تازەترین بابەترەخنە و ئەدەبعەبدولا سلیمان مەشخەلوتار

مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی

مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی و  چەند وشەیەک سەبارەت بە نووسەرانی کۆنەپەرست

نووسینی: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

لەجیاتی پێشەکی

 

* نووسەر بۆ ئەوەی بژێت دەبێ پارە پەیدا بکات. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بژێت و بنووسێت لە پێناو پارەدا.   کاڕڵ مارکس

* نووسەر لەوانەیە زۆر باش خزمەتی بزووتنەوەی مێژوویی و زمانحاڵەکەی بکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانی دایبهێنێ.  کارڵ مارکس

* بەردەوام بە لە خوێندنەوەی کتێب، بەڵام لەیادت نەچێ کە کتێب تەنها هەر کتێبە، تۆ دەبێ فێر بیت بیر لە خۆت بکەیتەوە.  مەکسیم گۆرکی

* کاتی فێری خوێندنەوە دەبیت، ئیتر بۆ هەمیشە ئازاد دەبن.   فریدریک دۆگڵاس

* سێ کلیل بەرەو سەرکەوتن، بخوێنە بخوێنە بخوێنە.   لینین

* یەکێک لە ڕێگا خێراکانی لەنێوبردنی هەر کۆمەڵگە وەلانانی هونەری مۆسیقاکەیەتی.  لینین

* تۆ تەنها ئەو کاتە دەتوانی ببیت بە کۆمۆنیست کە بتوانی بیر و هۆشت ئاوێزان بە ئاخرین زانیاری و دەستکەوتەکانی بەشەرییەت کردبێ.   لینین

 

 مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی

 

مەبەست لەم مانیفێستە دانانی چوارچێوە و قەید و بەند نییە بۆ ئەدەب و نووسەر، چونکە دەزانین نووسەر بۆ ئەوەی داهێنەر بێ و بتوانێ بە جوانترین شێوە گوزارشت لە جیهانبینی چینایەتی خۆی بکای دەبێ ئازاد بێ. ئازادبوون نە بە مانا بۆرژوازییەکەی کە ئەندامێکی لایەنێکی سیاسیی نەبێ و چینی بۆرژوازی گڵۆپی سەوزی بۆ پێ کردبێ و پشتیوانی لێ بکات، بەڵکو بەمانا کرێکارییەکەی واتە لەدەرەوەی هەژموون و دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژی بۆرژوازی قەراری گرتبێ. هەرکاتێ نووسەری کرێکاریی ئەو مەوقیعییەتەی بەدەست هێنا، ئیتر دەقەکانی هەرگیز ناکەونە تەڵەی خزمەتکردن بە بورژوازییەوە. لەلایەکی تریشەوە دەبینین ژمارەیەکی زۆر نووسەر دەقی ئەدەبیی دەنووسن و دەیانەوێ گوزارشت بکەن لە خەبات و تێکۆشانی چینایەتی کرێکاران لەدژی سەرمایەداران، بەڵام ڕەنگە بەپێی پێویست زانیاری پێویستییان نەبێ لەسەر ئەدەبی کرێکاریی و ماهییەتی چینایەتی ئەم ئەدەبە و ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییەی ئەدەب دەیگێڕێ لە کێشمەکێشەکانی چینی کرێکار لەگەڵ بۆرژوازی. ئەمە جگە لە پێویستی خۆ سازدان و خۆ ئامادەکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەدەبی بۆرژوازی. لێرەوەیە ئەم نووسینە یان ئەم (مانیفێستە) گرنگی خۆی دەسەپێنێ.

(١)

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەدەبی کرێکاریی گەڕانەوەیە بۆ ئینسان. دەستبردنە بۆ ئەو ئەبزار و ماتریاڵانەی کە واقیع دەیخاتە بەر دەست بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ژیان و خەونی ئەو مرۆڤانەی کە جگە لە گرتنەبەری ڕێگای خەبات، چارەیەکی دی شک نابەن. دووبارە بنیادنانەوەی ژیان و خەونی ئینسان لە وەهم چی ناکرێ، بەڵکو هەر لەو ئینتمایەوە دێتە بوون کە تەواوی ئەدەبی بۆرژوازی خۆی لێ بێبەری دەکات. ئەویش ئینتمای ئەدەبە بۆ واقیع و ژیان. ئینتمای ئەدەبە بۆ چین، ئینتمایە بۆ هێزی بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە کە تروسکەی ئومێد لە جووڵە و کردار و هەوڵەکانیدا وەک مرواری بەر هەتاو دەبریسکێتەوە. دەستگرتن بەم ئومێدە، دەستگرتنە بەو ڕوحییەتە شۆڕشگێڕانەیەی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو دەستی پێوەگرتووە، بارگاوی بوون بەو ئومێدە و جێخستنی زیاتری ئەم ڕوحییەتە شۆڕشگێڕانەیە ئەرکی بێ ئەملاوئەلای ئەو ئەدەبەیە کە ئێمە و ئەدیبانی وەکو ئێمە ئاڵا هەڵگریین.

(٢)

بەو پێیەی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی جیهان لەبەردەم هەڵکشان داکشانێکی بەردەوام دایە.سیستەمی بازاڕی ئازاد و لیبڕالیزمی نوێ جگە لە تووندکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی کرێکاران دیارییەکی تری بۆ بەشەرییەت پێ نییە، کرێکاران و خەڵکی بەشمەینەت نالەبارترین دۆخی سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی خۆیان دەگوزەرێنن، ژێرخانی ئابووری زۆرێک لە کۆمەڵگەکان دووچاری لەبەریەک هەڵوەشانەوەیەکی مەترسیدار بۆتەوە، چینی کرێکار جگە لە مەینەتییەکانی کار و ژیان، دەرگیری سیاسەتێکە کە کۆمەڵی بازرگانی سیاسیی سەرقاڵن پێوەی و کە بەم هۆیەشەوە ئاستی ژیانی خەڵک فەلاکەتبارە و  بەگشتی لەژێر هێڵی هەژارییەوەیە. کەمبوونەوە یان نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، کەمبوونەوە یان نەبوونی بیمە تەندروستییەکان، کەمبوونەوە یان نەبوونی کار و بیمەی بێکاری، کەمبوونەوە یان نەبوونی ئاستی گونجاوی خوێندن لە قۆناغەکانی خوێندندا، کەمبوونەوە یان نەبوونی ئاسایش و دڵنیایی ژیان لای خەڵک، ئەمە سەرباری گرانی بازاڕ و شەڕ و ئاوارەیی و بەدبەختی کە بەرۆکی ئینسانەکانی سەر ئەم هەسارەیەیان گرتووە. لە دۆخێکی وادا ئەدەبی کرێکاریی ناتوانێ ڕۆڵێکی بێلایەن بگێرێت، ناتوانێ بێدەنگی هەڵبژێرێت، ناتوانێ قسە نەکات و جیهەتگیری خۆی بۆ خەڵکی بەشمەینەت بەیان نەکات. جیهەتگیریی شوناسی ئەو ئەدەبەیە کە ئێمە بە جیدیی قسەی لەسەر دەکەین و ئینتمامان بۆی هەیە. ئەدەبی کرێکاریی لە هەلومەرجێکی ناسەقامگیری وادا دەبێ جەربەزانە بێتە مەیدان و گوزارشت بێ لەو دۆخە نەخوازراوە. دەبێ ئاوێتەی ئەو بەرگری و خەبات و تێکۆشانە بێت کە دەیانەوێت ئەو هەلومەرجە بگۆڕن، بەڵام گۆرانێک بە قازانجی خەڵکی ستەمدیدە.

(٣)

ئەدەبی کرێکاریی جگە لەوەی سەرسەختانە دژی پایەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی دەوەستێتەوە و دەجەنگێ، لەهەمان کاتیشدا تێدەکۆشێ بەڕەخنەی جیدیی لەو پایانە و دەرهاویشتەکانی، ڕووی ئەو دونیا بێ چینایەتییە نیشان بدات کە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەوێنیەتی. پایەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە قەد پانتایی دونیا  بوونەتە مایەی دەرهاویشتنی کۆمەڵێ دیاردە و گرفت و دەرد بۆ ژیانی ئینسانەکان. هەر لە شەڕ و ئاوارەیی، کوشتن و بڕین، زیندان و ئیعدام و هەژاریی و برسێتی و خەمۆکیی و فەحشا و دۆخە دەروونییە نەخوازراوەکانی ئینسان تا دەگاتە بێکاریی و نانبڕاوکردن و ..تاد، کۆمەڵە دەردێکن شانی ئینسان هەڵیان دەگرێ و دەسەڵاتی کۆنەپەرستی بۆرژوازی و کۆمەڵگە شانی خۆیانیان لێ خاڵی کردۆتەوە. لێرەوە ئەدەبی کرێکاریی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ لە ڕیسواکردن و دەرخستنی ماهییەتی(جەوهەری)دژی ئینسانی ئەو کۆمەڵگە و دەسەڵاتانەی ئەو کۆمەڵگەیە بەڕێوە دەبەن. ڕۆڵ دەگێڕێ لە نابوودکردنی ئەو بەرگریکارانەی کە بەرگری دەکەن لە مانەوەی دۆخی مەوجود. ڕۆڵ دەگێڕێ لە لێدان لە پایەکانی ئایدیۆلۆژی بۆرژوازی. لە ئەدەبی بۆرژوازی بەهەموو لق و بەشەکانییەوە. ئەدەبی کرێکاریی (ئەگەر ڕوونتر بدوێین) ئەدەبێکە دژ بە نیزامی سەرمایەدارییە کە سەروەت و سامانەکەی لەسەر خوێنمژینی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش هاتۆتە دەست. دژی خانەوادە و خێزانی بوۆژوازییانەیە کە بناغەکەی لەسەر چەوسانەوەی ئینسان دامەزراوە، دژی نیشتمان و نیشتمان پەرستییە کە ڕۆژانە لە گۆشە و کەنارەکانی ئەم جیهانە و لەژێر ناوی پاراستنی نیشتمان هەزار هەزار ڕۆڵەی کرێکار دەکوژرێ و خوێنی دەڕژێ و بە سەدان هەزاریش ئاوارە و بێ خانە و لانە دەکرێن. دژی ئایینە بە هەموو فۆرمە کۆن و نوێیەکانییەوە. بەمجۆرە ئەدەبی کرێکاریی دژ بە سەرجەم ئایدیۆلۆژی بۆرژوازی لە جەنگیکی نەبڕاوە دایە.

(٤)

ئەدەبی کرێکاریی ئەدەبێکی سیاسییە. ئەدەبی چینێکە کە سەرقاڵی خەبات و سیاسەتکردنە لە پێناو دۆزینەوەی کلیلی چارەسەر و کردنەوەی تەلیسمی ئەزەلییەتی بۆرژوازی کە تەواوی فەرهەنگی زاڵ و سەرخانی ئابووری کۆمەڵگە تەبلیغی بۆ دەکەن. ئەدەبی کرێکاریی ئەدەبێکە بە ئاشکرا ئینتمای سیاسیی – چینایەتی خۆی بۆ چینی کرێکار دەردەبڕێ. ئەم ئەدەبە لە سیاسەتکردن ناترسێ و سڵ لەوەش ناکاتەوە بە ئەدەبێکی سیاسیی ناوزەدبکرێ. سڵ لەوەش ناکاتەوە پێی بوترێ ئەدەبی مارکسیزم، چونکە بە کردەوە مارکسیزم سێبەر دەخاتە سەر ئەو ئەدەبە. ئەدەبی کرێکاریی بێ سیاسەت و سیاسەتکردن مانایەکی نابێت. مادام ئەم ئەدەبە بە چینی کرێکارەوە پەیوەستە،مادام ئاوێتەی خەباتی ئەو چینەیە، بۆیە ئەدەب و چینی کرێکار، وەکو حیزب و چینی کرێکار دووانەن و ناتوانرێ لێک داببڕدرێن. پێوەندی نێوان سیاسەت و ئەدەب، پێوەندییەکی لەمێژینەیە. ئەدەبی بۆرژوازی بەپێی جەوهەر و ڕۆڵە ناشیرینەکانی لە جەنگە چینایەتییەکەی لەگەڵ کرێکاران، زۆرجار ئیدیعای سەربەخۆیی دەکات لە سیاسەت و حیزب، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکی ستەمدیدە و چەوساوە. دەڵێن دەبێ ئەدەب لە سیاسەت جیا بیت، دەڵێن دەبێ ئەدەب چینایەتی یان کرێکاریی نەبێت، بێئەوەی ساتێک لەبیریان چووبێتەوە کە ئەدەبەکەی خۆیان ( ئەدەبی بۆرژوازی) هەم سیاسییە و هەمیش چینایەتییە بێئەوەی پێویست بکات بە ئاشکرا ئەو پەیوەندییە بەیان بکەن. بەڵام تا ئەوپەڕی بێشەرمانە بەبێ شەرمی هاوار دەکەن و دەنگ هەڵدەبڕن کە ئەدەبی کرێکاریی حیزبییە و سیاسییە. بەڵێ ئەدەبی ئێمە مادام دژ بە ئایدیۆلۆژی بۆرژوازییە، مادام دژ بە بناغەکانی دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەدارانە، ئەدەبێکی سیاسییە. لەهەمان کاتیشدا مادام ئەدەبەکەی ئێمە( ئەدەبی کرێکاریی) لە بەرژەوەندی کرێکاران دایە لە جەنگی چینایەتی، کەوایە ئەدەبێکی چینایەتییە و بارگاوییە بە ئاسۆیەکی ئینسانی بەرز کە بێ هیچ دوودڵییەک دەچێتە سەنگەری پاراستنی بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران لەدژی سەرمایەداران.

(٥)

ئێمەی ئەدیبانی کرێکار دەبێ چینی کرێکار بە ئەدەب و هونەری خۆی ئاشنا بکەینەوە. چینی کرێکار ئاشنا بکەین بە نووسەرانی ڕابردوو و ئێستا، کلتووری چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی خۆی بخەینە بەردەستی. لەڕێی بەرهەمە ئەدەبییەکانمان و دەقەکانمان ( چ نووسراو یان وەرگێڕدراو) دەستییان بگرین و بیان گێڕینەوە سەر گەنجینە لەبن نەهاتووەی ئەدەبیاتی ڕادیکاڵ و ڕوح بەبەرداکردنەوەی پەیوەندی لەمێژینەی نێوان چینی کرێکار و ئەدەب و هونەر و ئامانج و خواستەکانی. ئەگەر ئەمەمان کرد ئەوا توانیومانە لەو ئامانجانە تێبگەین و بەکرداریش ئەو تێگەیشتنەمان بەیان کردووە. بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەو کارە نەکەین ئەوا هۆکارەکە هەرچییەک بێت، نەماتوانیوە لە ئامانجی ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێڕانە حاڵی بین. لێرەوە دەرکردن و بڵاوکردنەوە و وەشاندنی گۆڤار و ڕۆژنامە و سایتی ئەلەکترۆنیی، دەتوانێ وەک زمانحاڵی ئەو ئەدەبە ڕۆڵی گرنگ بگێڕێ لە بردنە پێشەوە و  بڵاوکردنەوەی ئەدەب و هونەری کرێکاریی. چینی کرێکار دەبێ لەڕێگەی هەوڵ و تێکۆشانی ئەدەبی کرێکاریی و ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییەوە. ئەدەبی کرێکاریی و نا کرێکاریی لێک جیا بکاتەوە، تا دەگات بە ناسینی ڕەگەزەکانی ئەدەبی کرێکاریی و وەستانەوە بەرامبەر بە هەموو ئەو هەوڵانەی کە دەیانویست ئەدەبی پرۆلیتاریای سەدەی بیستەم دووچاری پاشەکشە و فەوتان بکەن.

نابێ لەیادمان بچێ کە بزووتنەوەی ڕیالیزمی سۆسیالیستی کە بەو تەوژم و ڕێبازە ئەدەبی و هونەرییە دەوترێ کە لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە وڵاتی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران هاتە ئاراوە و گەشەی کرد و بوو بە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی ئەنتەرناسیوناڵی مەزن. گەشەی ڕیالیزمی سۆشیالیستی هەر تەنها یەکێتیی سۆڤیەتی نەگرتەوە، بەڵکو ئەو دەوڵەتانەشی گرتەوە کە بە دەوڵەتانی سۆشیالیست یان بلۆکی ڕۆژهەڵات دەناسران. ئەم ستایڵە لە بنچینەدا لەسەر کلتووری پرۆلیتاریاوە سەری هەڵداوە. کلتووری پرۆلیتاریاش لە هونەر و ئەدەب پێداگیری ئەدەبە لەسەر خەباتی چینایەتی و بەرژەوەندی کرێکاران دژ بە بورژوازی و سەرمایەداران. ئامانجی ئەم ئەدەبە هەوڵدانە بۆ وێناکردنی ژیان و خەباتی ئەو چینە لە پێناو ڕزگاری یەکجارەکی لە کۆت و بەندی کۆیلەتی بورژوازی. ڕێبازی سۆشیالیستی لە ئەدەب لە دەیەی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و جیکسلۆڤاکیا و پۆڵەندە دامەزرا. ئەو نووسەرانەش کە ڕۆڵیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بریتبوون لە لویس ئاراگۆن و جۆهانس بێچەرو  پابلۆ نیرۆدا. حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤییەت ساڵی ١٩٣٢ بڕیاری لەسەر ڕیالیزمی واقیعی لە ئەدەب و هونەر دا و ساڵی ١٩٣٤ ئەم شێوازە ئەدەبییە لە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی سۆڤییەت کاتێ نوێنەری جۆزێف ستالین ئەندریە زدانۆڤ وتاریکی پێشکەش کرد و بە تووندی جەختی لەوە کردەوە کە ڕیالیزمی سۆشیالیستی بە فەرمی بوو بە ڕێنمایی نیشتمانی کلتووری یەکێتیی سۆڤییەت. بەدەستەوەگرتنی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە بە کردەوە بووە هۆی پشتکردن لە ڕێبازە باوەکانی جیهان لە چەشنی ئیرۆتیک، ئایین، تەجریدگەرایی، سوریالیزم و گوزارشتخوازی. وەک هاوپشتییەکی چینایەتی بەرامبەر بە یەکەمین گۆنگرەی نووسەرانی یەکێتیی سۆڤییەت، لە ٢٦ و ٢٧ ی نیسانی ١٩٣٥ لە شاری شیکاگۆ و بە پاڵپشتی جۆزیف ستالین گرنگترین گۆنگرەی نووسەرانی چەپی ئەمریکا بەسترا، کە شاعیران و ڕۆماننووسان و ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسان تێیدا بەشدار بوون. واڵدۆ دەیڤد فرانک بە پشتیوانی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا بوو بە یەکەمین سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی ئەمریکا. ڕەگی مێژوویی ڕیالیزمی سۆشیالیستیی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. بەڵام ئەم ریالیزمە گۆڕانی بەسەردا هات و پێ بەپێی تێپەڕبوونی زەمەن، ئەمیش لە ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕانەکەی بەتاڵ کرایەوە و خرایە خزمەتی سیاسەتەکانی ستالین و یەکێتیی سۆڤییەت کە ئەوکات چەند هەنگاو لە ئەرکە کۆمەڵایەتیەکانی خۆی دوور کەوتبۆوە.

ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی ئەرکییەتی ناوەڕۆکی ئەو ڕیالیزمە شیبکاتەوە و جارێکی تر بە گەڕانەوە بۆ ئینسان، بە عەزمێکی پۆڵایینەوە پێ لەسەر پایەکانی ئەدەبی کرێکاریی دابگرێت و گەشەی پێبدات.

(٦)

ئەدەبی کرێکاریی خاڵی نییە لە تەکنیک و ئیستاتیکا، بەڵکو هەڵگری جۆرێک لە ئیستاتیکایە کە خاڵی لێوە هەستانی لەسەر بنەمای ململانێی و بەرەنگاری وەستاوە. ئیستاتیکای ئەدەبی کرێکاریی لەو جیهەتگیرییەوە ئاو دەخواتەوە کە ئەدەب ئاوێتەی واقیعی ژیان و خەباتی ئینسانەکان دەبێ لەپێناو ئازادیدا. جوانییەک کە ئەدەبی کرێکاریی لێی بەهرەمەندە و ئەدەبیاتی بۆرژوزی نییەتی بریتییە لە ئومێد. ئومێد بە ئینسان، بە ژیان، ئومێد بە خەبات لەپێناو ژیانێکی ئینسانیی باشتر. ئەم ئومێدە، وزەبەخش و ئیلهامبەخشی ئینسانە لە خەبات. لەدەستدانی ئومێد لە دەقە ئەدەبییەکان (جا چ ڕۆمان، یان شیعر، یان کورتەچیرۆک، یان شانۆنامە..تاد بێ) لەدەستدانی ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی زنجیرەی پرۆسەی نووسینی شۆڕشگێڕانە بۆ بە سەمەر گەیاندنی ئەرکە مێژووییەکان. لە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا گەلێ دەق هەن کە لە خەبات و تێکۆشانی چینایەتیدا بوونە بە ڕوحی سەردەم و وێردی سەرزاری ملیۆنان ئینسان لەوانە سروودی ئەنتەرناسیوناڵی ئۆجین یۆتیە، یانیش کاریگەرییان لەسەر زەینی ئینسانەکان بەئاسانی کاڵ نابنەوە لەوانە ڕۆمانی دایکی مەکسیم گۆرکی و ڕۆمانی جەرمیناڵی ئەمیل زۆلا و ..تاد.

(٧)

چ کۆمیدیایە و لەهەمان کاتیشدا تراژیدیا خوێنەرانێک پشت بەستوو بە تێز و ڕەخنەی ڕەخنەگرانی بۆرژوازیی، پێیان وابێ ئەدەبی ڕادیکاڵ و ئینسانی بەتاڵە لە فکر. بڕواهێنەرانی ئەم تێزە هێندە کورت بینن و هێندە خۆیان بە خاوەن فکر دەزانن، ناتوانن ببینن کە ئەدەبی ئینسانیی و کرێکاریی لێوڕێژە لە فکری ئینسانیی و کاڵایەکە بە باڵای هەڵوێستی ئازادیخوازانەی مرۆڤ لەپێناو پچڕاندنی کۆتەکانی کۆیلەتی ئینسان. ئەم خوێنەرانە (تووتی) ئاسا هەر ئەو ئایاتانە دەزانن و دەڵێنەوە کە ئەدەبی ئیندیڤیجوال _ لیبڕاڵی جیهانیی لەسەرتاسەری جیهاندا دەرخواردی خوێنەرانی دەدەن. ئەو خوێنەرەی پێی وایە ئەدەبی کرێکاری و مارکسیستی خاڵین لە فکر، نە لە کرێکار وەک چینێکی بەرهەمهێنەر و بونیادنەری کۆمەڵگە و ژیان حاڵیبوونە و نە دەزانن مارکسیزم چییە و چ ڕۆڵێکی مێژووی گێڕاوە و دەگێڕێ لەململانێیە چینایەتییە – فیکرییەکان. ئەو خوێنەرانە لەلایەن پەروەردەکەرانیانەوە وا حاڵی کراون کە مارکسیزم بەکەڵکی هیچ نایەت ( بێئەوەی کتێبێکی مارکسیان خوێندبێتەوە) و کرێکاریش هەروەکو تاک دەبینن و هەرگیز بیرکردنەوەیان ڕێی ئەوەیان پێ نادات کرێکار وەکو چین، وەک چینێکی کۆمەڵایەتی ببینن و لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ڕێبازی فیکری و ئەدەب و هونەر بگەن. ئەم جۆرە خوێنەرە کە مەعریفە تەنها لە خوێندنەوەی چەند کتێبێک دەبینن کە زانیارییەکانیان دەستی دوو و دەستی سێیە و زۆر دڵ ڕەشانە سەنگەریان لە مارکسیزم و چینی کرێکار گرتووە. مۆدێلی ڕۆشنبیرانی کوردیش باسی دەردە قێزەوەنەکانی کۆمەڵگە ناکەن، خۆیان لە گەلێ دیاردە دەبوێرن. باسی مارکسیزم و شۆشیالیزم تووشی هیستریا و سەرئێشەیان دەکات. مەسەلەی ژن و منداڵ و قوتابخانە و پەروەردە و بێکاری و..تاد بەکاری خۆیان نازانن. وەک ئەوەی ئەو ڕۆشنبیرە بەڕێزانە لە کۆمەڵگە نەژین..من وای دەبینم قسەکردن لە هەر جومگەیەکی ژیان و کۆمەڵگە،هەر لە سیستەمی بەرێوەبردنی دەسەڵاتەوە بگرە تا دەگاتە چارەسەرکردنی گرفتەکانی ژینگە ئەرکی ڕۆشنبیرانە. ڕەوتی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی جۆرە ڕۆشنبیرێکی سەقەت و ناکارا و نا ئاکتیڤی کۆمەڵایەتی وای بەرهەم هێناوە کە لەگەڵ مانای راستەقینەی ڕۆشنبیر ناکۆکە و ناتوانێ بچووکترین زەمینە بۆ ئاڵوگۆڕ بسازێنێ. داهێنان و هزری ئازادیش لەلایەن ئەم مۆدیلە لە نووسەران و ڕۆشنبیران لەسەر جەستەی میدیای کوردیی قۆرخکراوە بۆ ئەو ناوانەی کە لەلایەن ڕەهەندییەکانەوە گڵۆپێ سەوزیان بۆ پێدەکرێ. بزووتنەوەی ئەدەبیی کوردیی ئاخنراو بە کۆمەڵی ئایدیای وابەستەیی کە تێیدا زەمینەی ئازاد و ڕزگاری نووسەر خۆی لە چوارچێوەیەکدا قەتیس کردووە کە کۆیلەبوونی نووسەر و ڕۆشنبیری کوردیی بەرهەم هێناوە و بەرهەم دەهێنێتەوە. ڕەفزکردنەوەی ئەو قۆرخ سالارییەی نێو بزووتنەوەی ئەدەبی ئیندیڤجواڵ – لیبڕاڵی کوردی لەلایەن نووسەری ئازادەوە هەنگاوێکی سەرەتاییە لەئاستانەی هزرێکی چالاک و کاریگەر کەلەتوانایدا بێت هەنگاوەکانی لە ئەرکە بێ ئەملاوئەولاییەکانی خۆی دەست نیشان بکات و ئەنجامی بدات. کۆمەڵە ئەرکێک کە تا ئەم ساڵانەی دوایش جێی بایەخی جیددی نەبوونە بۆ نووسەران. دەستڕاگەیشتن بە وردبوونەوە و ڕەخنەیەکی قووڵ لەو سونەت و ڕێڕەوە پەیڕەوکراوانەی ناو جیهانی نووسین گرنگە، چونکە تا هزری ئازاد فەراهەم نەیەت، داهێنان بەمانای گشتی وشەکە دروست نابێت.

ئەدەب لە پەیوەندییەکی بە تینە لەگەڵ فکر. ئەدەبی خاڵی لە فکر بوونی نییە. ئەوەی پێی وایە ئەدەبی ڕادیکاڵ و کرێکاریی خاڵییە لە فکر  و فیکریش تەنها لە تێڕوانین و دنیابینی چەند بیرمەندێکەوە ببینێ، پێی بزانێ یان نا، لە هەژارییەکی فیکریی قووڵ دەژێت. ئەوەشی ئەم عەقڵییەتەی بەخشیوەتە ئەم خوێنەرە عەجیبانە هەر ئەو پەروەردەکەرانەن کە لە گروپی ڕەهەندەوە هاتنە دەرەوە و لە ئەنجامیشدا سوپایەک لە خوێنەری ئیفلیجی فیکریی پەیدا بوون و هاتنە مەیدان کە بەبەغا ئاسا هەر خەریکی وتنەوەی قسەی چەند بیرمەندێکن و لەلایەکی تریشەوە دژایەتی ردیکاڵیزمی کۆمەڵگە تووشی هستریایان دەکات.

(٨)

ئەدەبی کرێکاریی ئەدەبی ڕاهێنانی ئینسان نییە لەسەر شوکرانەبژێری و ملکەچکردن لە ئاست نا عەدالەتییەکانی ژیان، بەڵکو ئەدەبی بارهێنانی ئینسانە لەسەر بەگژاچوونەوەی ستەم و دیاردە دزێوەکانی کۆمەڵگە. ئەدەبی کرێکاریی، ئەدەبێک نییە مرۆڤ تەسلیمی قەدەر بکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە قەدەر تەسلیمی ئینسانەکان دەکات. ئەدەبێکە هەوڵ دەدات ئینسان لە وەهمی ئایین و کۆت و بەندی کۆیلەتی دەرباز بکات و ئینسان وەک خۆی ببینێت. واتا ئینسان وەکو ئینسانێکی داهێنەر، خولقێنەر، لەدەرەوەی پەت و زنجیر. بینینی ئینسانی ئازاد و بەهرەمەند لە توانا، تەنها لە توانای بێئەندازەی ئەدەبی ئینسانیدایە. کۆیلە ناتوانێ داهێنەر بێت و ناشتوانێ تا ئاستی ئازادبوون بەرز بێتەوە، ئەگەر لەڕێگەی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییەوە سیستەمی کۆیلەدارییەکەی تەفروتونا نەکات. سیستەمی چینایەتی کەلەسەر چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان دامەزراوە و بناغەکەی لە غەدر و ستەم و زۆر بنیاد نراوە، هەرگیز ڕێ بە ئینسانە ژێردەستەکان نادات ئازادانە ڕەفتار بکەن، بەڵکو لە چوارچێوەی کۆمەڵە یاسایەک بەندیان دەکات و دەیان کاتە دیلی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانیان. ئەدەبی کرێکاریی ڕێک دژ بەم دۆخە دەجەنگێ و هەوڵ دەدات ئەو هەلومەرجە مەینەتبارەی ژیانی ژێردەستەکان لە دەقە ئەدەبییەکان نیشان بدات و گوزارشت بێت لە خەباتیان بۆ ئازادی. دەیەوێت وێنای ئازادی و ڕزگاری بکات، وێنای تەواوی ژیانی ئینسانەکان  بکات بە هەموو جوانی و ناشرینییەکەوە.

(٩)

زمان لە ئەدەبی کرێکاریی بایەخێکی تایبەتی هەیە و نووسەرانی کرێکاری دەبێ خاوەن زمانێکی ڕوون و ڕۆشن بن تا بتوانن مەبەستەکانیان بە جوانی بگەێنن بە خوێنەر. دەقی ئەدەبی (بەتایبەتیش شیعر) گەمەی زمانەوانی نییە تا سەر لە خوێنەری کرێکار بشیوێنرێ و نووسەریش باڵادەستی ئەدەبیی و زمانەوانی خۆی لەڕێگەی گەمەیەکی ناشیرینەوە ئەنجام بدات. زمانی دەقی ئەدەبی کرێکاریی بێ گرێ و گۆڵ و سفت و سادە و بەهێزە لە گەیاندنی مەبەستی نووسەر. ئەدەبی بۆرژوازی و ئەدەبی کرێکاریش چونکە ڕوو بە خەڵک و ڕوو بە نوخبەن، زمانی بەکارهاتوو تیایدا ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ لە نیشاندانی ئاستی باش و خراپی دەق. ئەدەبی کرێکاریی گەرچی زیاتر ڕووی لە خەڵکی ستەمدیدەیە، بۆیە تا دەکرێ دەبێ بەزمانێکی سادە بەڵام جوان و بەرز بنووسرێ. چونکە زمان سەنگی مەحەکی نووسینە و گرنگە زمانی نووسین لەئاستێکی بەرزدا بێ. ئەدەبی کرێکاریی ئەدەبی فەرامۆش کردنی ڕەگەزی زمانی نییە لە دەق، بەڵکو شانبەشانی ناوەڕۆک و پەیامی کۆمەڵایەتی دەق، دەبێ بایەخ بە زمانی نووسینیش بدرێ و پەرەی پێ بدرێ. لەهەمان کاتیشدا مەسەلەی زمان پەیوەندی هەیە بە کێشەی ڕاستەوخۆییەوە (مباشر) لە دەقی شیعریدا. ئەڵێم کێشە چونکە کراوەتە کێشە و خاڵی لاوازی دەقی شیعریی. من پێموایە ڕاستەوخۆیی لە دەربڕینی شیعری کرێکاریی کێشە نییە و شاعیری کرێکاریی هەقی خۆیەتی دەست بۆ ئەو جۆرە ستایڵە لە دواندنی خوێنەر ببات تا ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتیی دەقەکەی بگەێنێتە بە خوێنەر. چونکە جارێکی تر بە پێچەوانەی ئەدەبی بورژوازی، شیعر بەدەر لە پەیام و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی مانایەک نادات بەدەستەوە. بۆیە بیانووگەلی لە چەشنی شیعار و دروشم دان و بەکارهێنان و راستەوخۆیی لە شیعر هۆکارێکە بۆ لە دایکبوونی شیعری مردوو. نەخێر شاعیرانی مردوو ئەو شاعیرانەن کە قسەیان پێ نییە بۆ خوێنەر.  شاعیری بەکاربەری زمانی ڕاستەوخۆ لە شیعر نەک مردوو نییە، بەڵکو لە جێگایەک قەراری گرتووە کە مەکانەتێکی شۆڕشگێڕانەیە و ڕەخنەگرانی بورژوازی حەز ناکەن بەمجۆرە لە بێ پێچ و پەناییە باسی بکەن.

(١٠)

ئەدەبی کرێکاری ئەدەبی جیهەتگیری کرێکارییە. واتە مەرج نییە نووسەری دەقێکی کرێکاریی خۆی کرێکار بێت. یان دەشێ کرێکارێک وەک نووسەری دەقێکی ئەدەبی، هەڵگری ئایدیۆلۆجی بورژوازی بێت. لەکاتێکدا دوور نییە نووسەری دەقێک کرێکار نەبێت بەڵام پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکاران بێت. بۆیە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەدەبی کرێکاریی بەگشتی ئەوەیە کە تا چ ئاستێک پەیوەستە بە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و تا چ ئەندازەیەک پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارە لەدژی سەرمایەداران.

ئەدەبی کرێکاریی، ئەدەبی بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیە..ئەدەبی نیشاندانی ڕووە دزێو و جوانەکانە، ئەدەبی هێرش و ستایشە. ئەدەبی کرێکاری لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی چینی کرێکار و خەبات و تێکۆشانی ئەو چینە لە دژی چینی سەرمایەداری سەرهەڵدەدا و گەشە دەکا. واتە شیعری کرێکاری شیعری ژیان و خەباتی چینی کرێکارە، چیرۆکی نەبەردە چینایەتییەکانی کرێکارە لە دژی بورژوازی و دامودەزگاکانی سەرمایەداری. مۆتیڤی شیعری کرێکاری لەگەڵ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکاری بەرز و نزم دەبێتەوە. باری ناهەمواری ژیانی کرێکاران، سەعات کاری زۆر، کرێی کەم، نەبوونی خزمەتگوازی کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، نا ئەمنی شوێنی کار، ناڕیکخرابوونی کرێکاران، ئامرازەکانی خەبات لە چەشنی مانگرتن و ناڕەزایی بە تاک تاک و بە کۆمەڵ، خۆپیشاندان، تا دەگاتە خەباتی چەکداری و شۆڕش، ئەمانە کۆی بەدەنەیەکی گەورەترن لە ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ دەرخستنی ئایدێندتی ئەدەبی چینایەتی کرێکار. بەرهەمی ئەدەبی کرێکاریی لێرەوە پێناسەی خۆی دەکات و سنووربەندی لەگەڵ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بورژوازی دەکات بەتایبەتیش ئەو ئەدەبە ڕیڤیژینیستەی کە زۆر جار بەناوی کرێکارەوە خۆی نمایش دەکات. شیعری کرێکاری پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی. چینی کرێکار لە خەباتی ڕۆژانەی خۆیدا، سەرباری پێداویستییە سیاسییە – چینایەتییەکانی لە چەشنی ماتریاڵ و ئەبزاری خەباتکارانەی وەکو حیزب و ڕێکخراو ..تاد، پێویستی بە ئەدەب و هونەرێک هەیە کە عەکس کەرەوەی واقیعییەتی خەباتی چینایەتی بێت. پێویستی بەوە هەیە کە بەردەوام لە جۆش و خرۆشدا بێت و هەمیشە ئیحساساتە چینایەتییەکان، داستانە نەبەردەکانی خۆی لە ڕابردوو و ئێستادا بناسێت و لێرەوە وەک پێویستی سەردەم دەست و پەنجەی لەگەڵدا نەرم بکات.

خەسڵەتەکانی ئەدەبی کرێکاریی : بە بۆچوونی من ئەدەبی کرێکاریی بە چەند خەسڵەت و تایبەتمەندییەک دەناسرێتەوە کە بەرچاوترینیان ئەمانەن :

یەک : ئەدەبی کرێکاریی، هەڵقوڵاوی ناو جەرگەی ژیان و خەباتی چینایەتی چینی کرێکارە لە ململانێیی لەگەڵ سەرمایەداران و دام و دەزگا سەرکوتگەرەکانی. ئەدەبی کرێکاریی لە کێشمەکێش و پێکدادانە چینایەتییەکانەوە لە دایک دەبێت و ئاسۆیەک کە پێکدادانە چینایەتییە هەیەتی، دەبێتە ئاسۆ و ئامانجی شیعری کرێکاریی.

دوو : ئەدەبی کرێکاریی، جیهەتگیری تێکۆشانی چینی کرێکارە و پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی ئەو چینەیە. ئەدەبی کرێکاریی گۆرانی خەباتی ژنانی کرێکار و حەسرەتی و سەختییەکانی خەبات و ئاهی پیرەمێردێک و نرکەی منداڵێکی ئیشکەر و سکاڵای دڵی کچێکی ماندووی دەستی کۆنەپەرست و شەکانەوەی ئاڵای ململانێی ناو کارگەکان و هەناسەی زیندانییەک و تاد. لە نیشاندانی هەموو ئەم دیمەنانە و ڕەنگ ڕێژکردنیان بە ئاسۆ و ئامانجی چینایەتی کرێکاریی ئەرکی ئەدەبی کرێکارییە.

سێ : ئەدەبی کرێکاریی، بە ئاسۆیەکی ئینسانییەوە دەڕوانێتە ژیان و تاک و کۆمەڵگە و ئینسانییەتی ئینسان وەک کرۆکی خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. ئەدەبی کرێکاریی لە بەرامبەر ئاسۆی کۆنەپەرستی مەیل و ڕەوتە چالاکەکانی لیبراڵیزم و کۆنەخوازی و ئایینی و نەتەوەییدا دەوەستێتەوە و تێدەکۆشی کرێکار لە جەنگە چینایەتییەکەی خۆیدا بە ئاسۆیەکی ئینسانی و ئەنتەرناسیونالی چەکدار بکات.

چوار : ئەدەبی کرێکاریی، ئەگەرچی لەڕووی تەکنیک و هونەرەوە ڕەنگە بەپێی پێویست نەیتوانی بێت تەکنیکێکی نوێ و ئاخرین دەسکەوتە هونەرییەکانی بەشەر سوود لێ ببێنێت و بەدەستەوە بگرێ، بەڵام وەک یەک ڕەوتی ئەدەبی خاوەن تەکنیک لە ئاستی جیهاندا بوونی خۆی سەلماندووە. چینی کرێکار بە درێژایی مێژووی پڕ لە خەبات و فیداکاری خۆی، خاوەنی جۆرێک لە فەرهەنگ و ئەدەب و هونەری خۆی بووە. پێ بە پێی گەشە و بەرەوپێچوونی قۆناغەکانی خەباتی، ئەدەب و هونەرەکەشی گەشەی کردووە. بەڵام ئەگەر بەراوردی ئاستی تێکۆشانی چینایەتی کرێکار و ئەدەبەکەی بکەین، دەبینین بەردەوام لاوازی ئەدەبی هەبووە. واتە ئەدەبەکەی لە دواتر بووە.

پێنج : سەرجەم دەزگا ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و کارە ئەنسۆلۆژی و سەرچاوەکانی ئینتەرنێتیش کەم تا زۆر ئاوڕیان لەم ڕەوتە ئەدەبییە جیهانییە نەداوەتەوە و بگرە ئاگایانە و هۆشیارانە پشت گوێیان خستووە و لە خەڵک و چینی کرێکاریان شاردۆتەوە یان کەمترین زانیاریان خستۆتە بەردەست.

شەش : تەواوی ڕەوت و ڕێبازە فیکری و هونەری و سیاسییەکانی بورژوازی دەهۆڵی مەرگی کۆمۆنیزم و ئەدەبەکەی دەکوتن و ناوی ئەدەب و شیعری کرێکاریی وەکو ئەدەبێکی بێ ئەرزش دەهێنن و لە ئەدەبی کوردیش وەک ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجی – مەزهەبی ناو دەبرێ و سەفسەتەبازەکانی ناو کایەی رۆشنبیریی کوردیش هەمیشە خۆیان لە ناوهێنانی ئەو ئەدەبە پاراستووە تا بە هیچ شێوەیەک زەینی خوێنەری کورد بەلای ئەو ئەدەبەدا نەچێت. بورژوازی جیهانیش بۆ تەحقیر و تەخدیرکردنی کرێکاران بە سەدان ملیۆن دۆلار سەرف دەکات و سەدان ئۆرگان و ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب بڵاو دەکاتەوە، ساڵانە سەدان فیستیڤاڵ و ئاهەنگ و ساز دەکات و بە دەیان هەزار نووسەر و شاعیر و ئەدیب و قەڵەم بەدەستی کڕیوە و دەکڕێت و کاریان پێدەکات، تا ڕووی دزێوی نیزامی چەوسێنەری سەرمایەداری جوان نیشان بدەن و خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش.

حەوت : بەڵام لەهەڵ هەموو ئەمانەشدا تا چینەکان و جیاوازی چینایەتی لەسەر ڕووی زەوی بمێنێ، ململانێی نێوان کرێکار و بۆرژوازی هەر دەمێنی و ئەدەبی چینایەتی کرێکاریش هەر دەمێنێ.

(١١)

تیئوری ڕەخنەی ئەدەبی کرێکاریی تیئورییەکی بارگاوییە بە مارکسیزم. ئەم تیئورییە توانانی خوێندنەوە و لێکدانەوەی دەقە ئەدەبییەکانی هەیە. خوێندنەوەیەکی کۆمەڵایەتی _ چینایەتی دەق و ئاراستەی فیکریی ناو دەق و نووسەر دەکات و لەهەمان کاتیشدا دەق و نووسەر دەخاتە ژێر شرۆڤە و هەڵسەنگاندنەکانی. لەڕێی ڕەخنەی ئەدەبی کرێکاریی یان مارکسیستییەوە دەتوانرێ سەنگەری ئەدەبی کرێکاریی پتەو و بەهێز بکرێ و لەهەمان کاتیشدا ماهییەتی ئەدەبی بۆرژوازیی دەربخرێ و هەروەها نووسەرانی کۆنەپەرستی بۆرژوازیش بخرێتە بەر نەشتەرگەری ڕەخنەییەوە. ڕەخنەی ئەدەبی کرێکاریی یان مارکسیستیی پایەیەکی گرنگی گەشە و بەرەوپێشچوونی ئەدەبی کرێکارییە. بانیژەیەکە دەتوانین لێوەی تەواوی ئەدەبی بۆرژوازیی ببینین و قسەی خۆمانی لەسەر بکەین. بایەخی چینایەتی ئەم ڕەخنەیە لەوەدیە کە بە ڕوئیا و جیهانبینییەکی ماتریالیستانەی مێژووییەوە دونیا و  دیاردەکان و کۆمەڵگە و مرۆڤ شی دەکاتەوە و ئاوڕ لە کەلەپووری چینایەتی ئینسانەکان دەداتەوە و هەوڵیش دەدات ئاماژە بە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و ژیانی ئینسانەکان بدات. ئەرکێک کە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی پێی هەڵدەستێ، زۆر گەورەترە لە ڕۆڵی دەق و بەرهەمە ئەدەبییەکان. ئەگەر دەقی ئەدەبی کرێکاریی بتوانێ تیشک بخاتە سەر پنتکێکی دیاریکراو لە کۆمەڵگە و ژیانی مرۆڤ، ئەوا ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستیی تەواوی ناعەدالەتییەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی بورژوازی دەخاتە ژێر نەشتەرگەری وشە و لێکدانەوەکانەوە. ڕەخنەی ئەدەبی کرێکاریی هەمیشە لە دەرەوەی مەعمەعەی سیاسیی و سەفسەتەبازەکانی نێو دونیای ڕەخنەی ئەدەبییەوە لە هەوڵی ئەوەدا دەبێ بە قسەی ڕۆشن و بە فاکتی واقیعی ئارگیومێنتی خۆی بخاتە بەردەم و وەڵامی خۆی بە ئاریشە و کێشە بنەڕەتییەکانی بەرەوپێشچوونی ئەدەبی شۆڕشگێرانە بداتەوە بێئەوەی بکەوێتە ناو فەزای کۆنتامینەیتی بورژوازییەوە. فەزای کۆمنتامینەیتی وا کە دەیان ناو و ناولێنانی جیاجیا لە قەیرانەکانی خۆی دەنێن تا بە خەڵکی ستەمدیدە بڵێن ئەها ئەوە ئێمەش ڕێگاچارەمان هەیەو ئاسۆی کارکردنمان ڕوونە. خودی قەیرانی ئەدەبی بورژوازیی بەگشتی و ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی بەتایبەتی لە ئەنجامی نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی کارکردن و داهێنانەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی لەبەردەم بێ بەرهەمییەکی کوشندە دایە و هەر خەریکی خۆ جوینەوەیە. ئەدەبی کرێکاریی تێدەکۆشێ بۆ زیاتر نابوودکردنی ئەو ئاسۆ تاریکەی ئەدەبی بۆرژوازی و خستنەڕووی ئاسۆ و شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی لە میانی دەق و نووسینەکانیدا.

(١٢)

بەو پێیەی کە ئەدەبی کرێکاریی پایەکەی لەسەر ئینسانییەتی ئینسان دامەزراوە، لێرەوە تەواوی ئازادییە تاکەکان و ئارەزوو و خولیا مرۆییەکان تا دەگاتە ئارەزووە هۆمۆسکێسواڵەکان و گۆڕینی جێندەر لەژێر چەتری ئەدەبی ئینسانیی خۆیان دەبیننەوە و لێرەشەوە ئەدەبی کرێکاریی وەکو ئەدەبی مودافیع لەو ئارەزوو و خولیا و ئاواتی تاکە کەسییانە دەردەکەوێ و بە ئەرکی خۆی دەزانێ بەرگریان لێ بکات و سەپۆرتیان بکات. مەسەلەی سێکس و عیشق و خۆشەویستی وەک چالاکی ئینسانیی لە ئەدەبدا ناکەوێتە دەرەوەی بازنەی ئەدەبی ئینسانییەوە، لەمەش واوەتر ئەمڕۆ ئەدەبی بورژوازیی خۆی کردۆتە خاوەن و وارسی ئەدەبی ئیرۆتیکیی و ڕۆمانسیی و سێکسیی، لەبەر ئەوەی سێکس چالاکییەکی بایۆلۆژییە و سەرباری چێژ و خۆشی، هۆکاریکیشە بۆ وەچە خستنەوە و درێژەدان بە ژیان کە لە بنچینەدا جێگای لەنێو بازنەی ئەدەبی کرێکاریدایە و هیچ پەیوەندییەکی بە ئەدەبی بورژوازییەوە نییە ئەوە نەبێت کە بورژوازی ویستویەتی و دەیەوێت سێکس بکاتە کاڵا وەک سەرچاوەیەک بۆ بەدەستهێنانی سەرمایە.

ئەدەبی کرێکاریی ڕاشکاوانە بەرگری لە دەقە ئیرۆتیک و سێکسییەکان دەکات و هەروەها سەپۆرت و گوزارشت لە حەز و خولیای ئینسانی هۆمۆسکێشواڵەکان و گۆرینی جێندەر دەکات. ئەدەبی کرێکاریی لە پەیوەندییەکی توند و تۆڵ دایە لەگەڵ ئەدەبی فیمینیستیی. چونکە ئەم ئەدەبە وەک ئەدەبی بزووتنەوەیەکی ئینسانیی کە خوازیاری یەکسانی ژنان و پیاوانە و لەهەمان کاتیشدا پێداگری لەسەر مافە بنەڕەتییە ئینسانییەکانی ژنان دەکات لە مەیدان و کایە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵگە.

(١٣)

لە دونیای ئەدەبیاتدا شتێک نییە بە ناوی ئەدەبی ژنان و ئەدەبی پیاوان و ئەدەبی لاوان و ئەدەبی ڕەشپێستەکان و ئەدەبی ناو و ناتۆرەی جیاواز. ئەم ناولێنانانە، ناولێنانی بورژوازین تا ژنان و پیاوان لە بواری داهێنانی خەیاڵی و ئەدەبیدا لێک جیا بکەنەوە و نەهێڵن لە بەرەیەکدا بەرەی ئینسانی شۆڕشگێڕ پێکەوە دەست لەناو دەست یەکگرتوانە خەبات بکەن و داهێنان پێشکەش بە مرۆڤایەتی بکەن. لە گۆشەنیگای ئەدەبی کرێکارییەوە ئەم پۆلینکردنانە بەتەواوەتی ڕەت دەکڕێتەوە. وەک چۆن نوخبە لە ئەدەبی کرێکارییدا بوونی نییە و جێگای ڕەخنەی جیدییە و لەئەدەبی بورژوازی پیرۆز دەکرێ، ئاواش هەر دابەشکارییەک لەسەر بنچینەی جێندەر، سێکس، تەمەن، ڕەنگی پێست، سنووری جوگرافیا و نەتەوە لە ئەدەب جێگای ڕەت کردنەوەیە. لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە ئەدەبی منداڵان بکەم. ئەم ئەدەبە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە چونکە لە پەیوەندییەکی بەهێزدایە لەگەڵ پەروەردەی کۆمۆنیستی. گرنگە منداڵان پشتگیریی بەهرە و تواناییەکان بکرێت و کار بکرێت ئەو بەهرە و توانایە بچێتە ئاستێکی شیاو و گونجاو. گرنگە نەهێڵێن منداڵان بە خورافەی ئایینی و بە ترس و تێکشکاندنی کەسایەتی ئەو نا تەندروستانە لەناو کۆمەڵگە بدرێنە دەست چارەنووسێکی تاریک. ئەدەبی کرێکاریی دەبێ بایەخی جیددی بە ئەدەب و پەروەردەی ئینسانیی منداڵان بدات. گرنگە زامنی داهاتووی گەش و ڕووناک لەسەر دەستی نەوەی نوێی هەڵگری پەروەردەی کۆمۆنیستی بێتە دی. ئەدەبی منداڵان دەتوانێ زەین و هۆشی منداڵ لەسەر بەها و ماتریاڵە گرنگەکانی ژیان ڕابێنێ و گەشە پێبدات. ئەدەبی کرێکاریی دەبێ بە ئەرکی خۆی بزانێ برەو بە ئەدەبی منداڵان بدات و ئەو ئەدەبە بارگاوی بکات بە بەها ئینسانییەکان.

(١٤)

بە بۆچوونی من شیعر بە هیچ شێوەیەک ئیلهام نییە، بەڵکو کاریگەری واقیعە لەسەر هەست و نەستی ئینسانەکان. ئینسانەکانیش وەکو دژەکردارێک لە بەرانبەر ئەو کاریگەرییە، دێن گوزارشت لەو واقیعە دەکەن و بە ئاستی جیاجیا پەیوەندی خۆیان و واقیع نیشان دەدەن، کە  تا چ ئەندازەیەک ئەو واقیعەیان قەبوڵە یان ڕەتی دەکەنەوە. پێویستی بەکاربردنی دەستەواژەی ئیلهامیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە شاعیران هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن خۆ لە خەڵک داببڕن و جیا بکەنەوە. بە وتەیەکی دی ئیلهامبوونی شیعر برەودانە بە نوخبەوییەت، ئەمەش ڕەگی چینایەتی خۆی هەیە و ئاو لە ئایدیۆلۆژی بورژوازیی دەخواتەوە. بۆیە ئیلهامی شیعریی هیچ پەیوەندییەکی بە شیعری ڕادیکاڵ و کرێکارییەوە نییە و ئەم دەستەواژەیە لە فەرهەنگی ڕادیکاڵی کرێکاریدا هیچ جێگایەکی نییە و خۆ ئەگەر نا هۆشیارانەش بەکاربهێنرێت ئەوا جگە لە تەقلیدێکی بورژوازیانە هیچی تر نییە.

(١٥)

مێژووی ئەدەبی کرێکاریی مێژوویەکی دیاریکراو نییە تا بزانرێ لە چ سات و ساڵی دەستی پێکردووە و کەی کۆتایی دێ. لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی بۆرژوازی لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداری، کە کۆیلەتی بەرهەم هێنا، خەباتیش بۆ ڕزگاربوون لەو کۆیلەتییە دەستی پێکردووە. ئینسانەکانیش بە هونەر و ئەدەب گوزارشتیان لەو خەون و ئاواتەی خۆیان کردووە. هەر هەوڵدانێک، نووسینێک، دەقێک لەم گۆشەنیگایەوە نووسرابێت، دەچێتە سەر خەرمانی کلتووری ئەدەبی کرێکاریی. ئاستی گەشەی ئەدەبی کرێکاریش پێ بەپێی چوونەسەر و هاتنەخواری کێرڤی خەباتی چینایەتی بەرز و نزم دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز گڕی ئەو ئەدەبە خامۆش نەبووە و نابێت و ژیلەمۆکەی ناکوژێتەوە. تا کۆمەڵگەی چینایەتی هەبێت، ئەو ئەدەبەش هەر دەبێت و بەپێچەوانەی سەرجەم ئیدیعا و پروپاگەندەکانی ئەدەبی چین و توێژەکانی تر، هەرگیز دووچاری توانەوە و فەنا نابێتەوە. بەکورتی ئەدەبی کرێکاریی لەگەڵ خەبات و ململانێی مرۆڤ لەگەڵ سیستەم و یاسا و نۆرمەکانی ژیان و کۆمەڵگە لە دایک بووە و تا مرۆڤ و ململانێ و خەبات مابێ، ئەو ئەدەبەش هەر دەمێنێ.

(١٦)

ئەدەبی ئیندیجیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی کە ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردیدا باڵا دەستە و ڕەهەندییەکان سێبەریان بەسەرەوە هەیە. لە سێ دەیەی ڕابردوو تا ئەم ساتەش شانبەشانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆڵێکی ئێجگار نێگەتیڤیان گێڕاوە و دەگێڕن لەپێناو تێکشکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خوێنەر و خەڵکی کوردستان لەلایەک و هەوڵدانە بۆ بێ ڕوئیاکردنی خوێنەر سەبارەت بە سەرچاوەی دەرد و مەینەتییەکانی ژیانیان لەلایەکی تر. ئەم مۆدێلە لە ئەدەب و کاریزما ئەدەبییەکان شتێ نین نامۆ بە مێژوو،بەڵکو لە زۆرێک لە بڕگە مێژووییەکانی میللەت و وڵاتانی جۆراوجۆر ئەو مێژووە کاڵتر یان تۆختە بینراوە و دەبێنرێ. کرۆکی ئەم ئەدەبە کرۆکێکی دوور لە ئینسان و کۆنەپەرستانەیە. ڕایەڵە و پەیوەندییەکی توند لە نێوان ئەم ئەدەبە و بۆرژوازیدا هەیە. بۆرژوا – لیبڕاڵی کوردیی وەک چۆن پێویستی بە ئامراز و پێداویستییەکانی مانەوەی هەیە، بەوجۆرەش پێویستی بە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی هەیە و پشتیوانی لێ دەکات. ئەم ڤێرژنە لە ئەدەبی بۆرژوازیی لە سێ دەیەی ڕابردوو بە وردی ئیشی لەسەر تاکی کورد کردووە.

ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی بەو ئەدەبە دەوترێت کە ئەمڕۆ پانتاییەکی فراوانی لە بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیی داگیر کردووە و بەشێک لە ناودارترین نووسەرانێک خەریکن برەوی پێدەدەن. ئەدەبی تا ڕادەیەک باوی ئەمڕۆی کوردییە کە میدیای کوردیی سەپۆرتی دەکات و لە پشتییەوە وەستاوە. ئەو ئەدەبەیە کە سەرەتا گروپی ڕەهەند لە ناوەڕاستی دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕەخنەیەکی گشتی و هەمەلایەنەوە  ئیشی لەسەر کرد و وەک مۆدیلێک لەناو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیی خۆی چەسپاند. پایەی هەستانی کارەکانی ئەم مۆدێلە ئەدەبییە لە میتۆدی بونیادگەرییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم ڕەوتە ئەدەبییە هەوڵیدا لە ئەدەبی باوی کوردیی دەیەی حەفتاکان و هەشتاکان جیاوازتر بێ و پێ بە پێ لەگەڵ فراوانبوونەوە و سەقامگیری زیاتری ئەم ئەدەبە تا ئیتر لە دەیەی نەوەدەکان و سەرەتای هەزارەی سێهەم دەبێتە کاریگەرترین ڕەوتی ئەدەبیی کە کۆی پێکهاتەی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی خستە ژێر هەژموونی خۆیەوە. لەم سیاقە مێژووییەوە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی توانی لەسەر پێی خۆی بوەستێ و نەک هەر ئەمەش بەڵکو توانی زنجیرەیەک ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی ئەدەبی کوردییدا بکات و لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵێ بنەما و پرەنسیپ، وەک کلتوور، بەڵام کلتوورێکی ناشیرین جێ بخەن. یەکێک لەو بنەمایانە خوڵقاندنی کاریزما و برەودان بوو بە ئیشکردن لەسەر کاریزمای کەسێتی، ئەمەش جوان لە لێکدانەوە و نووسین و وتار و تەنانەت قسەکردنی پەیڕەوکەرانی ئەو ڕەوتە هەست پێدەکرێت. شایانی وتنە فەلسەفەی هاتنەمەیدان و سەرهەڵدانی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە ڕزگارکردنی ئەدەبی سەردەستە و باوی کوردیی بوو لە مەرگ. ئەم فریادڕەسە لە ڕۆژگارێکدا سەریهەڵدا کە ئەدەبی کرێکاریی و شۆڕشگێڕانە لە ئارادا بوو و کە نەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش وەکو ئێستا پاشەکشەی پێنەکرابوو.  ئەم ڕەوتە ئەدەبییە سەرباری ئەم بنەمانایانەی باسمان کرد، بە چەند خەسڵەتێک دەناسرێتەوە,منیش هەوڵ دەدم لە چەند خاڵێکدا بیانخەمە ڕوو.

خەسڵەتەکانی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردیی

یەک : ئەم ئەدەبە گوایە بنەمای کارەکانی خەیاڵ و گومانە و وەدەرنانی یەقینە لە جیهانی دەقی ئەدەبیدا، لێرەدا دەکەوێتە بەرامبەرکێ لەگەڵ هاوکێشەی ئەدەب و سیاسەت. گومانی تێدا نییە کە پەیوەندی نێوان ئەدەب و سیاسەت، پەیوەندییەکی مێژوویی قووڵە. ڕەتکردنەوەی بە سیاسەتکردنی ئەدەب لە ژێر هەر بڕوبیانوویەک بێت لە بنچینەدا ڕەتکردنەوەی بە سیاسەتکردنی ئەدەب نییە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی بە چینایەتی کردنی ئەدەبە یان ڕوونتر بڵێم ڕەتکردنەوەی بە کرێکاریکردنی ئەدەبە. ئەم ڕەوتە ئەگەر چی ڕووکەشانە ڕەخنە لەم بۆچوونە دەگرێ و هاوکێشەی ئەدەب و سیاسەت ڕەت دەکاتەوە، کەچی لە بەرامبەر ئەدەبی شۆڕشگێڕانەی کرێکار یان بە چینایەتیکردنی ئەدەب، فشاری ڕقەبەرایەتی و سەنگەرگرتنی لە خەڵکی هەژار بەرز و بەرزتر دەبێتەوە. ئەم دەموچاوە بە هەر جۆرێک مکیاج بکات ناتوانی جەوهەری دژە شۆڕش و دژە شۆڕشگێڕانەی خۆی بشارێتەوە.

دوو : پەیوەندی نێوان ئەدەب و واقیع لای ڕەوتی ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی کوردی لەسەر بنچینەی وێناکردنی واقیع و ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە دانەمەزراوە، بەڵکو داهێنانی ئەدەبی پارچەیەکە لە خەیاڵ و لای ئەوان نە پەیوەندی بە واقیعەوە هەیە و نە واقیع عەکس دەکاتەوە، بەڵکو بە هونەر و زمان واقیعێکی تر لە خەیاڵ دروست دەکات و خوێنەریش دەکێشێتە نێو ئەو واقیعە تازەیەوە.

بەم پێیە باسکردن لە تیرۆری ڕۆژنامەنووسێک، ئاهی ناو دڵ و دەروونی دایکێکی جگەر سووتاو، ئازاری باوکێک لەبەر هەژاری و دەستەنگی کە دوو ڕۆژە نانی نەداوەتە منداڵەکانی، دەست یان پەنجە پەڕینی کرێکارێک لە کاتی کارکردندا بە هۆی ئامێرەکانی کارکردنەوە لە کاتی چاپکردنی کتێبێک یان ڕۆژنامەیەک، خۆکوژی گەنجێک لە ئەنجامی بێکاری، خۆ سوتاندنی ژنێک کە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی یان بەهۆی دواکەوتوویی خێزانەکەیەوە کە بە زۆر دراوەتە شوو،کوشتنی ژنێک لەژێر پەردەی ناموس پەرستیدا..تاد، هەموو ئەمانە ئەدەبی ئیندیڤیجواڵ – لیبرالی کوردیی خۆی لێیان لادەدا و پشتیان تێدەکا و ئاوڕیان لێ ناداتەوە. خۆ ئەگەر لاشی لێبکەنەوە ئەوا بە ئاسۆ و جیهانبینییەکی بۆرژوازییانەوە ئیشی لەسەر دەکەن. ئەم نووسەرانە خۆشیان بە بەرەی خەڵک دەزانن و ئەمە جگە لەوەی خۆیان بە داهێنەر و پێشڕەو دادەنێن و چاوەڕوانی ئەوەشیان لە خوێنەر هەیە وەک پێغەمبەرێکی ئیلهامبەخش ناویان بێنن. ئەم ڕەوتە ئەدەبییە هەرچییەک بکات و هەر دەقێک لە بەرگێکی هونەری قەشەنگیش نمایش بکات، ئەو دەقە ناچێتە چوارچێوەی خزمەتکردن بە ئینسان و مەسەلە گرنگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی. بۆیە ئەو ئەدەبە بۆ خەڵک و ژیانی پڕ لە کۆیلەتی خەڵک سەلکە تورێکی قوڕاوی ناهێنێ.

سێ : ئەم ڕەوتە وەک خۆشیان ئیدیعا دەکەن ئەدەبی نوخبە پەرە پێدەدەن.  ئەدەبی فراوانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش جێگایەکی نییە لە دیدگای چینایەتی ئەواندا. هەر بۆیە ئەدەبی ئەم ڕەوتە ئەدەبی تاک و ئیندیڤیجواڵە و خەمی کۆمەڵگەیان نییە و دەقەکانیان چەند لا لەم تاکە گۆشەگیرە بکاتەوە هێشتا پێیان کەمە.

چوار : کوشتنی کۆ و دەنگی کۆ و ڕەخنەبارانکردنی هەر دەقێک کە ڕووی لە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بێت. گەڕانەوە بۆ تاک وەک مەرجەعیەتی خوڵقاوی ئەدەبی و پشتکردن لەو کلتوورەی کە بە ئەدەبی شۆڕشگێرانە ناو دەبرێ.

پێنج : ئینکارکردنی ململانێی چینایەتی و دژایەتیکردنی کارەکتەری چینی کرێکار وەک هێزی ئاڵوگۆڕبەخشی ژیان و کۆمەڵگە و لەبەرامبەردا نیشاندانی ئەزەلیەت و ئەبەدییەتی نیزامی ستەمگەری بورژوازی.

شەش : ماهییەتی ڕەوتی ئیندیڤیجواڵ – لیبڕاڵی ئەدەبی کوردیی کۆنەپەرستانەیە. ئەم ڕەوتە کێشەی لەگەڵ ناوەڕۆکی کۆنەپەرستانەی ڕەوتە ئایینییەکان و خورافە و کلتوری دژی ئینسانیدا نییە. نووسەرانی وەک ڕێبین هەردی و مەریوان وریا قانع لە چەندین بۆنەدا ستایشی ئیسلامی سیاسی و باڵی ڕاستی بزووتنەوەی کوردایەتیان کردووە و دەیکەن. ئەم ڕەوتە و پەیڕەوکەرانی خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ و دیموکراتیەت و ئازادی ڕووکەشانە دەزانن و هەموو ئەمانە دەکەن تەنها لەبەر خاتری داپۆشین و شاردنەوەی ڕوخساری دزێوی خۆیان. دژایەتیکردنی ڕادیکاڵیزم و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە و قودرەتی خەباتکارانەی چینی کرێکار جگە لە کۆنەپەرستیی هیچیتر نییە.

حەوت : ئەم ڕەوتە ئەدەبییە ئەوەندەی ئیشی لەسەر کوشتنی ڕوحی بەرەنگاری و شۆڕشگێڕانەی خەڵک کردووە، نێو هێندە ئیشی لەسەر فراوانترکردنەوەی ئاسۆی بیرکردنەوەی خوێنەر و خەڵک نەکردووە. خوێنەر هەمیشە لە دوای خوێندنەوەی هەر کتێبێک کە بۆ ئینسان و جوانی ئینسانیەت نووسرابێ، شتێک فێر بووە. بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبەکانی نووسەرانی ئەم ڕەوتە (کە بە قسەی خۆیان پڕە لە مەعریفە) خوێنەری وشیار جگە لە سەرەگێژە و سەفسەتەبازی هیچی هەڵناکڕێنێ.

هەشت : دواجار ئەم ئەدەبە، ئەدەبی پارێزەر و پشتیوانی دەسەڵات و حاکمە مافیاکانی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانن. نووسەرانی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە بەرگریکاری بێئەملاوئەولای بەرژەوەندییە مادییەکانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردین. ئەو دەسەڵاتەی کە بەهەموو جۆرێک سەپۆرتی ئەم ڕەوتە ئەدەبییە دەکات.

   پاشکۆ    

چەند وشەیەک دەربارەی نووسەرانی کۆنەپەرست

نووسەرانی کۆنەپەرست کێن؟

ئەم کورتە نووسینە تیشک دەخاتە سەر نووسەرانی کۆنەپەرست و جەوهەر و تایبەتمەندییەکانی ئەو نووسەرانەی کە نەک هەر ناتوانن ببنە چرای ڕۆشنکەرەوەی دونیای نووتەکی کۆمەڵگە، بەڵکو خۆشیان کار لە پێناو خامۆشکردنەوەی جوانییەکانی ژیان و کۆمەڵگە دەکەن. هەوڵ دەدات زۆر بە کورتی و بە ڕوونی جەوهەر و تایبەتمەندی ئەو توێژە کۆنسەرڤەیتیڤە بناسێنێت و پۆرترەیتەکەی بنەخشێنێ.

سەرەتا دەمەوێ بڵێم کە نووسین وەک کردارێکی فیکریی بریتییە لە گواستنەوەی بیروبۆچوون و باوەڕی نووسەر لە پانتایی بیرکردنەوەی کەسێکەوە (نووسەرەکە) بۆ بەرچاوی کەسێک یان گروپێک یان کۆمەڵگە. نووسەر هەمیشە گوزارشت لە خۆی دەکات. واتە دەقی نووسین ڕەنگدانەوەی باوەڕی نووسەرەکەیە. دەمەوێ ئاماژەش بەوە بکەم کە مەبەستی ئەم کورتە نووسینە نووسەرانی بواری لقەکانی زانست و تەکنەلۆژیا ناگرێتەوە، بەڵکو ڕووی لە بوارەکانی سیاسەت و ئەدەب و هونەرە.

من وای دەبینم نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە بەرژەوەندییان لە مانەوەی دۆخ و هەلومەرجی چەقبەستووی ئێستایە. ئەوان دژی هەر ئاڵوگۆڕێکن کە ئاستی ژیانکردن بەرێتە سەر و کۆمەڵگەش هەنگاوێک بباتە پێشەوە. ئەوان دەیانەوێت پەیوەندییە ئابوورییە زاڵمەکان کە لەسەر کاری کرێگرتە وەستاوە، وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیوەندییە نائینسانییە(کە تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار دەتوانێ ئەنجامی بدات) دژایەتی دەکەن. بۆیە دەبینین نووسەرانی کۆنەپەرست نەک هەر شۆڕشگێڕ نین، بەڵکو لە ناخ و نووسین و بیرکردنەوەیاندا دژە شۆڕش و تا سەرئێسک کۆنسەرڤەیتڤن.

نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە بە عەقڵی ساویلکەیان، گاڵتەیان بە چینی کرێکار و خەباتی چینایەتی دێت. ئەوانەن بە پێکەنینەوە باس لە کۆمۆنیزم و سۆشیالیزم دەکەن. ئەوانەن لەگەڵ بەزاردا هاتنی وشەی مارکسیزم ژانەسەر دەیان گرێ. سەری زار و بنی زاریان چ بە قسە و چ بە نووسین دژایەتیکردنی مارکسیزم و پایەکانی ئەو جیهانبینییە چینایەتییە.

نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن  کە دڵی ستەمکار ناشکێنن. ئەوانەن کە بە نووسینە بێتام و قێزەوەنەکانیان کۆتی کۆیلەتی خۆیان و خەڵکی ستەمدیدە تووندتر دەکەنەوە. ئەوانەن کە باکیان بە ژیانی ئینسان نییە و باسکردنیشیان لە ئازادی، باسکردنە لە ئازادی بۆرژوازیی بۆ تووندتۆڵکردنەوەی زنجیری دەست و پێی کرێکاران. ئەوان ئازادی لە ئازادی بۆرژوازیدا دەبیننەوە. ئەوان هێندە ئازادییان دەوێت کە نەبێتە مایەی ڕەنجاندنی دڵی ستەمکاران. ئەگینا لەدەرەوەی ئەو تێگەیشینەیان بۆ ئازادی ئەوان جگە لە کارەکتەرێکی بێڕەونەقی بەردڕکانە پێبڕاو هیچی تر نین. ئازادی بەلای ئەوانەوە لاوانەوە و دەست لەپشتدانی ستەمکارانە لە تووندوتۆڵکردنەوەی زنجیری دەست و پێی ئینسانە کۆیلەکانی کۆمەڵگە. هەر بۆیەش لەگەڵ هەر هاتنەمەیدانێکی خەڵک، ئەوان نەک باس لە ئازادی ناکەن، بەڵکو دێن باسی هۆنینەوەی ملوانکەی ملی حەبیبەکەیان و وەسفی دڵۆپە ئاوێکی سەرگەردان دەکەن.

نووسەرانی کۆنەپەرست ئەوانەن کە ئینسان شوێنی لێوە هەستانی نووسینەکانیان نییە. خۆ ئەگەر باسی ئینسان و بەهای ئینسانیش بکەن ئەوا لەو گۆشەنیگایەوە ئاماژەی پێدەدەن کە پەرە بە وەهم و ژێردەستەیی ئینسانەکان دەدەن، نەک ڕزگاری ئینسان لە ستەم و چەوسانەوە. لای نووسەرانی کۆنەپەرست بەهای نووسینەکانیان بە بەهای پارە پێوانە دەکرێ. نووسەرانی کۆنەپەرست بێ هەڵوێستترین نووسەرانێکن لەسەر کێشە مرۆییەکان. ئەمانە تەنها ئەوکاتە دێنە دەنگ کە پارەکانیان یان مەعاشەکانیان ببڕدرێ. بەدەر لەمە هیچ ڕوحییەتێکی بەرگریکارانەیان نییە و نووسینەکانیشیان هەرگیز خوێنەر بە ڕوحیەتی بەرگریکارانە و شۆڕشگێرانە پەروەردە ناکات. بەڵکو ئیش لەسەر میتۆدی دەستەمۆکردنی مرۆڤ دەکەن بۆ سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری. لای ئەوان کۆیلەتی و ژێردەستەیی ئینسانەکان بۆ سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری ئەبەدیی و ئەزەلییە و خۆشیان کارێکیان بەسەر ئەو سیستەمەوە نییە. ئەوان کۆیلەبوونی خۆیانیان قەبووڵە و تێشدەکۆشن ئەو کۆیلەبوونە جوان و ڕەنگاوڕەنگ نیشان بدەن و بێدەربەستییەکەشیان لەوەدایە دژ بە ڕزگاری خۆیان دەجەنگن. نووسەرانی کۆنەپەرست، نووسەرانێکی بێدەنگن. کێشەی ئەوان کێشەی کۆمەڵگە نییە. خەم و خولیایان بریتییە لە دەستگرتن بە کڵاوەکانیانەوە. ئەم نووسەرانە بەهیج جۆرێک لایەنگری لە هیج ئاکسیۆن و مانگرتن و خۆپیشاندانێکی خەباتکارانەی جەماوەری ستەمدیدە و زەحمەتکێش ناکەن. ئەمانە ڕیفاهییەتی خۆیان لەبەهێزیی دەسەڵاتدا دەبینن، بۆیە هەر چالاکییەک دژ بە دەسەڵات، بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەبینن و دژایەتی دەکەن.

کێشە گەورەکانی کۆمەڵگە، کێشەی نووسەرانی کۆنەپەرست نییە. ئەوان لەژێر ناوی جۆراوجۆر خۆیان لەو ئەرکە ئینسانییە دەەدزنەوە. جارێک بە بیانووی ئەوەی دونیای نووسین و خەیاڵ نابێت تێکەڵ بە سیاسەت و حیزب بکرێ، جارێکی تر بە بیانووی نوخبەویەت و پێشرەویی و ناوی سەیر سەیرەوە کە بۆ خۆیان داتاشیوە، بەربەست بۆ خۆیان دروست دەکەن و هەوڵ دەدەن وا لە جەماوەر تێبگەێنن کە ئەوان ئەرکی داهێنانیان لەسەر شانە و نابێ خۆیان بەم کارانەوە سەرقاڵ بکەن. نووسەرانی کۆنەپەرست بە بیانووی ئەوەی کاری سیاسی خاڵییە لە ئیستاتیکا و خەیاڵ، بۆیە ئەوان وا لە خەڵک دەگەێنن کە لەو پانتاییە ناتوانن هەنگاو بنێنن بۆ پێشەوە. ئەم نووسەرە کۆنسەرڤەیتیڤانە دێن دیوارێکی ئەستوور لەنێوان سیاسەت و خەڵک لەلایەک و پەردەیەکی تەنکیش خۆیان و سیاسەت لەلایەکی تر دروست دەکەن هەر بۆ ئەوەی خۆیان لەو ئەرکانە بدزنەوە کە کۆمەڵگە و ئینسانەکان و دۆخی پێشهاتوو دەیانخاتە دۆخی خەجاڵەتبارییەوە، کە لەڕاستیدا ئەوەی ئەنجامی دەدەن جگە لە سیاسەتی بورژوازی هیچی تر نییە.

کۆنەپەرستبوونی نووسەران پەیوەندی بەوەوە نییە کە تا چ ئاستێک شارەزان لە بوارە جیاجیاکانی زمان و تەکنیک و مەعریفە بە گشتی یان هەر شارەزا نین. چونکە دەکرێ نووسەرێک خاڵی لە فکر و ئەندێشەی کۆنەپەرستی بێت و لەهەمان کاتیشدا نووسەریکی قاڵبووەوەی نێو جیهانی مەعریفە و فەلسەفە و زمان و زانستە مرۆییەکان بێت، یانیش دەشێ کۆنەپەرست بێت. پێوەری کۆنەپەرست بوون تەنها و تەنها بە دنیابینی و ناسینی هێزەکانی نێو ململانێی چینایەتی کۆمەڵگەیە دەپێورێ و لەم ڕێگەیەشەوە پشتیوانی لەهێزی پێشکەوتووخواز و شۆڕشگێڕ دەبێتە ئایدێندیتی نووسینەکانی و بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە دەتوانێ خۆی بە پێشکەوتووخواز بزانێت.

ئەو نووسەرانەی لە سەنگەری ڕادیکاڵییەتەوە بە نووسین تێدەکۆشن و بەرهەمەکانیان ڕەنگدانەوەی خەباتی چینایەتی و هەوڵدانە لەپێناو ڕزگاری یەکجاری و گەیشتن بە دونیای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ، ئەو نووسەرانەن کە دڵیان لەگەڵ ژانی ئینسانەکان و ستەمی سەر ژیانی ئینسانەکان بەتووندی لێدەدا. ئەوانەن کە ساتێک چییە ناتوانن سەرفرازی مرۆڤ لەبیر و هۆشیان کاڵ بکەنەوە. ئەوانەن نەک دەست بەکڵاوەوە ناگرن، بەڵکو چەشنی فریدریک گارسیا لۆرکا و نیکۆڵای فابتزارۆڤ و ئامادەن گیانی خۆشیان لەپێناو ئازادی ئینسان بەخت بکەن. نووسەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر ترس ناناسێ و پێچەوانەی نووسەرانی کۆنەپەرست کە هەموو ژیانیان ترسە لە شۆڕش لەپێناو گۆڕینی ژیان.

نووسەرانی کۆنەپەرست دێن ئیش لەسەر ئایکۆنەکانی کۆنەپەرستی و جەهالەت دەکەن، ئەوان زۆر جوان لە ئایدیۆلۆژی چینی باڵا دەست حاڵین و دێن لەم سۆنگەیەوە ئیش لەسەر برەودان بەو ئایدیۆلۆژیایە دەکەن، ئەوان چاک دەزانن بنەماکانی ئایدیۆلۆژی سیستەمی زاڵ بۆرژوازییە و دێن ڕوکنەکانی ئەو سیستەمە پیرۆز دەکەن. ئەوان دێن لە ژێر ناوی ئازادی و ئازادی تاک، بەرگری لە مۆلکایەتی تایبەتی دەکەن، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی (ئەم بەرژەوەندییە هیچ نییە جگە لە بەرژەوەندی سەرمایەداران)، بەرگری لە پۆخڵەواتترین کلتوور و ئادابی دواکەوتوووانە دەکەن، دێن لەپێناو پاراستنی پیرۆزی، بەرگری لە ئایین و خورافەی ئایین دەکەن و دەستی بازرگانانی ئایین دەگرن و دەگووشن. دێن بەناوی شۆڕشگێڕێتییەوە، بەرگری لە ئیدەی خاک و  نیشتمانی بۆرژوازی دەکەن. ئەوان ئیش لەسەر پیرۆزی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان دەکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لەڕێی میدیا گەمژەکەرەکانی دەسەڵاتەوە سوود لە نەخوێندەواری و نزمی ئاستی سیاسیی و مەعریفیی خەڵکی سادە وەردەگرن و ئەم خاڵە لاوازەی خەڵک بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دەسەڵات دەقۆزنەوە. هەر بۆشە ئەو نووسەرە کۆنەپەرستانە هەمیشە و بە درێژایی مێژووی خەباتی چینایەتی نە لووتیان خوێنی لێ هاتووە و نە کەسێکیان لەبەرگری لە خەڵک تیا چووە و نە بەشداری کردەیی هیچ جووڵانەوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەیان کردووە. ئەوان هەمیشە دەست لە پشتیان دراوە و پارە و ئیمکاناتی باشیان خراوەتە بەردەست و ژیانیان زامن کراوە و ریفاهیەتیان بۆ دەستەبەر کراوە تا بەرگری لە چینی زاڵمی نێو کۆمەڵگە بکەن. لەکاتێکدا نووسەرانی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێر هەمیشە و بە  درێژایی مێژوو ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و هەیە لە بزاوتە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵگە و بەرگری سەرسەختی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕزگاری یەکجارەکی مرۆڤن لە ستەم چەوسانەوە. نووسەرانی شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ لەبری ڕەفاهییەت، هیچ کۆمەکێک ناکرێن و سەرباری ئەمەش لەلایەن بورژوازی و سەمایەداران و دار و دەستەکانیانەوە، هەوڵ دەدرێ ئەم نووسەرانە ناویان بزڕێ و لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە شەخسییەتی مەعنەویان لەکەدار بکرێ و دەیان ناو و ناتۆرەی ناشایستەیان بۆ هەڵدەبەستن و زۆربەی جاریش دەستگیریان دەکەن و زیندانیکردن دەبێتە چارەنووسیان و لەهەندێ حاڵەتیشدا تیرۆر دەکرێن و تەسفیەی جەستەیی دەکرێن.

لە کوردستانیش نووسەرانی کۆنەپەرست هەروەک مانگی چواردەی شەوانی هاوین بە ئاسمانی نووسینەوە دیارن. ئەوانەن لە بەرامبەر ملهوڕییەکانی حیزبیە کوردییەکان بێدەنگن، ئەوانەن بە کوشتنی نووسەران و ڕۆژنامەنووسان نقەیان لێوە نایەت، ئەوانەن لەئاست هێرشە بەربەرییەکانی حکومەتی حیزبە کوردییەکان باکیان بە ژیانی خەڵکی هەژار و ستەمدیدە نییە، ئەوانەن هەرگیز دژ بە جەنگ و شەڕ و ماڵوێرانی هەڵوێستیان نەبووە و قەتیش دژ بە سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی گەورەکانیان فزەیان لێوە نەهاتووە و نایەت، ئەوانەن کە چینی کرێکار و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان هیچ جێگایەکیان لە ئیعرابی نووسینەکانیاندا نییە. بەڵێ ئەوانەی زمان لووس و سەفسەتەباز و قسەی باق و بریق کەر و خۆڵکەرە چاوی خەڵکن و خۆیان بە نوخبە و پێشڕەو و داهێنەر و خاوەن ستایڵی تایبەت بە نووسین دەزانن، سەرقافلەی کۆنەپەرستیی و دواکەوتوویین، کە پێی بزانن یان نا، خزمەت بە توندوتۆڵکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی ئینسانی بەشمەینەتی کوردستان دەکەن. نووسەرانی کۆنەپەرست لە کوردستان ئەوانەن کە هەریەک چەندین تایتڵ و چەندین مووچەیان هەبووە و هەر هەموویان خانوو و زەوییان لە دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کوردایەتی وەرگرتووە و بوونەتە توێژێکی چاو لە دەستی دەسەڵات و زۆربەشیان بەپلەی سەربازی بەرز هەر لەلایەن ئەو دەسەڵاتە کوردایەتییە کۆنسەرڤەیتیڤەوە خانەنشین کراون.

لە کۆتایدا شەرمهێنەرترین توێژی کۆمەڵگە ئەو نووسەرە جەهلپەرستانەن کە پشتیوانی لە دەسەڵاتێکی ملهوڕ و دڕندە و چەوسێنەر دەکەن، توێژێک کە بە قەد ستەمکار و چەوسێنەری زاڵم، بەرپرسیارن لە دۆخە نەخوازراوەکانی ژیانی ئینسانەکان لە کۆمەڵگە. ئەم توێژە کۆنسەرڤەیتیڤە کاریان درۆکردن و چەواشەکردنی ئینسانەکان و شاردنەوەی ڕاستییەکانە لە لایەک و دوورکەوتنەوە و بانگهێشتکردن بۆ دوورکەوەتنەوەی خەڵک لە هێلە سوورەکانی دەسەڵات. ئەمەش بە دەوری خۆی ڕۆڵ دەگێڕێ لە هێنانە ئاراوەی شێوازێکی گونجا و دڵخواز بۆ زەمینەسازکردن لەپێناو بردنەپێشەوەی سیاسەتەکانی دەسەڵات و گەیشتن بە مەرامە دژە ئینسانییەکانی.

نیوەی دووەمی ساڵی  ٢٠١٦  تا نیوەی یەکەمی ٢٠١٧

 

ناواخن

١-لەجیاتی پێشەکی

٢-مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی

٣-پاشکۆ چەند وشەیەک دەربارەی نووسەرانی کۆنەپەرست

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.

Back to top button