره خوێناويه‌که‌ى…
٭٭٭
ئه‌وه‌ى به شوێن ساراوه بوو، له به‌شه‌ر نه‌ده‌چوو. دێوێکى زنجير له لاق هه‌ڵماڵاو بوو. بير‌ى سا‌را خه‌ريک بوو به هه‌موو گۆشه و قوژبنێکى مێشکى‌دا ده‌گه‌ڕا تا بزانێ ئه‌م روخساره‌ى که‌ى و له کوێ ديتووه. ئه‌م روخساره مۆڕ و مرچنه، نائاشنا نه‌بوو… ئه‌رێ، ئێستا هاته‌وه بير‌ى. دوو سال و نيو له‌وه پێش هه‌ر ئه‌م روخساره خه‌ريک بوو زراوى ببات. ئه‌و جاره باوکى دانيشتبوو و سه‌يرى فيلمێکى بێ قيمه‌تى ته‌له‌ويزيونى ده‌کرد. سا‌را له ديوه‌که‌ى خۆى خه‌ريکى نووسينه‌وه‌ى ده‌رسه‌کانى بوو. باوکى بانگى کرد:
– دا چايه‌کم بۆ بێنه!
– بابه گيان من خه‌ريکم ده‌رسه‌کانم ده‌نووسمه‌وه. ناتوانى چايه‌ک بۆ خۆت تێکه‌ی؟
هيچى پێ نه‌چوو که باوکى له به‌ر ده‌رگاى ديوه‌که‌ى سا‌را قوت بووه‌وه. چه‌قوت لێ دابا خوێنى لێ نه‌ده‌هات. نه‌ڕاندى:
– به‌ڵێ؟!… ئه‌م مه‌کرانه له کوێ فێربووى؟ ها…؟
پرچى ساراى گرت و وا رایکێشا که سا‌را له سه‌ر سه‌نده‌ڵيه‌که‌ى به‌ربووه‌وه.
– خه‌ريکى ئه‌داى سويديان ده‌ربێنی…؟! هه‌سته چايه‌که‌م بۆ بێنه….
٭٭٭
ستێريۆ‌که له سه‌ر هه‌واى خۆى، ژووره‌که به هاوارى دڵى “گۆران” پڕ ده‌کا:
“کچ له رێى جوانيتا / کچ له رێى جوانيتا… / پاييزه، گه‌لاى دار رژاوه… / باغ رووته …”
چه‌قوى سێهه‌م شانى ده‌گرێ. سا‌را نووزه‌يه‌کى له ده‌م دێته ده‌ر و خشکه خشک خۆى ده‌کێشێته ژێر مێزى چێشتخانه‌که. پێى وايه خه‌و ده‌بێنێ. نه به چاوى خۆى باوه‌ر ده‌کا و نه به‌و ژانه‌ى که ئیتر ته‌واوى گيانى داگرتووه. پێى وايه مۆته‌يه‌ک له سه‌ر سينگى دانيشتووه و هه‌ناسه‌ى لێ بڕيوه. به ناباوه‌ڕیيه‌وه چاوه‌کانى هه‌ڵده‌گڵۆفێ، به‌ڵام روخسارى ئه‌و دێوه‌زمه‌ى که له به‌ر ده‌ميه‌تى ون نابێت. نا ئه‌م روخساره نائاشنا نيه…
٭٭٭
ئێواره‌يه‌ک که سا‌را له مه‌دره‌سه گه‌ڕايه‌وه، به دايکى ووت که قه‌راره له گه‌ڵ چوار که‌س له هاوکلاسه‌کانى بچنه سينه‌ما. دايکى ووتى که ده‌بێ راوه‌ستێ تا باوکى دێته‌وه و پرسيارى لێ بکات. باوکى که هاته‌وه سا‌را ووتى:
– بابه گيان، من و سێ که‌س له هاوکلاسه‌کانم قه‌راره شه‌و بچينه سينه‌ما. له مه‌دره‌سه‌وه پێيان سپاردوين که بچين سه‌يرى فيلمێک بکه‌ين ودوايى بير و راى خۆمان سه‌باره‌ت به فيلمه‌که بنووسين.
– سينه‌ما؟! که‌ى و له گه‌ڵ کێ؟
– ئه‌مشه‌و. قه‌راره له گه‌ڵ مارتين و داويد و هانا بچين و سه‌عاتى ١٢ى شه‌و ده‌گه‌ينه‌وه ماڵ.
– به راستيته؟! گه‌لێ جوانه!! قه‌راره له گه‌ڵ دوو کوڕ و کچێک بچيه سينه‌ما و سه‌عاتى ١٢ى شه‌و بگه‌ڕێيته‌وه ماڵ!! له‌وه جوانتر هه‌ر نابێ!! بڕۆ له به‌ر چاوم وون به و جاريکى‌تر ئه‌م قسه له ده‌مت نه‌بيستم…
– به‌ڵام بابه گيان من مه‌جبوورم. ئه‌وه کارى مه‌دره‌سه‌يه و ده‌بێ له سه‌رى بنووسم.
– مه‌دره‌سه بێ مه‌دره‌سه. ئێمه و ئه‌م جوره مه‌کرانه‌يان نه‌ووتوه. به راستى پێت وايه من ئه‌وه‌نده حيزم ريگه بده‌م تۆ بچى بۆ شه‌وگه‌ڕاڵى له گه‌ڵ هه‌تيو مه‌تيوى سويدى؟!
– بابه گيان من نه بۆ حيزايه‌تى ده‌چم نه بۆ شه‌وگه‌ڕاڵى. خۆ تۆ هه‌م هانا ده‌ناسى و هه‌م مارتين و داويد.
– نه‌خێر، ئيمکانى نيه! حه‌قت نيه بچى.
– باشه بۆ بابه گيان؟! بۆچى ده‌رگاى مال ٢٤ سه‌عاته‌ى خوا بۆ کاوان ئاواڵه‌يه؟ مه‌گه‌ر فه‌رقى کاوان و من چيه؟!
حه‌مه سوور بووه‌وه. په‌ڵامارى برده سه‌ر سا‌را؛ پشت مڵى گرت؛ به هه‌موو هێزى خۆيه‌وه رايوه‌شاند و به سه‌رى دا گوڕاند:
– چۆن فه‌ڕقتان چيه؟ کاوان کوڕٍه و تۆ کچى! نا‌زانى يه‌عنى چى؟ يه‌عنى تۆ بێ ئابڕوو ده‌کرێى به‌ڵام ئه‌و نا. تۆ سوارت ده‌بن، به‌ڵام کاوان سوار ده‌بێ… نا‌زانى ئه‌م فه‌رقه چه‌نده زۆره… وه‌ڵاغ؟!
٭٭٭
ده‌ستى بێ چه‌قو پڕ ده‌داته لاقى سا‌را و له ژێر مێزه‌که ده‌يکێشێته ده‌ره‌وه. چه‌قو دێته خوار و په‌نجه‌ى ناوه‌راستى سا‌را که به ته‌ماى پاراستنى سينگى بوو، له گه‌ڵ خۆى ده‌با و سينگيشى ده‌نگێوێ. سا‌را ده‌قيژێنێ. ده‌سته‌کانى دووباره به‌ره‌و چه‌قو ده‌گرێ، به‌ڵام بێ سوود. چه‌قو ده‌ستى راستى داده‌ماڵێ؛ له سه‌ر سيپه‌لاکى ده‌گيرسێته‌وه و به‌ر به هه‌ناسه‌ى ده‌گرێ. جينگڵ ده‌دا، لاق ده‌کوتێ و له خوێنى خۆى‌دا ده‌گه‌وزێ. ئێستا ئيتر ته‌نيا تارمايى دێوه‌زمه‌که ده‌بێنێ که هه‌روا ده‌ست ده‌وشێنێ، دا‌دێته‌و‌ه و راست ده‌بێته‌وه. سا‌را بۆ له‌حزه‌يه‌ک دێوه‌زمه‌که‌ى له به‌ر چاو وون ده‌بێ و خۆى له ماڵى هانا ده‌بينێ.
٭٭٭
يه‌که‌م جار له ماڵى هانا چاويان به يه‌ک که‌وت. يووناس هاوڕێى سه‌يوان براى هانا بوو. کوڕێکى شيرين و قسه‌خوش. له باخچه‌ى مندالان‌دا کارى ده‌کرد و سه‌رۆکى گروپى “خه‌بات دژى ره‌گه‌زپه‌رستى” بوو. سا‌را و يووناس چه‌ن جارى‌تريش له مالى هانا يه‌کتر ده‌بينن و شه‌يداى يه‌ک ده‌بن. هانا رازدارى سا‌را بوو و هه‌ر کات يووناس بهاتبايه ماڵيان، ساراى ئاگادار ده‌کرد. حه‌مه له سه‌ر هاموشۆى سا‌را بۆ ماڵى هانا قسه‌يه‌کى نه‌بوو. له گه‌ڕه‌کێک دابوون و ماله‌که‌يان لێک نزيک بوو….
– هانا گيان خوزگه‌م به خۆت. بريا دايک و باوکى منيش وه‌ک دايک و باوکى تۆ بووايه‌ن. ئاخر چ له‌وه ناخۆشترکه ئينسان ماڵى خۆى لێ ببێته زيندان و دايک و باوکى لێ ببنه پاسه‌وانى بێره‌حمى چوار ديواره‌که؟
– سا‌را گيان، پێت وانيه ئه‌گه‌ر باوکت بزانێ يووناس چ کوڕێکى باشه، رازى به دڵدارى و په‌يوندیتان بێت؟
– خوا به‌و روژه نه‌کا بزانێ! بێت و بزانێ سه‌رم هه‌ڵده‌قه‌نێ. هه‌رگيز ناتوانێ قه‌بووڵ بکا که کوڕێک، ئه‌ویش سويدی، چاو ببڕێته نامووسه‌که‌ى.
– ئه‌ى خۆ قه‌رار نيه به گيسى سپى له ماڵى باوکت دا بڕزێى! رۆژێک هه‌ر ده‌بێ باوکت قه‌بووڵ بکا که ده‌سبه‌ردارىئه‌و نامووسه بێ و به که‌سێکى‌ترى بسپێرێ!!
– ئه‌رێ خۆ راسته. به‌ڵام ئه‌و به ته‌مايه من به مه‌يلى ئه‌و و به پێى رێ و ره‌سمى ئه‌و شوو بکه‌م.
– ده‌ى باشه ئه‌گه‌ر يووناس بێت بۆ خوازبێنى تۆ، باوکت ده‌ڵێ چى؟
– باوه‌ڕ ناکه‌م رازى بێت. جگه له‌وه يووناس چۆن ده‌توانێ بێ بۆ خوازبێنى من له کاتيک‌دا ئێمه هيچ ته‌جره‌به‌يه‌کمان له ژيانى هاوبه‌ش له گه‌ڵ يه‌کتر نيه؛ يه‌کترمان هه‌ڵنه‌سه‌نگاندووه و نازانين داخوا رازی به ژيانى هاوبه‌ش ده‌بين يا نا…
– باشه، نا‌کرێ يووناس بێت بۆ لاى باوکت و باسى ئه‌ڤیندارى خۆى و تۆى بۆ بکات؟ خۆ ده‌کرێ له پێشه‌وه ئاڵقه‌ى ده‌زگيرانى بکه‌نه ئه‌نگوستى يه‌کتر و دواى ئه‌وه‌ى به باشى يه‌کترتان ناسى، زه‌ماوه‌ند بکه‌ن!
– به‌ڵام باوکم هه‌ر بێت و هه‌ست به‌وه بکا که من که‌سێکم خۆش ده‌وێ، ئيتر رێگه‌ى ماڵى ئێوه‌شم لێ ده‌بڕێ. خۆت ده‌زانى که ئه‌گه‌ر به يارمه‌تى جار و باره‌ى تۆ نه‌بێ، رێگه‌ى چوونه ناو شار و جه‌ژن و شتى واشم نامێنێ.
– سا‌را گيان، ئه‌م نهێنییه رۆژێک هه‌ر ئاشکرا ده‌بێ. به راى من له گه‌ڵ يووناس به جۆرى ساخ ببنه‌وه و له گه‌ڵ باوکت قسه بکه‌ن. من ترسم له‌وه‌يه باوکت به جۆرێکى‌تر له مه‌سه‌له‌که ئاگادار بێت و به‌ڵايه‌کت به سه‌ر بێنێ. ئه‌ى نا‌کرێ له گه‌ڵ ياريده‌رى دايره‌ى کۆمه‌ڵايه‌تى قسه بکه‌ى، به‌ڵکوو ئه‌وان بتوانن به شێوه‌يه‌ک له گه‌ڵ باوکت قسه بکه‌ن؟
– نازانم… من ئێستا ئيتر ته‌مه‌نم ٢١ ساله. دڵنيام که له جواب‌دا پێم ده‌ڵێن که ئيتر له بارى قانوونه‌وه خۆم ده‌توانم چاره‌نووسى خۆم ديارى بکه‌م و به‌رنامه بۆ ژيانم دابڕێژم. به‌ڵام موشکيله‌که له‌وه دايه که باوکم و باوکى ئيمه‌مانان قانوونى خۆيان هه‌يه و تا قانوونى ئێره بيهه‌وێ بێته فرياى من، ئه‌مه‌ى‌تريان منى نيوه‌گيان کردووه.
– حه‌قته نيگه‌ران بى. قانوونى ئێره هه‌ر چه‌ند به گشتى له قانوونى ووڵاتانى روژهه‌ڵات باشتره، به‌ڵام زۆر که‌لێنى تێدا هه‌يه که دژى من و تۆى په‌نابه‌ره. دوور بێ له تۆ؛ خۆ کچه فه‌لستينيه‌که‌ت له بير‌ماوه که باوکى به نێوى “پارێزگارى له شه‌ڕه‌ف» کوشتى و دادگا به بيانووى “جياوازى فه‌رهه‌نگى” و ئه‌وه‌ى که خه‌لکى وولاتانى روژهه‌لاتى ناوه‌راست ره‌سم و ياساى تايبه‌ت به خۆيان هه‌يه، حوکمى باوکه بکوژه‌که‌ى دابه‌زاند و زيندانيکى که‌مترى بۆ بڕايه‌وه!
– ئه‌ى بۆ مناڵه دوو ساڵانه‌که ناڵێى. باوکى له قاتى سێهه‌م، له په‌نجه‌ره‌ڕا فڕێى‌دايه ده‌ره‌وه و دادگا له ژێر نێوى “کو‌لتوور و ئايينى جياواز” و ئه‌وه‌ى که له‌و کولتووره‌دا دايک و باوک مافى ئه‌وه‌يان هه‌يه که مناڵه‌کانيان ته‌مبێ بکه‌ن، حوکمى که‌مترى بۆ ديارى کرا؛ له حاڵێک دا ئه‌گه‌ر مرۆڤێکى سويدى ئه‌م کاره‌ى کردبا و کابرا به نه‌خوش ده‌رنه‌چووبا، لانى که‌م دوو سال زياتر حوکمى بو ده‌رده‌چوو.
– سا‌را گيان، هيوادارم دادگا هه‌رگيز ناوى تۆ به خۆيه‌وه نه‌بينێ…
٭٭٭
گۆرانى بێژ، خه‌م دايگرتووه‌وه و مه‌حزوون ده‌چرێکێنێ: “باخچه‌ى پاشا له‌م به‌ر ئاوه… له‌م به‌ر ئاوه / خێڵى دوژمن ده‌وره‌ى داوه…/ ئه‌رٍۆم، رێگام لێ گيراوه …”
سا‌را ئيتر هه‌ست به ژان ناکا. له‌شى به قه‌راى کێوێک قورسه. جووڵه‌ى لێبڕاوه و ته‌نانه‌ت ناتوانێ قامکێکيشى هه‌ڵبێنێ. هه‌رچى ده‌کا بژۆڵکه‌کانى بۆ له سه‌ر يه‌ک ناترازێن. جار جار شتێک له حه‌واوه ديته خواره‌وه و له له‌شى رۆده‌چێ. بۆ يه‌ک له‌حزه قورسايى له سه‌ر چاوه‌کانى لاده‌چێ و ئارام چاوه‌کانى ده‌کاته‌و‌ه. باوکى ده‌بينێ که به سه‌ریه‌وه هه‌ڵوه‌ستاوه. ئه‌مجار روخسارى يووناس به بزه شيرينه‌که‌يه‌وه هاته به‌ر چاوى…
٭٭٭
حه‌وتوويه‌ک له‌وه پێش، له گه‌ڵ يووناس بوو به باسيان:
– سا‌را گيان، من ئيتر له‌وه زياتر رازى به دريژه‌دان به‌م دڵداريیه نيم. من و تۆ يه‌کترمان خۆش ده‌وێ و له ووڵاتێکى ئازاد‌دا ده‌ژين. ده‌ى که‌وايه بۆ ده‌بێ به دزيیه‌وه يه‌کتر ببينين؟! تا که‌ى ده‌بێ سێبه‌رى باوکت قورسايى بخاته سه‌ر ئه‌ڤینى من و تۆ؟!
– تۆ له يه‌ک شت ناگه‌ى و ئه‌ويش ئه‌وه‌يه که من له بنه‌ماڵه‌يه‌ک‌دا ده‌ژيم که وا به ئاسانى ره‌وشته‌کانى ناگۆڕدرێ. من دڵنيام که له گه‌ڵ باوکم تووشى موشکيله ده‌بين…
– ئازيزه‌که‌م تۆ خۆت به‌شێک له‌و بنه‌ماڵه و ئه‌و ره‌وشتانه‌ى که باسى ده‌که‌ى. ئه‌م ره‌وشتانه که‌ى و چۆن قه‌راره بگۆڕدرێن؟! به هيواى خه‌ڵکى‌تر بێن و زه‌حمه‌ت بکێشن ره‌وشته‌کانى دايک و باوکت بگۆڕن؟! ئه‌گه‌ر دلنياى که تووشى موشکيله ده‌بين، ده‌ى تا که‌ى ده‌تهه‌وى ئه‌مرۆ به سبه‌ى پێ بکه‌ى؟ مه‌گه‌ر موشکيله‌که به‌م جۆره چاره‌سه‌ر ده‌کرێ؟ خۆت ده‌زانى که ره‌وشتى ژيانى باوکت هيچ کات له گه‌ڵ بير و راى تۆ يه‌ک ناگرنه‌وه و رۆژێک هه‌ر مه‌جبوور ده‌بن ريگاکانتان له يه‌ک جیا بکه‌نه‌وه و هه‌ر که‌سه ريگاى خۆى بگرێته به‌ر. وه‌دواخستنى ئه‌و رۆژه ته‌نيا به زه‌ره‌دى تۆيه و کۆيله‌تى خۆت درێژه پێده‌ده‌ى.
– قسه‌که‌ت راسته، به‌ڵام نازانم بڵێم چى. لام وايه رۆژيک باوکم خۆى به‌و نه‌تيجه‌يه بگات که بۆچوونه‌کانى ئيتر له گه‌ڵ ژيانى ئه‌مرۆ دا ناگونجێن…
– باوانه‌که‌م، خۆزگه ده‌مزانى ئه‌و رۆژه که‌ى بێ! مادام که ئينسان خۆى هه‌وڵ بۆ گۆڕ‌انى ژيانى نه‌دا، ئه‌گه‌ر گۆڕانکاریيه‌کيش به سه‌ر ژيانى‌دا بێت، سووديکى واى بۆ ئه‌و تێدا نابێ. نا‌کرێ ته‌نيا چاوه‌ڕوانى ئه‌وه بى داخوا باوکت که‌ى خۆى به‌وه بگا که ده‌بێ به جۆرێکى‌تر بڕوانێته ژيان و ره‌وشته کومه‌ڵايه‌تيه‌کان. تۆ لايه‌کى مه‌سه‌له‌که‌ى و ده‌بێ خۆت له وه‌پێش خستنى ئه‌و گۆڕانکاريیه‌دا به‌شدار بى…
– تو باوکم ناناسى. زۆرداره، ته‌نيا قسه‌ى خۆى قه‌بووڵ ده‌کا…
– باوکت ته‌نيا تا ئه‌و کاته ده‌توانێ زۆردار بێ که که‌سێک ملى بۆ که‌چ بکات و سه‌ر بۆ زوڵم و زۆرى دانه‌وێنێ. کاتێ که تۆ له هيچ شتێک‌دا له قسه‌ى باوکت ده‌رنه‌چى، ئه‌ويش پێى وایه که ته‌نيا قسه‌ى حه‌ق له‌م دنيايه‌دا قسه‌ى ئه‌وه! ده‌بێ دوو قسه له قسه‌ى ئه‌و بکردرێ و دوو قسه‌ى جياواز له قسه‌کانى خۆى ببيستێ تا حاڵى ببێ که که‌سى‌تريش له‌م دنيايه‌دا هه‌يه و قه‌رار نيه قسه هه‌ر قسه‌ى ئه‌و بێ!
– له گه‌ڵتام، يووناس گيان. تا ئێستا هيچ هه‌وڵێکى ئه‌وتۆم بۆ گۆڕ‌انى ئه‌م وه‌زعه‌ى که تێيدام، نه‌داوه و هه‌ر بێده‌نگ رام بواردووه. ده‌کرا له گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که رێزى دايک و باوکم ده‌گرم، سه‌ر بۆ شتى ناره‌وا و ره‌وشتى کۆن دانه‌نوێنم…
٭٭٭
ستێريۆ‌که هه‌ر له گه‌ڕ دايه و ده‌نگى گۆرانى‌بێژ ديوار‌ه‌کانى ماڵه‌که ده‌کوتێ: “ناته‌وى ئه‌م زامى سه‌ر دڵه‌م له باتى؟ / هه‌ى هاوار! تفه‌نگى دوژمنيش پێکاتى؟”
حه‌مه که‌وتووه‌ته هه‌ناسه‌بڕکێ. چه‌قوکه‌ى له سينگى سا‌را ده‌ردێنێ. ئيتر ده‌نگى عومه‌ر دزه‌يى نايه. شريته‌که خه‌ريکه هه‌روا خشه خش ده‌سووڕێ. دواى ماوه‌يه‌ک له ناکاو ژووره‌که پڕ ده‌بێ له گرمه‌ى سروود: “ئه‌ى ره‌قيب هه‌ر، ماوه …. که‌س نه‌ڵێ کورد مردووه، که‌س نه‌ڵێ کورد مردووه…” سا‌را له سه‌ر عه‌رز که‌وتووه. چێشتخانه‌که وه‌ک قه‌سابخانه‌يه‌ک شه‌تاڵى خوێن بووه. ئه‌وه‌ى گيان بێ له به‌ر سارا‌دا نه‌ماوه. خه‌ياڵى سا‌را وه‌ک کۆترێکى سپى شه‌که‌ت و ماندوو خه‌ريکه بۆ دوا جار باڵ لێده‌دا و ده‌ڵێى ئێستا نا ئێستا له باڵ لێدان ده‌که‌وێ…
٭٭٭
ئێواره که له ماڵ چووه ده‌ر، ووتبووى که ده‌چێته لاى هانا. دواى ئه‌و باوکى به هه‌ڵکه‌و‌ت چوو بوو بو ماڵى هانا و زانيبووى که سا‌را له‌وێ نيه و دواى که‌ميک قسه و باس شکى بردبووه سه‌ر ماڵى يووناس. به يارمه‌تى يه‌کێک له هاوڕێکانى، ئادره‌سى يووناس ده‌دۆزێته‌وه و له به‌ر ماڵى يووناس خۆى حه‌شار ده‌دا. حه‌مه راده‌وه‌ستێ تا سا‌را دێته ده‌ر. سا‌را له به‌ر ده‌رگا، يووناس له باوه‌ش ده‌گرێ؛ به گه‌رمى ماچى ده‌کا و خواحافيزى لێ ده‌کات. حه‌مه خۆى ئاشکرا ناکات و به دواى سارا‌دا دێته‌وه ماڵ. دايکى سا‌را و کاوان له ماڵى پووره مريه‌م بوون و نه‌گه‌رابوونه‌وه.
حه‌مه، شريتى عومه‌ر دزه‌يى ده‌خاته سه‌ر ستێريۆ‌که و تا ئاخر ده‌نگى ده‌داتێ. چه‌قويه‌ک هه‌ڵده‌گرێ… گۆرانی “گولی خوێناوی” ته‌واوى ژووره‌که داده‌گرێ: “بڕوانه، بڕوانه، شاييه، چۆپيیه له‌و ماڵه…”
بۆ خویندنەوەی زۆرتر کلیکی ئیرە بکە…